close button
دەتەوێت بچیتە ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە؟
وادیارە بۆ دانانی ئەم لاپەڕەیە کێشەیەک هاتۆتە ئاراوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بچۆ ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە
ڕاپۆرت

دەرەنجامەکانی چەند توێژینەوەی فەرمی دەربارەی کاریگەریی ئەمریکا و گەمارۆکان لەسەر ناڕەزایەتییەکانی خەڵک

۱۴ ڕەشەمەی ۱۴۰۱
بهنام قلی‌پور
خوێندنەوەی وتارە لە ۴ خولەکدا
دەرەنجامەکانی چەند توێژینەوەی فەرمی دەربارەی کاریگەریی ئەمریکا و گەمارۆکان لەسەر ناڕەزایەتییەکانی خەڵک

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە مێژ ساڵە کە "دوژمنان" وەک بەرپرسان و هۆکارەکانی زۆربەی شکستەکان و ناکارامەییەکان و کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵگای ئێران و جۆرەی حوکمڕانیی خۆیان پێناسە دەکەن و هەوڵ دەدەن هەموو کێشە و کەمایەسییەکانی چل ساڵی ڕابردوو گرێ بدەن بە شوێنێک لە دەرەوەی بازنەی بڕیاردان و داڕشتنی سیاسەتەکانی خۆیانەوە.

ئەوان قسە لە "پیلان"، "پلاندانان" و "کاری تێکدەرانە"، تەنانەت "گەمارۆکان"، ئەویش بە شێوەیەکی گشتی و لێڵ وەک کۆمەڵێک هۆکار دەکەن و دەڵێن ئەم هۆکارانە سەرچاوەی هەموو کێشەکانن لە ئێران‌دا بەڵام قسە لەسەر ڕەگەکان و بەستێنەکانی کاریگەری دانانی ئەم هەوڵانە ناکەن.

لەم ڕاپۆرتەدا، کورتەیەکی چەند توێژینەوەی فەرمی دەربارەی کاریگەرییەکانی گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران  دەخەینە ڕوو.

***

مانگی خەرمانانی ١٤٠١، لە گەرمەی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان لە ئێران‌دا، وەرزنامەی زانستیی "ستراتێژیی بەرگری" کە سەر بە "زانکۆی بەرگریی نەتەوەیی"ە، توێژینەوەیەکی لە ژێر ناوی "باس کردنی پێوەندیی هەڕەشەکانی ئەمریکا لەسەر ڕەهەندە کۆمەڵایەتی- سیاسییەکانی پێکهێنەری دەسەڵاتی نەتەوەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران" بڵاو کردەوە و هەوڵی دا وەک خۆی، بپەرژێتە سەر ئەو کۆمەڵە هەوڵانەی وڵاتە یەکگرتووەکان کە زیان بە فاکتەرەکانی دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامی دەگەیەنن.

ئەم توێژینەوە لە وتووێژ لەگەڵ ٢١ کارناس‌دا هەوڵی داوە نیشانی بدات کە کاریگەرترین و پەسیڤ‌ترین ڕەهەندە کۆمەڵایەتی- سیاسییەکانی دەسەڵاتی نەتەوەیی لە هەڕەشەکانی ئەمریکا کامانەن؟

لەم توێژینەوەدا، ڕیزی هەڕەشەکان لە پێنج بواری سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئەمنییەتی‌دا شێوەبەندیی کراوە بەڵام تەنیا پەرژاوەتە سەر هەڕەشە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر فاکتەرەکانی دەسەڵاتی نەتەوەیی.

لە سەتا ٧٢ی ئەو کارناسانەی لەم توێژینەوەدا بەشداریان کردووە، وتوویانە هەڕەشە کۆمەڵایەتییەکانی ئەمریکا زیاترین کاریگەریی لەسەر ١٢ فاکتەر لە کۆماری ئیسلامی‌دا داناوە کە گرینگ‌ترینیان، "سەقامگیریی سیاسی"، "پێوەندیی دەوڵەت- نەتەوە"، "خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی"، "ڕەزامەندیی گشتی" و "پەرەسەندنی سیاسی"یە.

"هیوای کۆمەڵایەتی"، "بەشداریی گشتی"، "بڕوابەخۆیی و عیزەتی نەتەوەیی"، "چۆنییەتیی ژیان"، "لایەنی نێونەتەوەیی"،  "متمانەی سیاسی" و "سەرمایەی مرۆیی" باقیی ئەو فاکتەرانەن کە لەم توێژینەوەدا قسەیان لەسەر کراوە و زیاترین کاریگەریان لەسەر هەڕەشە کۆمەڵایەتییەکانی ئەمریکا وەردەگرن.

ئەم توێژینەوە لە قۆناغی دواتردا بەو دەرەنجامە گەیشتووە کە چوار فاکتەری پەسیڤ لە ناو ئەم ١٢ فاکتەرەدا، زیاتر کارگەریی وەردەگرن لەم هەڕەشانە کە "سەقامگیریی سیاسی"، "یەکێتیی نەتەوە و حکوومەت"، "خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی" و "ڕەزامەندیی گشتی" نموونەکانی ئەم کاریگەری وەرگرتنەن.

ئەم توێژینەوە لە کۆتایی‌دا پێشنیاری بە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کردووە دەبێت لەم فاکتەرانە زیاترین پشتیوانیان بکرێت و پتر  بپارێزرێن، چونکە هەر کامە لەمانە وەک خۆیان کاریگەریی نەرێنیی لەسەر دەسەڵاتی نەتەوەیی لە کۆماری ئیسلامی‌دا دادەنێن.

وەرزنامەی زانستیی "لێکۆڵینەوەی نێوان‌لقیی زانستی ستراتێژیک" یەکێکی دیکە لە بڵاڤۆکەکانی ئەم زانکۆ سەربازیەیە کە لە مانگی خەرمانانی ئەم ساڵ‌دا توێژینەوەیەکی بە ناوی "کاریگەرییەکانی گەمارۆ تاک‌لایەنەکان لەسەر پاراستنی ماڤەکانی مرۆڤ بە جەخت کردنەوە لەسەر گەمارۆکانی ئەمریکا بە دژی ئێران بڵاو کردۆتەوە.

ئەم توێژینەوەیش هاوتەریب لەگەڵ توێژینەوەکەی پێشوو و لە گۆشە نیگایەکی دیکەوە هەوڵی داوە نیشانی بدات: "دانانی گەمارۆ تاک‌لایەنەکانی ئەمریکا بە شێوەی گوشاری تەواوەتی لەسەر ئابووریی دەوڵەتانی ئامانج‌کراوی گەمارۆکان، بە تایبەت ئێران لە ساڵەکانی دوایی‌دا، ئەنجامەکەی پێشێل کردنی بەرینی هەموو بەڵێنە مافی مرۆییەکانی وڵاتانی بە ئامانج‌کراو، بە تایبەت ئێران سەبارەت بە دانیشتوانەکەی بووە."

ئەم توێژینەوەیە لە دانپێدانانێکی مانادار و کەم وێنەدا نووسیویەتی گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر کارکردی دەوڵەتان کاریگەریی نەرێنیی داناوە و بۆتە هۆی ئەوەی ئەوان نەتوانن ئەرکەکانی خۆیان بە باشی ڕابپەڕێنن.

لە توێژینەوەدا هەروەها هاتووە بە دوای ئەم گەمارۆیانەدا، دەوڵەتانی بە ئامانج‌کراو هەندێک جار لە ڕێگەی ناکارامەیی و کەمتەرخەمی بەرامبەر بونیادەکان و یاساکانی خۆیان لە دۆخی گەمارۆدان‌دا، دەبنە هۆی تووند بوونەوەی کاریگەرییەکانی گەمارۆکان لەسەر وڵاتەکانی خۆیان.

هەروەها پیشنیاری کردووە کە بۆ پووچەڵ کردنەوەی کاریگەریی گەمارۆکان ئەمریکا لەسەر کارکردی سیستم و دەوڵەتەکانی کۆماری ئیسلامی، پێویستە لە ڕەهەندی ناوخۆییەوە بە نیسبەت پێداچوونەوە و چاکسازیی لەو یاسا ناوخۆیانەی کە بە جۆرێک کاریگەرییەکانی گەمارۆکان تووند دەکەنەوە، بەپێی دۆخی گەمارۆکان کار بکات و ئەگەر پێویست بوو، یاسای نوێ دابنێت.

دەنگۆی بەڕێوەبردنی ئەم پێشنیارە لە مانگەکانی ڕابردوویش‌دا لە کۆڕ و کۆمەڵە سیاسییەکانی ناوخۆی ئێران‌دا دەبیسترا کە بڕیارە دەرەنجامەکەی گۆڕانی سیاسەتی حوکمڕانی لە هەندێک لە بەشەکان‌دا بێت کە ڕەنگە "عەلی خامنەیی"یش ڕازی بێت لەسەر ئەنجامدانی.

وەرزنامەی ستراتێژیکی زانکۆی بەرگریی نەتەوەیی هەروەها لە زستانی ساڵی ڕابردوودا توێژینەوەیەکی لە ژێر ناوی "سەرچەشنی ئەمریکا لە جەنگی خەڵک بە دژی کۆماری ئیسلامی" بڵاو کردەوە و تێی‌دا هەوڵی دابوو وڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە کە ئەمریکا بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی چۆن کاریگەریی لەسەر خەڵک دادەنێت.

لە توێژینەوەدا، کۆمەڵێک لە کارناسانی پۆلیس، وەزارەتی بەرگری و ڕێکخراوی پەدافەندی غەیرەعامڵ بەشداریان تێدا کرد کە "بڕیارگەی جەنگی نەرم"ی سپا و ناوەندی توێژینەوەکانی ئەرتەشیش دانیان بە ڕاستیی دەرەنجامەکانی وتەکانی کارناسان‌دا نابوو.

قسەی سەرەکیی ئەم توێژینەوەیە و کارناسان و ناوەندە بەشدار بووەکان لەم توێژینەوەدا ئەمەیە کە ئەمریکا بکەرە چالاکەکان (هاودەنگیی نوخبەکان لەگەڵ ڕۆژاوا، هەژموونی ڕۆژاواخوازەکان لەسەر بنەڕەتەکانی دەسەڵات و بەردەوامیی گەمارۆکان) و بکەرانی هۆکارەکی (خەڵک وەک گرینگ‌ترین فاکتەری ئۆتۆریتی) بۆ جیا کردنەوەی خەڵک لە دەسەڵات بەکار دەهێنێت.

ئەم توێژینەوە دەڵێت ئەمریکا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی لە ستراتێژییەکانی "هەڵخراندنی هەستی پێویستیی گۆڕینی سیستم"، "ئاراستەکردنی خەڵک بەرەو ناڕەزایەتی"، "ئاراستە کردنی خەڵک بەرەو ستایلی ژیانی ڕۆژاوایی"، "دنەدانی ئێتنیکەکان و ئایینەکان" و "درووست کردنی شۆڕش" کەڵک وەردەگرێت.

دەرەنجامەکانی ئەم ستراتێژیانە بەو جۆرەی کە لەم توێژینەوەیش‌دا هاتوون بەریتین لە "دابەزینی ئاستی بەرگریی کۆمەڵگا"، "دابەزینی توانای ڕێکخستنی جەماوەریی دەسەڵات"، " گۆڕینی سیستمی ئایینی بۆ سیستسمێکی ناسیۆنالیستیی سێکۆلار" و "سڕینەوەی بەهاکان و نۆرمەکانی شۆڕشی ئیسلامی."

بەشێکی بەرچاوی ئەم دوو توێژینەوە دواییە بە ڕوونی دەری دەخات کە کۆماری ئیسلامی سەرەڕای بانگەشەکانی لەسەر دەسوەردانی بیانییەکان لە ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکانی ئێران، تا چ ئاستێک توخمەکان و فاکتەرەکانی دەسەڵاتی لە کۆمەڵگادا لە دەست داوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ و پتر لە جاران لاوازتر دەبێت.

دابەزینی دەسەڵاتی ڕێکخستنی جەماوەر، بێ ئاسۆیی بەرنامە شۆڕشگێڕانەکان، گومان و دڕدۆنگی لە ناو لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی و هەڵوەرینی لایەنگرانی لە ناو دەسەڵات و دەوڵەت لەو گۆڕانە نەرێنی و ڕوونانەن کە کۆماری ئیسلامی موبتەلایەتی و ڕێگایەکیشی بۆ دەرباز بوون لەم گێژاوە خۆکردە نییە.

از بخش پاسخگویی دیدن کنید

در این بخش ایران وایر می‌توانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راه‌اندازی کنید

صفحه پاسخگویی

تێبینییەکەت بنووسە

هەواڵ

گرۆسی لە تاران: بانگەشەی دەسوەردان لە کاروباری ئاژانس‌ تووڕەم دەکات

۱۳ ڕەشەمەی ۱۴۰۱
خوێندنەوەی وتارە لە ۲ خولەکدا
گرۆسی لە تاران: بانگەشەی دەسوەردان لە کاروباری ئاژانس‌ تووڕەم دەکات