ئیبراهیم ڕەئیسی، مامۆستا عەبدولسەلام کەریمیی وەک ڕاوێژکاری خۆی دەستنیشانکرد
"ئیبراهیم ڕەئیسی"، سەرۆککۆماری حکومتی ئێران مامۆستا "عەبدولسەلام کەریمی"ی وەک ڕاوێژکاری خۆی بۆ کاروباری ئیتنیکەکان و کەمینە ئاینییەکان دیاریکرد، کە هاوڵاتییەکی کوردە و باوەڕمەندە بە مەزهەبی سوننە.
مامۆستا عەبدولسەلام کەریمی لەدایکبووی ساڵی ١٣٤٦ و خەڵکی سەقزە، هەروەها هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە بەشی زمان و ئەدەبی عەرەبیدا.
چەند لە پۆستە پێشووەکانی ڕاوێژکاری نوێی سەرۆککۆماری ئێران بریتین لە، فەرمانداریی شاری دیواندەرە بۆ ماوەی پێنج ساڵ، سەرۆکایەتیی زانکۆی پەیامی نووری مەریوان و سنە بۆ ماوەی پێنج ساڵ و بەڕێوەبەرایەتی ناوەندی زانستە مرۆییەکانی ئیمام شافعی لە سنە.
ئیبراهیم ڕەئیسی لە پەیامێکدا کە بەبۆنەی دەستنیشانکردنی عەبدولسەلام کەریمی وەک ڕاوێژکاری خۆی بڵاویکردووەتەوە، داوای لێکردووە بەجدییەتەوە بەدواداچوون بۆ کاروباری ئیتنیکەکان و کەمینە ئاینییەکان بکات.
ڕەئیسی هەروەها نووسیویەتی کە هیوادارە هەوڵەکانی عەبدولسەلام کەریمی وەک ڕاوێژکار بتوانێت یەکگرتوویی نێوان ئیتنیک و ئاینە جیاوازەکان بەهێزبکات.
تێبینییەکەت بنووسە