شەپۆلی ئۆمیکرۆن بەڕێوەیە؛ ڕێژەی تووشبوونی ڕۆژانە لەئێران ١٧٥٪ هەڵکشاوە
ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم" ڕایگەیاند، لەماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا ڕێژەی تووشبوونی ڕۆژانە بە کۆرۆنا ١٧٥٪ هەڵکشاوە، هاوکات لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە بۆ ئێستا ڕێژی خەواندنی تووشبووان لە نەخۆشخانەکان ٧٧.٣٪ زیادیکردووە.
لەو ڕاپۆرتەدا هۆشداری دراوە، لەو ڕووەوە کە ڕێژەی گیانلەدەستدانی تووشبووانیش لەم هەفتەیەدا ٤٢.٣٪ زیادیکردووە، پێدەچێت لەماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا قەیرانی جدیی تەشەنەی گۆڕاوی ئۆمیکرۆن دەستپێبکات.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە حەمیدڕەزا جەماعەتی پێشتر وتبووی، نزیکەی ٢٧٪ی کۆی پشکنینەکانی ئەم هەفتەیە حاڵەتی تووشبوون بە ئۆمیکرۆن بوون.
سەرۆکی کۆمیتەی زانستی لێژنەی بەرەوڕووبوونەوەی کۆرۆنا لەئێران بەتایبەتی نیگەرانیی دەربڕیوە سەبارەت بە تووشبوونی ئەو هەشت ملیۆن کەسەی هێشتا ڤاکسینیان وەرنەگرتووە و وتوویەتی، لە ئەگەری تووشبوونی ئەواندا بازنەی ڤایرۆسەکە لەکۆمەڵگادا بەردەوامیی دەبێت.
نیگەرانییەکان سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی گۆڕاوی ئۆمیکرۆن لە ئێراندا وایکردووە کە بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی پێشنیاربکەن خوێندگا، زانکۆ و شوێنە گشتییەکان بۆ چەند هەفتە بەداخروی بمێننەوە.
ئەو بەرپرسانە بەردەوام هۆشداری دەدەنە هاوڵاتیان کە بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەی زیاتری گۆڕاوی ئۆمیکرۆن دۆزی سێیەمی ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن.
بەپێی دوایین ڕاگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی ئێران، لەماوەی ٢٤ کاتژمێری تاوەکو نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ٢١ی بەفرانبار ٢٥ تووشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و هەزار و ٩٦١ حاڵەتی تووشبوونیش تۆمارکراوە.
تێبینییەکەت بنووسە