"میخایل گۆرباچۆڤ"، دوایین ڕێبەری یەکێتیی سۆڤیەت لە تەمەنی ٩٢ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. دوای شۆڕشی مانگی ڕێبەندانی ١٣٥٧، لە ناو ڕێبەرانی سۆڤیەت و ڕووسیادا، گۆرباچۆڤ پێوەندییەکی تایبەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەبوو. لە خوڵی ڕێبەرایەتییەکەی ئەودا، لە ڕووداوێکدا کە تاکوو ئێستا لە ڕووی ناوەرۆک و ڕواڵەتییەوە ڕووی نەداوە، گۆرباچۆڤ بە پیر "ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی"، کە سەرۆکی مەجلیسی شوورای ئیسلامی بوو، وەک سەرۆک کۆماری ئێران چوو و خزمەتی کرد و لە درێژەدا، کۆمەڵێک چەک و چۆڵیشی فرۆشت بە کۆماری ئیسلامی کە بە گەورەترین وەجبەی کڕینی چەکی سەربازیی ئێران دادەنرێت لە دوای شۆڕشی ئیسلامییەوە. ئەم نووسینە گێڕانەوەیەکە لە پێوەندییەکانی تاران و مۆسکۆ بەپێی یادەوەرییەکانی ساڵانی ١٣٦٥ تا ١٣٧٠ی ئەکبەر هاشمیی ڕەفسەنجانی.
***
لە یادەوەریی سیاسیی ئێرانییەکاندا، ڕەنگە یادەوەرییەک لە میخایل گۆرباچۆڤ جگە لە لەبەر یەک هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەت هەبێت کە ئەویش بریتییە لە پێوەندیی نامە هۆشداری ئامێزەکەی "ڕوحوڵا خومەینی"، ڕێبەری ئەوکاتی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە مەترسیی یەکێتیی سۆڤیەتە. ئەم نامەیە گرینگییەکی مێژوویی هەیە و کاریگەریی هەبوو لەسەر پێوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە لەو بڕگە زەمەنییەدا.
پەیامەکەی ئایەتوڵا خومەینی لە سێزدەهەمی مانگی بەفرانباری ١٣٦٧دا لە لایەن "عەبدوڵا جەوان ئامۆلی"، ڕووحانیی شیعەی دانیشتووی شاری قوم، "محەمەد جەواد لاریجانی"، جێگری ئەوکاتی وەزارەتی دەرەوە و "مەرزییە دەباغ"، ئەندامی دەفتەری ئایەتوڵا خومەینی بۆ مۆسکۆ نێردرا و درایە دەست گۆرباچۆڤ.
ئایەتوڵا خامنەیی چەند حەوتوو پێش ئەوە، لە یازدەی سەرماوەزدا، لەوانە هاشمیی ڕەفسەنجانی ئاگادار کردبوەوە کە بە نیازە نامەیەکی وەها بۆ سەرکردایەتیی سۆڤیەت بنووسێت: "شەو میوانی ئەحمە ئاغا بووم، ئاغای خامنەییش لەوێ بوون. دەربارەی کاروبارە ڕووتینەکانی وڵات دانوستان کرا. ئیمایش (ئایەتوڵا خومەینی) لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوون. حاڵیان زۆر باشە. وتیان بیر لەوە دەکەنەوە کە نامەیەک بۆ گۆرباچۆڤ بنووسن."
دوو حەوتوو دوای ئەم هەواڵە، ئایەتوڵا خومەینی نامەیەکی نووسیبوو بەڵام هاشمیی ڕەفسەنجانی هەر بەو جۆرەی لە یادەوەرییە ڕۆژانەکانی لە ساڵی ١٣٦٧دا نووسیویەتی، نیگەرانە کە ناوەرۆکی نامەکە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر گۆرباچۆڤ ببێت.
لە بیست و شەشەمی سەرماوەزدا، هاشمی نووسیبووی: "چووم بۆ کۆبوونەوەی سەرانی قوا لە ئۆفیسەکەی ئایەتوڵا [عەلی] خامنەیی. ئەحمەد ئاغا دەقی نامەکەی ئیمام بۆ گۆرباچۆڤی بۆ پرس و ڕاوێژ هێنابوو. بڕیار وابوو دواتر وڵام بدەمەوە. نامەیەکی باشە بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە دڵی بڕەنجێنێت و دڵگرانی بکات."
بەڵام ڕۆژێک دواتر دەست بە کار دەبێت و ڕاوێژی خۆی لەم بارەوە بە ئایەتوڵا خومەینی دەدات: "تا کاتژمێر هەشتی شەو لە ئۆفیسەکەم کارم کرد. هاتمەوە ماڵەوە. بە تێلێفۆن لەگەڵ ئەحمەد ئاغا سەبارەت بە نامەکە بۆ گۆرباچۆڤ قسەم کرد. پێشنیارم کرد لەحن و دەنگی نامەکە بە جۆرێک بێت کە دڵگرانیان نەکات و نەیان ڕەنجێنێت."
نووسینەکانی دواتری هاشمی نیشانی دەدەن کە بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی لە کۆبوونەوەکانی خۆیاندا لە حاڵی هەڵسەنگاندنی کاردانەوەکانی سۆڤیەتدان بەم نامەیە. بەڵام گرینگترین ڕووداو، وڵامی فەرمیی گۆرباچۆڤ بە ئایەتوڵا خومەینی بوو کە بڕیار دەبێت "ئێدوارد شوارنادزێ"، وەزیری کاروباری دەرەوەی سۆڤیەت لەگەڵ خۆی بیهێنێت بۆ تاران.
ئایەتوڵا خومەینی بە پێچەوانەی جێنشینەکەی خۆی، لەگەڵ وەزیرەکانی دەرەوەدا دیداری دەکرد. ئەو لە کاتی خوێندنەوەی پەیامەکەی گۆرباچۆڤدا کاردانەوەیەکی سەیری لە خۆی نیشان دا و لە ناوەڕاستی خوێندنەوەی پەیامە نووسراوەکەی ڕێبەرەکەی سۆڤیەتدا لە جێگاکەی خۆی هەڵدەستێت و بە وتنی ئەمەی کە دەیەوێت گۆرباچێڤ ئامۆژگاری بکات، ئازاری خۆی لە وڵامەکەی گۆرباچۆڤ نیشان دەدات و ژوورەکە بەجێ دەهێڵێت.
وێنەیەکی ئەم چرکەیە هەیە کە وەزیری ئەو کاتی کاروباری سۆڤیەت بە حەپەساوی نیشان دەدات و باقیی ئامادەبووانی ژوورەکەیش پەشۆکاون.
هاشمیی ڕەفسەنجانی وەک سەرۆکی بە دەسەڵاتی مەجلیس و سیاسەتوانی بە دەسەڵاتی ئێران ڕۆژی هەشتەمی مانگی ڕەشەمەی ١٣٦٧ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سۆڤیەتدا دیدار دەکات و چاویان بەیەکتر دەکەوێت: "شواردنادزێ، وەزیری دەرەوەی سۆڤیەت هات. خۆشحاڵیی خۆی لە پەیامەکەی ئیمام و دیداری لەگەڵ ئیمامدا دەربڕی. سەرباری ئەوەی کە ئیمام دوای قسەکانی ئەو، ڕستەی بەر مەبەستی من ئەمانە نەبووە و ویستوومە جیهانی دیکە بە ڕووی ئاغای گۆرباچۆڤدا بکەمەوە، لە جێگاکەی هەڵسا و ئەوی عاجز کرد بەڵام دواتر بە هۆی کوالیتیی هەواڵەکەوە ڕازی بوو. بە شێوەی جیدی خوازیاری ستایش و پەرەسەندنی پێوەندییەکان و دەرچوونی ئەمریکاییەکان لە خەلیج و چارەسەر کردنی پرسی ئەفغانستان بوو و منیش جەختم لەسەر ئەوە کردەوە و پەیامەکەی گۆرباچۆڤی سەبارەت بە سەفەری من بۆ ڕووسیا دایە و منیش قبووڵم کرد و وتم وەزیرەکانی دەرەوە، کاتی سەفەرەکە دیاری بکەن."
برا ناحەقوداوەکەی ئەکبەر هاشمیی ڕەفسەنجانی، سەرۆکی ڕێکخراوی سەدا و سیما بوو. لە یادەوەرییەکانیتری هاشمیدا دەرکەوتووە کە بە شێوەی ڕاسستەوخۆ براکەیشی فەرمانی لەو وەرگرتووە. سەرباری ئەوەی کە لە یادەوەرییەکانی هاشمیی ڕەفسەنجانی سەبارەت بە پێشنیارە پێشبینی کراوەکان لەمەڕ چۆنییەتیی گەیاندنی هەواڵی سەفەری نێڕدراوەکەی گۆرباچۆڤ یادداشتێک نەنووسراوە بەڵام پێ دەچێت لەم بوارەدا دەستوەردانی کردبێت.
بەپێی نووسینی هاشمیی ڕەفەسەنجانی، وەزیری ئەو کاتی کاروباری دەرەوەی سۆڤیەت داوای کۆبوونەوەی تایبەتیی کردبوو: "قبووڵم کرد. بە ئامادە بوونی دوکتور ویلایەتی و وەرگێڕەکە قسەمان کرد. وتی سەبارەت بە دانوستانی چەک و چۆڵ دوای گەڕانەوەی بۆ مۆسکۆ، وڵامە ئەرێنییەکە دەداتەوە بە ئاغای ویلایەتی."
سەرباری ئەوەی کە هەڵسوکەوتنی ئایەتوڵا خومەینی لەگەڵ نێردراوی تایبەتی گۆرباچۆڤ بۆ تاران دوور بوو لە ئەدەبی سیاسی بەڵام ڕێبەری سۆڤیەت بەبێ نیشاندانی کاردانەوەی نەرێنی بەم هەڵسوکەوتە، پێوەندیی نزیک لەگەڵ هاشمیی ڕەفسەنجانی دەپارێزێت. لە لایەکی دیکەوە، لە حاڵێکدا کە بە هۆی خراپیی باری جەستەیی ئایەتوڵا خومەینی و هەروەها لابردنی ئایەتوڵا "حوسەین عەلی مونتەزری" لە قایم مەقامێتیی ڕێبەری لە مانگی خاکەلێوەی ١٣٦٨دا دەسەڵاتدارێتیی ئێران تووشی قەیران بوو، پێوەندییەکانی هاشمی لەگەڵ گۆرباچۆڤدا بەردەوام بوو؛ کارێک کە بەپێی ڕێسا یەکێک بوو لە ئەرکەکانی عەلمی خامنەیی، سەرۆک کۆماری ئەو کاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
لە پازدەهەمی مانگی خاکەلێوەی ١٣٦٨دا، هاشمی باسی لەوە کرد کە "عەلی ئەکبەر ویلایەتی"، وەزیری ئەوکاتی کاروباری دەرەوەی ئێران لە سەفەرەکەی مۆسکۆ گەڕاوەتەوە و ڕاپۆرتی ئەم دیدارەی پێشکەش کردووە: "گۆرباچۆڤ و شوارنادزێ زۆر بە گەرمی پێشوازیان کردووە و ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاری لە کاروباری چەک و چۆڵ و ئابووری و سیاسییدا ڕاگەیاندووە. بڕیاری کۆتایان خسۆتە کاتی سەفەرەکەی من بۆ سۆڤیەت. کاتی سەفەرەکەیان بۆ کۆتاییەکانی مانگی جۆزەردان یاخود سەرەتاکانی مانگی ئەم ساڵ پێ باشە."
سەفەرەکەی ئەوکاتی سەرۆکی مەجلیسی شوورای ئیسلامی بۆ مۆسکۆ لەو کاتەدا کە خومەینی لە ژیاندا مابوو مسۆگەر نەبوو بەڵام هاشمیی ڕەفسەنجانی بەرنامەی دیدارەکە لە ئان و ساتێکدا یەکلایی کردەوە کە هێشتا لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریدا بەشداریی نەکردبوو بەڵام بەپێی پێشینەکە، بەرپرسانی سۆڤیەتیش وەک ڕای گشتی ئێران دڵنیا بوون کە هاشمیی ڕەفسەنجانی دەبێتە سەرۆک کۆماری دواتری ئەم وڵاتە.
لە حاڵێکدا کە هێشتا دوو حەوتوو بەسەر مەرگی ئایەتوڵا خومەینیدا تێپەڕیبوو، هاشمیی ڕەفسەنجانی خۆی بۆ سەفەرێکی گرینگ بۆ مۆسکۆ و واژۆ کردنی گەورەترین گرێبەستی کڕینی کەلوپەلە سەربازییەکانی دوای شۆڕشی ١٣٥٧ ئامادە دەکرد کە ڕەهەندەکانی لە ڕوانگەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە نهێنی مابوەوە: "فەرماندەکانی ئەرتەش و سپا و ستاد و وەزارەتەکان بۆ لێکۆڵینەوە و کۆبەندی دانوستانە سەربازییەکان و چەک و چۆڵ لەگەڵ ڕووسەکاندا هاتن. ئاغای [مەحموود] واعیزی، [جێگری وەزیری کاروباری دەرەوە] هات و ڕەشنووسی وتارەکەی منی کە دەبوو لەسەر مێزی خواردنی شەو لە خوانەکەی گۆرباچۆڤدا پیشەکەشی بکەم، خوێندەوە و پێداچوونەوەم بەسەردا کرد."
ڕۆژێک دوای ئەوە، ڕۆژی ٣٠ی جۆزەردان، لە حاڵێکدا کە هێشتا ئێران بە هۆی مەرگی ئایەتوڵا خومەینییەوە ماتەمینی گشتی بوو، هاشمیی ڕەفسەنجانی بەرەو مۆسکۆ بەڕێ کەوت: "بە پێشوازیی فەرمی، کاتژمێر ١١ بە کاتی مۆسکۆ بە فڕۆکە وەڕێ کەوتین. پیش ئێمە، فڕۆکەیەکی دیکە یاوەرەکانیان برد. دەستەی یاوەری زۆر گەورەیە؛ بە هۆی کارگەلی زۆرەوە لە بڕیارنامەی دانوستانەکان، تێکەڵەیەک لە دەوڵەت و مەجلیس و هێزەی سەربازی و … لە فڕۆکەکەدا دانوستان و ڕاوێژ ئەنجام درا. بەسەر خاکی یەکێتیی سۆڤیەتەوە دیمەنەکانی کێوەکان و مەزراکان و ئاوەکان و هدتمان دەبینی."
هاشمیی ڕەفسەنجانی و شاندی یاوەری لە فڕۆکەخانەی تایبەتی میوانان لە باشووری مۆسکۆدا نیشتنەوە. "بە گوێرەی بەرنامەکەی کولیاکۆڤ، جێگری یەکەمی گۆرباچۆڤ و [ئێدوارد شواردنادزێ" وەزیری دەرەوە و ژمارەیەک لە کەسایەتییەکانی سۆڤیەت لە فڕۆکەخانەکەدا پێشوازییان لێ کردین. ڕێوڕەسمی سان و ڕێژە ئەنجام درا. دەڵێن لە ئاستی بەخێرهاتنی سەرانی وڵاتان دایە. لە فڕۆکەخانەوە ڕاستەوخۆ بەرەو کۆشکی کرێملین وەڕێ کەوتین."
لە کۆشکی "کرێملین"دا، گۆرباچۆڤ خۆی پێشوازیی لە سەرۆکی مەجلیسی شوورای ئیسلامی کردبوو: "یەکەم دیدار گەرم و هاوڕێیانە بوو. وێنەگران و کامێرامانەکان وێنە و فیلمیان هەڵدەگرت. دەسبەجێ یەکێک لە ساڵۆنەکانی کۆشکەکە بە ئامادە بوونی ژمارەیەک لە یاوەرەکانی من و کەسایەتییەکانی سۆڤیەت دانوستانەکان دەستیان پێ کرد. لەم دانوستانانەدا قسەکان گشتی و دۆستانە و ئەرێنی بوون. پاشان کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی وەزیرانی دەرەوە و سەفیرەکان و وەرگێڕەکانی هەر دوو لا تایبەتی کردەوە. لەو کۆبوونەوە تایبەتەدا دانوستانەکان سەبارەت بە پرسە سیاسی، تەکنیکی، ئابووری و سەربازییەکان، ڕاشکاوانە و هاوڕێیانە بوو. دوو کۆبوونەوەکە لەسەر یەک دوو کاتژمێری خایاند و هەر دوو لا ڕازی بوون."
لە کاتی ئەم سەفەرەدا، گۆرباچۆڤ بۆ یەکەم جار ڕێگەی سەفەری دایە هەیئەتەکەی کۆماری ئیسلامی سەردانی ناوچە موسوڵماننشینەکانی ئازەربایجان، واتە باکوو بکەن. هاشمی وتبووی کە سۆڤیەت پێشتر ئەم داخوازییەی ڕەت کردبوەوە بەڵام گرینگترین بەشی سەفەرەکە ئەمە نەبوو. ڕۆژی ٣١ی جۆزەردانی ١٣٦٨ ئێران و یەکێتیی سۆڤیەت گرێبەستێکی گرینگیان لە کۆشکی کرێملیندا واژۆ کرد.
هاشمیی ڕەفسەنجانی لە یادەوەرییەکانیدا نووسیویەتی کە کاتژمێر چواری بەیانی لەخەو هەڵساوە تا دەقی ڕەزایەتنامەیەک کە بنەڕەتی هاوکاریی لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەت تا ساڵی ٢٠٠٠ی زاینیی بوو و دەبوو چەند کاتژمێر دواتر واژۆ کرابایە بخوێنێتەوە: "نانی بەیانیمان لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەکە لە شوێنی خۆمان خوارد. چووینە شوێنی سەربازی ون لە پاڵ دیواری کۆشکی کرێملین. ڕێوڕەسمی سەربازییان هەبوو. تاجە گوڵینەیەکمان پیشکەش کردن. پێشتر ئەگەری ئەوە هەبوو ئەم ڕێوڕەسمە لەسەر گڵکۆی تەرمەکەی لێنیندا ئەنجام بدەین کە بە هۆی هەندێک تێبینییەوە لەسەری ڕێنەکەوتین. ڕوون کردنەوەکانی بەڕێز دیکۆڤ دەربارەی تەقاندنەوەی مووشەکەکان بەپێی گرێبەستی نێوان ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەت بۆ من سەرنجڕاكیش و سەیر بوو. دواتر پاش خواردنی نانی نیوەڕۆ و پشوودان، دووبارە چووینەوە کۆشکی کرێملین. دوو کۆبوونەوەی یەک لە دوای یەکمان لەگەڵ گۆرباچۆڤدا ئەنجام دا کە یەکەمەکەیان ئاشکرا و کۆبەندی دانوستانی کۆمیتەکان کە ئەرێنی بوون و دووهەمەکەیان تایبەتی و ئاکامی لێکۆڵینەوەکانی ئەوان بوو سەبارەت بە هاوکاریی چەک و چۆڵ و سەربازی و بەرگری. بە خۆشحاڵییەوە پێیان ڕاگەیاندین کە دەفەتەری سیاسییەکەیان پەسەندیان کردووە کە تەواوی خواستەکانی ئێمە جێبەجێ بکەن؛ پێدانی میگ ٢٩، مووشەکی سامی ٥، تانکی تی-٨٠، مووشەکی دەریا بۆ دەریا و … بە تەکنۆلۆژیا درووست کردنەکەیانەوە… پاش نیوەڕۆ پشوو و وچانێکی کورت درا و دیسانەوە بۆ بەشداری کردن لە خوانی شەوانەی بەڕێز گۆرباچۆڤ چووینە کرێملین."
هاشمیی ڕەفسەنجانی لە یادەوەرییەکانیدا نووسیویەتی کە ڕووسەکان داوایان لێ کردووە کڕینی چەک و چۆڵە سەربازییەکانی ئێران لە یەکێتیی سۆڤییەت بە نهێنی بمێنێتەوە: "وا دەردەکەوت لە لایەن ڕۆژاواییەکانەوە لە ژێر گوشاردا بوون."
ئەو نووسیبووی: "لەسەر مێزی خواردنی شەوانە داوستانێکی دۆستانەمان لەگەڵ گۆرباچۆڤ هەبوو. هەر دوکمان وتەیەکمان پێشەکش کرد. ئەو لە ڕووی دەقەکەوە خوێندییەوە بەڵام من بەبێ نووسراوە، قسەم کرد. ئەگەرچی دەقی لێدوانەکەم ئامادە کرابوو بەڵام دەقە فارسییەکەیان نەهێنابوو و دەقە ڕووسیییەکەیان بڵاو کردبووەوە؛ نموونەیەکی ناشیگەریی دیپلۆماتەکانمان."
گرێبەستەکە لە ڕۆژی یەکی مانگی پووشپەڕی ١٣٦٨دا لە نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و یەکێتیی سۆڤیەتدا واژۆ کرا: "لە ڕێوڕسمێکی تایبەتدا، من و بەڕێز گۆرباچۆڤ [لێپرسراوی یەکەمی دانوستانکاری یەکێتیی سۆڤیەت] دوو بەڵگەنامە لە لایەن بەڕێزان [محەمەد جەواد] ئیروانی [وەزیری کاروباری ئابووری و دارایی] و بەڕێز لیۆڤ کاتاشۆڤ [وەزیری پێوەندییە ئابوورییەکانی دەرەوەی یەکێتیی سۆڤیەت] [و بەڕێز ئێن ئێس کناریۆڤ، وەزیری ڕێگاوبانی یەکێتیی سۆڤیەت] دوو بەڵگەنامەی دیکەمان واژۆ کرد و واژ کردنی بەڵگەنامەی چەک و چۆڵەکەیش، لە ئەستۆی بەڕێز [بێهزاد] نەبەوی و بەڕێز کاتۆسۆڤ بوو کە بە هۆی بۆچنی جیاوازیانەوە، ئامادە نەکرابوو. بە پێداگریی من و گۆرباچۆڤ چوون، ئامادەیان کردوو و لە فڕۆکەخانە واژۆیان کرد."
لە گێڕانەوەکانی دواتری هاشمیی ڕەفسەنجانیدا هاتووە کە ئەم گرێبەستە نهێنییە بۆ ئەوەی ئاشکرا نەبێت، لە مەجلیسی شوورای ئیسلامیدا پەسەند نەکرا بەڵکوو لە بە شێوەیەکی سەیر و ناکۆک لەگەڵ "یاسای بنەڕەتی"دا، لە مەجمەعی تەشخیسی مەسڵەحەتی نیزامدا پەسەند کرا.
لە یادەوەرییەکانی هاشمیی ڕەفسەنجانیدا ئاماژەیەک بە ڕادە و بڕی کڕینی چەک و چۆڵە سەربازییەکان نەکراوە بەڵام ژمارەی فڕۆکەکانی "میگ ٢٩"، تانکی "تی ٨٠"، مووشەکی "سام" و مووشەکەکانی دەریا بۆ دەریا هەرچەند بن، لە ڕووی بەهای تەنۆلۆژیای چەک و جبەخانەوە، گرینگترین پرۆژەی کرینی چەک و جبەخانەی سەربازیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە تا ئەو کاتە و ڕەنگە تاکوو ئێستایش.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە