گرتووخانەی ئیتلاعاتی سنه؛ دانپێدانان لە ژێر ئەشکەنجە و برسێتیدا
١١ شارۆمەندی خەڵکی ئاواییەکانی "تەنگیسەر"، "نیەر" و "شیان"ی سەر بە پارێزگای کوردستان، زیاتر لە ١١٠ ڕۆژی بەردەوامە، واتە لە سەرەتاکانی مانگی گولانی ١٤٠٠ەوە، لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەدا دەسبەسەرن.
بڵاوبوونەوەی فیلمەکان و وێنە هاککراوەکانی کامێراکانی چاودێریی زیندانی "ئێڤین" بە دەستی گرووپی هاکێریی "عەداڵەتی عەلی"، جگە لە ڕەنگدانەوەی بەرینی لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، پرسیاری زۆری سەبارەت بە چۆنییەتیی بارودۆخی زیندانەکان و گرتووخانە ئەمنییەتییەکانی باقیی پارێزگا و شارەکانی ئێران ورووژاندووە. زۆربەی چالاکوانانی مەدەنی لەو باوەڕەدان دۆخی ئەو زیندانانەی کە وەک زیندانی ئێڤین بەناوبانگ نین، زۆر خراپترن.
"سیروان"، ناوی خوازراوی شارۆمەندێکی سەقزییە کە ماوەیەکی کورتە لە گرتووخانەی ئیدارەی ئتیتلاعاتی شاری سنە ئازاد کراوە. ئەو لە وتووێژ لەگەڵ "ئێرانوایەر"دا، جگە لە وسفی بارودۆخی گرتووخانەی ئیدارەی ئتلاعاتی سنە، هەم پەرژاوەتە سەر ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پال دەسبەسەر کراوەکانی مانگی گوڵان و هەم شێوازەکانی ئەشکەنجەدانیان.
***
لە ناو ئەو ١١ کەسەی کە لە سەرەتاکانی مانگی گوڵاندا دەسبەسەر کران، چوار کەسیان، واتە "کاوە مێنبەری"، "شێرکۆ مێنبەری"، "پەیام مێنبەری" و "سریاد مێنبەری"، خەڵکی ئاوایی نیەر و ئەندامانی یەک بنەماڵەن.
بە گوتەی سیروان، ئەم کەسانە لە پاڵ "ئارام مورادیان"، "ئارش ئەحمەدی" و "ئەمیر ڕەزایی" خەڵکی ئاوایی تەنگیسەر و "ئەحمەد عەزیزی"، "زاگرۆس عەباسی"، "نەجات عەزیزی" و "بێهزاد محەمەدی" خەڵکی ئاوایی شیان، لە ژوورە تاکەکەسییەکانی گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا ڕاگیراون.
لە درێژەی دەسبەسەرکردنی ئەندامانی بنەماڵەی مێنبەریدا، نێوەشەوی ٢٥ جۆزەردانی ١٤٠٠یش "میکایل مێنبەری" لە مالەکەی خۆی لە شاری سنەدا دەسبەسەر کرا.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەمالەی مێنبەری بە "ئێرانوایەر"ی وت جگە لە میکایل، باقیی ئەندامانی ئەم بنەماڵە بەبێ حوکمی دادگا لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە دەسبەسەر کراون: "دەوری کاتژمێر سێی شەو، ١٢ کەس لە هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بە نیشاندانی حوکمی دادگا چوونەتە ناو ماڵی میکایلەوە و پاش پشکنینی مالەکەی، بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دیموکراتی کردستانی ئێراندا، دەسبەسەریان کرد و بردیان."
بە گوتەی ئەو، بنەمالەی مێنبەری جگە چەند پێوەندیی کورتی تێلێفۆنی، تاکوو ئێستا نەیانتوانیەوە مندالەکانیان ببینن.
سیروان کە بۆخۆی ماوەیەکە لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ئازاد کراوە، سەبارەت بە تۆمەتەکان و داسەپاندنی سیناریۆ ساختەکانی بازجووەکان بەسەر زیندانییەکاندا، بۆ نموونە ئاماژەی کرد بە بارودۆخی ئارام مورادیان، ئارش ئەحمەدی و ئەمیر ڕەزایی: "ئەم سێ کەسە جگە لە ئەندامەتی لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، تۆمەتبار کرابوون بە بەڕێوەبردنی شانە نووستووەکانی ئەم حیزبە، شاردنەوەی چەک و تەنانەت کوشتنی واحید دووستی، یەکێک لە ئەندامانی بەسیج لە گوندی تەنگیسەر. لە حاڵێکدا هەر سێکیان هەموو تۆمەتەکانیان ڕەت کردەوە و تۆمەتی کوشتنی واحید دووستیشیان بە سیناریۆی درووستکراو و ساخته دەزانی."
"واحید دووستی"، خەڵگی ئاوایی تەنگیسەر و ئەندامی بەسیجی سنە بوو کە لە مانگی پووشپەڕی ١٣٩٨ هەر لەم ئاواییەدا کوژرا.
سیروان کە خۆی بە یەکێک لە قوربانییەکانی شێوازە جۆراوجۆرەکانی ئەشکەنجە لە گرتووخانەی ئیتلاعات دەزانێت، پێیوایە کاریگەرییەکان و لێکەوتەکانی ئەشکەنجە جەستەییەکان فەرامۆش ناکرێن بەڵام ئەو ئەشکەنجە ڕۆحی و دەروونییانەی کە لە ئیتلاعاتی سنەدا ئەزموونی کردوون، وەک خۆرە وردە وردە ڕۆح و ڕەوانی مرۆڤ دەخۆن؛ شێوازێک کە زۆربەی زیندانییە سیاسییەکان لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ئەزموونی دەکەن.
بە گوتەی ئەو، بازجووەکان لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا، زۆرجار لە زینداییەکان دەدەن و شەقەزلە، جوێندان و بێڕێزیکردنی زمانی و بەکارهێنانی وشەگەلی ناشرینی جنسی بە دژی زیندانییەکان و بنەماڵەکانیان یەکێکە لە ئامرازە نەگۆڕەکانی ئەشکەنجەدان لە پرۆسەی بازجووییدا: "پرۆسەی بازجوویی لە ڕووی کاتەوە، زۆر قورس و تاقەتپڕووکێنە و تاوانبارەکە زۆرجاران لە چوار تا شەش کاتژمێری بەردەوام بە چاوی بەستراو و جوێن و شەقەزلە و بێڕێزی بازجوویی لێدەکرێت. ئەگەر تاوانبارەکە دوای چەند جار بازجوویی تۆمەتەکان ڕەت بکاتەوە، جگە لە لێدانی قورس و ئەشکەنجەی جەستەیی بۆ ماوەیەکی درێژە، هەندێکجار تا مانگێک دەبێت لە تەنیایی ترسناک و بێچارەنووسییی تێکدەرانەی ژووری تاکەکەسیدا چاوەڕێی خولێکیتری بازجوویی بکات."
سیروان کە بۆخۆی ئەزموونی دوورودرێژی چاوەڕوانی و بێچارەنووسیی لە ژووری تاکەکەسیدا هەیە، ئەبوونی دەرفەتی پێوەندیی تێلێفۆنی لەگەڵ بنەماڵە، داسەپاندنی برسێتیی زۆر و دەسڕانەگیشتن بە سابوون و مادە پاککەرەوەکان، بە یەکێکیتر لە ئامرازە باوەکانی ئەشکەنجەدان لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەزانێت.
بە گوتەی ئەو، ئەمیر ڕەزایی، خەڵکی ئاوایی تەنگیسەر کە لە ژووری تاکەکەسیی دەهەمدا دەسبەسەر کرابوو، لە ماوەی نێوان کۆتاییەکانی مانگی گوڵان تا کۆتاییەکانی پووشپەڕدا دوو جار مانی لە خواردن گرت؛ جارێکیان بۆ کەڵکوەرگرتن لە مافی پێوەندیی تێلێفۆنی و دوایین جاریش بە هۆی کەمیی خواردن، نان و دەسڕانەگەیشتن بە مادە پاککەرەوەکانی وەک سابوون: "ئەگەرچی ئەمیر لە کۆتاییدا توانی لە ڕێگای تێلێفۆنەوە بۆ ماوەی دوو خولەک لەگەڵ بنەماڵەکەیدا قسە بکات بەڵام کەمیی خواردن، نان و نەبوونی سابوون درێژەدانی دۆخەکەی بۆ هەموان گران و قورس کردبوو."
بە گوتەی سیراوان، مانگرتنی دوهەمی ئەمیر ڕەزایی هاوکات بوو لەگەڵ سەردانیکردنی دادوەری چاودێری زیندان و جێگری دادستان لەگەڵ بەرپرسی گرتووخانەی ئیتلاعات لە ژوورە تاکەکەسییەکان: "سەردانی ژوورەکەی ئەمیریشیان کرد. ئەمیر سەرەتا ئاماژەی دایە نەبوونی سابوون و مادە پاککەرەوەکان و بۆنی ناخۆشی ژوورەکان، دواتر بە تووڕەییەوە پێیوتن دەتانەوێ لە برسان بمانکوژن؟ لەم بێچارەنووسییەدا تەنانەت نانە وشکیەکەیشمان پێڕەوا نابینن؟ تەنانەت داوای لێکردن لەسەر خەرجی خۆی نان بکڕێت بەڵام وڵامی ئەوان ١٢ نان بوو لە زەرفێکدا هەر بۆ ئەو ژوورە. بەڵام بۆ دابینکردنی سابوون و مادە پاککەرەوەکان بە هیچ جۆرێک وڵامین نەدایەوە."
ئەو بە ئاماژەکردن به ئاستی هەرە نزمی کوالیتیی خواردنی گرتووخانەی ئیتلاعات، باسی ڕادە و جۆری خواردن و ژمارەی ئەو نانە کرد کە بۆ ڕعژێک دەدرێتە زیندانییەکان: "ڕۆژی دوو نانیان دەدا، یەکێک
بۆ نانی بەیانی و یەکێکیش بۆ خواردنی شەو. لە ڕاستیدا، چونکە ڕادە و ئاستی کوالیتیی خواردنەکان بە گشتی کەم و نزم بوو، کەس تێری پێنەدەخوارد. ژەمەکانی خواردنی نانی نیوەڕۆیش لەبەر ئەوەی زۆر پیس بوون، بە زۆری نەدەخوران. شەوانەیش یەک تەماتە و یەک خەیار یان یەک پەتاتە یان هێلکەیەکیان دەدا. لە ڕاستیدا ئەم سیستمی خواردنە، بە شێوەیەکی سیستماتیک زیندانییەکەی بێتوانا دەکات چونکە برسێتیی زۆر وا لە زیندانی دەکات ئارامشی نەمێنێت و چیتر خەوی لێنەکەوێت."
سیراوان جگە لە ئاماژەدان بە بونیادی ترسناکی ژوورە تاکەکەسی و گشتییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، بە بەراورد و هەڵسەنگاندنی خۆی پێیوایە ژمارەی ژوورە تاکەکەسییەکانی ئەم ئیدارەیە لە ٥٠ تا ٦٠ ژوور پێکدێن: "لەم ماوەیەدا، کۆمەڵێک کەسی جۆراوجۆر لە شارەکانی مەریوان، سنە، سەقز، کامیاران و تەنانەت ئەفغانستانیش بە تۆمەتی سیاسی، ئایینی و گەندەڵیی ئابووری دەسبەسەر کرابوون. پێدەچوو ژمارەی گیراوەکان زۆر بن چونکە جگە لە ژوورەکانی دەهەم و یازدەهەم کە ژووری گشتی بوون، باقیی ژوورەکاکنی دیکە دوو تۆمەتباریان تێدا دەسبەسەر کرابوو."
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە