ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی پووشپەڕی ١٤٠١، سەرۆکانی سێ وڵاتی ئێران، ڕوسیا و تورکیا لە تاران کۆبوونەوەی لوتکەیان ئەنجامدا و لەسەر چەند پرس لەوانە ئەگەری هێرشی سەربازیی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوا، جەنگی سوریا و ئۆکراین گفتوگۆیان کرد.
بەپێی لێدوانی پاش کۆبوونەوەکان، "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان" کە بەمەبەستی وەرگرتنی ڕەزامەندیی ئێران و ڕوسیا بۆ هێرشی سەربازی بۆسەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا چووبووە تاران، بە نائومێدی لەو کۆبوونەوەیە گەڕاوەتەوە.
سەرەتا "ئیبراهیم ڕەئیسی" لەلێدوانێکدا لە بارەی نیازی تورکیا بۆ هێرشی سەر ڕۆژاڤا وتی: "دهتوانین له رێی گفتوگۆوە نیگەرانییەکانی توركیا بڕهوێنینهوه."
"عەلی خامەنەیی"، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیش لەسەر ئەگەری هێرشی سەربازیی تورکیا بۆسەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هۆشداریی جدی دایە ئەردۆغان.
بەپێی ڕاپۆرتێکی مناڵپەڕی ڕەسمی عەلی خامەنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بەڕاشکاوی بە ئەردۆغانی وتووە: "هێرشی سەربازی بۆسەر باکوری سوریا، هەم بەزیانی سوریایە، هەم تورکیا و هەم ناوچەکەش."
"ڤیلادیمیر پوتین"یش پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە کە سەقامگیریی سوریا لەڕێگەی گفتوگۆوە دەستەبەر دەبێت و وتی، "پێویستە ڕێز لە سەروەریی سوریا بۆسەر خاکەکەی بگیرێت."
بەپێچەوانەوەی ئەردۆغانەوە، ڤیلادیمیر پوتین لەلایەن ڕێبەری کۆماری ئیسلامییەوە ستایش کرا. خامەنەیی لە دیداری ڕۆژی ڕابردوویدا لەگەڵ پوتین بە ناڕاستەوخۆ پشتگیریی هێرشی ڕوسیا بۆسەر خاکی ئۆکراینی کرد و وتی: "ئەگەر بەڕێزتان ئەم دەستپێشخەرییەتان نەکردبایە، لایەنی بەرامبەر دەیکرد و ئەمە شەڕە هەر دەهاتە ئاراوە."
خامەنەیی لەو دیدارەدا ناتۆی بە "بوونەوەرێکی مەترسیدار" ناوبرد و وتی: "ئەگەر ڕێگە لە ناتۆ نەگیرێت هیچ سنوورێک ناناسێت و هەموو کارێک دەکات، ئەگەر لە ئۆکراین ڕێگەیان پێ نەگیرایە ماوەیەک دواتر بە بەهانەی "کەریمە"وە ئەم شەڕەیان هەڵدەگیرساند."
ڕێبەری کۆماری ئیسلامی هەروەها داوای دەرکردنی هێزە ئەمریکییەکانی کرد لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات و وتی: "پرسێکی گرنگی دیکە لە سوریا، داگیربوونی ناوچە بەپیت و پڕنەوتەکانی ڕۆژهەڵاتی فوراتە بەدەستی ئەمریکییەکان، ئەمەش دەبێت بە دەرکردنیان لەو ناوچانە چارەسەر بکرێت."
خامەنەیی هەروەها ستایشی پوتینی کرد بۆ "پاراستنی سەربەخۆیی ڕوسیا" و وتی: "ئەمریکییەکان هەم زۆردارن و هەم فێڵباز، یەک لە هۆکارەکانی هەڵوەشاندنەوەی سۆڤیەت فریوخواردنیان بوو لە ئەمریکییەکان، ئەڵبەتە ڕوسیا لە سەردەمی بەڕێزتاندا سەربەخۆیی خۆی پاراستووە."
ڤیلادیمیر پوتینیش لەو دیدارەدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە "لایەنگری شەڕ نییە" و "گیان لەدەستدانی خەڵکی ئاسایی تراژیدیایەکی گەورەیە."
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە