بە دوای بانگەوازی جەماوەری بۆ مانگرتن و ناڕەزایەتییە هاوکاتەکان لە سەرتاسەری ئێراندا، سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ، شازدەی ڕەزبەری ١٤٠١، جگە لە مانگرتنی بەرین لە شارەکانی سنە، مەهاباد، کرماشان، جوانڕۆ، مەریوان، سەقز، بۆکان، بانە، مەریوان و دیواندرە؛ شەقامەکان و گەڕەکەکانی هەر دوو شاری سنە و سەقز بوونەتە مەیدانی ڕووبەڕوو بوونەوە و بەرامبەرکێی ناڕازیان لەگەڵ چەکدارەکانی حکوومەت.
***
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی لە سنەوە بە دەست "ئێرانوایەر" گەیشتوون، هێزە چەکدارە حکوومەتییەکان دەسبەجێ دوای دەست پێکردنی ناڕەزایەتییەکان، خۆپیشاندەرانیان داوەتە بەر دەستڕێژی گازی فرمێسکڕێژ و فیشە ساچمەییەکان. لە هەندێک نموونەیشدا هێزە چەکدارەکان و لیباس شەخسییەکان تەنانەت فیشەکی جەنگیان بەرامبەر خۆپیشاندەران و ناڕازیان بەکار هێناوە.
سەرچاوەکانی ئێرانوایەر لە سنە، دۆخی هەنووکەیی ئەم شارە بە دۆخی "جەنگی" دەشوبهێنن.
ڕاپۆرتەکان باس لە کوژرانی چەند ناڕازی و بریندار بوونی چەندین کەس لە خۆپیشاندەران و ناڕازیان دەکەن بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی چەکدارە حکوومەتییەکانەوە بە تایبەت هێزە لیباس شەخسییەکان.
سەرچاوە خۆجییەکان لە وتووێژ لەگەڵ ئێرانوایەردا باس لەوە دەکەن کە سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ هاوڵاتییەکانی خەڵکی سنە لە شەقامی شەشوم بەهمندا تەنیا بە هۆی هۆڕن لێدانی بەردەوامەوە بۆ پشتیوانی لە ناڕازیان، هاوڵاتییەکی ناڕازیی خەڵکی ئەم شارە لەسەیارەکەی خۆیدا کراوەتە ئامانجی قفیشەکی جەنگیی هێزە ئەمنییەتییەکان و دەسبەجێ گیان لە دەست داوه.
بە گوتەی یەکێک لە سەرچاوە خۆجێییەکان، خۆپیشاندەران و ناڕازیانی سنەیی دەوری کاتژمێر ١٠ی بەیانی هاوتەریب لەگەڵ مانگرتنە سەراسەرییەکەی بازاڕیانی ئەم شارەدا، ناڕەزایەتییەکانی خۆیان لە گەڕەکەکان و ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئەم شارەدا دەست پێکردووە.
ئەم سەرچاوە دەڵێت: "شەقامی شەشوم بەهمەن، خیابانی وەکیل، گەڕەکی شەریفاوا، سەفەری، غەفوور،، فیردەوسی، حەسەناوا، و مەیدانی مادەر بە شێوەیەکی خێرا بۆتە مەیدانی خۆپیشاندەران و جەماوەری خەڵک و تەنانەت جادەی سەرەکیی سنە بەرەو مەریوانیش لە لایەن ناڕازیانەوە داخراوە."
بە گوتەی شایەتحاڵێک لە سنە، سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ لە مەیدانی ئێقباڵدا بە هۆی تەقەی فیشەکە ساچمەییەکانەوە ژمارەیەک لە ناڕازیان لەوانە ژنێکی تەمندار بە تووندی بریندار بووە.
بە گوتەی سەرچاوە خۆجێییەکان، بە هۆی پەلاماردانی بێبەزییانەی هێزەکانی یەگان ویژەوە، خۆپیشاندەران بەرامبەریان خۆڕاگریان کردووە و دەستیان لێ کردوونەتەوە.
ئەو هەر لەم بارەوە به ئێرانوایەری وت خۆپیشاندەران لە هەندێک ناوچەی سنەدا لە ڕێگەی بەکارهێنانی مافی بەرگریی ڕەواوە، لە وڵامدانەوە بە دەستوەشاندن و هەڵسوکەوتی بێبەزیانەی هێزەکانی یەگان ویژه و لیباس شەخسییەکانەوە، ڕووبەڕوویان بوونەتەوە و نەک هەر لێیان داون، بەڵکوو ئێلەکە دژە فیشەک، کڵاو، قەڵغان و باتووم و چەکە ساچمەییەکانی هەندێک لەو هێزانەیان لێ گرتوون.
بە گوتەی ئەم شایەتحاڵە، خۆپیشاندەران دوای ڕاونانی هێزەکانی یەگان ویژه، چەک، ئێلەکە دژی فیشەکەکان، كلاو و باتوومە گیراوەکانی ئەم هێزانەیان ئاگر داوە.
🎥هاوڵاتیانی ناڕازی لە شاری #سنە دەست بەسەر چەک و تەقەمەنی یەکە تایبەتەکانی پۆلیسدا دەگرن و ئاگری دەدەن.#مهسا_امینی #کوردستان pic.twitter.com/zoa9JqGI3K
— ئێران وایەر (@kurdishiranwire) October 8, 2022
بە گوتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، لە کاتی ڕووبەڕوو بوونەوەی خۆپیشاندەران لەگەڵ هێزە چەکدارە حکوومەتییەکاندا، دەوترێت یەکێک لە هێزەکانی یەگان ویژەیش لە کاتی تێکهەڵچوونەکاندا کوژرا بێت بەڵام ئێرانوایەر هێشتا ناتوانێت ئەم هەواڵە پشتڕاست بکاتەوە.
بە گوتەی یەکێکیتر لە سەرچاوەکانی ئێرانوایەر لە شاری سنە، قوتابیان لە زۆربەی قوتابخانە کچانەکانی سنەدا، درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و "مەرگ بۆ دیکاتۆر"یان وتوەتەوە و پەیوەست بوون بە ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانەوە.
لێدان لە قوتابیان لە لایەن هێزە لیباس شەخسییەکانەوە لە سەقز
زنجیرە ڕاپۆرتە بەردەوامەکان لە دۆخی ئێستای شاری سەقز، زێدی "مەهسا ئەمینی"، باس لە کەشی هەرە تووندی ئەمنییەتی و هەڵسوکەوتی بێبەزیانەکانی هێزەکانی یەگان ویژه و لیباس شەخسییەکان بەرامبەر خۆپیشاندەران لەم شارەدا دەکەن.
سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ قوتابیانی قوتابخانەی کچانەی "عیسمەت"، لە شەقامی ئیمام (گەڕەکی شارەبانی)ی ئەم شارە دوای وتنەوەی درووشمی مەرگ بۆ خامنەیی لە حەساری قوتابخانەکە چوونەتە دەرەوە و بە مستە گڕێکردوەکانیان بەرەو سێڕیانی "مزگەوتی جامێعا"، ناوەندی شار، ڕێپێوانیان کردووە و به هۆڕنی بەردەوامی سەیارەی ڕێبواراندا پاڵپشتییەکی بەرینیان لێ کراوە.
🎥دانشآموزان دختر معترض یکی از مدارس در شهرستان #سقز، زادگاه مهسا امینی، با سر دادن شعار اعترضات خود را آغاز کردند.#اعتصابات_سراسری #مهسا_امینی #اعتراضات_سراس pic.twitter.com/2U0kl3NKPd
— ایران وایر (@iranwire) October 8, 2022
شایەتحاڵێکی خەڵکی سەقز، هەر لەم بارەوە بە ئێرانوایەر دەڵێت هێزەکانی یەگان ویژه بە تایبەت هێزە لیباس شەخسییەکان هێرشیان کردۆتە سەریان و بە شێوەیەکی بێبەزیانە و دڵڕەقانە جگە لە باقیی خۆپیشاندەران بە باتۆم لێیان داون.
ئەو هەروەها بە ئاماژەدا بە ڕادەی هەڵسوکەوتی تووند و دڵڕەقانەی هێزە لیباس شەخسییەکان بە بەراورد لەگەڵ هێزەکانی یەگان ویژه بە دژی قوتابیان بە ئێرانوایەر دەڵێت: "هێرشی هێزە لیباس شەخسییەکان بۆ سەر خۆپیشاندەران بە تایبەت لێدان لە قوتابیانی قوتابخانەی عیسمەت ئەوەندە دڵڕەقانە و بێبەزیانە بووە کە تەنانەت بەراورد ناکرێت لەگەڵ شێوازی هەڵسوکەوتی هێزەکانی یەگان ویژە لەگەڵ باقیی خۆپیشندەراندا."
ئەم سەرچاوە هەروەها زیادی کرد، لە شاری سەقز گەڕەکەکان و شەقامەکانی وەک سێڕیانی نەشمیلان، سێ ڕیانی مزگەوتی جامێعا، شارەبانی، کەریماوا، شەقامی موعەلیم، شەقامی شوهەدا، مەیدانی ئیستقلال، شەقامەکانی ئیمام و جومهووری و بۆلڤاری کوردستان، مەیدانی سەرەکیی ناڕەزایەتییەکان و داخستنی ڕێگاکان بووە لە لایەن خەڵکی ناڕازییە بە درووشمی مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی.
بە گوتەی ئەم شایەتحاڵە، دوای تەقەی بەردەوامی هێزەکانی یەگان ویژه بە گازی فرمێسکڕێژ و فیشەکە ساچمەییەکان بەرەو خۆپیشاندەران، باس لەوە دەکرێت دوو کەس کوژراون و ژمارەیەکیش بریندار بوون.
ئەو هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە هێزە لیباس شەخسییەکان، چوونەتە سەر زۆربەی دەرمانگا و بنکە پزیشکییەکانی ئەم شارە و داوایان لە بەرپرسانی ئەم بنکانە کردووە تا کاتی نادیار بنکە پزیشکییەکانیان دابخەن.
بە گوتەی یەکێکیتر لە شایەتحاڵەکان لە شاری سەقز، سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ ناوچەی "شەهرەک دانشگا" لە شاری سەقز، بە تایبەت ماڵی شەخسیی باوکی مەهسا ئەمینییان لەم شارەدا، پڕ کردووە لە هێژەکانی یەگان ویژه و لیباس شەخسییەکان.
ئەو دەڵێت، دەتوانین بڵێین ماڵی "ئەمجەد ئەمینی"، باوکی مەهسا ئەمینی، لە لایەن هێزە ئەمنییەتی و لیباس شەخسییەکانەوە گەمارۆ دراوە.
مانگرتنی بازاڕییەکان و دەستگیر کردنی چالاکانی پیشەیی مامۆستایان لە مەریوان
سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ جگە لە پەیوەست بوونی بازاڕیانی شاری مەریوانیش بە مانگرتنە سەراسەرییەکانەوە لە هەموو شارەکانی ئێران، هێزەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان دوای هێرش کردنە سەر ماڵی چالاکانی پیشەیی مامۆستایان لەم شارەدا، "ئەسکەندەر لوتفی"، وتەبێژی شورای هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایان و لە ماڵەکەی خۆیدا دەستگیر یان کردووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.
ئەمە لە حاڵێک دایە کە کاتژمێرێک دوای دەستگیر کردنی ئەسکەندەر لوتفی، "مەسعود نیکخا"، ئەندامی شورای هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان - مەریوانیان دوای بانگهێشت کردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان دەستگیر کردووە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی مەریوان لە پێوەندیدا بە دەستگیر کردنی چالاکوانانی پیشەیی لە مەریوان بە ئێرانوایەر دەڵێت، هێزە ئەمنییەتییەکانی مەریوان سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ جگە لە دەستگیر کردنی ئەسکەندەر لوتفی و مەسعود نیکخا، هێرشیان کردۆتە سەر ماڵی "شەعبان محەمەدی"، چالاکی ناسراوی پیشەیی خەڵکی مەریوان و ئەندامی شوورای هەماهەنگی و بە نیاز بوون دەستگیری بکەن بەڵام چونکە لە ماڵەوە نەبووە نەیانتوانیوە دەستگیری بکەن.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە