ئابووریی ئێران گیرۆدەتر لەوەیە کە بە گۆڕینی چەند وەزیر و بەڕێوەبەر ڕێک بخرێتەوە. دەرەنجامەکانی توێژینەوەیەک بە ناوی "دەوری سەقامگیری و ئەمنییەت لە ئابووریی خۆڕاگریی کۆماری ئیسلامیدا" ڕێزێک لە ئالنگارییەکانی ئابووریی ئێرانی بڵاو کردۆتەوە. ئەم توێژینەوە سێ فاکتەری گەشەی ئابووری، دادپەروەریی ئابووری و سەقامگیری و ئەمنییەتی ئابووری بە فاکتەرەکانی کارامەیی ئابووری پێناسە کردووە؛ سێ هۆکار کە لە بارودۆخی ئێستای ئێراندا لە دۆخێکی خراپدان و پێناچێت هیچ پلانێکی هەمەگیر لە کۆماری ئیسلامیدا هەبێت کە دۆخی ئەم پێوەرانە باشتر بکات.
***
دەوڵەتی بێئەزموون و ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ دروشم
دەوڵەتی "ئیبراهیم ڕەیسی" کە بە بەڵێن و هیوای خەیاڵی و لە غیابی خەڵکدا پێک هات، پێیوابوو لە ڕێگەی کۆمەڵێک چەمکی وەک "دەوڵەتی شٶڕشگێڕ" و "گەنجانی شۆڕشگێڕ" دەتوانێت پلانێک لەسەر پاشماوە داڕووخاوەکانی ئابووریی چل ساڵە کە دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتە کێشەسازەکانی دەسەڵاتدارێتیی لە ناوخۆ و دەرەوەدا بە چەند مانگ لابدات و پلانێکی نوێ پیادە بکات.
هەڵبەت چەند مانگێک تێپەڕی کە ئەم دەوڵەتە بێئەزموونە کۆنزێرڤاتیڤە لەوە تێگەیشت کە ڕاستییە حاشاهەڵنەگرەکانی ئابووریی ئێران کەوتۆتە ئەودیو درووشمەکان و ئەو بەڵێنانەوە کە لە هەڵبژاردندا دەیوتنەوە و لاینەگرانی سەرسەختی کۆماری ئیسلامیان بە چاکترکردنی بارودۆخی ئابووریی دڵخۆش دەکرد.
یەکەم ڕەخنەگەرانی دەوڵەتیش ڕێک ڕەوتێکی کۆنزێرڤات بوون کە پشتیوانیان لەم دەوڵەتە دەکرد، بەڵام بەشێک لەم ڕەوتە هەر لە هەمان سەرەتاوە و بە ناساندنی کابینەکە زانیان کە ئابووری لە دەوڵەتی سێزدەهەمدا کۆتاییەکی خۆشی نابێت.
دەوڵەتی ڕەیسییش گەلێک لاواز لە بەرامبەر چارەسەر و کۆنتڕۆڵ کردنی کێشە و گرفتە ئابوورییەکان، سەرەتا دەستی کرد بە دیداردەرمانی و مەیداندەرمانی کە ئەم ژێستەیش زۆر زوو لە لایەن پشتیوانەکانییەوە بێزرا و ڕێگایەکی بەتاڵ بوو و وردە وردە دەستی لێهەڵگیرا.
دەوڵەتی سێزدەهەم دوای شکستەکانی لەم بوارەدا، هێدی هێدی بەم دەرەنجامە گەیشت کە وەزیرەکانی وەزارەتەکانی کار، ئابووری و پیشەسازی لاببات کە تاکوو ئێستا وەزیری کار بێکار کراوە و دەنگۆی لابردن و دەست لە کار کێشانەوەی وەزیری پیشەسازیش بەزۆری بڵاو بۆتەوە.
بەرپرسەکانی دەوڵەتی ڕەیسی لەو باوەڕەدان، لە ڕێگەی ئەم گۆڕانکارییانەوە دەتوانن کێشە و گرفتەکانی ئابووریی ئێران چارەسەر بکەن، بەو جۆرەی کە دەوڵەتی مەحموود ئەحمەدینژاد بیری لە کردبوەوە.
"عەلی خامنەیی"، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیش کە وەک گرینگترین و سەرەکیترین هۆکار و لێپرسراوی بارودۆخی ئێستا باسی لێدەکرێت بە هێنانەئارای دروشمی "ئابووریی خۆڕاگری" هیوادارە بتوانێت هەم ڕادەی توانای بەرگریی ئابووری داڕماوی ئێران لە هەمبەر گەمارۆکان زیاد بکات و هەم گەشە بە ئابووری بدات، هیوایەک لە ڕاستییەکانی ئێستای ئابووریی ئێران پێمان دەڵێن کە جگە خەیاڵ و خەونێک هیچیتر نییە.
دەرەنجامەکانی توێژینەوەی وەرزنامەی "توێژینەوەکانی بەرگریی ستراتێژێک"ی سەر بە زانکۆی سەربازیی "بەرگریی نەتەوەیی" کە بە تازەیی و لە ژێر ناوی "دەوری سەقامگیری و ئەمنییەتی ئابووری لە سەرچەشنی ئابووریی خۆڕاگریی کۆماری ئیسلامیدا" بڵاو کراوەتەوە لیستێک لە ئالنگارییەکانی ئابووریی ئێران بە دوای یەکدا هێناوە که وا دەردەکەوێت هیچ پلانێکی هەمەگیر لە کۆماری ئیسلامی و بارودۆخی ئێستادا ناتوانێت چارەسەریان بکات.
لەم توێژینەوەدا هەر لە سەرەتاوە بە ڕاشکاوی بە خوێنەرەکەی دەڵێت: "گەشەسەندن، دادپەروەری، سەقامگیری و ئەمنییەتی ئابووری لە جیهانی ئەمڕۆدا، سێ گۆشەی کارامەیی ئابوورین و بوونەتە ئەولەویەتە گرینگەکانی سیاسەتە ماکرۆکانی دەوڵەتان"؛ سێ گۆشەیەک کە لە ئابووریی هەنووکەیی ئێراندا بارودۆخێکی هەرە خراپی هەیە.
ئایا ئابووریی خۆڕاگری پلانێکی سەرکوتوو دەبێت؟
ئەم توێژینەوە بە ڕاشکاوی نووسیویەتی کە "ناسەقامگیری و نەبوونی ئەمنییەتی ئابووری، گەشەسەندن کەم و پڕ لە نەوەستانی ئابووری، دابەشکردنی نایەکسانی بەرهەمەکانی گەشەسەندنی ئابووری، کەلێنی تەکنۆلۆژیک لەگەڵ جیهانی پێشکەتوو، ڕکابەریی کەمی ئابووری، تێکدانی سەرچاوەکان و ژینگە و بێکاریی بەرین ڕێزێک لەو کێشە بنەڕەتییانەی ئابووریی ئێرانن کە ئەگەر هەرچی زووتر چارەسەر نەکرێن، ئەوا دەتوانێت یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و سیاسیی وڵاتەکە تێک بدات و لە درێژماوەدا ئابوورییەکە لەگەڵ مەترسیی جیدیدا بەرەوڕوو بکاتەوە."
ئەم توێژینەوە بەم پێشەکییەوە هەوڵی داوە کە بە شێوەکەی پاڵەکی نیشانی بدات تا ئەو کاتەی ئابووریی ئێران خاوەنی سەقامگیری و ئەمنییەتییەکانی گونجاو نەبێت و نەتوانێت ئەو ئالنگارییانەی تووشی بووە تێینەپەڕێنێت، هیوایەک بۆ وەدیهاتنی پلانی "ئابووریی خۆڕاگری" یاخود سەرکەوتنێکی هەر سیاسەتێکی ئابوورییتر لە ئارادا نییە.
ئەم توێژینەوە چوار ئالنگارییە بازرگانی، گشتی، کۆمەڵایەتی و بنەماڵەیی بە گرینگترین ئالنگارییەکانی سەقامگیری و ئەمنییەتی ئابووریی ئێران دەستنیشان کردووە.
لە بواری بازرگانیدا بەرزبوونەوەی داخوازییە پاشکەوتووە بانکییەکان، کەمبوونەوەی سەرمایەگوزاری، بەرزبوونەوەی لەمپەرە بازرگانییەکان، کەمکردنی ڕاکێشانی سەرمایەگوزاریی بیانی، پەسەندنەکردنی کریدیتە بانکییەکانی ئێران، بەربزبوونەوەی ئاستی هەڵاتنی سەرمایە، ناسەقامگیریی دراو، ناسەقامگیریی تێچووەکانی بەرهەمهێنان و درووستبوونی بێمتمانەیی لە ناو کار و کەسابەت وەک گرینگترین فاکتەرەکانی سەرهەڵدانی ئالنگارییەکانی ئەم بوارە باسیان لێکراوە.
لە بواری گشتیشدا بەرزبوونەوەی کورتهێنانی بوجەی گشتی، قورستربوونی باری قەرزی گشتی، بەرزبوونەوەی ڕادەی هەڵاوسان، لە دەستچوونی دیسیپلینی دارایی دەوڵەت و وێکهاتنەوەی بوجە و کاریگەرییەکانی لەسەر کاروپیشە گرینگترینی ئەو فاکتەرانەی سەرهەڵدانی ئالنگارییەکانی ئەم بوارەن لەم توێژینەوەدا.
ئەم توێژینەوەیە هەروەها نووسیویەتی کە لە بواری کۆمەڵایەتی و ماڵباتەکانیشدا بەرزبوونەوەی بێمتمانەیی بەرامبەر پلاندانانی کۆمپانیا هەرەوەزییەکان و کەمبوونەوەی ڕادەی ئەمنییەتی ئابووریی کەرتی بنەماڵە، دابەزینی ڕادەی بەشداریی هێزی کار و بەرزبوونەوەی ڕادەی هەڵاوسانی هەگبەی ماڵباتەکان گرینگترین نموونەکانی ئاڵنگارین بۆ سەقامگیربوونی ئابووریی ئێران.
هەر کامە لەم ئالنگاریانە کە وەک خۆیان دەتوانن کیشەیەکی ئەوەرە بن بۆ ئابووریی ئێران، زیاتر لە چل ساڵە تانوپۆی ئابووریی ئێرانیان تەنیوە و بە درێژایی ئەم ماوەیە بەشی هەرە زۆریان کۆنتڕۆڵ نەکراون یاخود وەلا نەنراون، بەڵکوو ئەندامێکی جەستەی ئەم بونیادە نەخۆشەن.
دەوڵەتی ئیبراهیم ڕەیسی وەک دەوڵەتەکەی "مەحموود ئەحمەدینژاد" کە بە پاڵپشتیی هەموو جومگەکانی دەسەڵات دەسەڵاتی گرتە دەست و پشتیوانیی هەمە لایەنەی کۆڵەکەکانی سیستمەکەی لە پشتە، پێیوایە، چارەسەر کردنی زۆربەی ئەم ئالنگارییانە پشتبەستووە بە ئیرادەی بەڕیوەبەران و بە چەند بڕیار و ڕێنوێنی دەتوانێت ئەم کێشە و گرفتانە چارەسەر و هەموار بکات.
ئەم توێژینەوەیش لە ڕێگەی ڕیز کردنی زیانەکانی گەمارۆ نێونەتەوەییەکان دژی بونیادی ئابووریی ئێران پەرژاوەتەسەر دووپات کردنەوەی چەمکەکان و پیشنیارە ماکرۆکان بۆ دابینکردنی سەقامگیری و ئەمنییەتیی ئابووریی ئێران کە پێشتر لە سەدان دەقی سیاسییتردا بڵاو بوونەتەوە.
پیشنیار بەبێ توانای دابەزاندن
زیاتر لە ٢٥ پیشنیار کە لەم توێژنەوەدا بەپێی بۆچوونی ١٥ کەس لە "ئێلیتە ئابوورییەکان" پێشنیاری کردووە، توانای پیادەکردن و دابەزاندنی نییە و دیار نییە کە کۆماری ئیسلامی بە کام پاڵپشتی و توانایەکەوە دەتوانێت وەدییان بهێنێت.
لەم توێژینەوەدا هەرچەند لە دیاری کردنی پرسەکەیدا توانیویەتی لەمپەرەکان بەردەم "ئابووریی خۆڕاگری" و ئالنگارییەکانی ئابووریی ئێران ڕیز بکات، بەڵام بۆ دەربازبوونی ئابووریی ئێران لەم چەشنە قەیرانانە ڕێگا چارەیەکی کردەیی پیشکەش ناکات.
ئەم وەرزنامەی کە سەر بە زانکۆی "بەرگری نەتەوەیی"ە لەم ساڵانەی دواییشدا چەند توێژنەوەی لە پێوەندیدا بە پلانی "ئابووریی خۆڕاگری" و بارودۆخی ئابووریی ئێران بڵاو کردۆتەوە کە هەموویان لە هێنانە ئارا و دیاری کردنی کێشەکاندا تا ڕادەیەک سەرکوتەوو بوون، بەڵام تاکوو ئێستا نەیتوانیوە ڕێکاری چارەسەر کردنی کێشەکان بەدەستەوە بدات.
ئابووریی ئێران هەر وەک باس کرا، دۆخێکی لەوە خراپتری هەیە که بە پلانگەلی وەک "ئابووریی خۆڕاگری" و "نەشتەرگەریی ئابووری" و "هەموارکردنی کابینە" و "پێشنیارە سیاسەتییەکان" بتوانن ڤێرژێنێکی دیاری کراو و یەکەی لێ بەدەستەوە بدەن.
ڕاستییەکەی، ئابووریی ئێران ساڵانێکی زۆر بە هۆی گەمارۆ نێونەتەوەییەکان، گەندەڵی، ناکارامەییەوە لەگەڵ کۆمەڵێک نەخۆشینی گران و قورسدا دەست و پەنجە نەرم دەکات کە دەرمانی هەر کامە لەم نەخۆشینانە پێویستی بە خۆشکردنی ئەو بوارانەوە هەیە کە تا ڕادەیەک هیچیان لە ئێستای ئێراندا لە ئارادا نین و نابینرێن.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە