ڕافاێل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە تاران بەرامبەر بە پرسیاری میدیاکانی نزیک بە حکوومەتەی ئێران سەبارەت بە "دەسوەردانی ئەمریکا و ئیسرائیل" لە کاروباری ئاژانسدا کاردانەوەی نیشان دا و بە بێزارکەر وەسفی کرد.
گروسی ڕۆژی شەمە ۱۳ی ڕەشەمە وتی ئەم بانگەشانە "تووڕەم دەکات". هەروەها جەختی کردەوە هیچ دەسوەردانێک لە لایەن لایەنەکانی دیکەوە لە کاروباری ئاژانسدا نەکراوە، و لە درێژەدا وتی "ئەگەر نیگەرانی دەسوەردان و دەنگۆکانن، هاوکاری بکەن".
هەروەها بەڕێوەبەری گشتی ئاژانس لەم کۆبوونەوە هاوبەشە ڕۆژنامەوانییەدا لەگەڵ محەمەد ئیسلامی، سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران وتی کە دەبێت ئێران چاوەڕوانییە جیهانییەکان لە بواری ڕوون کردنەوە و دەستڕاگەیشتن بە ڕێکخراوە ئەتۆمییەکان، بەدیبهێنێت.
بەڕێز گروسی دوای بڵاو بوونەوە و پشتڕاست کردنەوەی ڕاپۆرتەکانی بلوومبێرگ لە سەر پیتاندنی یۆرانیۆمی ٨٤٪ ، سەردانی تارانی کرد.
دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا هۆشداری دا کە ئێران تەنیا ١٢ ڕۆژی ماوە بۆ تەواوکردنی ئەو سووتەمەنیەی کە پێویستە بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی.
محەمەد ئیسلامی، سەرۆکی ڕێکخراوی وەزەی ئەتۆمی ئێران، کە لە ڕۆژەکانی هەینی و شەمە لەگەڵ ڕافاێل گرۆسی گفتوگۆی کرد، ڕۆژی شەمە لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا، بۆ جارێکی دیکە ڕەتی کردەوە کە ئێران خەریکی پیتاندنی یۆرانیۆمە بە چڕی ٨٤٪.
ئیسلامی وتی: ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ ڕاپۆرتەکەی گروسی دەبینن کە تەنۆلکەی پیتێندراوی ٨٤٪ دەستنیشان کراوە بەڵام ئێران پیتاندنی ٦۰٪ی نەبووە.
هەروەها سەبارەت بە سێ شوێنی پیتاندنی یۆرانیۆم کە ئێران پێشتر لە ئاژانسی شاردبووەوە وتی ساڵی ڕابردوو لەسەر مۆدێلێک ڕێکەوتین و هەمان شت پەیڕەو دەکەین.
هەروەها ئیسلامی، سەبارەت بە هەر جۆرە ڕێکەوتنامەیەک لە دژی ئێران هۆشداری دا و هەڕەشەی کرد کە "ئەگەر ڕێکەوتنامەیەک دەرکرێت ناوەندە پێوەندیدارەکان بڕیار دەدەن و ئێمە بەپێی ئەو بڕیارانە کار دەکەین."
هاوکات لەگەڵ سەردانەکەی گرۆسی بۆ تاران، ژەنەڕاڵ میلی، سەرۆکی ستادی هاوبەشی ئەرتەشی ئەمریکا لە سەفەرێکی پێشوەخت و ڕانەگەندراودا، ڕۆژی هەینی بۆ گفتوگۆ کردن لەگەڵ بەرپرسە باڵا ئەمنییەتییەکانی ئیسرائیل سەبارەت بە ئێران بۆ ئەم وڵاتە سەفەری کرد.
وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل لە ڕاگەیەنداروێکدا وتوویەتی هەر دوو لایەنەکە هاوکاری کردن و "ڕێگری کردن لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی"یان تاوتوێ کردووە.
تێبینییەکەت بنووسە