close button
دەتەوێت بچیتە ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە؟
وادیارە بۆ دانانی ئەم لاپەڕەیە کێشەیەک هاتۆتە ئاراوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بچۆ ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە
ڕاپۆرت

١٠ کتێب بۆ ناسینی زیاتری ئۆکراین و خۆڕاگریی خەڵکەکەی بەرامبەر هێرشی ڕووسیا

۲۲ خاکەلێوەی ۱۴۰۱
داده و نموده
خوێندنەوەی وتارە لە ۵ خولەکدا
١٠ کتێب بۆ ناسینی زیاتری ئۆکراین و خۆڕاگریی خەڵکەکەی بەرامبەر هێرشی ڕووسیا
جەمشید ئەسەدی

 

"ڤێلادیمیر پوتین"، سەرۆک کۆماری ڕووسیا ڕۆژی پێنجی ڕەشەمەی ١٤٠٠ بڕیاری هێرش بۆسەر ئۆکراینی ٤٤ میلیۆنی کەسیی دەرکرد و بۆ هێرشەکەی خۆی چوار هۆکاری دەسنیشان کرد:

ئۆکراین هەڕەشەیە بۆ سەر ئەمنییەت و پەرەسەندنی ڕووسیا. ئۆکراین بەڕەچەڵەک ڕووسەکانی، ژینۆساید کردووە. ئۆکراین لە ساڵی ٢٠١٤ی زاینییەوە کە تێی‌دا "ڤیکتۆر یانۆکۆڤیچ"، سەرۆک کۆماری سەر بە ڕووسیای دوای چەند مانگ ناڕەزایەتیی لە سەر شەقامەکان دەستی لە دەسەڵات هەڵگرت، کەوتۆتە دەستی تووندڕەوەکان و نازییەکان. ئۆکراین هیچ‌کات وەک وڵاتێکی سەربەخۆ بوونی نەبووە و هەمیشە بەشێک بووە لە ڕووسیا.

ئێمە لەم یاداشتەدا ئاماژە بە ١٠ کتێب و بژاردەیەک لە هەر کامەیان دەدەین، بۆ ئەوەی بێ بنەمابوونی هەر چوار تۆمەتەکەی ڤێلادیمیر پۆتین بخەینە ڕوو.

٩ کتێب لەو ١٠ کتێبەی کە هەڵمان‌ بژاردوون، لە ناو ١١ کتێب هەڵبژێردراون کە کۆمەڵەی گەنجی "ئەنجومەنی دامەزرێنەرانی جیهانی" (Global Shapers Community)ی سەر بە "فرۆمی جیهانیی ئابووری" (World Economic Forum) بۆ تێگەیشتنێکی قووڵ‌تر لە ئۆکراین دەسنیشان کراون و ناسێنراون.

ئەنجومەنی دامەزرێنەرانی جیهانی تۆڕێکە کە پتر لە ١٠ هەزار گەنجی ژێر ٣٠ ساڵ لە ١٥٠ وڵاتی جیهان کە بە پشتیوانی فرۆمی جیهانیی ئابووری بۆ بەرزکردنەوەی سامانی کۆمەڵگا لۆکاڵییەکان و هەروەها یارمەتیدان بە ئامانجەکانی پەرەسەندنی بەردەوامی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (United Nations Sustainable Development Goals) تێدەکۆشێت.

بۆخۆمان کتێبی دەهەممان هەڵبژارد؛ کۆمەڵە شیعرێک لە "تاراس شۆچێنکۆ"، شاعیری نیشتمانیی ئۆکراین کە بۆ شوناسی نەتەوەیی ئەم وڵاتە وتوویەتی. کورتە شیعرێکیشی کە بە زمانی ئینگلیزی وەرگێڕدراوە، بۆ سەر زمانی کوردی وەرمان گێڕاوە.

ناونیشان: سەدەیەک لە گالیسیادا: ئەو ڕووداوانەی ئۆکراین و ئەورووپای ڕۆهەلاتیان بیناکرد

نووسەران: دێنیس ئۆگرین، ئاناستازیا ئۆگرین

کتێبەکە دەپەرژێتە سەر بەرواری  "گالیسیا" و هەروەها چیرۆکە سەرەنجڕاکێشەکانی خەبات بۆ مانەوە لە هەمبەر هێرشەکان بۆ سەر ئەم وڵاتە.

گالیسیا ناوچەیەکی مێژوویی و جوگرافیاییە کە لە باشووری لەهێستان و ڕۆژاوای ئۆکراینی ئەمڕۆدا هەڵکەوتووە و بەردەوام کاریگەریی هەبووە لە سەرهەڵدانی ئەم دوو وڵاتەدا.

لە سەدەکانی ناڤین‌دا، ئەم ناوچەیە بەشێک لە پاشایەتیی گالیسیا و "ڤێلینیا" بووە. لە ساڵی ١٣٥٢دا، پاشایەتیی لەهێستان، پاشایەتیی گالیسیا و ڤێلینیای هاوپێچی قەڵەمڕەوی خۆی کرد. پاش ئەوە، ئەم خاکە لە لەهێستانەوە بە ئیمپراتۆریای نەمسا بڕا. ئێستایش بەشێکی گالیسیای مێژوویی کەوتۆتە ئۆکراینی ڕۆژهەڵاتەوە.

١٠ کتێب بۆ ناسینی زیاتری ئۆکراین و خۆڕاگریی خەڵکەکەی بەرامبەر هێرشی ڕووسیا

ناونیشان: دەروازەکانی ئەورووپا: مێژووی ئۆکراین

نووسەر: سێرهی پلۆخی

ئەم نووسەرە، مێژووزانی "زانکۆی هاروارد"ی ئەمریکایە و لەم کتێبەدا پەرژاوەتەسەر لێکۆڵینەوەی شوناسی ئۆکراین لە ڕێگەی ژیانی کەسایەتییە مێژووییە سەرەکییەکانی ئەم وڵاتەوە لە قارەمانەکانییەوە تا داگیرکەرەکانی.

"سێرهی پلۆخی" دەری دەخات ئۆکراین کە ڕۆژێک لە ڕۆژان زێدی ڕووسیا، ناوەندی ڕێفۆرمە ئۆرتۆدۆکسییەکان لە مەسیحییەت و "هەگبەی نان"ی ئەورووپا بووە، ئێستا گۆڕەپانی جەنگی دەسەڵاتەکانە بۆ هەژموونی خۆیان لە ناوچەکەدا.

ئۆکراین بە مانای "وڵاتی سنوور"ە و هەر کۆنەوە چوارڕیانی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا، کاتۆلیک و ئۆرتۆدۆکس و ئەرووپا و ئاسیا بووە و هەر بەم بۆنەوە سنوورەکانی بەردەوام دوای پەیمان‌نامەکان، جەنگ، دابەشکاری و هاوپێچ‌کردن گۆڕانی بەسەردا هاتووە. کولتووری ئۆکراینیش لە ئێتنیکە جۆراوجۆرەکان پێکهاتووە.

پلۆخیش دەپەرژێتەسەر یەک بە یەکی بڕگەکانی مێژووی ئۆکراین هەر لە خولی کۆنەوە تا پێکدادانەکانی ئێستا و هەروەها یاریی ئاڵۆزی ئەو هێزانەی کە ئۆکراینی ئەوڕۆکەیان پێکهێناوە.

١٠ کتێب بۆ ناسینی زیاتری ئۆکراین و خۆڕاگریی خەڵکەکەی بەرامبەر هێرشی ڕووسیا

ناونیشان: زەویی ڕەش: وڵاتی سنوور؛ گەشتێک بە ناو مێژووی ئۆکراین‌دا

نووسەر: ئانا رید

ئەم نووسەرە، چیرۆکی یەکەم سەرچاوەی شارستانییەتی "سلاڤ" لە هەزار ساڵ پێشەوە تا پێش جەنگەکان لە پێناو داگیرکردنی و هەروەها بۆ درووست‌کردنی شوناسی نەتەوەیی ئەم وڵاتە دەگێڕێتەوە.

ئۆکراین لە ساڵی ١٢٤٠دا لە لایەن مەغۆلانەوە داگیر کرا و بۆ ماوەی حەوت سەدە پاش ئەوە، کەوتە بەر هێرشی کۆمەڵێک دراوسێی دوژمنی وەک لیتوانیاییەکان، لەهێستانییەکان، ڕووسەکان، نەمساییەکان و تاتارەکان.

١٠ کتێب بۆ ناسینی زیاتری ئۆکراین و خۆڕاگریی خەڵکەکەی بەرامبەر هێرشی ڕووسیا

ناونیشان: قات‌وقڕیی سوور؛ جەنگی ستالین لە ئۆکراین

نووسەر: ئەنێ ئەپلێبووم

"ستالین" لە هەموو شوێن و بە تایبەت لە کشت‌وکاڵ‌دا بە نیازی هابەش‌کردنەوەی ئابووری بوو.

وەرزێران و خەڵکی ئۆکراین دژی پرۆسەی هاوبەش‌کردنەوە بوون و خۆڕاگرییان کرد. ستالین بۆ تێکشکاندنی خۆڕاگری و بەرپاکردنی بیری سۆسیالسیتی لە ئۆکراین، ئەم وڵاتەی گەمارۆ دا و قات‌وقڕی ئەو وڵاتەی گرتەوە کە ئەنجامەکەی لە ساڵی ١٩٣١ تا ساڵی ١٩٣٣ بوو بە هۆی مەرگی میلیۆنان ئۆکراینی.

١٠ کتێب بۆ ناسینی زیاتری ئۆکراین و خۆڕاگریی خەڵکەکەی بەرامبەر هێرشی ڕووسیا

ناونیشان: زەویی ڕەش: هۆلۆکاست وەک مێژوو و هۆشداری

نووسەر: تیمۆتی سنایدەر

ئەم کتێبە دەپەرژێتەسەر ڕوانگە تازەکان لە ئەورووپای ڕۆژهەڵات کە شیکارییەکی نوێی کارەساتی "هۆلۆکاست" و ئەو مەترسیانەی کە هەیبوو و هەیەتی، پێشکەش دەکات.

وشەی هۆلۆکاست ڕەگەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زمانی یۆنانی کەونینە و واتاکەی "تەواو سووتاو"ە. ئەم وشەیە لە ئێستادا ئاماژەیە بە ژینۆسایدێک کە هیتلەر و نازییەکان لە کاتی جەنگی جیهانیی دووهەم بەرامبەر جووەکانی ئەورووپا هەڵیان گیرساند.

١٠ کتێب بۆ ناسینی زیاتری ئۆکراین و خۆڕاگریی خەڵکەکەی بەرامبەر هێرشی ڕووسیا

ناونیشان: شەوی ئۆکراینی

نووسەر: مارسی شۆر

شەوی ئۆکراینی چیرۆکی شۆڕشی ئۆکراین لە ساڵی ٢٠١٣ و ٢٠١٤ی زاینی دەگێڕیتەوە لە ڕێگەی ئاماژەدان بە یاد و بیرەوەریی ئەو کەسانەی تێی‌دا بەشدارییان کردبوو.

لە ساڵی ٢٠١٣دا، زۆرینەی نوێنەرانی پەرلەمانی ئۆکراین بە هاوکاریی لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا دەنگیان دا بەڵام سەرۆک کۆماری سەر بە پوتین، "یانۆکۆڤیچ"، خۆی لە واژۆکردنی پەیمان‌نامەی هاوکاری و بازرگانیی ئازاد لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا بوارد و لە جیاتی ئەوە، پێداگریی کرد لەسەر نزیکایەتیی زیاتر و قووڵ‌تر لەگەڵ ڕووسیا و یەکێتیی ئابووریی ئۆراسیا.

خەڵک بە دژی ئەمە وەستانەوە و ڕژانە سەر شەقامەکان و هێدی هێدی خوازیاری دەست لە کار کیشانەوەی سەرۆک کۆماری و دەوڵەت ئەوکات بوون.

هێزە چەکدارەکان و پۆلیسی دژە شۆڕش بۆ سەرکوت‌کردنی ڕووبەڕووی خەڵک بوونەوە و ژمارەیەکی بەرچاویان لە خەڵکەکە کوشت. بەڵام ناڕازییەکان نەکشانەوە؛ بینا دەوڵەتییەکانیان داگیر کرد و بەرەو پەرلەمان وەڕێ کەوتن.

لە کۆتایی‌دا لە ٢١ی فێوریەی ٢٠١٤دا، پەیمان‌نامەیەک لە نێوان سەرۆک کۆمار یانۆکۆڤیچ و سەرکردایەتیی ئۆپۆزیسیۆنی پەرلەمانی لەسەر پێکهێنانی دەوڵەتی کاتیی یەکێتیی نیشتمانی، چاکسازیی دەستوور و هەڵبژاردنی پێشوەخت واژۆ کرا.

١٠ کتێب بۆ ناسینی زیاتری ئۆکراین و خۆڕاگریی خەڵکەکەی بەرامبەر هێرشی ڕووسیا

ناونیشان: مەیدانی ئۆکراین، جەنگی ڕووسیا: گێڕناەوەی ڕووداوەکان و شیکاریی شۆڕشی سەربەستی

نووسەر:میخایلۆ وینیکیج

ڕاپۆرتێک لەسەر ڕاسان و خەبات و شۆڕشی ئۆکراینییەکان بە دژی ڕژیمی سەر بە ڕووسیا لە ساڵی ٢٠١٤دا.

وشەی "مەیدان" لە ناونیشانی کتێبەکەدا، لە هەمان وشەی مەیدان لە زمانی فارسی وەرگیراوە و ئاماژەیە بە مەیدانی گەورەی "نژالەژنوستی" (مەیدانی "ئیستقلال") لە ناوەندی شاری کی‌یەف کە بەردەوام مەنزڵگەی زۆرینەی ناڕازییانی ئۆکراینییە.

١٠ کتێب بۆ ناسینی زیاتری ئۆکراین و خۆڕاگریی خەڵکەکەی بەرامبەر هێرشی ڕووسیا

ناونیشان: ئۆکراینییەکان، نەتەوەیی چاوەڕوان‌نەکراو

نووسەر: ئاندرۆ ویلسۆن

ئەم نووسەرە پەرژاوەتەسەر پێوەندیی ئاڵۆزی نێوان ئۆکراین و ڕووسیا و کۆمەڵێک چیرۆکی جۆراوجۆری ئۆکراینییەکان و ڕووسەکان لەم وڵاتە و هەروەها ئەو پەرتووکانە کە لە کاتی سەربەخۆیی ئۆکراین لە ساڵی ١٩٩١دا وەک پێشوو سەبارەت بە شوناس و کولتوور و ئایین بڵاو دەبنەوە.

١٠ کتێب بۆ ناسینی زیاتری ئۆکراین و خۆڕاگریی خەڵکەکەی بەرامبەر هێرشی ڕووسیا

ناونیشان: لە "ئۆکراین"ەوە تا ئۆکراین: مێژوویەکی هاوچەرخ (١٩٩١-٢٠٢١)

ئێدیتۆرەکان: گیۆرگی کاسیانۆڤ، میخایلۆ میناکۆڤ، مەتیۆ رۆژانسکی

کورتە مێژووەکان و چیرۆکەکانی خەڵک و وڵاتی ئۆکراین لە کاتی سەربەخۆییەوە لە ساڵی ١٩٩١ تا سەرەتای ساڵی هێرشی ڕووسیا بۆسەر ئەم وڵاتە.

١٠ کتێب بۆ ناسینی زیاتری ئۆکراین و خۆڕاگریی خەڵکەکەی بەرامبەر هێرشی ڕووسیا

ناونیشان: شیعری تاراس شێڤچێنکۆ

نووسەر: تاراس شێڤچێنکۆ 

 کتێبی شاعری نەتوەیی ئۆکراین: "تاراس شێڤچێنکۆ" (١٨١٤-١٨٦١) بە ناوی "کۆبزار تاراس" و تاقە زمانی "کۆبزار" (چەشنێکی تایبەت شیعری و چامە) دەناسن. ئەو شاعیر، نووسەر، مینیاتۆریست، کەسایەتیی سیاسی و ئێتنۆلۆژیستی ئۆکراینی بوو و ئەدەبیات، زمان و شێوەکاریی نوێی ئۆکراینیی دامەزراند.

شێڤچێنکۆ لە ساڵی ١٨٤٤دا بە هۆی لاینگری و پڕوپاگاندا بۆ سەربەخۆیی ئۆکراین، شیعروتنی بە زمانی ئۆکراینی و گاڵتەکردن بە خانەدانی ئێمپراتۆریای ڕووسیا سزا درا. بەپێی ڕاپۆرتی پۆلیسی نهێنیی ڕووسیا، ئەو قارەمانی سەربەخۆیی بوو.

١٠ کتێب بۆ ناسینی زیاتری ئۆکراین و خۆڕاگریی خەڵکەکەی بەرامبەر هێرشی ڕووسیا

شیعرێکی تاراس شێڤچێنکۆ و وەرگێڕانەکەی لە زمانی ئینگلیزییەوە

کاتێک خەڵک،

با ئۆقرە بگرم، با ڕاکشێم

لەناو پێدەشتە بەرینەکانی ئۆکراین‌دا.

با ببینم

کێڵگە بێ‌پەڕەکان و شیو و دۆڵە تیژەکان

کە ئەوەندەم بەلاوە پیرۆزن

با ببیستم

گوڕەی بڵیندی دێنیپرۆڤ.

و کاتێک خوێنی دوژمنانی ئۆکراین دەرژێتە ئاوە شینەکانی دەریاوە،

ئەو کاتەیە کێڵگەکان و تەپۆڵکەکانم بیر دەچێتەوە

و دەست لە هەموویان هەڵدەگرم و بانگی یەزدان دەکەم.

تا ئەوکات، خودایەک کە نایناسم..

ئەوکات بمسپێرن بە خاک، ڕابە و زنجیرەکانی بپسێنە.

ئازادیت ئاژین بکە

 لە گەڵ ستەمکاران‌دا.

ئەو کات لەگەڵ زەمزەمە ئارامەکان‌دا یادم بکە

و بە وشە میهربانانەکان

 لە بنەماڵەیەکی گەورەدا

تازە ڕزگاربووەکان

*دێنپیرۆ: شارێک لە ناوەندی ئۆکراین لە پاڵ ڕووباری دێنیپرۆ

لە کۆتایێ‌دا تەنانەت چاوخشاندنێکی خێرا بەم کتێبانەدا دەری دەخات خەڵکی ئۆکراین مێژوویەکی هاوبەشی بەرزیان هەیە و سەرباری دژوارییە زۆرەکان، پێکەوە ماونەتەوە و کولتوورێکی تایبەتیان خولقاندووە و بێ‌گومان هەر لەم ڕووەوەیە کە بۆ بەرگری لە نیشتمانەکەیان ڕاپەڕین و خۆڕاگرییەکی ئازایانەیان لە خۆیان نواند کە پوتین چاوەڕێی نەدەکرد.

خەڵکی ئۆکراین لەگەڵ وەها خۆڕاگرییەک‌دا دەبنە خاوەن شوناسێکی نەتەوەیی بەهێزتر و ئەمە هەمان ئەو شتەیە پوتین پێی خۆش نییە.

 

از بخش پاسخگویی دیدن کنید

در این بخش ایران وایر می‌توانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راه‌اندازی کنید

صفحه پاسخگویی

تێبینییەکەت بنووسە

هەواڵ

گروپێکی نەناسراو لە تاران بەشەودا ئۆتۆمبێلی خەڵک دەسووتێنن

۲۱ خاکەلێوەی ۱۴۰۱
خوێندنەوەی وتارە لە ۱ خولەکدا
گروپێکی نەناسراو لە تاران بەشەودا ئۆتۆمبێلی خەڵک دەسووتێنن