پاش نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠١، هێزە ئەمنییەکان دەیان چالاکی پیشەیی مامۆستایانیان لە شارە جیاکانی کوردستان دەستگیر کرد. سەرەڕای ئەوە بەیانیی ئەمڕۆ ٢٦ی جۆزەردان، مامۆستایانی شاغڵ و خانەنشینکراو ڕژانە سەر شەقام و لە دەیان شاری سەراسەری ئێران گردبوونەوەی ناڕەزاییان ئەنجام دا.
لەپاش بانگەوازیی "شوورای هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران"ـە بۆ بەڕێوەبردنی گردبوونەوەی مامۆستایانی شاغڵ و خانەنشینکراو لە بەردەم مەجلیس و ئیدارەی پەروەردە و بارێنانی هەموو پارێزگا و شارەکانی ئێران لەڕۆژی پێنجشەمە ٢٦ی جۆزەرداندا، هێزە ئەمنییەتییەکان بەپێی پلانێکی پێشوەختە و بە شێوەی هاوکات، دەستیان کردووە بە دەستگیرکردنی مامۆستایانی شارەکانی سەقز، سنە و دیواندەرە.
"ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی پارێزگای کوردستان- سقز و زیویه"، لە ڕاگەیاندنێکدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٦ی جۆزەردان بڵاوی کردۆتەوە، دەستگیر کردنی ١٦ کەس لە ئەندامەکانی پشتڕاست دەکاتەوە.
لە ڕاگەیاندنەکەی ئەم ئەنجومەنەدا نووسراوە کە "سولەیمان عەبدی"، "عەزیز مەرزی"، "خالید شێخی"، "خالد عەبدوڵاهی"، "ئەنوەر فەرەجزادە"، "سەیدسەلاح حسێنی"، "ئیسماعیل ڕێحانی"، "ئاوات ڕەزەوی"، "حسێن محەمەدی"، "تاهیر قادرزادە"، "محەمەد فەتاحی"، "ئەحمەد قادری'، "لوقمان ئەڵامورادی"، "کەیوان محەمەدی"، "تاهیر حامیدی"، "زاهید مورادی" و "ئامانج ئەمینی" ، "مەرزییە تەڵایی" و "قادر یەسرێبی" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی شاری سەقزەوە دەستگیر کراون.
لەم ڕاگەیاندنەدا هاتووە: "پاش بانگەوازی شوورای هەماهەنگی بۆ گردبوونەوەی ناڕەزایەتی، مامۆستایانی سەقزیش لە یەکەم کاتژمێرەکانی بەڕێوەبردنی گردبوونەوەکە لە بەردەم ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ئەم شارەدا ئامادە بوون بەڵام بەداخەوە بەرەوڕووی هێزە ئەمنییەتییەکان و درگای داخراوی ئەم ئیدارە بوونەوە."
ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی سەقز و زێویە لە ڕاگەیاندنەکەیاندا نووسیویانە : "بەڵام مامۆستایان بە ئارامی و هێمنانە گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکەی خۆیان بەڕێوە بردووە و پێداگرییان لەسەر داخوازییەکانیان، بە تایبەت ئازاد کردنی مامۆستایانی بەندکراو کردووە."
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە هێزە ئەمنییەتییەکان پاش نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەمە و ئەمڕۆ لە ڕێگەی دەستگیر کردنی ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەن و پێوەندیی تێلێفۆنییەوە لەگەڵ مامۆستایاندا بە نیاز بوون ڕێگری بکەن لە گردبوونەوەکە.
ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی سەقز و زێویە، جگە جەخت کردنەوە لەسەر یاسایی بوونی گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان بەپێی ئەسڵەکانی ٢٦ و ٢٧ی یاسای بنەڕەتیی ئێران، ئاماژەی بەوە کردووە کە نەک هەر سوورن لەسەر دواخوازییە پیشەییەکانیان، بەڵکوو خوازیاری ئازادیی مامۆستایانی بەندکراویشن.
ئەم ناوەندە پیشەییە هەروەها لە کۆتایی ڕاگەیاندنەکەیدا هۆشداریی داوە کە ئەگەر هاوکارەکانیان ئازاد نەکرێن گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکانیان بۆ ئازادکردنی ئەندامەکانیان لە ڕۆژانی داهاتووەدا درێژە پێدەدەن.
دەستگیرکردنی مامۆستایانی ناڕازیی لە حاڵێکدایە کە سەرچاوەکانی "ئێرانوایەر" باس لەوە دەکەن هێزە ئەمنییەتییەکانی شاری سنە و مەریوان ژمارەیەک لە چالاکانی پیشەیی ئەم دوو شارەیان دەستگیر کردووە.
بە گوتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، ئەمڕۆ "غیاس نێعمەتی" و "سەلاح حاجیمیرزایی"، "ئەندامی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی پارێزگای کوردستان-سنە و کەڵاتەرزا"ن هەروەها شەوی ڕابردوو، "تەحسین مستەفا"، "سەیوان سولەیمانی"، "ئارام محەمەدی" و "ئارام قادری"، ئەندامانی "ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی پارێزگای کوردستان-مەریوان و سەوڵاوا" لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانیانەوە دەستگیر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.
پاش نیوەڕۆی ڕۆژی ڕابردوویش هێزە ئەمنییەتییەکانی ئەم شارە، "مەریەم ئەحمەدی"، "ڕەزا ئەلیاسی"، "بەهار مەلەکی"، "جەبار پاکزاد" و "فاتێح ئەسەدی"، چالاکانی پیشەیی ئەم شارە دوای بانگهێشت کردنیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعات، بەڵێننامەیان لێوەرگرتوون کە لە گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکەی ئەمڕۆدا بەشداری نەکەن ئەگینا دەستگیر دەکرێن.
شایانی باسە کە "مریەم ئەحمەدی" و "ڕەزا ئەلیاسی"، ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی "ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی پارێزگای کوردستان-سنە و کەڵاتەرزان"ن.
لە لایەکیترەوە، کەناڵی شۆرای هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران ڕایگەیاند که ڕۆژی سێشەمە، ٢٤ی جۆزەردان "محەمەدڕەزا مورادی"، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان-سنە و کەڵاتەرزان لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە دەستگیر کراوە.
لە درێژەی دەستگیر کردنی مامۆستایانی ناڕازیدا ڕۆژی ڕابردوو پێنج چالاکی پیشەیی مامۆستایان و "ئەندامانی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی دیواندرە" بە ناوەکانی "ئومید شامحەمەدی"، "عوسمان ڕەزایی"، "هیوا قوڕەیشی"، "پەرویز ئەحسەنی" و "کاوە محەمەدزادە"، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستگیر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"یش، باس لە دەستگیرکردنی زیاتر لە ٤٠ مامۆستای ناڕازی لە شارەکانی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەکات.
بە گوتەی هەنگاو، جگە لەو مامۆستایانەی دەستگیر کراون و ناو و ناونیشان ئاشکرا بوو، ژمارەیەکیتر لە مامۆستایانی ناڕازیی دەستگیر کراوی کوردستان هەن کە تاکوو ئێستا ناوەکانیان ئاشکرا نەکراون.
دەستگیرکردنی بە لێشاوی مامۆستایانی ناڕازیی لە حاڵێکدایە کە بە گوتەی شوورای هەماهەنگی، تاکوو ئێستا سەرباری گوشاری قورسی هێزە ئەمنییەتییەکان، گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایانی شاغڵ و خانەنشینکراو لە دەیان شاری سەراسەری ئێراندا بەڕێوەچوون.
🎥سەرەڕای ڕەشبگیریی ڕۆژی ڕابردووی چالاکانی پیشەیی #مامۆستایان لە #کوردستان، بەیانیی ئەمڕۆ ٢٦ی جۆزەردان مامۆستایانی ناڕازی لە شاری #مەریوان جارێکی دیکە ڕژانە سەر شەقام و لەگەڵ دووپات کردنەوەی داخوازییەکانیان، داوای ئازادیی مامۆستایانی زیندانیان کرد.https://t.co/EQ1oAkT8Ui pic.twitter.com/tYwb9OpLCm
— ئێرانوایەری کوردی (@kurdishiranwire) June 16, 2022
هەروەها مامۆستایانی شاغڵ و خانەنشینکراو شارەکانی سنه، کرماشان، کامیاران، بۆکان، سەردەشت، مەریوان، بیجاڕ و سەقزی گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان لە بەردەم ئیدارەی پەروەردە بارهێنانی ئەم شارانەدا بەڕێوە بردووە.
🎥گردبوونەوەی مامۆستایانی ناڕازی لە سنە
— ئێرانوایەری کوردی (@kurdishiranwire) June 16, 2022
سەرباری دەستگیربوونی بەلێشاوی چالاکانی پیشەیی لە #کوردستان، مامۆستایانی ناڕازی لە شارەکانی #سنە، مەریوان، #سەقز، بۆکان، سەردەشت و بیجار، ئەمڕۆش گردبوونەوەی ناڕەزاییان ئەنجام دا.
ڕاپۆرتی هاوڕێ یوسفی @hawre_yousefi https://t.co/EQ1oAkT8Ui pic.twitter.com/i5TUBfRmf2
دەستگیر کردنی بەرفراوانی چالاکانی پیشەیی مامۆستایان لە شارەکانی کوردستان لە حاڵێکدایە کە پێشتر چوار چالاکی پیشەیی مامۆستایان بەناوەکانی "جەبار دووستی"، "مەسعوود نیکخا"، "شەعبان محەمەدی" و "ئەسکەندەر (سۆران) لوتفی" لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی مەریوانەوە دەستگیر کرابوون.
مەسعوود نیکخا و شەعبان محەمەدی ڕۆژی شەمە ١٤ی جۆزەردان لە زیندانی سنەوە بۆ زیندانی ئێڤینی تاران گوزرابوونەوە.
ئەسکەندەر لوتفی، وتەبێژی شۆرای هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران ڕۆژی ٩ی جۆزەردان لە پەیوەندییەکی تێلێفۆنیدا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندبوو وەک ناڕەزایەتی بەرامبەر دەستگیرکردنی نایاسایی خۆی و هاوکارەکانی و هەروەها فشارەکانی ناوەندە ئەمنییەتییەکان بۆ دانپێدانانی زۆرەملی مانی لە خواردن گرتووە.
جگە لەم سێ چالاکە پیشەییە کوردە، "ڕەسووڵ بوداغی"، چالاکی پیشەیی مامۆستایان "ڕەزا شەهابی"، "ئانیشا ئەسەدوڵاهی" و "کەیوان موهتەدی" بە تۆمەتی هاوکاریکردن لەگەڵ دوو چالاکی سەندیکایی فەڕەنسی بەناوی "سیسیل کۆهلەر" و "ژاک پاریس" بۆ بەلاڕێدا بردنی ڕەوتی ناڕەزایەرتییەکانی مامۆستایان لە ژێر گوشاری بەردەوامی هێزە ئەمنییتییەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتدان بۆ دانپێدانانی زۆرەملی.
ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەوڵ دان دۆسییەیەکی ئەمنی دژی ئەو چالاکانە بە تۆمەتی پەیوەندیی بە سەندیکا بیانییەکانەوە ساز بکەن، بۆ ئەوەش تاوەکو ئێستا ڕاپۆرتێکی تەلەڤیزیۆنییان ئامادە و بڵاو کردۆتەوە
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە