close button
دەتەوێت بچیتە ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە؟
وادیارە بۆ دانانی ئەم لاپەڕەیە کێشەیەک هاتۆتە ئاراوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بچۆ ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە
جیهان

پشتیوانی ئەمریکا بۆ درێژکردنەوەی ئەرکی لیژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان

۲۵ ڕەشەمەی ۱۴۰۲
خوێندنەوەی وتارە لە ۲ خولەکدا
ماتیۆ میلەر، وتەبێژی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا
ماتیۆ میلەر، وتەبێژی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا

چەند ڕۆژ دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتی لێژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ڕێکخراوەی نەتەوەکان سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی پشتیوانی لە بڕیارنامەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوەکان بۆ درێژکردنەوەی ئەرکی لیژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران دەکات.

"ماتیۆ میلەر" لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێرێکدا سەبارەت بە پشتیوانیی دەوڵەتی بایدن بۆ بەرپرسیار کردنی حکومەتی کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، گووتی: "لێژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان (کە لەلایەن ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوەکان دەستنیشانکراوە) بەڵگەیەکی زۆریان سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران کۆکردۆتەوە کە ئەم بەڵگانە دەتوانن گەوایی جینایەت دژی مرۆڤایەتی بن".

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند: "ئێمە بە توندی لەو بڕیارنامەیەی کە لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەکان تاوتوێ دەکرێ و ئەرکی لێژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان و ڕاپۆرتدەری تایبەتی مافی مرۆڤ لە ئێران بۆ ساڵێکی دیکە درێژ دەکاتەوە، پشتیوانی دەکەین".

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتی لێژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ڕێکخراوی نەتەوەکان سەبارەت بە سەرکوتکردنی توندوتیژانەی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٤٠١ لە ئێران، کۆمیسیۆنی ئازادێکانی ئایینی نێودەوڵەتی ئەمریکا ڕۆژی چووارشەممە داوای لە حکومەتی ئەو وڵاتە کرد لە ڕەوانەکردنی ئەم دۆسیەیە بۆ دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان، پشتیوانی بکات.

لێژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان کە لە لایەن ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوەکان دەستنیشانکراوە، لە ڕاپۆرتێکدا کۆماری ئیسلامیی وەک بەرپرسی "توندوتیژی جەستەیی" کە بوو بە هۆی  گیانلەدەستدانی مەهسا ئەمینی ناساند و کردەوەکانی حکومەت دژ بە ژنان لە ئێرانی، بە نموونەیەک لە "جینایەت دژی مرۆڤایەتی" دانا.

ئەم دۆزراوە لە ڕاپۆرتی وردی سەرەتاییدا کە لێژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان، ڕۆژی هەینی ١٨ی ڕەشەممە سەبارەت بە ئێران پێشکەشی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوەکانی کرد، هاتووە و جەختی لەوە کردەوە، ئەوەی حکومەتی ئێران بەرامبەر بە ژنانی ناڕازی کردوویەتی، ڕەنگە لە ڕیزی "جینایەت دژی مرۆڤایەتی" بێت.

لیژنەی سەربەخۆی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ڕێکخراوەی نەتەوەکان جەختی لەوە کردەوە کە "زۆر حاڵەتی جددی پێشێلکاری مافی مرۆڤ کە لەم ڕاپۆرتەدا باسیان لێکراوە، بەتایبەتی تاوانەکانی کوشتن، زیندانیکردن، ئەشکەنجەدان، دەستدرێژی و جۆرەکانی تری توندوتیژی سێکسی، ئازار و شوێن کەوتن، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و کردەوەی نامرۆڤانەی تر نموونەی "جینایەت دژی مرۆڤایەتییە".

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە "لیژنەکە بە تایبەتی قەناعەتی بەوە هەیە کە ئەم هێرشانە لەلایەن و بە هەماهەنگی دامەزراوە جیاوازەکانی حکومەت و وەبەرهێنانی بڕێکی بەرچاو لە سەرچاوەکانی وڵات، پلانی بۆ داڕێژراوە و ڕێنوێنی کراوە و ڕێکخراون".

دوای بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، کۆماری ئیسلامی وێڕای ڕەتکردنەوەی، ڕایگەیاند کە لیژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ڕێکخراوەی نەتەوەکان بە فەرمی ناناسێت.

تێبینییەکەت بنووسە

هەواڵ

کۆڵبەرێکی بریندار بە ناوی ئەتا حوسێنی، بەهۆی سەختی برینەکانیەوە گیانی لەدەستدا

۲۵ ڕەشەمەی ۱۴۰۲
کۆڵبەرێکی بریندار بە ناوی ئەتا حوسێنی، بەهۆی سەختی برینەکانیەوە گیانی لەدەستدا