ڕۆژی سێشەمە ١٥ی خەرمانانی ١٤٠١، ژمارەیەک لە ژنانی مەریوان لە ناڕەزایەتیدا بە نەبوونی ئەمنییەت بۆ ژنان لەم شارەدا، لە بەرامبەر دەزگای دادی مەریواندا گرد بوونەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ناڕازییان بە بەرز کردنەوە پلاکاردگەلێک سەبارەت بە بەرزبوونەوەی ڕادەی تووندوتیژی بە دژی ژنان و وتنەوەی دروشمی "ئێمە ئەمنییەتمان دەوێت"، خوازیاری دابین کردنی ئەمنییەت بوون بۆ ژنان. بەپێی نووسینی میدیا خۆجێییەکانی مەریوان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا پیاوک بە ناوی "گۆران قادری" هەوڵی دا دەستدرێژی بکاتە سەر ژنێک بە ناوی "شلێر ڕەسووڵی". ئەم ژنە خۆی لە پەنجەرەی بینایەکی دوو قاتەوە خستە خوارەوە و سەرچاوەیەکی ئاگادار بە "ئێرانوایەر"ی وتووە کە دوای چەند ڕۆژ بەربەرەکانێ لە نێوان مەرگ و ژیاندا، پێنجشەمەی ڕابردوو ١٩ی خەرمانان لە نەخۆشخانەیەکی شاری سنەدا گیانی لە دەست داوە.
دادوەری مەریوان ڕایگەیاندووە کە کەسە دەسترێژیکارەکە کە خاوەن پێشینەی تاوانکاریشە، دەستگیر کراوە.
***
شلێر ڕەسووڵی، تەمەن ٣٦ ساڵان و دایکی دوو منداڵ بوو. ئەو لە شاری مەریوانی سەر بە پارێزگای کوردستاندا دەژیا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار دەربارەی ئەو ڕووداوەکەی کە بۆتە هۆی مەرگی شلێر ڕەسووڵی دەڵێت: "دراوسێکەی شلێر، واتە گۆران قادری پێشینەی تاوانکاریی هەیە. چەند دۆسییەی دەستدرێژی بە دژی ساز کراوە و تۆماتبارە بە کوشتن. سەرباری ئەمانە، پێشینەی دزی، باجگیری و قەمەکێشانی هەیە. بەڵام هەموو جارێک بە هۆی دەسەڵات و دەسڕۆیشتووییەکەیەوە لە زیندان ئازاد کراوە."
ئەم سەرچاوە ئاگادارە دەڵیت: "ڕۆژێک کە شلێر لە بینا دووقاتەکەوە خرایە خوارەوە، لەگەڵ باقیی ژنانی گەڕەکەکە لە بەردەم ماڵەکەیاندا خەریکی قسە بوون کە تاوانبارەکە لە تراسی ماڵەکەیەوە بانگ لە شلێر دەکات و دەڵێت هاوسەرەکەی حاڵی تێکچووە. شلێر کاتێک بۆ یارمەتیدانی هاوسەری گۆران دەچێت، دەزانێت کە پیاوەکە درۆی کردووە و کەس لە ماڵ نییە. بۆ دۆزینەوە ڕێگای دەرباز بوون بەرەو تراسەکە دەڕوات و لە قاتی دووهەمەوە دەکەوێتە خوارەوە؛ بەڵام دیار نییە بۆخۆی کەوتووە یان دەستدرێژیکارەکە خستوویەتە خوارەوە."
شلێر لە کاتی کەوتنە خوارەوەدا بەسەروە بە عەرزدا دەدرێت و کاتێکیش خەڵکەکە بۆ ڕزگار کردن و فریا کەوتنی هەوڵ دەدەن، دەستدرێژیکارەکە لەو دەرفەتە کەڵک وەردەگرێت و ڕا دەکات. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار کە لەگەڵ "ئێرانوایەر"دا وتووێژی کردووە، خەڵکەکە بە مەبەستی دەستگیر کردنی دەستدرێژیکارەکە دوای دەکەون: "دراوسێکەی شلێر لە کاتی ڕا کردندا، جگە لە شلێر کەسێکیتریشی بریندار کردووە. ئەو دەچێتە ناو ماڵێکەوە کە درگاکەی کراوە بوو، دەمی خاوەن ماڵەکە دەگرێت و هەڕەشەی لێ دەکات کە هەرا و دەنگە دەنگ نەکات تا بتوانێت لە دەست خەڵکەکە ڕا بکات. لەم ئان و ساتەدا هاوسەری ئەم ژنە دەگات و دەستدرێژیکارەکە، بە قەمەیەک لە سەری دەدات و ڕا دەکات."
ئەم سەرچاوە ئاگادارە دەڵێت لە ئێستادا پیاوە دەستدرێژیکارەکە دەستگیر کراوە و براکەیشی لە ترسی تووڕەیی خەڵکی مەریوان لەو گەڕەکە باری کردووە: "خەڵکی ئەم گەڕەکە بەردەوام سکاڵایان لەسەر ئەم کەسە تۆمار کردبوو و تا ڕادەیەک دەتوانین بڵێین هەموو کەسێکی ئەو گەڕەکەی ئازار داوە."
"ژیلا موستەئجێر"، ئەندامی ڕێکخراوی مافی "مرۆڤی هەنگاو" و یەکێک لە چالاکوانانی مافەکانی ژنان لە کوردستان، جگە لە پشتڕاست کردنەوەی ئەم گێڕانەوە بە "ئێرانوایەر" دەڵێت: "بە داخەوە هاوسەری شلێر ڕەسووڵی لە هەرێمی کوردستان کار دەکات و لە کاتی ئەو ڕووداوەدا لەوێ نەبووە و پێدەچێت دەستدرێژیکارەکە بەمەی زانیبێت بۆیە شلێری بانگ کردۆتە ماڵەکەی خۆی. میدیاکانی ناوخۆی ئێران وشەی "ئەرازل و ئەوباش" بۆ ئەم جۆرە کەسانە کە بەم جۆرە قێزەونە گیانی ژنانی بێگوناه دەگرن، بەکار هێناوە؛ بەڵام هەندێک سەرچاوە لە شاری مەریوان لە وتووێژ لەگەڵ ڕێکخراوەکەی ئێمەدا وتوویانە کە ئەم کەسە لەگەڵ هێزە ئیتلاعەتی و ئەمنییەتییەکاندا پێوەندیی هەیە و "جاش"ە. هەر لەبەر ئەم هاوکاریانەیە کە ئەم کەسە سەرباری هەبوونی ڕیزێک پێشینەی تاوانکارانەی وەک دزی و شەرارەت تاکوو ئێستا هیچ کات دادگایی نەکراوە و سزا نەدراوە."
چالاکانی مافەکانی ژنان لە مەریوان بە چی ناڕازایی بوون؟
ژیلا موستەئجێر بە ئاماژەدان بە گرد بوونەوەی ژمارەیەک لە چالاکانی مافەکانی ژنان لە مەریوان لە بەرامبەر بینای دەزگای دادی ئەم شارەدا بە "ئێرانوایەر" دەڵێت: "هەر لە سەرەتاوە کە شلێر لە بیناکە کەوتە خوارەوە دراوسێکان پشتڕاستیان کردبووەوە کە شلێر وشیاریی خۆی لە دەست دابوو. لە نەخۆشخانەیش ئاستی وشیارییەکەی ٣ ڕاگەیەنرابوو و پزیشکەکان وتبوویان کە لە کۆمادایە. ڕۆژی گردبوونەوەکە هەندێک هەواڵی پشتڕاست نەکراوەی مەرگی شلێر ڕەسووڵی بڵاو کرانەوە و هەر ئەمە تووڕەیی ژنانی مەریوانی لێ کەوتەوە و دەستیان دایە گردبوونەوەی ناڕەزایەتی کە ڤیدیۆکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بوونەتەوە."
ئەم ئەندامەی ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو دەڵێت: "چالاوانانی مافەکانی ژنان لە مەریواندا زۆر چالاکن. دەتوانم بڵێم بەردەوام لە هەموو بوارەکان و پرسەکاندا دەنگیان بەرزە و سەر و گەردنێک لە باقیی شارەکان بەرزترن بۆ داخوازییەکانیان. ئەوان بە هەموو شێوەیەک کە بۆیان بکرێت دەنگی ناڕەزایەتیی خۆیان بە گوێی باقیی هاوڵاتیان و بەرپرسانی شار و پارێزگاکان دەگەیەنن. سەبارەت بە کووشتنە نامووسییەکان، خۆکوژییەکان و ئەو خۆسووتاندنانەی دەبنە هۆی مەرگ، بەردەوام ئەمە ژنانی مەریوانن کە پێشەنگایەتیی دەکەن بۆ دەربڕینی داخوازییەکانی کۆمەڵگای ژنان. سەبارەت بە ڕووداوەکەی شلێریش ئەوان وەک هەمیشە هاتنە مەیدان و خوازیاری دابین کردنی ئەمنییەتی ژنان و سزادانی کەسە دەستدرێژیکارەکە بوون."
بە گوتەی ئەم چالاکەی بواری مافەکانی ژنان، سەرەکیترین داخوازی لەم گردبوونەوە لە لایەن ژنانەوە "پێداچوونەووە بە یاساکانی پشتیوانیی لە ژنان لە کۆمەڵگادا" بوون: "لەم گرد بوونەوەدا بە شێوەی دیاری کراو خواستی چالاکان ئەمە بوو کە یاسا دەبێت پشتیوانی لە ژنان بکات و ئەمنییەتیان دەبین بکات. لەم گردبوونەوەدا کۆمەڵێک خواستی دیکەیش هێنرانە ئاراوە و ئەمەی کە دەستدرێژیکارەکە، واتە گۆران قادری دەبێت دەستگیر و دادگایی بکرێت و سزا بدرێت و وەک جارەکانی پێشتر بە هۆی دەسەڵاتێکەوە کە هەیەتی نەگەڕێتەوە بۆ ناو کۆمەڵگا."
وڵامی بەرپرسانی دادوەریی مەریوان بە داخوازییەکانی ژنان چی بووە؟
لەو ڤیدیۆیانەی کە گردبوونەوەی چالاکانی مافەکانی ژنان لە بەرامبەر بینای دەزگای دادی شاری مەریوان بڵاو کراونەتەوە، دەوری بیست ژن دەبینرێن. لە ناویاندا چەند پیاویش ئامادەن. پلاکارد و درووشمەکانیان ڕوون و ئاشکرایە؛ بەڵام ئەوان تەنیا نین. کەسێک وڵامی ناڕازیان ناداتەوە.
ژیلا موستەئجێر دەڵێت: "هیچ کام لە بەرپرسانی دادوەری لە بیناکە ناهاتوونەتە دەرەوە کە لانیکەم بپرسن ئێوە چیتان دەوێت. ناڕازیان دوای تەواو بوونی کاتی ئیداری و دەربڕینی داخوازییەکانیان شوێنەکەیان بەجێ هێشتووە. دەسبەجێ دوای بەجێهێشتنی شوێنەکە لە لایەن ناڕازییانەوە، داواکاری گشتی و شۆڕشی شاری مەریوان بۆخۆی ڕاگەیاندنێک بڵاو دەکاتەوە و بە فەرمی ڕاگەیاند کە دوو کاتژمێر دوای ئەم کارەساتە دەستدرێژیکارەکەیان دەستگیر کردووە. ئەم بەڵێنەیشیان بە هاوڵاتیان داوە کە لە "چوارچێوەی یاسادا سزایەکی بەرچاو" بۆ ئەو کەسە دیاری دەکرێت."
ژنانی کورد و ئەزموونی هەڵاواردنی دووئەوەندە
ژیلا موستەئجێر بە ئاماژەدان بەوەی کە تووندوتیژی بە دژی ژنان پرسێکی گشتگیرە، بەڵام سەرباری گرینگیی کارامە بوونی یاساکان بۆ پێشگرتن یان کەم کردنەوەی ئاستی تووندوتیژی لە کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکاندا دەڵێت: "کووشتنی نامووسی، خۆکوژی و منداڵهاوسەری لە شوێنگەلێکی جۆراوجۆری جیهاندا ڕوو دەدەن؛ بەڵام جیاوازییەکە لە شێوازی ڕووبەڕوو بوونەوەی یاسا و یاسادانەر لەگەڵ ئەم دیاردانەدایە. لە ئێراندا یاسادانەرەکە بۆخۆی بە شێوەی سیستماتیک خەریکی سەرکوتی ژنانە وەک نیوەی کۆمەڵگا و پەراوێزخستنی خواستەکان و دابەزاندنی داخوازییەکانیان."
ژیلا موستەئجێر دەپەرژێتەسەر پرسی ژنان لە پەراوێزەکان و هەڵاواردنە دووئەوەندەکان بە دژیان و دەڵێت: "دۆخی ژنان لە هەندێک پارێزگای وەک کوردستان، کرماشان و هەندێک بەشی ئازەربایجانی ڕۆژاوایش گەیشتۆتە ئاستێکی کارەساتبار. ئێمە لەم ناوچانەدا تەنانەت یەک ماڵی ئەمینی چالاکمان بۆ بەرگری و پشتیوانی کردن لە ژنانی ئازاردیتوو نییە. هەر لەبەم ئەمە، دۆخەکە لەگەڵ دۆخی ناوەنددا بەراورد ناکرێت. هەرچەند من هەندێک پێشکەوتنی زۆر لە ناوچە کوردنشینەکان دەبینم. ژنان بە شێوەیەکی چالاک و خۆڕسک لە هەموو ناڕەزایەتییەکاندا یارمەتیی یەکتر دەکەن. ئێمە تەنانەت بەبێ پشتیوانیی حکوومەتی ناوەندی توانیومانە کۆمەڵێک یەکێتی و ئەنجومەن بۆ تواناسازیی ژنان لەم پارێزگایانەدا ساز بکەین و ئەمە بۆتە ڕاهێنانێک بۆ ئەوەی لانیکەم ئاستی وشیاری بەرز ببێتەوە."
بەڵام بە بڕوای ژیلا موستەئجیر ڕێگای بزووتنەوەی ژنان لە کوردستاندا ڕوونە: "بڕوا بکەن یا نا من وەک چالاکێکی مافەکانی ژنان، لە ژنانی کوردەوە فێر دەبم. بزووتنەوەی ژنان لەم ناوچەدا پێشڕەوە. ئێمە کۆمەڵێک یەکێتیی ژنانمان هەیە کە حەفتا ساڵ لە دامەزراندنی تێپەڕ دەبێت. خەباتی مەدەنیی لە کوردستان بەشێکی بەرچاوی لەسەر شانی ژنانە؛ خەباتی سیاسیش هەروەها. ژمارەیەک لە ژنانی چالاکی مەدەنی و سیاسی لە کوردستان وەک خاتوو زارا موحەمەدی، زۆر بوێرانە هەوڵیان داوە بۆ ئەوەی بتوانن بە کچان و ژنانیتر وشیاری ببەخشن. من ڕەوتی ڕوو لە گەشەی ئەم بزووتنەوە و داخوازییەکانی گەشبینم. سەرکوتێک کە لە لایەن حاکمییەتەوە بەسەر کۆمەڵگای ژنان لە هەموو ئێران و لە ناوچە پراوێزخراوەکان بە شێوەری دوو ئەوەندە دادەسەپێنرێت، ئەم ڕەوتە خێراتر دەکاتەوە."
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە