بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی لە سەرچاوەکانی هەواڵی سیستان و بەلووچستان بڵاو کراوەتەوە، ئەمڕۆش سەرباری کەشی تووندی ئەمنییەتی هەینییە ناڕەزایەتییەکانی زاهیدان، بە ئامادەیی بەرینی خەڵک بەڕێوەچوو. مەولەوی عەبدولحەمید، وێڕای جەخت کردنەوە لە سەر سزادانی تاوانبارانی کوشتاری "هەینی خوێناوی خاش"، داوای جێبەجێ کردنی دادپەروەری کرد.
مەولەوی عەبدولحەمید، ئیمامی جومعە و جەماعتی ئەهلی سونەتی زاهیدان، لە وتارەکانی نوێژی هەینیدا بە ئاماژە کردن بە ساڵوەگەڕی "هەینی خوێناویی خاش" وتی داخوازیی خەڵکی ئێران، "جێبەجێ کردنی دادپەروەری" و "سزا"ی تاوانباران و فەرماندەکانی ئەم ڕووداوەیە.
لە "هەینیی خوێناوی خاش" کە لە ڕۆژی ١٣ی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو ڕووی دا، هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بە تەقە کردن لە خەڵکی ناڕازی، نوێژکەران و ڕێبواران، لانیکەم ١٨ کەس لەوانە دوو منداڵیان کوشت و بە دەیان کەسیان بریندار کرد.
بەڕێز عەبدولحەمید لە درێژەی وتارەکانی ڕۆژی هەینی خۆیدا بە جەخت کردنەوە لە سەر ئەوەی کە دادپەروەری و ئازادی لە ئێران "زۆر پێویستە" وتی: "دەبێت هەڵاواردن و نایەکسانی نەمێنێت و بەرگەی ڕەخنەکان بگرن، دەبێت زیندانیانی سیاسی لەوانە نووسەران، ڕۆژنامەنووسان لە زیندان ئازاد بکرێن."
بەپێی ڕاپۆرتەکان ڕۆژێک بەر لە ساڵوەگەڕی هەینیی خوێناوی خاش، شاری خاش لە دۆخێکی ئەمنییەتیدا بووە و هێزە نیزامییەکان لە سەراسەری ئەم شارەدا جێگیر کرابوون.
ئەمڕۆ هەینی ١٢ی خەزەڵوەر، سەرچاوە خۆجێییەکان باسیان لە "تووند بوونەوەی کەشی قورسی ئەمنییەتی" و ئامادەیی بەرینی هێزە ئەمنییەتییەکان" لە شارەکانی سیستان و بەلووچستان کردووە کە لە سەر دوای مەولەوی عەبدولحەمید وەک حەوتووەکانی پێشوو بە بێدەنگی لە موسەلا هاتنە دەرەوە. هەروەها هێزە نیزامییەکان لە زاهیدان بە هەڵکردنی چادر و دانانی وێستگەی پشکنین هاوڵاتیانی بەلووچستان ئازار دەدەن.
پێشتر ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ڕۆژی پێنجشەمە ٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٢، لە ڕاگەیەندراوێکدا سەرەڕای مەحکووم کردنی شەپۆلی نوێی هێرشی دڕندانە بە دژی ناڕازیان و نوێژکەرانی بەلووچ لە زاهیدان داوای لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی کرد تا بەکارهێنانی نایاسایی زەبر و دەسەڵاتی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی هەینییەکان بوەستێنێت و ڕێز لە مافی ئازادی کۆ بوونەوەی ئاشتیخوازانە بگرێت.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە