فێستیڤاڵی سلێمانی؛ پێدانی خەڵاتێک بە محەمەد ڕەسولۆف ناڕەزایی کۆنسوڵی ئێرانی لێدەکەوێتەوە
ئەمڕۆ شەممە ٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠٠، لە چوارچێوەی یەکەم ڕۆژی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانیدا، "خەڵاتی شکۆمەندی" بەخشرایە "محەمەد ڕەسوڵۆف"، بەو هۆیەشەوە کۆنسوڵی ئێران وەک ناڕەزاییەک هۆڵەکەی جێهێشت.
محەمەد ڕەسوڵۆف، سینەماکار و دەرهێنەری بەناوبانگی ئێرانییە کە نمایشکردنی زۆربەی فیلمەکانی لە ناوخۆی وڵاتەکەی قەدەغەیە. خۆیشی تاوەکو ئێستا چەندین جار بەندکراوە و سزای جۆراوجۆری بەسەردا سەپێندراوە.
بەپێی هەواڵێکی تۆڕی میدیایی "ڕووداو"، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی ڕۆژی هەینی ٢٦ی سەرماوەز کرایەوە و یەکەم ڕۆژی چالاکییەکانیشی ئەمڕۆ بە نمایشکردنی چەند فیلم و بەخشینی چەند خەڵاتێک دەستیپێکرد.
لە هەواڵەکەدا هاتووە، کە لەکاتی بەخشینی خەڵاتی شکۆمەندی بە ڕەسوڵۆف، "مهدی شووشتەری" کۆنسولی ئێران لەشاری سلێمانی زویربووە و هۆڵەکەی جێهێشتووە.
"دانا عومەر"، بەڕێوەبەری دەزگای فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی وەک کاردانەوە بەرامبەر بەم کردەوەیەی کۆنسوڵی ئێران، بۆ "ڕووداو" دوواوە و وتوویەتی، فێستیڤاڵی سلێمانی سەکۆیەکی ئازادە بۆ هەموو فیلمسازەکان و خەڵاتی شکۆمەندی شتێکی کەسی نییە.
پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی ڕۆژی هەینی ٢٦ی سەرماوەز کرایەوە و وابڕیارە چالاکییەکانی بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ بەردەوام بێت.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە