ڕێبەری تەریقەتی قادری؛ از گوشاری ئەمنییەتییەوە تا کۆچکردنی لە دەرەوەی وڵات
"شێخ محەمەدهادی هاشمی"، یەکێک لە سیما دیار و ناسراوەکانی تەریقەتی قادری بوو. ئەو لە بنەماڵەیەکی دەستڕۆیشتوو و دێریندا لە دایک بوو و لە ڕێگەی موریدان و شوێنکەوتوانی خۆیەوە لە پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژاوا، کوردستان و کرماشان، هم لە سەردەمی پێش و هم لە سەردەمی پاش شۆڕشی ١٣٥٧ لە ئێراندا لە بارودۆخێکی تووندی ئەمنییەتیدا ژیا.
شێخ محەمەدهادی هاشمی دوای حەوت ساڵ دوورخرانەوە لەناو ئێراندا، وڵاتی بەجێهێشت و چوو عێراق و دواتر کۆچی کرد بۆ وڵاتی بریتانیا. "ئێرانوایەر" لە وتووێژێکی تایبەت لەگەڵ "دوکتۆر حەسەن هاشمی"، کوڕی شێخ محەمەدهادی، پەرژاوەتەسەر تەریقەتی قادری و ژیانی پڕ لە هەوراز و نشێوی شێخ محەمەدهادی هاشمی.
***
ئەگەر لە ئینتێرنێتدا بۆ "گوندی دۆڵاو" بگەڕێن، دەبینن ئەم گوندە یەکێکە لە شوێنە گەشتیارییەکانی پارێزگای کوردستان. دۆڵاو سرووشت و کێو و شاخێکی سەرکەش و جوانی هەیە؛ چوار وەرزە و پڕیەتی لە باغ و دەشت. یەکێک لە جوانییەکانی ئەم ناوچەیە بوونی خانەقایەکە بە ناوی گوندەکەوە. خانەقایەک کە مەزارگەی پێنج ئەندامی یەک بنەماڵەیە؛ بەڵام کەم کەس لە گەشتیاران و ئەوانەی هاتوچۆی خانەقای دۆڵاو دەکەن ئاگاداری ژیانی پڕ لە هەوراز و نشێوی دوایین ئەندامی ئەم بنەماڵەیە: "سەید شێخ محەمەدهادی هاشمی"، یەکێک لە زانایان و ڕێبەرانی تەریقەتی قادری لە کوردستان.
خانەقای دۆڵاو بە درێژایی ساڵانی دوای بیناکردنی، پەناگە و جێگای حەوانەی کەسانی بێلانە و بێپەنا و دەسکورت بووە. هەمیشە پتر لە دە کەس لەم خانقایەدا میوانن و بە شیویەکی خۆڕایی کەڵک لە خزمەتگوزارییەکانی وەردەگرن و لە باتی حەوانەوەیان یارمەتیی کارەکانی خانەقا دەدەن.
ئەم خانەقایە هەموو ساڵێک میوانداری هەزارن دەروێشی سەر بە تەریقەتی قادرییە. تەریقەرتی قادری یەکێکە لە تەریقەتەکانی تەسەوفی ئەهلی سونەت. قادرییەکان مورید و پێڕەوی "شێخ عەبدولقادری گەیلانی"، ناسراو بە غەوسی گەورەن. موریدەکانی ئەم تەریقەتە بە میهرەبانی و سۆز و خزمەتکردن بە خەڵک ناسراون. تەریقەتە چوار جۆرەکانی ئەهلی سونەت واتە نەقشبەندی، قادری، نێعمەتوڵاهی و جەلالی لە ناو شێعەکانیشدا لایەنگر و هۆگری زۆری هەیە.
لەدایکبوون و گەنجێتیی شێخ محەمەدهادی هاشمی
محەمەدهادی هاشمی لەدایکبووی ساڵی ١٣١٠ی هەتاوییە. ئەو لە بنەماڵەیەکی کۆن و ناسراو لە کرماشاندا لە دایک بووە. "حەسەن هاشمی"، کوڕی شێخ محەمەدهادی به "ئێرانوایەر" دەڵێت: "ڕەچەڵەک و بنەچەی ئێمە دەگەڕێتەوە سەر شێخ ڕەسووڵ هاشمی، کە دەوری ٢٠٠ ساڵ بەر لەمە لە گوندی دەوڵەتاوای ڕوانسەری سەر بە جوانڕۆی کرماشان لە دایک بووە. باوکم هەر لە تافی لاوییەوە لای مەرحوومی باوکی و چەن کەسیتر لە شێخەکانی قادری لە سلێمانیی عێراق، زانستە شەرعییەکانی خوێندووە و گەیشتۆتە پێگەی موریدی لە تەریقەتدا و شاگرد و موریدی زۆری لە دەور کۆبۆتەوە."
بە گوتەی دوکتۆر حەسەن هاشمی، باوکی کە دوای گەیشتن بە پێگە و پلەی ڕێبەرایەتیی تەریقەتی قادری، لەناو خەڵکی دانیشتووی هەر سێ پارێزگای گرینگی ئازەربایجانی ڕۆژاوا، کرماشان و کوردستاندا خۆشەویست و جێگەی ڕێز بوو: "موریدانی باوکم ئەوەندە زۆر بوون کە پێش شۆڕشیش کێشەمان هەبوو. حکوومەتی پەهلەوی لە دەسەڵات و دەسڕۆیشتوویی باوکم لەناو دانیشتوانی ئەم سێ پارێزگایەدا کە تێکەڵێکن لە تورک و کورد و شێعە و سونی هەراسان و بێتاقەت بوو. باوکم لە زێدەکەی خۆی لە کرماشان مڵکوماڵ و زەویوزاری زۆری هەبوو و لە ڕووی سەرچاوەی داراییەوە دەوڵەمەند بوو. لە لایەکیترەوە باوکم پەنای ئەو کەسانەی دەدا کە لە سەردەمی جەنگ بۆ خودموختاری کوردستان لەو ناوچەیەدا بێخانە و لانە ببوون. هەر لەبەر ئەمەیش حکوومەتی پەهلەوی بوونی کەسێکی وەک باوکمی بە هەڕەشەیەکی ئەمنییەتیی گەورە دەزانی."
دەسپێکی ئاوارەیی
بە گوتەی حەسەن هاشمی، باوکی بە تۆمەتی پەنادان و پاڵپشتی لەو کەسانەی کە لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیدا دەجەنگین، پێش شۆڕش سەرەتا بە ئێعدام مەحکووم کرا؛ بەڵام حوکمەکەی بۆ دوورخرانەوە گۆڕدرا: "سەرەتا دوورخراینەوە بۆ خوراسان و دواتر بۆ قوروە و حەوت ساڵ لە قوروە بووین. قوروە پێکهاتەی خەڵکەکەی کورد و تورک و شێعە و سونییە. زۆرینەی بەدەسەڵاتی شارەکەیش ڕێگەیان بە کەمینەی ئەهلی سونەت و کورد نەدەدا مزگەوتیان هەبێت. باوکم لە بارودۆخی دوورخرانەوەدا بۆ ئەهلی سونەت موزگەوت و خانەقای بیناکرد. دە ڕۆژ بەسەر گەڕانەوەی ئایەتوڵا خومەینیدا تێپەڕیبوو کە هێزە شۆڕشگێڕەکانی سەر بە حکوومەت بە هاودەستی لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران هێرشیان کردەسەر مزگەوت و خانەقاکەی باوکم. لەم هێڕشەدا ژمارەیەکی زۆری موریدان، شاگردان و لایەنگرانی باوکم کوژران و مەزگەوت و خانەقاکەیش ڕووخێندران."
هەڵبەت گێڕانەوەی فەرمیی کۆماری ئیسلامی لەم پێکدادانە جیاوازە. لە بەرگی یەکەمی کتێبی ڕۆژمێری ڕووداوە تیرۆریستییەکانی ئێراندا وتراوە کە دەوری هەشت هەزار کەس لە خەڵکی قوروە لە ڕێپێواندا بوون لە لایەن موریدەکانی شێخ هادییەوە کە ١٠ کەسیان چەکدار بوون، هێرشیان کراوەتەسەر.
کۆڕەکەی شێخهادی هاشمی بە داخ و حەسرەتەوە دەڵێت: "هەر ئەو کاتە کتێبخانەکەی باوکم کە لە خانەقادا بوو و پتر لە ١٣ هەزار بەرگ کتێبی لە خۆ گرتبوو، تاڵان کرا. زیاتر لە هەموو شتێک بەداخم بۆ سێ بەرگ کتێبی یادەوەری و ژیاننامەی باوکم کە بە دەستی خۆی نووسیبووی و دەیویست ئەگر ڕۆژێک چووە دەرەوە بۆ سەفەر، بڵاویان بکاتەوە؛ چونکە لە ئێراندا ڕێگەیان پێنەدەدا بڵاوی بکاتەوە."
دوای کوشتاری موریدانی شێخهادی و ڕووخاندنی خانەقا و مزگەوتەکەی ئاوارەیی و دەربەدەریی بنەماڵەی هاشمی دەستی پێکرد: "حەوت ساڵ دوورخرانەوە بووبە ساڵانی ئاوەرەیی. سەرەتا چووینە شاخەکانی دۆڵاوی زێدی باوکم. دوو ساڵ لەوێ خۆراگریمان کرد؛ چونکە لە ڕۆژانی سەرەتایی شۆڕشدا هەم لە لایەن هێزە شۆڕشگێڕەکانەوە مەترسیمان لەسەر بوو هەم لە لایەن ئۆپۆزیسیۆن و حێزبە دژبەرەکانی حکوومەتی مەرکەزییەوە دژایەتی و دوژمنایەتی دەکراین. تەنانەت لە پێکدادانی نێوان هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و موریدانی تەریقەتی قادریدا چەند کەس لە گەورەکان و شێخەکانی ئەم تەریقەتە کوژران و دەیانویست باوکیشم بکوژن. هەر ئەمەیش بووە هۆی ئەوەی بنەماڵەی ئێمە کۆچ بکات بۆ عێراق."
کاتی کۆچکردنی شێخ محمەمەدهادی هاشمی و بنەماڵەکەی بۆ عێراق ساڵەکانی سەرەتایی دەسپێکی جەنگ و هەروەها ترۆپکی دەسەڵاتی بەعس بوو. حەسەن هاشمی دەڵێت بارودۆخی عێراقیش دژوار و قورس بوو. تەنانەت سەختتر لە ئێران: "باوکم لە لایەن دەوڵەتی سەدام حسێنەوە گوشاری خرایەسەر کە بە دژی دەوڵەتی ئێران بجەنگێت؛ بەڵام ئەو قەت نەیدەویست بچێتە ژێر ئاڵای حیزبی بەعس و دژی کەسێک خەبات بکات. هەر لەبەر ئەمەیش ئێمە لە ئۆکتۆبەری ١٩٨٦دا بەو پەڕی دژوارییەوە لە عێراقەوە بۆ ئینگلیس کۆچمان کرد و باوکیشم تا کۆتایی ژیانی لە ئینگلیسدا ژیا."
ساڵانی تەریکخستنەوە
حەسەن هاشمی و خوشکەکەی دوای کۆچی بنەماڵەکەی بۆ ئینگلیس خوێندنیان دەست پێکرد: "من دوکتۆرای ددانم تەواو کرد و هاوکاتیش لای باوکم زانستە ئایینییەکانم دەخوێند. باوکم لە ساڵانی کۆچکردنماندا تا ساڵی ١٩٩٨ کە کۆچی دوایی کرد، هیچ چالاکییەکی سیاسیی نەدەکرد بەڵام وەک زانایەکی ئایینی شاگرد و موریدی زۆری لە شوێنگەلی جۆراوجۆر هەبوو. دەیوت مادام لە ئێران نیم نامەوێت بە هۆی خەباتی سیاسییەوە موریدەکانم بخەمە مەترسییەوە."
ساڵەکانی سەردەمی ڕێفۆرمخوازی و کەشی سیاسیی ئێران بەرەو گۆڕان دەڕۆیشت کە شێخمحەمەدهادی هاشمی لە دەرەوەی ئێراندا کۆچی دوایی کرد. بەشێک لە خەڵک بڕوایان وابوو تاریکی و دژواری و تاڵی بە سیمای ئێرانەوە نامێنێت و خەمەکان دەڕوێنەوە. حەسەن هاشمی دەڵێت هەر ئەم ڕوانگەیە بووە هۆی ئەوەی کە موریدانی باوکی هانی بدەن تاکوو تەرمی باوکی بگەڕێنێتەوە بۆ ئێران: "ئەوەی ڕاستی بێت باوکم هیچکات وەسیەتی نەکرد تەرمەکەی بگەرێنینەوە بۆ ئێران. دەیوت لە هەر شوێنێکی جیهان ڕۆحم لەبەردا نەما بمنێژن تەنانەت ئەگەر ئەوەیش نەکرا تەرمەکەم بخەنە دەریاوە چونکە لە کۆتاییدا ڕۆژێک هەر دەچمەوە دەرگای خودا. منیش لەسەر داوا و پێداگریی موریدەکان و شاگردەکانی باوکم بە ترس و گومانەوە پێوەندیم بە سەفارەتی ئێرانەوە کرد و بابەتی گەڕاندنەوەی تەرمی باوکم لەگەڵیان باس کرد. لە کۆتایی و لە بارودۆخێکی قورسی ئەمنییەتیدا ڕێگەیان دا باوکم بەگەڕێنینەوە بۆ کوردستان و لەوێ بە خاکی بسپێرین."
حەسەن هاشمی باسی بارودۆخی سەخت و دژواری ئەمنییەتی ڕۆژانی گەڕاندنەوەی تەرمی باوکی بۆ دۆڵا و ناشتنەکەی دەکات: "ڕێوڕەسمەکە لە سەختترین بارودۆخ و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی کەمی موریدەکان بەڕێوە چوو. زۆر کەس بەتەما بوون بەشداری لە ڕێوڕەسمەکەدا بکەن؛ بەڵام هێزە ئیتلاعاتی و ئەمنییەتییەکان بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکەیان بەدەست بوو و لە سنوورێکی تایبەتەوە ڕێگای هاتن و بەشداریکردنی خەڵکەکەیان گرتبوو."
کوڕی ئەم زانا ئایینییە دەڵێت دوای ئەم ڕووداوە دەیویست لە زێدی باب و باپیرانی بمێنێتەوە و چیتر نەگەڕێتەوە بۆ ئینگلیس؛ بەڵام بارودۆخەکە ئەوەندە ئاڵۆز و ئەمنییەتی بوو کە پەشیمان بۆتەوە: "کاتێک بۆ ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی باوکم گەڕامەوە، چونکە زانستە شەرعییەکانیشم خوێندبوو زۆربەی زانایانی تەریقەتی قادری لە کوردستان وتیان ڕێوڕەسمی عەمامەدانانت بۆ دەگرین و لێرە بمێنەوە. ڕێوڕەسمێکیشیان لە مزگەوتی گەورەی کامیاراندا ڕێکخست و حەوت هەزار کەسیش بەم بۆنەوە بانگهێشت کرابوون؛ بەڵام ناوەندە ئەمنییەتییەکان هەڕەشەیان لێکردم کە مافی هیچ جۆرە چالاکییەکەم نەبێت لە ناوچەکە بە تایبەت ئەو شوێنانەی کە ئەهلی تەشەیوع تێیدا زۆرینەن. بەرنامەکەیان تێکدا."
ئەو دەڵێت هەر لەو سەروبەندەدا بە ڕاشکاوی و بە شێویەکی ئاشکرا هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە: "دواجار کە بانگ کرام، کەسێکی پلە بەرز کە بە هەڵکەوت ناوە گەورەکەی لەگەڵ ئێمه هاوشێوە بوو و بە هاشمی بانگیان دەکرد، لێپێچینەوەی لێکردم. بەردەوام دەیوت ئێوە و باوکتان بێگومان لەم ماوەدا کە لە ئینگلیس ژیاون پێوەندییتان هەبووە لەگەڵ دەزگا سیخوڕی و جاسووسییەکانی بریتانیادا. لەوێ بۆم دەرکەوت کە بۆچی باوکم بە درێژایی ئەو ساڵانە بێدەنگ و لاتەریک بوو و خەباتی نەکرد. من نیگەرانی گیانی خۆم نەبووم، بەڵام نەمدەویست کێشەی گیانی و ئەمنییەتی بۆ خەڵکی ناوچەکە و ئەوانە درووست بکەم کە ڕێزیان لە من و باوکم دەگرت. پێم باش بوو بگەڕێمەوە بۆ ئینگلیس."
موریدانی شێخ محەمەدهادی هاشمی هێشتا دەچنە خانەقای دۆڵاو. گەشتیاری زۆریش سەردانی خانەقاکە و گوندەکەی زێدەی شێخ دەکەن. کوڕی شێخ دەڵێت: "خانەقای دۆڵاو لە ئێستادا چالاکە؛ بەڵام وەک باسم کرد سەرکوت و گوشارەکە بە جۆرێکە ڕێگە بە چالاکییەکی ماناداری شوێنکەوتوان و موریدانی تەریقەتی قادری نادرێت. پێویستە بەڕێوەبردنی هەموو ڕێوڕەسمە ئایینییەکان بە ئارامی و بە بێدەنگی بەڕێوە بچن."
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە