تارا هەوارامی، هاوڵاتیی پەیامنێر
"سۆران تاعەتی"، گەنجێکی خەڵکی سەقز، پاش نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەمە ١٩ی گەلاوێژی ١٤٠٢، لە کارگەکەی خۆیدا و لە کاتی کاردا، بە هۆی کەوتنە خوارەوەی ئامێری پرێس و کەوتن بە سەریدا، گیانی لەدەست داوە.
سۆران تەمەنی ٢٧ ساڵ بوو، ژن و منداڵی نەبوو و خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە جوگرافیادا بوو. بەڵام لە کارگەیەکی دروست کردنی تیرچە بلۆک کاری دەکرد. لە ڕۆژی ڕووداوەکەدا و لە کاتی جوڵاندنی ئامێری پرێسەکە، دەکەوێتە خوارەوە و دەبێتە هۆی گیان لەدەست دانی.
هاوڕێکانی بە گەنجێکی بەتاقەت و ماندوویی نەناس دەیانناسی گەرچی خوێندنی باڵای [ماستەری باڵای جوگرافیای] بوو، بەڵام نەیتوانیبوو لە شوێنێکی حکوومیدا دابمەزرێت، لە ئەنجامدا، کارگەیەکی تیرچە بلۆکی ڕێکخستبوو و لەسەر ڕەنجی شانی خۆی دەژیا. ڕۆژی ڕووداوەکە لە ڕێگەی کڕینی ئامرێکی پرێس بۆ پەرەپێدانی کارەکەی، بەو ڕووداوەی کە باسی کرا گیانی لەدەست دا.
***
باوکی سۆران تاعەتی خانەنشینی شارەوانییە و سۆران برا و خوشکێکی هەیە و دایکیشی ژنی ماڵەوەیە.
لە کوردستان دەرفەتی کار سنووردارە و ئیمکانی دامەزراندنی گەنجانی خاوەن خوێندنی باڵا لە ئیدارەکاندا زۆر کەمە. لە لایەکی دیکەوە لە ئەگەری هەبوونی دەرفەتی کاریشدا، بە هۆی نادادپەروەرییەکان و بوونی پشکی حکوومەتییەوە، چانسی ئەو کەسانەی لە دەرەوەی ئەو بازنەدان کەمە و سۆران لەو کەسانە بووە.
دەرفەتی کار بە هۆکارگەلی جیاواز لە کوردستان کەمە، و ئەم پارێزگایە بە تایبەت لە وەرزی سەرمادا زیاترین ڕێژەی بێکاری هەیە، و لە وەرزەکانی دیکەدا، لەو پارێزگایانەیە کە کرێکارەکانی بۆ دۆزینەوەی کار، دەچنە شارەکانی دیکە و تەنانەت دەچنە هەرێمی کوردستان.
کارگە نائەمنەکان، کاری سەخت و ڕووداو هەڕەشەی لەسەر ژیانی گەنجانی خوێندەوار دروست کردووە سەربارەی ئەمەشە گەنجان چارەیەکیان جگە لە کار کردن نییە. دوو مانگ لەمەوپێش بوو گەنجێکی دیکەی خەڵکی سەقز لە کاتی کار کردندا و هەڵبەت لە هەرێمی کوردستان، بە هۆی ڕووداوی کار گیانی لەدەست دا.
پزیشکی یاسایی کوردستان بە دەگمەن ئاماری ڕێکوپێکی ڕووداوەکانی پەیوەندیدار بە کارەوە بڵاودەکاتەوە، بەڵام لەو ئامارانەی لێرە و لەوێ بڵاویان دەکاتەوە، دەتوانین بەو ئەنجامە بەگەین ژمارەی ئەو کەسانەی بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لەدەست دەدەن، زۆرە؛ بۆ نموونە لە ساڵی ١٣٨٩دا، ٣٩ کەس بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لەدەست داوە.
هەروەها لە هەشت مانگی ساڵی ١٤٠٠دا ٢٣ کەس لە ڕووداوی هاوشێوەدا گیانیان لەدەست داوە. ئەم ژماریە لە مانگێ دواتردا گەیشتۆتە ٢٦ کەس.
تێبینییەکەت بنووسە