ئەمڕۆ سێشەمە ٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٢، سەرۆک کۆماری ئێران کە لە ڕێوڕەسمی ساڵانەی ڕۆژی ئەرتەش لە تاران لێدوانی پێشکەش کرد، ڕوو لە "دوژمنان" و "بەتایبەت" هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد کە "بچووکترین هەوڵ" بە دژی کۆماری ئیسلامی، "دەبێتە هۆی لەناوچوونی هەیفا و تێلئاڤیڤ."
"ئیبراهیم ڕەئیسی" لەم لێدوانەدا بە ئاماژە کردن بەوەی کە "توانای هێزە چەکدارەکانی ئێران لە بەرژەوەندی ئاسایشی ناوچەکەیە" وتی: "لە هیچ کەس شاراوە نییە کە هێزە چەکدارەکانی ئێمە چۆن پارێزگاریان لە تەواوێتیی ئەرزی و ئەمنییەتی وڵاتانی ناوچەکە کردووە."
ئەو لە درێژەی باسەکەیدا لەسەر "وڵامی توندی هێزە چەکدارەکان" لە بەرامبەر "هەوڵەکانی دوژمنانی دژبەری ئێران" جەختی کردەوە و وتی سزای هەوڵەکانی لەم چەشنە، "لەناوچوونی هەیفا و تێلئاڤیڤ دەبێت."
ئەم جۆرە ڕوونکردنەوە هەڕەشەئامێزانە لە کۆماری ئیسلامیدا و لە لایەن ڕێبەر و سەرۆکی حکوومەتەوە بەردەوام دووپات کراوەتەوە.
لە دوو ساڵی ڕابردوودا "ئەمیر حاتەمی"، وەزیری بەرگری حکوومەتی "حەسەن ڕۆحانی"، وتبووی: "ئەگەر ڕێبەرایەتی فەمان بکات، تێلئاڤیڤ و هەیفا لەناو دەبەین."
بەڵام ئەم ڕوون کردنەوە هەڕەشەئامێزانەی ئیبراهیم ڕەئیسی چەند ڕۆژ دوای ئەوە باس کراوە کە بەرپرسە باڵا سیاسی و نیزامییەکانی ئیسرائیل لەسەر توانای وڵاتەکەیان بۆ هێرشی پێشوەختە بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی، "متمانەیان" دەربڕی بوو.
هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێپێوانی ڕۆژی قودس لە ئێران، ژەنەڕاڵ "هێرتسی لووی"، سەۆکی ئەرکانی ئەرتەشی وڵاتی ئیسرائیل وتی ئەم وڵاتە توانایی ئەوەی هەیە بەتەنیایی هێرش بکاتە سەر ئێران، بەڵام باشتر وایە ئەم کارە بە هاوبەشی ئەمریکا ئەنجام بدرێت. "عەبدولڕەحمان مووسەوی"، فەرماندەی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی و بەرامبەر ئەم وتانە کاردانەوەی نیشان دا و وتی ئەو لێدوانانە بە "ئامانجی بەهێزکردنی ورەی سەربازەکان و چاککردنەوەی کێشە ناوخۆییەکانی" ئیسرائیل وتراوە.
ئیسرائیل بە وڵاتانی جیهانی ڕاگەیاندووە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، ئامانجی نیزامی هەیە نەک ئاشتیخوازنە".
بەردەوام ئەم بانگەشەیە لە لایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ڕەت کراوەتەوە، بەڵام ڕێبەرانی ئیسرائیل بە لەبەرچاو گرتنی دروشمی سەرەکی کۆماری ئیسلامی بۆ "لەناوبردنی ئیسرائیل"، بەرامبەر هەوڵی چەندین ساڵەی کۆماری ئیسلامی بۆ پشتیوانی کردن لە گرووپە چەکدارەکانی دژبەری ئیسرائیل نیگەرانیان دەربڕیوە لەوەی وەها حکوومەتێک بەم ڕوانگەیەوە لە ئەگەری دەست ڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی دەبێتە "مەترسیەکی گەورە" بۆ سەر ئیسرائیل.
هەر چەندە ئەمریکا لە دەورەی شەش مانگەی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە لە ئێران ڕایگەیاندبوو زیندوو کردنەوەی بەرجام لە بەرنامەی کاری حکوومەتی جۆ بایدەن چووتە دەرەوە، بەڵام "بێنیامین ناتانیاهۆ" دوای گەڕانەوە بۆ دەسەڵات، بە سەفەر کردن بۆ وڵاتانی فەڕەنسا، ئیتالیا، ئەڵامن و بریتانیا لە دیدار لەگەڵ ڕێبەرانی ئەم وڵاتانەدا، جەختی لەسەر پێویستی ڕێگریکردن لە بووژاندنەوەی بەرجام کردووە.
هەروەها بنیامین ناتانیاهۆ لە درێژەدا باسی لەوە کرد کە "لە کاتی ئاڵمانی نازییەوە جیهان گۆڕاوە، بەڵام بانگەوازەکان بۆ لەناوبردنی ئێمە "یەهوودییەکان" نەوەستاوە و ئەمڕۆ ئەم دەنگە لە لایەن ڕژیمی ترسناکی ئێرانەوە دەبیسرێت."
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە