هەواڵی وشکبوونی لە سەتا ٩٥ی گۆلی ورمێ لە ڕۆژانی ڕابردوودا بۆتە جێگای سەرنجی بیروڕای گشتیی خەڵک. چی لەبارەی گۆلی ورمێ، وشکبوونەکەی و ئەو قسانەی لەم ساڵانەی دواییدا بۆ بووژاندنەوەی کرا دەزانین؟
***
"ئەمیر عەباس جەعفەری"، بەرێوەبەری گشتیی کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانی ئازەربایجانی ڕۆژاوا لە ٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠١دا وتی: "لە سەتا ٩٥ی گۆلی ورمێ وشک بووە."
ئەو جگە لە وتنی ئەمەی کە پتر لە بیست ساڵە، هەموو ساڵێک بە شێوەیەکی مامناوەند ٤٠ سانتیم لە بەرزایی ئاستی ئاوی گۆلی ورمێ کەم بۆتەوە. زیادیشی کرد: "لە ئێستادا لە سەتا ٩٥ی ئەم گۆلەکە وشک بووە."
جەعفەری هۆکاری وشکبوونی گۆلی ورمێ بە وشکەساڵی، بەهەڵمبوونی ئاو، پەرەسەندنی کشتوکاڵ و بەکارهێنانی هەڵەی ئاوی ئەم دەریاچە دەزانێت.
گۆلی ورمێ وەک گەورەترین گۆلی ئاوی سوێری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە یەکێکە سامانە بەهادارەکانی ئێران، لە ساڵانی ڕابردووەوە بە هۆی پەلاماردانی بەشێکی گەورەی لە لایەن حکوومەتەوە، کەوتە بەردەم هەڕەشەکانی کەمئاوی و وشک بوونەوە.
هەواڵی وشک بوونی لە سەتا ٩٥ی گۆلی ورمێ لە ڕۆژانی ڕابردوودا کاردانەوەی خەڵک و میدیاکانی لێکەوتەوە.
باس لەوە دەکرێت نیوەی باشووریی باکووری ئەم گۆلە چیتر بۆ بووژانەوە نابێت.
لە مانگی گەلاوێژی ١٤٠٠دا، "عیسا کەڵانتەری"، سەرۆکی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگە و لێپرسراوی ستادی بووژانەوەی گۆلی ورمێ ڕایگەیاند بۆ بووژانەوەی گۆلەکە، لە حەوت ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ١٥ هەزار میلیارد تمەن سەرمایەگوزاری کراوە. حەوتی پووشپەڕی ئەمساڵیش سەفیری ژاپۆن لە ئێران باسی لە سەرمایەگوزاریی ١٠ میلیارد دۆلاریی ئەم وڵاتە بۆ بووژانەوەی گۆلی ورمێدا کرد. پێویستە بپرسین کە سەرباری ئەم هەموو بوجە، بۆچی گۆلی ورمێ وشک بوو؟
"ناسر کەرەمی"، ئیقلیمناس و کارناسی ژینگە لە وتووێژ لەگەڵ "ئێرانوایەر"دا دەڵێت: " حکوومەت وەک هۆکاری مرۆیی لە وشک بوونی گۆلی ورمێدا لە سەتا ٨٥ی بەرپرسیارێتییەکەی دەکەوێتە سەر شان و لە سەتا ١٥یشی کۆمەڵێک هۆکاری وەک هۆکارە ئیقلیمی و ناوچەییەکان دەوریان لە وشک بوونیدا هەبووە."
ئەو ئاماژە بەوە دەکات لانیکەم ١٠ ساڵ دەبێت کە نیوەی باشووریی گۆلی ورمێ بۆ هەمیشە وشک بووە و چیتر هیوایەک بۆ بووژانەوەی نەماوە: "ئەمەی کە ئاستی ئاوی گۆلەکە هەر چوار یان پێنج ساڵ جارێک لە تەڕە ساڵەکاندا زیاد دەکات، بە مانای پڕ بوونەوەی گۆلەکە نییە و دوای باران بارین دیسانەوە دەچێتەوە سەر حاڵەتە پێشووەکەی خۆی."
ئەم ئیقلیمناسە بە ئاماژەدان بە هەوڵەکان و هۆشدارییەکانی پڕۆفیسۆر "پەرویز کەردەوانی" بۆ بووژانەوەی گۆلی ورمێ دەڵێت: "١٥ ساڵ بەر لەمە ڕەوانشاد پەرویز کەردەوانی وتی چیتر ڕێگایەک بۆ ڕزگارکردنی نیوەی باشووریی گۆلی ورمێ نەماوەتەوە و دەبێت بیر لەوە بکەنەوە کە نیوە باشوورییەکەی ڕزگار بکەن. بە لەبەرچاوگرتنی ئەمەی کە ڕووبەری نیوەی باشووریی گۆلی ورمێ بۆتە کەویرێکی گەورە و ڕێگای بۆ بڵاوبوونەوەی گەردەکانی خوێ هەموار کردبوو، ئەو پێشنیاری ئەوەی دابوو کە گیا و گژ و ڕووبەری وشکەوەبووی گۆلەکە بە بەرد دابپۆشرێت تا ڕێگە لە زیانەکانی دواتر بگیرێت. بەڵام ئەم بۆچوونە کاردانەوەی تووندی خەڵکی ناپسپۆڕی لێکەوتەوە و بەدواداچوونی بۆ نەکرا. ڕەخنەکان زیاتر لەسەر ئەوە بوون کە دانانی بەرد لە نێو گۆلەکە لەگەڵ عەقڵدا نایەتەوە."
لە پاش شۆڕش چاندنی سێو لە باتی ڕەز و ترێ گۆلی ورمێی لەناو برد
گۆلی ورمێ یەکێک لە کۆنترین شوێنەکانی نیشتەجێبوونی مرۆیی بووە کە تێیدا نیشانەکانی شارەستانێتیی مرۆیی دۆزراونەتەوە. ناسر کەرەمی لەم بارەوە دەڵێت: "نیۆیۆرک تایمز چەند ساڵ بەر لەمە وتارێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا ئاماژەی دابووە پێشینەی شارستانیەتی حەوت هەزار ساڵەی ئەم ناوچەیە و هەروەها نیشانەکانی بەرهەمهێنانی شەرابیش لەم ناوچەیەدا دۆزراوەتەوە."
ئەم کارناسەی ژینگە لە درێژەدا ئاماژەی دەکات بە ڕیشەی وشک بوونی گۆلی ورمێ و هۆکاری سەرەکیی لەناوچوونەکەی بە گۆڕینی سەرچەشنی چاندن و جۆری بەرهەمێکە کە لەم ناوچەدا چێنراوە، دەزانێت: "زۆر پێشتر تا ساڵی ١٣٥٧، لە پانتاییەکدا بە ڕووبەری ١٥ دۆنم لەم ناوچەدا ترێ و ڕەزی نیمچە شاخی دەچێنرا کە پێویستییەکی ئەوتۆی بە ئاو نەبوو و بۆ بەرهەمهێانی شەراب بەکاریان دەهێنا. بەڵام دوای هاتنەسەر کاری کۆماری ئیسلامی، چاندنی ڕەز و ترێ لەم ناوچەدا ڕاگیرا و لە جیاتی ئەوە، وەرزێران دەستیان کرد بە بەرهەمێنانی سێو کە چوار ئەوەندەی ترێ پێویستی بە ئاوە. لە لایەکیترەوە، لەم خولەدا ڕووبەرێک کە سێویان تێدا دەچاند بۆ چوار ئەوەندە زیادی کرد؛ بە جۆرێک کە لە ئێستادا شتێک دەوری ٦٠٠ دۆنم لەم ناوچەیەدا کراوەتە باخی سێو. هەڵبەت وێنە ئاسمانییەکان تا ٨٠٠ دۆنمیش نیشان دەدەن."
ئەمە یەکێکە لەو هۆکارانەی کە دەبێتە هۆی ئەوەی بەشێکی بەرچاوی ئاوەکانی ناوچەکە لە باتی ئەوەی بڕژێتە گۆڵەکەوە، تەرخان دەکرێت بۆ کشتوکاڵ. بەڵام تەنیا زیادبوونی ڕووبەری ناوچەی چاندن و کەمبوونەوەی ئەو ئاوەی دەڕژایە گۆلەکەوە نەبووەتە هۆی وشکەساڵی.
ئەم ئیقلیمناسە شوێنگرتنەوەی چاندنی سێو لە باتی ترێ بە یەکێکیتر لە هۆکارەکانی وشکبوونی گۆلی ورمێ دەزانێت و دەڵێت: "کاتێک سێو جێگای ترێی گرتەوە، ڕادەی بەکارهێنانی ئاو لە کەرتی کشتوکاڵیی گۆلی ورمێدا ٤٠ ئەوەندە زیادی کرد. لە وەها بارودۆخێکدا، وەرزێرەکان لەگەڵ کەمبوونەوەی ئاودا بەرەوڕوو بوونەوە و لە ڕێگەی هەڵکەندنی زۆری چای ئاوەوە، پێداویستییەکەیان بە ئاو چارەسەر کرد. لەوێوە کە هیچ چاودێرییەک لە ئێراندا بەسەر هەڵکەندنی ئەم جۆرە چای ئاوانەوە نییە، کۆی ئەو ئاوانەی بڕیار بوو بڕژێنە گۆلەکەوە، لە ڕێگەی چای ئاوەکانەوە، دەچنە نێو زەوییەکانی کشتوکاڵەوە. لە پاڵ ئەم چای ئاوانەدا، لێدانی بەردەوامی بەنداوەکان لە چاوگەی ڕووبارەکە و گەڵاڵە بێئەنجامەکانی گواستنەوەی ئاویشی پێوسیتە لێزیاد بکرێت کە هیچ کام لەمانە نەک هەر کێشەی کەمئاوی و وشکبوونی گۆلی ورمێیان کەم نەکردەوە بەڵکوو ئەو سەرچاوانەیش لەناو چوون؛ بۆ نموونە، تاڵاوی قەرەقشلاق بە پلانی گواستنەوەی ئاو بۆ گۆلی ورمێ وشک بوو."
ئەم ئیقلیمناسە لە کۆتاییدا تاقە ڕێگای ڕزگارکردنی گۆلی ورمێ بە گۆڕینی هەرچی زووتری سەرچەشنی چاندن لە ناوچەکە دەزانێت و دەڵێت: "ڕەنگە بکرێت بە ڕێکاری جۆراوجۆر لە سەتا ٥٠ی گۆلەکە کە لە سەتا ٣٥ی لە بارودۆخێکی خراپدایە، ڕزگار بکرێت. لەمە بترازێت، لە ماویەکی کورتدا گۆلەکە لە دەست دەچێت."
یارمەتییە کاتییەکان، گۆلی ورمێی وشک کرد
بەپێی بەڵێنەکانی دەوڵەتانی جۆراوجۆری کۆماری ئیسلامی، بڕیار بوو گۆلی ورمێ لە چوارچێوەی گەڵاڵەکانی ستادی بووژانەوە و بۆ ماوەی ١٠ ساڵ بگاتە هاوسەنگییە ئێکۆلۆژیکەکەی و ببووژێتەوە بەڵام ئێستا پاش تێپەڕبوونی حەوت ساڵ، نزیک دەبێتە لە دوا ڕۆژەکانی. ڕۆژانی گەرم و وشک لەم ناوچەدا چاوەڕوانی دانیشتوانی ئەم ناوچە دەکات.
"مێهدی کتابچی"، توێژەری بواری ئاو لە وتوویژ لەگەڵ "ئێرانوایەر"دا هەوڵەکانی دەوڵەتە جۆراوجۆرەکان بۆ بووژانەوەی گۆلی ورمێ بە پێویست نازانێت و دەڵێت: "بوجەی تەرخانکراو بۆ بووژانەوەی گۆلی ورمێ بەپێی بارستایی و قەبارەی وێرانبوونەکەی نیشانی دەدات بەڕادەی پێویست بوجەکان بۆ بووژانەوەی گۆلەکە تەرخان نەکراون."
ئەو بە ئاماژەدان بە گرتنەبەری ڕێوشوێنە کاریگەرەکان لە کۆمیتەی بووژانەوەی گۆلی ورمێ، لەوانە خاوێنکردنەوە هێڵەکان کە لە میانەی دەیەی ٩٠ لە گۆلی ورمێدا ئەنجام درا دەڵێت: "ئەم خاوێنکردنەوانە کاریگەرییەکی ئەرێنیی لەسەر زیادبوونی ئاوی گۆلەکە هەبوو چونکە بوونە هۆی ئەوەی سێڵاوێک کە لە ساڵی ١٣٩٨دا ڕوویدا، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بڕژێتە گۆلەکەوە."
ئەم توێژەرەی بواری ئاو کێشەی سەرەکیی وشکبوونی گۆلی ورمێ بە پرۆژە کاتی و یارمەتییە کاتییەکانی دەوڵەت بۆ بووژانەوەی ئەم گۆلە دەزانێت و دەڵێت: "پێویستە ئەو پرسیارە لە بەرپرسان بکرێت کە بۆچی حەقاوی گۆلی ورمێ لە پاییزی ساڵی ١٣٩٧ بەملاوە بڕا؟"
کتابچی هەروەها ئاماژە بە دەوری ئۆرگانە سەربازییەکانیش دەکات کە لە تەنیا بیر لە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی خۆیان دەکەنەوە: "ئۆرگانە سەربازییەکان لە ئێران لە ڕێگەی لێدانی بەنداو لە چاوگەکانی گۆلی ورمێیەوە، دەگەنە قازانجێکی کورت ماوە و لە کۆتاییدا گۆلەکە لەناو دەبەن."
ئەم کارناسەی بواری ئاو، بونیادی ئایدیۆلۆژیکی باڵادەستی ئێران بە لەمپەری سازدانی ئابوورییەکی ئازاد و پشکوتوو دەزانێت: "دەوڵەت دەبێت کۆمەڵێک یاسا بەپێی قازانجی ئابووری و کاروکەسابەتی خەڵکی ئەم ناوچەیە بەڕێوە ببات تا هەم کشتوکاڵ بگەشێتەوە و هەم خەڵکەکەیش ناڕازی نەکات. بەداخەوە کۆمەڵێک مافیا هەن کە خراب ئەم سەرچاوانە بەکار دەهێنن. لە لایەکیترەوە، کۆماری ئیسلامی تەنانەت پێوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ سەبارەت بە بەستێنی ئاوی هاوبەش لە ناوچەکەدا نییە."
حکوومەت گۆلی ورمێی ناوێت
"حوجەت جەباری"، جێگری شوێنی سرووشتی و فرەچەشنیی ژینگەی ئیدارەی گشتیی پاراستنی ژینگەی ئازەربایجانی ڕۆژاوا و لێپرسراوی ناوەندی بەڕێوەبردنی هەماهەنگی و هەڵسەنگاندنی بووژانەوەی گۆلی ورمێ لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەی "ئێران"دا وتوویەتی: "گۆلی ورمێ لە بارودۆخێکی نۆڕماڵدا خاوەن پێنج هەزار و ٤٠٠ کیلۆمەتری چوار گۆشەی ڕووبەر، ٣٢ میلیارد مەتری چوار گۆشە ئاوی سوێری نزیک ٢٢ گرام لە لیترێکدا و ئاستی هاوسەنگی ١٢٧٧/١ مەتر بانتر لە ئاستی ئاوە ئازادەکان بووە. لە حاڵەتی ئاساییدا، واتە پێش ساڵی ١٣٧٦دا، ڕادەی ئاوی هاتوو بۆ نێو گۆلەکە بە شێوەی مامناوەند پێنج میلیارد مەتری چوار گۆشە و ڕادەی بەهەڵمبوونەکەیشی ساڵانە نزیک هەزار میلی مەتر لە ساڵێکدا بووە. ئاستی هاوسەنگیی گۆلی ورمێ لە ئێستادا (١٩ی پووشپەڕی ١٤٠١) گەیشتۆتە ١٢٧٠/٥٧ مەتر. بەپێی وێنە ماهوارەییەکان، لەندستی بواری ئاوی گۆلی ورمێ لەم هاوسەنگییەدا یەکسانە بە دوو هەزار و ٤٨ کیلۆمەتری چوار گۆشە کە لە چاو هەمان کات لە ساڵی ڕابردوودا هەزار و ٢٩٤ کیلۆمەتری چوارگۆشە کەمی کردووە. هەروەها بارستایی و قەبارەکەی لە بارودۆخی ئێستادا، ٤٨/٢ میلیارد مەتری چوارگۆشە بەراورد کراوە کەم ئەم قەبارەیە لە چاو ساڵی پار، دەوری ٤٤/١ میلیارد مەتری چوارگۆشە و بە نیسبەت هاوسەنگیی ئێکۆلۆژیکەوە، دەوری ١٣ میلیارد مەتری چوارگۆشە کەمترە."
جەباری دەربارەی ژمارەی ئەو چای ئاوانەی ئەم ناوچەیەیش دەڵێت: "بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە ئەنجامدراون، لە بەستێنی گۆلی ورمێدا زیاتر لە ١٠٦ هەزار و ٨٠٠ چای ئاوی نایاسایی و یاسایی بوونیان هەیە کە زیاتر لە سەتا ٥٠یان نایاسایین."
تراژێدیای وشکبوونی گۆلی ورمێ لە مێژ سالە بۆتە کابووسی خەڵکی ناوچەکە و کەڵکەڵەی هەموو هاوڵاتیان ئێران. ئیتر بەبێ ڕاڕایی دەتوانین بڵێین کە دەرەنجامی چەندین ساڵ کار و ڕێوشوێنی نمایشی بۆ بووژانەوەی گۆلی ورمێ، تەنیا لیستێک بووە لە پارە وەرگیراوەکان لە لایەن ناوەندەکان و بەرپرسە پێوەندیدارە حکوومەتییەکانەوە کە تەنیا بیریان لە پڕکردنی گیرفانەکانی خۆیان کردۆتەوە نەک پارێزگاری و پاراستنی سامانی گشتیی خەڵک لە ئێراندا.
ڕێکخراوی نادەوڵەتیی "پارێزەرانی ژینگەی ئێران" لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی: "ستادی گۆلی ورمێ لە کاتی دامەزراندنییەوە تاکوو ئێستا جگە لە یارمەتییە نێونەتەوەییەکان، دەوری شەش میلیارد تمەن پارەی دەوڵەتیی وەرگرتووە."
کارناسێکی ژینگەپارێزی دانیشتووی تاران دەڵێت: "کاتێک هێز پسپۆڕەکان یان لە زینداندا بەند یان خانەشین کراون و بۆ ئەو پرۆژانەیشی کە بوجەیان بۆ دیاری کراوە، لە پێشدا دەدرێتە خزم، بنەماڵە و دۆستانی بەرپرسان، کەواتە دەرەنجامەکەی هەر ئەوە دەبێت کە دەیبینین."
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە