"ئیبراهیم ڕەئیسی" سەرۆککۆماری ئێران لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی "سیبیئێس نیوز"ـی ئەمریکی ڕۆڵی خۆی لە کوشتاری زیندانییە سیاسی و چەپەکاندا ڕەت نەکردەوە و بەرگری کرد لە کوشتاری هاوینی ٦٧ی ئەو زیندانییانە.
سەرۆککۆماری ئێران لەو هەڤپەیڤینەدا کە ئەمڕۆ دوشەممە ٢٨ی خەرمانان بڵاوبۆتەوە سەبارەت بە ناڕاستەوخۆ ڕاستی کارەساتی "هۆلۆکاست"ـی خستە ژێر پرسیارەوە و وتی، مێژوونووسان و توێژەران دەبێت لەو بارەیەدا بکۆڵنەوە.
ئیبراهیم ڕەئیسی هەروەها لەبارەی گیانبەختکردووانی کوشتاری ساڵی ١٣٦٧ وتی، ئەوانە لە "دادگادا ئامادە بوون و پاشان سزاکەیان جێبەجێ کراوە."
ئیبراهیم ڕەئیسی لەکاتی کوشتاری ٦٧دا جێگری داواکاری گشتیی تاران و یەکێک لە چوار ئەندامی "کۆمیتەی مەرگ" بوو، کە لەلایەن "ڕوحوڵا خومەینی"، ڕێبەری پێشوو و دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامییەو ئەرکدار کرابوون بۆ لەسێدارەدانی زیندانییە سیاسییە چەپەکان.
مانگی گەلاوێژ و خەرمانانی ساڵی ١٣٦٧ لەسەر فتوای "ئایەتوڵلا خومەینی"، دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی هەزاران بەندکراوی سەربە سازمانی موجاهدینی خەلق و بەندکراوی سیاسیی چەپ بەبێ دادگایی لە زیندانەکانی ئێران لەسێدارەدران.
ژمارەی ڕێکی ئەو بەندکراوانە هەرگیز ئاشکرا نەکرا، بەڵام ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ باس لەوە دەکەن کە لەو دوو مانگەدا لانیکەم پێنج هەزار بەندکراوی سیاسی لە زیندانەکانی ئێران لەسێدارەدراون.
دەزگای داد و دەزگای زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی تەرمی هیچ کامە لەو زیندانییانەی ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکردەوە و لە گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا ناشتیانن. بەناوبانگترین گۆڕی بەکۆمەڵی ئەو زیندانیانە، گۆڕستانی "خاوەران"ـە کە کەوتۆتە ڕۆژهەڵاتی تارانی پایتەختی ئێرانەوە.
"حەمید نووری"، یەکێکی دیکەیە لە تۆمەتبارانی ئەو دۆسییەیە کە لەو سەردەمەدا کارمەندی دەزگای داد و زیندانەکانی ئێران بوو.
نووری مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٨ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئارلاندای ستۆکهۆڵم دەستگیر کرا و دوایە پاش دەیان دانیشتن لە دادگای سوێد بە تۆمەتی "تاوانی جەنگی" و "کوشتاری زیندانیانی سیاسی" بە زیندانی تاهەتایی سزادرا.
سەرۆک کۆماری ئێران بۆ بەشداری لە کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا چووەتە نیۆیۆرک، لەکاتێکدا کەابڕیارە کۆمەڵگای دیاسپۆرای ئێرانی ڕۆژانی داهاتوو بە گردبوونەوە لەبەر دەم ئەم ڕێکخراوەدا لەدژی کۆماری ئیسلامی ناڕەزایی دەرببڕێت.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە