پۆلیسی تاران هاوڵاتییەک دەداتە بەر گولـلە و دەیکوژێت
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی ڕەزبەری ١٤٠٠، هێزەکانی پۆلیسی ئێران لەکاتی دەستبەسەرکردنی هاوڵاتییەکدا لە تاران دایانە بەر دەستڕێژیی گولـلە و کوشتیان.
ڕێکخراوی "هەنگاو" ڕایگەیاندووە، کە ناوی ئەو هاوڵاتییە "مۆحسن ئیبراهیمی" و دانیشتووی شاری کرماشان بووە.
بەپێی ئەو هەواڵە، هێزەکانی پۆلیس لە گەڕەکی پردی "گیشا"ی تاران لەکاتی ڕاوەدوونانی مۆحسن ئیبراهیمیدا بۆ دەستبەسەرکردنی تەقەیان لێکردووە.
مۆحسن ئیبراهیمی پاش ئەوەی گولـلەی بەرکەوتووە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
ئەو هاوڵاتییە تەمەن ٢٨ ساڵە بەڕەچەڵەک لوڕ و خەڵکی شاری کوهدەشت لە پارێزگای لوڕستان بووە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، دیار نییە کە پۆلیس بۆچی هەوڵی دەستبەسەرکردنی مۆحسن ئیبراهیمیی داوە.
هەروەها هێشتا نە پۆلیس و نە هیچ کامە لە دەزگا بەرپرسیارەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی لەو بارەیەدا ڕوونکردنەوەیان نەداوە.
تێبینییەکەت بنووسە