شارنشینی لە ئێراندا تا کۆتاییەکانی سەدەی ڕابردوو گەشەیەکی زۆر خاو و هێدیی هەبوو بەڵام لە سەرەتاکانی ئەم سەدەوە ڕەوتی ئەم گەشەیە خێراتر بۆتەوە.
ئەگەرچی زۆر کەس گەشەسەندنی شارنشینی بە یەکێک لە پێوەرەکانی پەرەسەندنی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووری دەزانن بەڵام ڕوون و ئاشکرایە کە شارنشینیی خێرا ڕیزێک ئانۆمیی کۆمەڵایەتی، ئابووری، کولتووری و کەشیی زۆری لێ دەکەوێتەوە.
وەرزنامەی "توێژینەوەکانی بەڕێوەبەریی ستراتێژێکی بەرگەریی نەتەوەیی" لە تازەترین ژمارەکەی خۆیدا سەبارەت بە دەرەنجامەکانی ٢٧ توێژینەوە کە تاکوو ئێستا دەربارەی زیانەکانی پەرەسەندنی شاری لە ئێراندا بڵاو کردۆتەوە، لێکۆڵینەوەی ئەنجام داوە. ئەم توێژینەوە، ١٩ زیان و خەساری کۆمەڵایەتیی پەرەسەندنی نەگونجای دەستنیشان کردووە کە دزی، خۆکوژی، کوشتن، بێمتمانەیی، بێیاسایی، سواڵکەری و گەندەڵی گرینگترین و بەرچاوترینی ئەم ئانۆمیانەن.
***
ئەوڕۆکە پەرەسەندنی خێرای شارنشینی لە ئێراندا کۆمەڵێک لێکەوتەی جۆراوجۆری بەدواوە بووە. تەشەنەسەندنی ئانۆمییەکان و تاوانە کۆمەڵایەتییەکان لە پانتاییە شارییەکاندا یەکێکە لەم ئانۆمیانە کە لە ئێستادا جێگایەکی بەرچاویان لە خەسارناسیی شاری لە ئێراندا گرتۆتەوە.
کۆچ کردنی دانیشتوانی لادێکان، پراوێزنشینی، ناهاوچەشنیی کۆلتووری و خزمەتگوزارییە سەقەتەکان هەندێک لەو تایبەتمەندیانە بە خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی شارنشینیی خێرا لە ئێراندا دادەنرێت.
ئێران لە ئێستادا زیاتر لە هەزار و ٣٠٠ شاری هەیە کە تاران، تەورێز، مەشهەد، ئیسفەهان، شیراز و ئەهواز لەم نێوانەدا وەک "مێترۆپۆل" چاویان لێدەکرێت.
ئەم مێترۆپۆلانە لەگەڵ دەق و پەراوێزەکانی خۆیاندا، گرینگترینی ئەو ناوچە جوگرافیاییانەن کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژیان تێیاندا بۆ دانیشتووەکانی دژوار و سەختتر دەبێتەوە.
لە ئێستادا شارەکان، بە تایبەت مێرترۆپۆلەکان، چ لە ئێران و چ لە باقیی وڵاتانی جیهاندا، گرینگترین ناوەندەکانی سەرهەڵدان و پەیدا بوونی ئانۆمی و تاوانە کۆمەڵایەتییەکانن و هەر لەبەر ئەم هۆکارە لە پرۆسەی پلاندانانی شاری بۆ شارێکی تەندرووست، کەمکردنەوەی تاوان و جەنایەت لە شوێنە شارییەکاندا، بە تایبەت دەوروبەری شارە تازەکان، وەک یەکێک لە ئامانجە گرینگەکان حیسابی بۆ دەکرێت.
قسە و باس و دەرەنجامەکانی ئەو ٢٧ توێژینەوە سەبارەت بە زیان و خەسارەکانی پەرەسەندنی شاری لە ئێراندا بڵاو بوونتەوە، وەرزنامەی توێژینەوەکانی بەڕێوەبردنی ستراتێژیکی بەرگەریی نەتەوەیی وای کردووە تاکوو لە نویترین ژمارەکەی خۆیدا، بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکات.
لەم توێژینەوەی کە ئەم وەرزنامە لەسەر لێکۆڵینەوەکان و دەرەنجامەکانیان کردوویەتی، جۆرەکان و چەشنەکانی خەسارە شارییەکانی ئێرانی لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا لە ژێر چوار بەشی کۆمەڵایەتی، کولتووری، ئاناتۆمیک و ئابووریی لە ئێراندا هەڵێنجاندووە.
دابەشکردنی خەسارەکان؛ کولتووری، ئاناتۆمیک، کۆمەڵایەتی و ئابووری
ئەم توێژینەوە بەپێی داتاکانی خۆی لە دەرەنجامەکانی ئەم ٢٧ توێژینەوە، لە بەشە کۆمەڵایەتییەکەیدا ١٩ خەساری دەستنیشان کردووە کە دزی، خۆکوژی، کوشتن، تەڵاق، بێمتمانەیی، بێیاسایی، سواڵکەری و گەندەڵی گرینگترینی ئەو خەسارانەن کە ئەم توێژینەوە لەم بوارەدا دەستنیشانی کردوون.
لە بەشی کولتووریشدا پێنج خساری دەستنیشان کردووە کە مۆدگەرایی، بەدحیجابی، پرسە جێندەرییەکان (بە گشتی) و ئەعیاننشینی بەرچاوترینی ئەم خەسار و زیانەن.
بواری ئاناتۆمیکیش بەسەر هەشت خەسار و زیاندا دابەش کردوون کە پیس بوونی ژینگەیی، ترافیک، زەبڵ و خاشاک، کەڵەکە بوونی حەشیمەت و پارکە نائەمنەکان لە نموونە بەرچاوەکانی ئەو خەسارانەن لەم بوارەدا.
لە بەشی ئابووییشدا ٩ خەسار دەستنیشان کراون کە کۆمەڵێک قەیرانی وەک بێکاری، هەژاری، کۆچبەری و سواڵکەریی لەم بەشەدا جێکردۆتەوە.
حوکمڕانیی ناکارامە یەکێکە لە فاکتەرەکانی سەرهەڵدانی خەسارە شارییەکان
ئەم توێژینەوە دوای ئەم پۆلێنبەندییە، بەپێی داتاکانی ئەم ٢٧ توێژینەوە بەدواداچوونی کردووە بۆ هۆکارەکانی سەرهەڵدان و پەدابوونی خەسارە شارییەکان. دەرەنجامەکانی ئەم توێژینەوانە نیشانی دەدەن کە سیاسەتە ناڕێکەکان، حوکمڕانیی ناکارامە، جیاوازیی لە چۆنییەتیی ژیان، ناکۆکیی نێوان ژیانی شار و لادێ و نایەکسانییە کۆمەڵایەتییەکان گرینگترین هۆکارەکانی سەرهەڵدان و پەیدابوونی خەسارە شارییەکانن لە ئێراندا.
ئەم خەسار و زیانە شاریانە کە لە ٢٧ توێژینەوەدا ئاماژەیان پێکراوە، تەنیا یەکێک لە دەرەنجامەکانی حوکمڕانیی ناکارامەی ئایدیۆلۆژیکن لە ئێراندا کە زیاتر لە چل ساڵە بۆتە بەڵای گیانی خەڵکی ئێران.
لێکەوتە و بەدواهاتەکانی ئەم جۆرە لە حوکمڕانییەیش بە درێژایی ئەم چوار دەیە باڵی بەسەر ژیانی میلیۆنان کەس لە خەڵکی ئێراندا کیشاوە و لە هەموو بوارەکانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، کولتووری، تاکەکەسی و بنەماڵەییدا کاریگەرییە زیانبارەکانی بە ڕوونی و ئاشکرا دیار و بەرچاون.
شار بە هەموو پێوەرەکان و دانیشتوانەکەیەوە هەم دوور نەبوو لە لێکەوتەکانی ئەم سیاسەتانە و هەم بۆخۆیشی زیانی پیگەیشتووە و هەم نیشاندەری هەزاران زیان و خەساری ورد و درشتە.
بوونی ١٩ میلیۆن پەراوێزنشین لە ئێراندا ئامارێکی کارەساتبارە کە بەشێکی بەرچاوی دەرەنجامەکانی بڕیارە هەڵەکانە لە بواری پەرەسەندنی شاری بەبێ سەرنجدان بە لێکەوتەکان و کاریگەرییە زیانبارەکانی.
دەرەنجامەکانی توێژینەوەیەکی ئاکادێمێک کە ساڵی ١٣٩٨ بڵاو کراوتە نیشانی دەدات کە پرۆژەکانی پەرەسەندنی شاری لە ئێراندا زیاتر جەختی کردۆتە سەر لایەنە ئاناتۆمیکەکانی ئامادەکاری و پیادە کردنەکەی کە ئەم شێوازە بۆتە هۆی ئەوەی بنەما سەرەکییەکانی شارەکان بەرەو ئاقارێکی ناکارامە بڕۆن و ببنە هۆی خەسارگەلی زۆر لە کۆمەڵگا شارییەکاندا.
ئەم پەرەسەندنە ئاناتۆمیکە دەگەڕێتەوە بۆ خواستێکی گەورەی دیکە کە پێی دەوترێت "کۆچبەری"؛ واتە کۆچکردنێک کە لادێنشینان و دانیشتوانی شارە بچووکترەکان هۆکارەکەین و بە هیوای ژیانێکی باشتر بەرەو مێترۆپۆلەکان کۆچ دەکەن. ئەم کۆچبەرییە وەک خۆی بابەتی پەرەسەندنی ئاناتۆمیکی شارەکان دێنێتە ئاراوە و ئەنجامەکەیشی پەرەسەندنی کەشە شارییەکانە بە هەموو پەراوێزەکانییەوە.
بەشێک لەم کۆچبەرانە پاش ساڵانێک ژیان لە مێترۆپۆلەکاندا، لە ئێستا چیتر بوونەتە بەشێک لە دانیشتوانی سەرەکی و کۆنی ئەم مێترۆپۆلانە و بەشدارن لە کۆی کەمیاسییەکان، لێکەوتەکان و ئیمتیازەکانی.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە