کۆمەڵەی نووسەرانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند کە ئامانجی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دەرکردنی سزای قامچی و زیندانیکردن بۆ محەممەد ڕەسوڵۆف، دەرهێنەر و سینەماکار تەنیا "چاندنی ترس"ە لە نێو هونەرمەنداندا.
ئەو کۆمەڵەیە هەروەها داوای کرد کە دەستبەجێ رەسۆڵۆف ئازادبکرێت.
لە ڕاگەیەندراوی کۆمەڵەی نووسەرانی ئێراندا کە لە ڕێکەوتی ٢٢ی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی بڵاوبووەتەوە مەحکوومکردنی محەممەد ڕەسولۆڤ، سینەماکاری ناسراو بە قامچی و زیندانیکردن وەک درێژەی شەپۆلی نوێی تۆقاندن و سەرکوتکردنی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادییە تاکەکەسییەکان لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە ناوزەد کراوە.
کۆمەڵەی نووسەرانی ئێران ڕایگەیاندووە کە ڕەسوڵۆف هیچ تاوانێکی ئەنجام نەداوە کە سزای زیندانیکردن و شەق لێدان و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی هەبێت و لە بەیاننامەکەیدا نووسیویەتی: "دادگاییکردن و سزاکە شایانی زیندانی ئەو کەسانەیە کە لە ژێر پاراستنی حکومەتدا بوون بۆ زیاتر لە ٤٠ ساڵ بە تاڵانکردنی موڵک و ماڵی و ئاسایش و ئازادی خەڵک سەرقاڵییە."
پارێزەری ڕەسوڵۆف، ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی بانەمەڕ، ڕایگەیاند کە دادگای ئینقلابی ئیسلامی حوکمی هەشت ساڵ زیندانی و لێدانی قامچی و غەرامە و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی بەسەر ئەو دەرهێنەرەدا سەپاندووە.
تێبینییەکەت بنووسە