لە مەودای ٢٦ی سەرماوەز تا چوارەمی بەفرانباری ١٤٠١، لانیکەم ٢٠ گرد بوونەوەی ناڕەزایەتی لە لایەن کرێکاران، خاوەن پیشەکان و بازاڕیانی ئێرانەوە بەڕێوە چوون. کرێکارە ناڕازییەکانی ئەرکانی سالسی شاغڵی پاڵاوگە گازییەکانی پارسی باشوور، دارووگەری ڕەشت، کۆمپانیای تەلایەدارانی مسی سەرگزی ئیسفەندقەی جیروفت، کارمەندانی ڕێکخراوی تۆماری بەڵگەنامەکان و ماڵوموڵکی ولات، میواندارانی کۆمپانیان ڕێگای ئاسنی ڕەجا، کرێکارانی سیمبانی ناوچەی کارەبای پەرەند، پرۆژەی بینا کردنی پارکی نەیڕیزی فارس و کرێکارانی فریاکەوتنی تەورێز نموونەکانی گرد بوونەوەی ناڕازیان بوون. وردەکاریی زیاتر لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا بخوێننەوە:
بووشێهەر
گرووپێک لە کرێکارانی ناڕازیی ئەرکانی سالسی شاغڵی پاڵاوگەکانی گازی پارسی باشوور ڕۆژی ڕابردوو دەستگیر کراون.
شورای ڕێخستنی ناڕەزایەتییە کرێکارییە پەیمانییەکانی نەوت جگە لە ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە نووسیویەتی: "ڕۆژی شەمە سێهەمی بەفرانبار، ژمارەیەک لە کرێکارانی موجتەمەعەکانی گاز لە عەسوولەیە و کەنگان بەپێی بانگەوازی پێشوەختی سێهەمی بەفرانبار، بە نیازی گرد بوونەوەی ناڕەزایەتیی خۆیان بوون کە بە ئامادە بوونی ژمارەیەکی زۆری هێزە ئەمنییەتی، ئینتزامی و لیباس شەخسییەکان بەرەو ڕوو بوونەوتەوە. ئەم هێزانە ڕێگایان لە بەڕێوە چوونی گرد بوونەوەی ناڕەزایەتیی کرێکاران گرتووە و هاوکات ژمارەیەک لە کرێکارە ناڕازییەکانیشیان دەستگیر کردووە."
گرد بوونەوەی سێهەمی مانگی بەفرانبار بڕیار بوو بە کۆمەڵێک داواکاریی وەک: "لابردنی پەیمانکاران، جێبەجێ کردنی پلەبەندی، زیاد کردنی حەقدەست، یەکسان بوونەوەی حەقدەستەکان لەگەڵ هێزی کاری کۆمپانیاکانی پێترۆکیمیای ناوچەکە، بەهرەمەند بوون لە ئایتێمە تایبەتەکان، پاداشتی مانگانە، کارانە و مافی بەرهەمهێنان بەڕێوە بچێت."
تا کاتی ئامادە کردنی ئەم ڕاپۆرتە، لە دەسپێکی گرد بوونەوەکەی ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ٣٠ کەس لە کرێکارانی ئەرکانی سالس دەستگیر کراون. لەم سی کەسە ١٥ کەسیان پاش نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ ئازاد کراون و ١٥ کەسەیتر ئەوانە بوون کە لە سێرڤیسەکەی کۆمپانیا بە مەبەستی ئامادە بوون لە گرد بوونەوەکە دابەزیبوون.
بە گوتەی شورای ڕێخستن چوارەمی بەفرانبار بڕیار بوو کرێکارە دەستگیر کراوەکان بگوازرێنەوە بۆ دادگا و دۆخەکەیان یەکلایی بکرێتەوە. ئەم شورا داوای لە هاوکارەکانی خۆی کرد تاکوو "لە ئاستێکی بەریندا دەست بدەنە ناڕەزایەتی و خوازیاری ئازادیی خێرا و بێ مەرجی هاوکارەکانی خۆیان بکەن."
گیلان
کرێکارانی "دارووگەری ڕەشت" لە ٥ مانگی ڕابردوودا بە هۆی ئەو شتەی کە بەڕێوەبەرانی ئەم کۆمپانیایە ناویان ناوە "کورتهێنانی سەرچاوە داراییەکان"، نەیانتوانیوە داخوازییەکانیان لەوانە حەقدەستە وەدواخراوەکانیان وەربگرنەوە.
ئەم کرێکارانە کە خاوەن پێشینەی ١٠ تا ١٥ ساڵن لەم کۆمپانیایەدا، حەقدەستێکی مانگانەیان هەیە بەڵام ئەوەی وەری دەگرن حەقدەستە وەدواکەوتووەکانی پێنج مانگی ڕابردوویانە. دوا حەقدەستێک کە کرێکارانی دارووگەری ڕەشت وەریان گرتووە حەقدەستی مانگی جۆزەردان بووە کە لە مانگی سەرماوەزدا پێیان درا.
کرێکارانی ئەم کۆمپانیا بە ئیلنایان وتووە: "نیگەرانیی ئێمە ئەمەیە کە لەگەڵ بەردەوامیی دۆخی هەنووکەیی کارخانەکە، حەقدەستە وەدوا خراوەکانمان لە مانگەکانی داهاتوودا زیاتر بێت."
بە گوتەی ئەوان، پیشەسازیی باکسبەندیی دارووگەری ڕەشت یەکێکە لە ڕیزە کۆمپانیاکانی هۆڵدینگی دارووگەر. ئەم یەکە ئابوورییە لە ساڵێک بەر ئێستاوە بە هۆی کێشە و گرفتی دارایی خاوەنکارەوە لەگەڵ ناوەندە دەوڵەتییەکاندا تووشی ئالنگاریی بووە. زیاد بوونی کێشە و گرفته داراییەکانی کارخانەکە بۆتە ئەوەی ژمارەیەک لە هاوکارەکان بە شێوەیەکی خۆڕسک شوێنی کارەکەیان چۆڵ بکەن. لە ئێستدا ئەم کۆمکپانیایە بە کەمترین هێزی کارەوە پرۆسەی بەرهەمهێنانەکەی بەردەوام دەکات.
کرمان
کرێکارانی کۆمپانیای تەلایەدارانی مسی سەرگزی ئیسفەندقەی جیروفت ڕۆژی پێنجشەمە یەکی بەفرانبار، بۆ سێهەمین ڕۆژی بەردەوام دەستیان لە کار کێشاوەتەوە و مانیان گرتووە. مانگرتنی کرێکارانی ئەم کۆمپانیایە کە لە ڕۆژی سێشەمە ٢٩ی سەرماوەزەوە دەستی پێکردبوو لە ناڕەزایەتیدا بە "کەم بوونی ئاستی حەقدەست" و "گوێ نەگرتن لە باقیی داخوازییەکان" بەڕێوە چووە.
سەرۆکی ڕێکخراوی سەمتی باشووری کرمان بەپێی ئەو شتەی لێپرسراوی کۆمپانیای مسی سەرگز ڕایگەیاندووە، وتوویەتی: "سەرباری ئەمەی کە حەقدەستی کرێکاران بەپێی یاسای کار دراوە، لەگەڵ ئەوەیشدا هەگبەی پشتیوانی و کاری زیادەیشیان پێدراوە، بەڵام کرێکاران حەقدەستەکانی خۆیان بە هاوتەک و گونجاو لەگەڵ هەڵاوسان و تێچووەکانی ژیانیان نازانن."
تاران
پارێزگای تاران شایەتی سێ گرد بوونەوەی ناڕەزایەتیی کرێکارانی یەکە پیشەییە جۆراوجۆرەکان بووە. لە یەکەم نموونەدا "کارمەندانی ڕێکخراوی تۆماری بەڵگەنامەکان و ماڵومڵکەکانی وڵات" ڕۆژی شەمە سێی بەفرانبار لە ناڕەزایەتیدا بە "کەم بوونی حەقدەستەکان" بە هەڵگرتنی کۆمەڵێک پلاکاردی ناڕەزایەتییەوە، لە بەردەم شوێنی کارەکەیان لە پارێزگا جۆراوجۆرەکاندا گرد بوونەوەی ناڕەزایەتیان ئەنجام دا.
ئەم هێزی کارانە بەرامبەر دۆخی نالەباری بژێویی خۆیان ناڕازین. بەپێ ئەو وێنانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراونەتەوە، ئەم کرێکارانە لە شارکانی مەشهەد، خوڕەمدەشت، خەڵخاڵ، ئیزە، ئەزنا، یەزد، هەفتکەل، تاکستان، ئەلیگوودەرز، دوروود، جوغتای، ڕامهورموز و باقیی شارەکان گرد بوونەوەی ناڕەزایەتیان بەڕێوە برد.
"میواندارانی کۆمپانیای ڕێگای ئاسنی ڕەجا"یش خوازیاری بەڕێوە بردنی "گەڵاڵەی کۆکردنەوە"، "نەهێشتنی هەڵاواردن لە پاداش"، "حەقدەست و مافەکانی بۆ کرێکارانی ستادی و گڕیبەستی دیاری کراو"ی خۆیان بوون.
زیاتر لە هەزار میواندار لە کۆمپانیاکانی ترانزیتیی ڕەیلیی ڕەجا بە شێوەی پەیمانی کار دەکەن.
"کرێکارانی سیمبانی ناوچەی کارەبای پەرەند"یش ڕۆژی سێشەمە ٢٩ی سەرماوەز لە ناڕەزایەتیدا بە حەقدەستی لانیکەم و نەبوونی ئەمنییەتی پیشەیی لە شوێنی کارەکەیان گرد بوونەوە.
ئەوان دەڵێن: "هەموو کرێکارەکان خاوەن پێشینەیەکی دوور و درێژی کارین لە دژوارترین بارودۆخدا کار دەکەن. بەڵام لانیکەمی ئەو حەقدەستەی وەری دەگرن بەشی تێچووەکانی ژیانی کرێکارەکان ناکات." چەندین ساڵە ئێمەی کرێکارانی سیمبان داوامان لە بەرپرسانی کۆمپانیاکە کردووە، خواستی گۆڕینی دۆخ، باشتر کردنی باری کار و ئیمتیازە هاوپێچەکانی کارمان کردووە بەڵام گۆڕانێک لە ڕەوتی پیشەیی، کاری و ئاستی حەقدەست نەکردووە سەرباری چەند ئەوەندە بوونەوەی نرخی مادە خۆراکییەکان و باقیی پێداویستییەکانی ژیان.
بە گوتەی کرێکارە سیمبانەکانی ناوچەی کارەبای پەرەند، ئاستی حەقدەستی کرێکارانی سیمبان کە بە شێوەی پەیمانی کار دەکەن لە چاو باقیی کرێکارەکان کە لە کۆمپانیاکانی دابەش کردنی کارەبادا کار دەکەن، زۆر کەمترە و دەبێت ئەم هەڵاواردنە نەمێنێت.
فارس
لەگەڵ وەستانی پڕۆژەی بینا کردنی پارکی ئازادیی نەیڕیز، کرێکارانی ئەم پرۆژە بێ کار بوون. ئەنجامدەری پلانی ئەم پرۆژەیە کە لە ساڵی ١٣٩٩ بە بەشداریی کارخانەی پۆڵای غەدیر لە حاڵی ساز کردندا بوو، لە ٢٧ی سەرماوەزەی ئەم ساڵەوە، چالاکییەکانی لە بواری بینا کردنی پارکی ئازادیدا ڕاگرت و بە کرێکارانی ڕاگەیاند کە لە سەرەتای بەفرانباری مانگی داهاتووەوە بۆ پاک کردنی حیسابەکانیان سەردانی یەکەی دارایی کۆمپانیاکە بکەن. لەگەڵ ئەمەدا پەیمانکارەکانیش لە ئێستادا خەریکی کۆ کردنەوەی ئامێرە و ئامرازە کارییەکانی خۆیانن.
پەیوەست بوون بە ناڕەزایەتییە گشتییەکانەوە
دووکانداران و بازاڕیانی شارەکانی ڕوانسەر، سەقز، سنە، کامیاران، ئەیوانغەربی سەر بە پارێزگای ئیلام و کرمان لەسەر بانگەوازی گشتی بۆ مانگرتن لە ڕۆژی ٢٨ی سەرماوەز، بەشداریان لە مانگرتنی سەراسەریدا کرد.
ڕۆژی شەمە بیست و شەشی سەرماوەزیش کارمەندانی فەرمیی یەکەکانی نەوت لە شارەکانی ئەهواز، ماهشەهر، گەچساران، عەسەلوویە، ناوچەی تەنگی بیجاڕ و دوورگەی خارک دوای بڵاو بوونەوەی بانگەوازێک کە لەم ڕۆژانەی دواییدا بڵاو کرابوەوە، لە بەردەم ناوەندەکانی کاری خۆیان لە کۆمپانیاکانی هەڵێنجانی نەوت و گازدا دەستیان دایە ناڕەزایەتی.
کارمەندانی فەرمیی پیشەسازیی نەوت خوازیاری "پیادە کردنی مادەی ١٠ی یاسای بنەڕەتیی ئەرکەکان و دەسەڵاتەکانی وەزارەتی نەوت"، "لابردنی باجی زۆر لەسەر حەقدەستەکان"، "لابردنی سنووری حەقدەست"، "زیاد کردنی مووچە و حەقدەست"، "پێدانی پاداشتی خانەنشینی"، "باش کردنی خزمەتگوزارییەکان و دۆخی تەندرووستی و دەرمان"، "بەتاڵ کردنەوەی یاسای بنەڕەتیی سندووقی نەوت" و پێداچوونەوە بە باقیی داخوازییەکانیان.
ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات
ئاگرکوژێنەوەکانی تەورێزیش ڕۆژی یەکشەمە ٢٧ی سەرماوەز لە ناڕەزایەتیدا بە بارودۆخی بژێوی و چاکسازیی مووچەکان بە لەبەرچاو گرتنی دژواری و سەختیی پیشەکەیان، لە بەردەم بینای شورای شاری تەورێزدا گرد بوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان ئەنجام دا.
خووزستان
لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئەهواز ٥ کرێکاری خانەنشینکراوی بۆ ئامادە بوون لە دادگا لە بەرواری ٢١ی مانگی بەفرانبار بانگهێشت کردووە. "بەهرام گورگان"، "محەمەد بروون"، "فەرهاد ڕاهداری"، "جەهانشا ئەسەدنیا" و "حوسەین ئەکبەری بیرنگانی" ئەو کرێکارە خانەنشین کراوانەن کە پێشتر لە بەرواری ٢٤ی مانگی پووشپەڕی ١٤٠١ دەستگیر کران و مانگێک لە گرتووخانەدا ڕاگیران و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرا.
دادگای شۆڕش ئەم کرێکارانەی بە "کۆبوونەوە و دەست تێکەڵکردن و هەوڵدان بە دژی کۆماری ئیسلامی و ئەمنییەتی گشتی لە ڕێگەی بەشداری کردن لە گرد بوونەوەی خانەنشین کراوانی ئەهواز لە بەرواری ٢١ی مانگی بەفرانباری ١٤٠٠" تۆمەتبار کردووە.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە