ڕێکخراوی ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤ کە ناوەندەکەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانە لە دوایین ڕاپۆرتی خۆیدا سەرکوتی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە کەمینەی ئایینی بەهاییەکان لە ئێران بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ناو بردووە.
لە نوێترین ڕاپۆرتی ئەم ڕێکخراوەدا کە ڕۆژی دووشەممە ١٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ی هەتاوی بڵاوبووەتەوە، ناوی بەهاییەکان وەک "گەورەترین کەمینەی ئایینی بە فەرمی نەناسراو لە ئێران" هاتووە.
ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤ، بۆ ئامادەکردنی ئەو ڕاپۆڕتە چاوپێکەوتنی لەگەڵ ١٤ هاووڵاتی بەهایی کردووە و تەجرەبە و ئەزموونی ئەوانی گوواستووەتەوە.
لەم ڕاپۆرتەدا وێڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە بەهاییەکان دووای شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ تا ئێستا ڕووبەڕووی هەڵاواردنی سیستماتیک بوونەتەوە، باس لەوە کراوە: "دوای شۆڕشی ١٩٧٩، دەسەڵاتدارانی ئێران سەدان بەهاییان لە سێدارە داوە یان بێسەروشوێنیان کردوون، لەوانەش سەرکردەکانی کۆمەڵگاکەیان، هەروەها هەزاران کەسی تر کار و ماڵ و حاڵی خۆیان لەدەستداوە، یان ناچار بوونە ماڵ یان وڵاتەکانیان بەجێبهێڵن. لە چوار دەیەی ڕابردوودا زنجیرەیەک پێشێلکردنی مافەکانی بەهایی لەلایەن بەرپرسانی باڵای حکومەت و ئایدۆلۆژیای کۆماری ئیسلامییەوە ڕوویداوە کە بە توندی دوژمنایەتی پەیڕەوانی ئایینی بەهایی دەکات".
لە ڕاپۆرتی ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤدا، قەدەغەکردنی ئازادییە ئایینییەکان، قسەی ڕقاوی بە هاندانی حکومەت، دادگاییکردنی ئارەزوومەندانە و دەستگیرکردن بەهۆی ئەندامێتی لە کۆمەڵگەی بەهاییەکان، قەدەغەکردنی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، قەدەغەکردنی کارکردنی بەهاییەکان و داخستنی شوێنی کارەکانیان، دەستبەسەرداگرتنی زەوی، دەستبەسەرداگرتن و لەناوبردنی ماڵی بەهاییەکان، سنووردارکردنی مافە مەدەنییەکان و ڕێگریکردن لە ناشتنی بە شکۆمەندانەی مردووەکانیان، باسکراوە و وەک پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی پێکراوە.
ئەم دامەزراوەی مافی مرۆڤ جەختی لەوە کردووەتەوە کە بە پشکنینی چەند بەڵگەنامەیەک بۆی دەرکەوتووە کە دادگاکانی ئێران تەنیا بە هۆی باوەڕمەندی بەهاییەکانیان مەحکوم کردووە.
تۆمەتەکانی وەک "کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی تاوان دژی ئاسایشی وڵات"، "دامەزراندن یان ئەندامبوون لە گروپێکی نایاسایی" و "پڕوپاگەندە دژی نیزام" لەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ باوەڕمەندانی ئەو ئایینە.
ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤ سەرکوتکردنی سیستماتیکی بەهاییەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییەوە بە "تاوان دژ بە مرۆڤایەتی" دەزانێت.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە