کۆرۆنا لە ئێران؛ مومکینە ژمارەی قوربانیان بگاتە ڕۆژانە زیاتر لە هەزار کەس
بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە "ڤایرۆسناسی" لە زانکۆی "شەهید بهشتی"ی تاران ڕەخنەی لە "بەڕێوەبەریی نازانستی"ی کۆرۆنا گرتووە لە ئێران و وتوویەتی، کە مومکینە لە چەند هەفتەی داهاتوودا ژمارەی قوربانیانی کۆرۆنا بگاتە ڕۆژانە زیاتر لە هەزار کەس.
"عەلیڕەزا ناجی" ئەمڕۆ شەممە ٦ی خەرمانانی ١٤٠٠، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی "ئیسنا" وتی، هەڵکشانی ڕێژەی قوربانیان بۆ ڕۆژانەی زیاتر لە ٧٠٠ کەس دەگەڕێتەوە بۆ دوو هەفتە پێش ئێستا و ئەگەر دۆخەکە هەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت ئەو ڕێژەیە دەگاتە ڕۆژانە زیاتر لە هەزار کەس.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە پێشتر "ئیرەج حەریرچی"، جێگری وەزارەتی تەندروستی وتبووی، لە ئەگەری ڕەچاونەرکدنی ڕێوشوێنە تەندروستییەکان ئاماری گیانلەدەستدانی ڕۆژانە بۆ زیاتر لە ٨٠٠ کەس بەرزدەبێتەوە.
هاوکات هەر ئەمڕۆ ٦ی خەرمانان، بەڕێوەبەری پەیوەوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی تەندروستی کۆماری ئیسلامی وتوویەتی، لەو ڕووەوە کە هێشتا ئاماری ڕۆژانەی قوربانیان لە ئێران نەگەیشتووەتە هەزار و ٥٠٠ کەس دەبێت سوپاسی خوا بکەین.
"کیانوش جەهانپوور" لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی هەمشەهری وتی: نەک ئێستا بەڵکو لە شەپۆلی سێهەمی کۆرۆنا ئاماری گیانلەدەستدانی ڕۆژانە ١٢٠٠ کەس پێشبینی کرابوو، ئەوە لەکاتێکدایە کە ڤایرۆسەکە ئەوکات زۆر لاوازتر بوو لەوەی ئێستا لە شەپۆلی پێنجەمدا تەشەنەی کردووە.
لە بەردەوامیدا وتوویەتی، ئێستا ئاماری گیانلەدەستدانی رۆژانە ٧٠٠ کەسە، لەکاتێکدا دەبوو ١٥٠٩ کەس بێت، بۆیە بەو هۆیەوە کە ئەو ٨٠٠ کەسە نامرن دەبێت بڵێین: "خوایە شوکرت!"
ئەوەش لەکاتێکدایە کە بەپێی سوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی، لەماوەی ٢٤ کاتژمێری تاوەکو نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ٦ی خەرمانان ٦١٤ کەسی دیکە بەهۆی تووشبوون بە نەخۆشیی کۆڤید-١٩ لە ئێران گیانیان لەدەستداوە، بەمەش ژمارەی کۆی قوربانیانی کۆرۆنا لە ئێران گەیشتە ١٠٥ هەزار و ٩٠١ کەس.
هەر لەو ماوەیەدا ٢٦ هەزار و ٣٤ حاڵەتی تووشبوون لە ئێران تۆمارکراوە کە چوار هەزار و دوو لەوان لە نەخۆشخانەکاندا خەوێندراون.
ڕۆژی چوارشەممە ٣ی خەرمانانی ١٤٠٠، ڕۆژنامەی "جەوان" لە ڕاپۆرتێکدا لەسەر زاری پسپۆڕێکی ئیپیدمۆلۆژیی زانکۆی تاران ئاشکرایکرد، کە ژمارەی قوربانیانی کۆرۆنا لە ئێران "حەوت ئەوەندەی ئامارە فەرمییە ڕاگەیەندراوەکانە."
لە ئێستادا ٣٠٦ شار لە دۆخی سوور، ١١٠ شار لە دۆخی هۆشداری و ٣٢ شاری ئێران لە دۆخی زەرددان.
تگ:
کوردی، کورونا، کورونا له ئیران، تهندروستی، تهندروستی گشتی، پاندیمی، تاران
تێبینییەکەت بنووسە