حەوتی پووشپەڕی ١٤٠١، میدیاکانی ئێران باسیان لەوە کرد کە وریا غەفووری، کاپتنی یانەی ئێستقلال بە هۆی پێوەندینەگرتنی بەرپرسانی ئەم یانەوە لێی جیا بۆتەوە.
تەسنیم جگە لە پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە نووسیویەتی، وریا غەفووری لە ڕۆژانی ڕابردوودا چاوەڕێی پێوەندیی بەڕێوەبەرانی ئیستقلال بووە بۆ تازەکردنەوەی گرێبەستەکەی بەڵام پێوەندییان لەگەڵ نەگرتووە. بەرپرسی یانەی ئیستقلال بانگەشەی ئەوەی کردووە کە بڕیاردان سەبارەت بە تازەکردنەوەی گرێبەستەکەی وریا غەفووری گرێدراوە بە ڕەزامەندیی "ڕیکاردۆ ساپینتۆ"، ڕاهێنەری پۆرتۆگالیی تازەی ئەم یانەوە. ٣١ی جۆزەردانیش ڕیکاردۆ ساپینتۆ بووبە ڕاهێنەری یانەی ئیستقلال.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی جیابوونەوەی وریا غەفووری لە ئیستقلال، زۆربەی هاندەرانی ئەم یانەیە، هاندەرانی ئەم یانەیە، بڕیارەکەیان بە "ناوەرزشی" و دەرەنجامی دەستێوەردانی بەڕێوەبەرێکی سەربازی زانی. چەند کاتژمێر دواتر، هاشتاگی "وریا تەنیا نییە" بووبە ترەندی توویتەری فارسی.
هەروەها هەندێک لە هاندەرانی یانەی ئیستقلال لە ئینستاگرام و توویتەر، بۆ گردبوونەوە لە بەردەم یانەی ئیستقلال و داخوازی بۆ گەڕانەوەی وریا غەفووری بۆ ئەم یانەیە بانگەوازیان کردبوو.
چەند کاتژمێر پاش شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان بە وەلانانی ئەتککارانەی وریا غەفووری لە ئیستقلال، کۆمەڵێک هەواڵ لەسەر ئەگەری گۆڕانی هەڵوێستی بەڕێوەبەرایەتیی ئەم یانەیە بۆ گەڕاندنەوەی کاپتنی ئەم یانایە هاتە ئاراوە. بەڵام پرسیاری سەرەکییە بێوڵام ماوەتەوە؛ سەردار "موستەفا ئاجۆرلوو"، بەڕێوەبەری یانەی ئیستقلال، بۆچی دژی ئامادەیی "وریا غەفووری" بووە لەم یانەیەدا؟
***
چی لە بارەی کاردانەوەی مەدەنیی وریا غەفوورییەوە دەزانین؟
چیرۆکی وریا غەفووری نەک هەر لەگەڵ وەرزشوانان و سێلێبریتییەکانی نزیک لە حکوومەت، لە فووتباڵی ئێراندا جیاوازە؛ بەڵکوو دەشێت بڵێین ڕەفتار، جۆری ڕوانین و ناڕەزایەتییە مەدەنییەکانی، ئەو لە باقیی وەرزشوانانیتر جیا دەکاتەوە.
بۆ کۆمەڵگای ئێران، نموونەگەلی هاوشێوەی وریا غەفووری زۆر نین. لە جیلی پێشووتری وریا غەفووریدا، دەتوانین "عەلی دایی" و "عەلی کەریمی" ببینین کە هەر دووکیان، لە کۆی فووتباڵی ئێران دوورخرانەوە و وەلانران.
کاردانەوە بەرامبەر ئاگرگرتنی قوتابخانەی کچانەی "ئۆسوە حەسەنە"ی زاهیدان و کوژرانی ژمارەیەک لە قوتابیانی ئەم قوتابخانەیە لە ساڵی ١٣٩٧دا.
ناڕەزایەتیی بە ڕستەیەکی "جەواد زەریف" لە ساڵی ١٣٩٧دا کە وتبووی: "ئێمە و خەڵکی ئێران فەخر دەکەین کە لەبەر بەرگری لە خەڵکی فەلەستین و لوبنان لە ژێر گوشارداین." بەڕێز غەفووری لە لاپەڕەی ئینستاگرامییەکەیدا نووسی: "ئەوانەی کە لەبەر پاڵپشتی لە خەڵکی زەوڵملێکراوی فەلەستین، یەمەن و لوبنان لە ژێر گوشاردان، ئێوە نین، خەڵکی ئێرانن."
توانج و تەوسلێدان لە گرانیی سکە و دۆلار لە ساڵی ١٣٩٨دا بەم وشە و دەستەواژانە لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا: "کۆماری باش، ئیسلامی باش، ئێرانی باشترین. بەڵام هۆکاری ئەم هەموو کێشە و هەژارییەی خەڵکی ئێران چییە؟"
بەکارهێنانی ڕستەگەلی وەک "دەبێ بۆ ئەم وڵاتە خوێن بگرین" لە ستۆریی ئینستاگرام دوای ڕاگەیاندنی بڕیاری سزادانی "ئەفساد فیلئەرز" و "موحاریبە لەگەڵ خودا" بەسەر پێنج چالاکی ژینگەپارێزدا.
ناڕەزایەتیی بەردەوام بە بارودۆخی بژێوی و تەندرووستیی "کۆڵبەران" لە کوردستان و خواستی کۆتاییهێنان بە تەقەکردنی ڕاستەوخۆ لێیان لە چوار ساڵی ڕابردوودا.
کاردانەوە بەرامبەر خۆسووتاندنی "سەحەر خودایاری" ناسراو بە "کچی ئاوی" و ناڕەزایەتی بە تەقەی مووشەکەکانی سپای پاسداران لە فڕۆکە ئۆکراینییەکە، بەشێک لە گرینگترین ڕەفتار مەدەنییەکانی کاپتنی ئیستقلال لە ساڵی ١٣٩٨دا بووە.
ساڵی ١٣٩٩، وریا غەفووری تاقە یارێزانی فووتباڵی ئێران بوو کە بە کوشتنی "نەوید ئەفکاری" لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە کاردانەوەی نیشان دا. ئەو لە توویەتەرەکەی خۆیدا نووسی: "بیر، ئەندیشە و ئازادی، یەخسیر ناکرێن نە بە زیندان نە بە ئێعدام، سرووشتی مرۆڤ کۆمەڵێک ئارەزووی هەن کە قەت کوێر ناکرێنەوە."
قسەکانی وریا غەفووری هەڵبەت کاردانەوەی بەدواوە بووە. بیستی ڕێبەندانی ١٣٩٧، ئایەتوڵا "عەلی خامنەیی"، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە لێدوانەکەی خۆیدا وتی: "بەو ورزشوانانەی کە لە ئەمنییەتی وڵاتەکە بەهرەمەند دەبن و کار و وەرزشی خۆیان دەکەن و دواتر خوێدانەکە دەشکێنن، هۆشداری دەدەم کە بیریان نەچێت ئەمنییەت چۆن دابین دەکرێت."
ڕوی قسەکەی خامنەیی "عەلی کەریمی"، یاریزانی یانەی "پێرسپۆلیس" و وریا غەفووری، کاپتنی یانەی ئیستقلال بوو.
دەوری سەعید و موستەفا ئاجۆرلوو لە وەرزشی ئێراندا چییە؟
سەردار "موستەفا ئاجۆرلوو"، بەڕیوبەری یانەی ئیستقلال، لە تووندڕەوترین فەرماندەکانی سپای پاسدارانە لە مێژووی وەرزشی ئێراندا.
ناوی موستەفا ئاجۆرلوو لە دوایین ساڵەکانی دەیەی ٧٠ی هەتاوی تاکوو ئێستا، لە هێزی ئینتزامی، شارەوانیی تاران و سپای پاسداران بە دوو وشەی "محەمەدباقر قاڵیباف" و "گەندەڵیی دارایی"ەوە گرێدراوە.
هەبوونی ناوی لە لیستی ماڵومڵکە خەیاڵییەکان تا بڕینەوەی دارەکانی "باغی مزگەوتی گیایی و باغی گیایی" نیاوەران بۆ "بینای بازرگانیی ئەرگی تەجریش" یاخود بەهەدیەدانی یەکەیەکی نیشتەجێبوونی ٢٠٠ مەتری بە حەتوونامەی "موسەلەس" بە لێپرسراویی خۆی و سەرنووسەریی برازاکەی لە لایەن شارەوانیی ناوچەی شەش، تەنیا گۆشەیەکی گەندەڵییە ئابوورییەکانیەتی.
ئەوەی پێویستە سەبارەت بە بیرکردنەوە ئیفراتییەکانی موستەفا ئاجۆرلوو بزانین، دەبێت لە ساڵی ١٣٨٩دا بۆی بگەڕێین. سەردار موستەفا ئاجۆرلوو بە بڕیارێک کە لە لایەن "حوسەین هیدایەتی" خاوەنداری ئەوکاتی یانەی ئیستیلئازین و یەکێک لە گەندەڵکارە ئابوورییەکان، بەڕیوەبەرایەتیی ئەم یانەیەی وەئەستۆ گرت. مانگی گەلاوێژی هەمان ساڵ، ئەو بڕیاری دابوو "عەلی کەریمی" کاپتنی ئەوکاتی ئیستیلئازین بە هۆی "خواردنی ڕۆژوو" لە مانگی ڕەمەزاندا لەم یانەیە دەربکات. عەلی کەریمی لە کاتی ڕاهێناندا ئاوی خواردبوەوە.
سەردار ئاجۆرلوو لە وتووێژێکدا کە لە لایەن "عادڵ فێردەوسیپوور"ەوە لە بەرنامەی ٩٠دا بڵاو نەکراوەیە، عەلی کەریمیی بە "مونافق" ناودێر کرد.
ئەو لە مەودای ساڵەکانی ١٣٩٤ تا ١٣٩٧دا بووبە بەڕێوەبەری یانەی تراکتۆری تەورێز. جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٥ سەردار ئاجۆرلوو گرێبەستی سەرەتایی لەگەڵ "ئازاد هارویان"، یاریزانی بەئەزموون و ئەستێرەی یانەی نەتەوەیی ئەرمەنێستان لەگەڵ یانەی تراکتۆری هەڵوەشاندەوە. ئەو لە ڕاگەیاندنەکەیدا نووسیبووی: "بۆ یەکێتیی ئازەرییە ئازیزەکانی وڵاتەکەم هاتوومەتە تەورێز. بڕوای قووڵم بەوە هەیە کە پەیوەستبوونی یاریزانێکی ئەرمەنی دەتوانێت هەڕەشە بێت بۆسەر یەکێتیی نێوان تورکەکان."
موستەفا ئاجۆرلوو لە چەند ساڵی ڕابردووەوە، بەردەوام "سەعید ئاجۆرلوو"ی بەرازای لە هەموو یانەکانی فوتباڵدا لەگەڵ بووە. سەعید ئاجۆرلوو لە ساڵەکانی ١٣٨١ تا ١٣٨٤ سەرنووسەری "ئیپنا نیووز"ی لە ئەستۆ بووە کە لە لایەن مامییەوە و بە بوجەی هێزی ئینتزامی لە یانەی پاسدا وەرێخرابوو. دواتر لە ساڵی ١٣٨٤دا هاوکات لەگەڵ دانانی محەمەدباقر قاڵیباف وەک شارەوان و سەردار ئاجۆرلوو وەک لێپرسراوی ڕێکخراوی وەرزشی شارەوانی، پۆستی سەرنووسەریی ڕۆژنامەی هەمشەهریی بە دەست هێنا.
گەلاوێژی ساڵی ١٣٨٨ حەتوونامەی شیکاری سیاسیی موسەلەسی بە لێپرسراویی موستەفا ئاجۆرلوو و سەرنووسەریی سەعید ئاجۆرلوو لە ڕۆژنامەفرۆشییەکاندا دەفرۆشرا. حەوتوونامەیەک کە بڕیار بوو باڵێکی نوێی میدیایی محەمەدباقر قاڵیباف بێت؛ ئۆسوولگەرا و تووندڕەو.
بڵاوکردنەوەی چەند وێنەیەکی سەعید ئاجۆرلوو لە پاڵ "ڕیکاردۆ ساپینتۆ" لە لاپەڕەی ئینستاگرامیی ڕاهێنەری پۆرتۆگالی دەریدەخست برازاکەی سەردا ئاجۆرلوو، دەوری دەڵالی بۆ مامی گێراوە. میدیای تەرەفداری لە ئێراندا بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە سەردار ئاجۆرلوو لە هەموو ڕۆژەکانی پیش هەڵبژاردنی ڕاهێنەری ئیستقلال وتبووی "نوێنەر خاوەن دەسەڵات و ئەمین"ی ئەو لە حاڵی دانوستاندن لەگەڵ ڕاهێنەرەکاندایە.
هەروەک لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا باس دەکرێت جگە لەوەی سەعید ئاجۆرلوو بە یەکێک لە شیکارە تووندڕەو و ئۆسوولگەراکانی سەر بە محەمەدباقر قاڵیباف ناسراوە و هەروەها وەک یەکێک لە دژبەرەکانی ئامادەبوونی وریا غەفووری لە یانەی ئیستقلال ناوی لێدەبەن.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە