بەپێی ڕاپۆڕتی میدیاکانی ئیسپانیا "ماکسیم کوزمینۆڤ"، ئەو فڕۆکەوانە ڕوسییەی کە هاوینی ئەمساڵ بە هێلیکۆپتەرەکەیەوە بەرەو ئۆکرانیا هەڵاتوو لەوێ داوای پەنابەرییەتی کردبوو، حەوتووی ڕابردوو لە ئیسپانیا کوژراوە.
ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی ئیسپانیا، ڕۆژی ٣٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی لە راپۆڕتێکدا دەڵێت بڵاویکردووەتەوە کە "تەرمێک لە ڕۆژی سێشەممەی حەوتووی ڕابردوو لە شاری ڤیاجوسا لە باشووری ئیسپانیا دۆزرایەوە و ئێستا دەرکەوتووە کە هی ماکسیم کوزمینۆڤ بووە".
بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، ناوبراو بە پاسپۆرتی ئۆکراینی و ناوێکی جیاوازەوە لە ئیسپانیا گیرساوەتەوە. کەچی وادیارە بەو شێوەیەش نەیتوانیوە خۆی لە ژێر چاوی دەزگا هەواڵگرییەکان قوتار بکات.
سەرۆکی ڕێکخراوی ئاسایشی دەرەوەی ڕووسیا ڕۆژی سێشەممە ١ی ڕەشەمە وەک کاردامەوە بەرامبەر بە بڵاوبوونەوە ئەو هەواڵە گوتوویەتی "ئەو فڕۆکەوان پێشتر لە ڕووی ئەخلاقییەوە مردبوو". بەو جۆرەش هەندێک لە میدیاکان وایان لێکداوەتەوە کە ڕوسیا دانی بە "تاوانەکەی" ناوە.
بەگوێرەی ئاژانسەکانی هەواڵی ڕوسیا، سەرۆکی ڕێکخراوی ئاسایشی دەرەوەی ڕووسیا ئامادەنەبووە کە لەم بارەوە زیاتر زانیاری بدرکێنێت.
پۆلیسی ئیسپانیاش پشتڕاستی کردەووتەوە کە کەسێک لە ڤیاجوسا تەقەی لێکرابێت و کوژرابێت، بەڵام ناوی کەسەکەی نەدرکاندووە.
سەرچاوەیەکی پۆلیس بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، ڕەنگە قوربانییەکە دانیشتووی ئەو وڵاتە بووبێت و ناسنامەیەکی ساختەی هەبێت.
وتەبێژی دەزگای هەواڵگری سەربازی ئۆکرانیاش لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆیتەرز کوژرانی ئەم فرۆکەڤانە ڕوسەی پشتراست کردوووەتەوە.
تێبینییەکەت بنووسە