کاتێک باس لە جینایەت دژی مرۆڤایەتی دەکەین، ڕەنگە وێنەیەک لە بووسنیا و هێرزێگۆڤینیا لە کاتی جەنگەکانی دوای داڕمانی یۆگۆسلاڤیای پێشوو بهێنێتە پێش چاومان، یاخود بیرهێنەرەوەی جینایەتیەکانی حکوومەتی "بەشار ئەسەد" لە سووریا یان جینایەتەکانی گرووپی ناسراو بە دەوڵەتی ئیسلامی یان داعش لە عێراق و دراوسێ ڕۆژاواییەکەی بێت. بەڵام جینایەت دژی مرۆڤایەتی کورت ناکرێتەوە بۆ ئەم نموونانە. تۆخمە پێکهێنەرەکانی جینایەت دژی مرۆڤایەتی چین و ئایا لە ئێرانیشدا ڕووی داوە؟
***
جینایەت دژی مرۆڤایەتی لە ڕیزی گەورەترین ئەو جینایەتانە دایە کە بە هۆی ئەو کاریگەرییە تێکدەرانەوە کە لەسەر مرۆڤ دایدەنێت، ئەو دەرفەتە هەیە کە لە ڕووی نێونەتەوەییەوە بەدواداچوون بۆ بکەرەکانی بکرێت و هیچکات تێپەڕىوونی کاتیش نایانگرێتەوە.
تاوانە نێونەتەوەییەکان واتە ئەو تاوانانەی کە ویژدانی مرۆڤ بریندار دەکات و دەربارەی بەدواهاتەکانی نیگەرانیی جیهانیی هەیە. ڕێک وەک ئەو شتەی دوای داڕمانی یووگوسلاڤیای پێشوو لە ناوچەی باڵکاندا ڕوویدا و لە ساڵەکانی دواییدا لە لایەن داعش و حکوومەتی بەشار ئەسەد لە سووریا و هەڵبەت لە هەندێک بەشی عێراقدا ڕوویدا.
کاتێک لێکۆڵینەوە لە جینایەتە جەنگییەکانی هێزە سەربازییەکان دوای جەنگی جیهانیی دووهەم دەکرا، دەرکەوت کە کەلێنێکی جیدیی مافەکی بۆ قەرەبوو کردنەوەی ئەو تاوانانەی کە بە دژی خەڵکی مەدەنی کرا بوونی هەیە.
جینایەتی جەنگی، پێوەندیی هەیە بەو کۆمەڵەوە تاوانانەوە کە لە لایەن هێزە سەربازییەکانەوە بە دژی هێزە سەربازییەکان یان لە لایەن هێزە سەربازییەکانەوە بە دژی خەڵکی مەدەنی لە کاتی تێکهەڵچوونی چەکداریدا ڕوو دەدەن. یاسا نێونەتەوەییەکان تا ماوەیەک دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی دووهەم دەربارەی ئەو جینایەتانەی کە لە لایەن هێزە سەربازییەکانەوە بە دژی خەڵکی مەدەنی لە کاتی ئاشتیدا دادەسەپێندرێت، سیستماتیک نەکرابووەوە؛ بەڵام وردە وردە چەمکی جینایەت بە دژی مرۆڤایەتی تەواو و کامڵ بوو و پەرەی سەند.
بەپێی پێناسەیەک کە بەڵگەنامەکانی ڕۆم، دامەزرێنەری "دیوانی سزادانی نێونەتەوەیی" بە دەستییەوە داوە و کۆماری ئیسلامیش واژۆی کردووە، چوار تاوان هاوکات لەگەڵ جینایەت بە دژی مرۆڤایەتی، دەچێتە خانەی جینایەتە نێونەتەوەییەکانەوە: "جینایەتی ژینۆساید، جینایەتی دەستدرێژیی، سەربازی و جینایەتی جەنگی."
وەستانەوە بەرامبەر ئەم تاوانانە وەک یاسا سەلمێنراوەکان لە مافە نێونەتەوەییەکاندا ناسراوە، واتە لە سەرووی ڕێسا و نۆرمە نێوەنەتەوەییەکانەوەیە. چ دەوڵەتێک بە شێوەی بەڵێنی نووسراوە، ڕێز لێ گرتن و پابەندیی پێی قبووڵی کردبێت، چ هیچ بەڵگەیەکی پابەند کراوی لەم بارەوە واژۆ نەکردبێت، بە تەعبیرێکی دیکە، یاسا سەلمێنراوەکان بە هیچ جۆرێک لە لایەن هیچ دەوڵەتێکەوە ناکرێت وەلا بخرێت.
هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە حکوومەتێک بە هۆی کردەوە جینایەتکارانەکەی خۆیەوە ناتوانێت بیانوو و عوزر بهێنێتەوە، یان ئەگەر هۆکارێکیش بهێنێتە ئاراوە، هەر وەک حکوومەتەکەی ئەسەد لە سووریا یان پووتین بە هۆی دەستدرێژیی سەربازییەوە بۆسەر ئۆکراین، وەها عوزر و باینوویەک قبووڵ کراو نییە.
جینایەت بە دژی مرۆڤایەتی هەر وەک سێ جینایەتە نێوەنەتەوەییەکەی دیکە، پیشێل کردنی بەها هاوبەشە مرۆییەکانن و هەموو دەوڵەتان و حکوومەتەکان لەوانە کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی پابەند و بەڵێندەرن.
بەرپرسانی یەکەمی حکوومەت، فەرماندە باڵا سەربازییەکان و بەڕێوەبەرانی باڵای سیاسی لە هەمبەر ئەنجام دانی وەها تاوانگەلێک پارێزبەندیی دەوڵەتی و سیاسیان نییە و لە هەمبەر ئەم جینایەتەیشدا "تێپەڕ بوونی کات" لە ئارادا نییە. واتە ئەنجام دانی جینایەت بە دژی مرۆڤایەتی، تێپەڕ بوونی کات نایگرێتەوە و هەر کاتێک کە پێویستییەکانی فەراهەم کرا، دەشێت بەدواداچوونی بۆ بکرێت، هەر لەبەر ئەمەیە کە تا ئەم دواییانە فەرماندەکان و بڕیاردەرانی کوشتاری جووەکان یان هۆلۆکاست، هێشتا بەدواداچوونی یاساییان بۆ دەکرێت.
بەڵام ئێستا پرسیارەکە ئەمەیە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ٤٥ ساڵی تەمەنی خۆیدا و ئەو کردارە نایاسایی و سەرکێشیانەی کە کردوویەتی، جینایەتی بە دژی مرۆڤایەتی کردووە یان نا. بۆ لێکۆڵینەوە لەم بابەتە، سەرکوتی خوێناویی ناڕەزایەتییەکان تەنیا لە ماوەی خەرمانانی ١٤٠١ بکەینە پێوەر، هەر چەندە ئەمە، بە مانای وەلانان یان گرینگ نەبوونی هێج کامە لە جینایەتە ئەنجام دراوە پێشوەکان وەک لەسێدارەدانی خۆسەرانەکانی ساڵانی یەکەمی دامەزرادنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەوانە هاوینی ١٣٦٧، کارەساتەکانی ئابانی ١٣٩٨ و باقیی نموونە هاوشێوەکانی نییە.
تاوانەکان بە دژی مرۆڤایەتی کاتێک دەبنە بابەت کە لە بەستێنی هێرشێکی ڕێکخراو یان هێرشێکی بەرین کە لە درێژەی هێڵ و بۆچوون و سیاسەتی حکوومەتیدا ڕووی دابێت. ئەم تاوانانە دەتوانن لە کاتی ئاشتیدا ڕووی دابێت.
سەرکوتی خوێناویی ئەو ناڕەزایەتیانەی کە لە خەرمانانی ١٤٠١ لە ئێراندا دەستی پێکرد، بە تەواوی لە بەستێنی هێرشێکی ڕێکخراو و هەم هێرشێکی بەریندا بوو و لە هێڵ و بۆچوونی حکوومەتی و ئاراستەی بەرژەوەندییە سیاسییەکانی دەوڵەت بوو. هێزە چەکدارە حکوومەتییەکان لە یەکەم کاتژمێرەکانی ناڕەزایەتییەکانەوە کە لە ٢٥ی خەرمانەوە دەستی پێکرد، بە مەبەستی پێشگرتن لە بەرین بوونەوەی ناڕەزایەتییەکان، دەستیان دایە هێرشی ڕاستەوخۆ بە چەک و تەقە کردن لە خەڵک.
دەستگیرییە بەرین و نایاساییەکان، واتە بەبێ بڕیاری دادگا و تێپەڕ بوونی قۆناغە یاساییەکان، ئازار و ئەشکەنجەدانی دەستگیر کراوان لەوانە ئازاردانە جنسی و جەستەیی و ڕۆحییەکان، بە ئامانج گرتنی چاوی ناڕازیان لە شەقامەکانی ئێران، تەقەی ڕاستەوخۆ لە خەڵکی ناڕازیی کە تەنانەت بە شێوەی چالاکیش لە ناڕەزایەتییەکاندا بەشداریان نەکردبوو و لە کۆتاییدا دەرکردنی سزای لەسێدارەدانی دەستگیر کراوەکان و بەڕێوەبردنی لە دەرەوەی ڕێسا یاساییەکان، کۆی ئەمانە نیشانەکانی "هێرشی ڕێکخراو" و هاوکات "هێرشی بەرین"ن کە نییەت سیاسیی حکوومەت پێڕەوی کرد.
لێدوانەکانی بەرپرسانی باڵای حکوومەت لەوانە "عەلی خامنەیی" دەربارەی پێویستیی سەرکوت کردنی ناڕازیان و نادیدەگرتنیان، هەوڵی بەرینی نوێنەرانی مەجلیسی شورای ئیسلامی بۆ لەسێدارەدانی ناڕازیان و بەڕێوەچوونی دادگا نادادپەروەرانەکان بەبێ ڕەچاو کردنی ڕێساکانی دادگا و مافەکانی تۆمەتباران کە لانیکەم لە ئەنجامدانی ئەمەدا ٩ کەس لەسێدارە دران و جەخت کردنەوە لەسەر یەکەم کەسی حکوومەت، شێوەی ڕێکخراو و سیستماتیکی کردەوی حکوومەت نیشان دەدات.
لە پێناسەی جینایەت بە دژی مرۆڤایەتیدا، دەبێت بزانین کە مەبەست لە هێرشی دەوڵەتی، کرداری ڕووتی سەربازیی نییە، بەڵکوو کۆی ئەو ڕەفتارە تاوانکارانەیە کە سیاسەتی حکوومەت پێڕەوی دەکات، لە حاڵێکدا کە کردەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای دەست پێکردنی ناڕەزایەتییەکانی خەرمانانی ١٤٠١، هێرشی سەربازی، واتە بە ئامانج گرتنی خەڵکی مەدەنی بە چەکی جەنگی، بە بەردەوامی و بە زۆری و بە درێژایی مانگەکان بەردەوام بووە.
لێرەدا مەبەست لە ڕێکخراوەیی، تەنیا سیستەماتیک بوونی شێوازی سەرکوتی خوێناوی و کردارە نایاساییەکان نییە، بەڵکوو ئەم هێرشانە دەبێت پێڕەویی لە سەرچەشنێکی سیستماتیک و بەردەوام بکەن و ملکەچی شێوازێکی پێناسە کراو بێت کە لە کۆی کردەوەکانی دوای خەرمانانی ١٤٠١دا کۆماری ئیسلامی، ئەم ئەم ڕێکخراو بوونەی زەق و بەرچاوە.
بە ئامانج گرتنی خەڵکی بێ چەک بەڵام ناڕازیی لە شەقامەکان بە چەکی جەنگی نەک چەکی دژە شۆرش و تەقەی ڕاستەوخۆ لە سەر و خاڵە هەستیارەکانی جەستە و پاشان لە قۆناغەکانی دواتردا بە ئامانج گرتنی چاوی ناڕازیان و شێوازی دەستگیری و ئازاردانیان لە گرتووخانەکاندا، هەموو ئەم نیشانانە پێوەندیدارن بە ڕێکخراو بوونی ئەم ڕەفتارە و کردەوە تاوانکارانەوە. زۆر گرینگە کە بیرمان بێت ئەم شێوازی هەڵسوکەوتە لە ساڵانی ڕابردوویشدا لە لایەن حکوومەتەوە کراوە و مۆدێلی ڕەفتاری و سەرچەشنی سەرکوتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لێ هەڵدەهێنجرێت.
جینایەت بە دژی مرۆڤایەتی هەندێک جار دەتوانێت لە بەستێنێکدا ڕوو بدات کە کردەوی ڕێکخراوی حکوومەت بەرین نەبێت و قوربانییەکانیشی زۆر نەبن، لە حاڵێکدا کە کردەوە تاوانکارانەکانی خەرمانانی١٤٠١ بەملاوە، نیشانی دا کە دوای ئەم ڕێزە ڕەفتارانەی حکوومەت، قوربانییەکی زۆری هەبووە، بە جۆرێک کە زیاتر کە ٥٠٠ کوژراو بە هۆی سەرکوتەوە ناو و ناونیشانیان خراوەتە ڕوو کە بەشێکی بەرچاویان واتە نزیک ٧٠ کەسیان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوە بووە و بەپێی پێناسەی نێونەتەوەیی، بە منداڵ هەژمار دەکرێن.
لە شێوازی کارکردنی دەوڵەتی و سەرچەشنی ڕەفتاریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکاندا دیار و بەرچاوە کە ڕەفتارە تاوانکارانەکانی هێزە سەرکوتگەرەکان و فەرماندەکانیان بە مەبەستی جێبەجێ کردنی سیاسەتەکانی حکوومەت بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی خێرا و کاریگەری ناڕەزایەتییەکان بووە و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان لە ڕێگەی ئەنجام دانی ڕەفتارە تاوانکارانەکانی وەک کوشتن، دەستدرێژیی جنسی و سەقەت کردنی جەستەیی کە کوێر کردن دیارترینیانە، ئەنجام دراون.
هیچ کام لە ڕەفتارە تاوانکارنەکانی هێزە چەکدرەکانی حکوومەت لە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکاندا بە شێوەی پەرتەوازە نەبووە و بە جیا یاخود خۆسەرانە ئەنجام نەدراوە. نیشانەیەکی گرینگ کە لەم بوارەدا هەیە، وێکچوون و هاوشێوەیی زەق و بەرچاوی سەرچەشنی ڕەفتاریی سەرکوتە لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێراندا.
پاڵنەر و جێبەجێکاری سیاسەتی دەوڵەت لەم بوارەدا دەتوانین هەم لە شێوازی ڕەفتاری تاوانکارانەی هێزە سەربازییەکان دەربهاوێژین و هەم لە بێ دەنگیی حکوومەت بەرامبەر جینایەتە ئاشکراکان و ڕەفتارە تاوانکارانەکانیدا. بۆ نموونە، دەسدرێژیی جنسیی چەکدارە حکوومەتییەکان بۆ سەر ژنێکی دەستگیر کراو لە خیابان، هێچکات لە لایەن بەرپرسانی پێوەندیدارەوە بەدواداچوونی بۆ نەکرا و دەرەنجامەکەیشی بە خەڵک ڕانەگەیەندرا. ئەو هێزە سەربازیانەی کە وێنەکانیان لە کاتی تەقە کردنی راستەوخۆ لە هاوڵاتیان تۆمار کراون و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بوونەتەوە، هێچکات بەدواداچوونیان بۆ نەکرا، دەستگیر نەکران و لە دادگایەکی دادپەروەرانەدا دادگایی نەکران و سزا نەدران، تەنانەت لێکۆڵینەوەی لەسەر نەکرا کە دواتر خەڵکی لێ ئاگادار بکەنەوە.
ئەوەی تۆخمە پێکهێنەرەکانی تاوان بە دژی مرۆڤایەتییە، بەپێی پێناسەی بەڵگەنامەی دیوانی نێونەتەوەیی سزادان، کوشتن، کوشتار، دەرکردن و دوورخستنەوە، زیندانی و بێبەش کردنی فیزیکی لە ئازادی، ئەشکەنجە و سزادا جەستەییەکان، ڕووت کردنەوەی زۆرەملێ، شوێنکەوتن و ئازاردانی تاک و بنەماڵەکەی، بێسەروشوێن کردنی زۆرەملێ، هەڵاواردن و باقیی ڕەفتارە قێزەون و نامرۆڤانەکانە کە ویژدانی مرۆیی ئازار دەدات.
کاتێک ڕەفتارە نامرۆڤانەکانی جینایەت بە دژی مرۆڤایەتی پلەبەندیی دەکرێت دەرەنجامێکی دیاری کراوی هەبێت کە بریتییە کە ئازاربینینی قووڵ بۆ خەڵکی ناسەربازی و مەدەنی کە بەر هێرشی هێزە حکوومەتییەکان کەوتبێتن و لە دەرەنجامدا زیانێکی هەمیشەیی یان جیدی بەر تەندرووستیی جەستەیی یاخود دەروونیان کەوتبێت.
بۆ هەموو ئەو ڕەفتارانەی پێکهێنەری تاوانەکانن بە دژی مرۆڤایەتی لە خەرمانانی ١٤٠١ تا ئەمڕۆ، دەکرێت ڕیزێک نموونەی فراوان بخەینە ڕوو کە بەڵگەی سەلمێنەری ڕوودانی جینایەت بە دژی مرۆڤایەتین لە لایەن بەرپرسان و هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە. ئەم ڕەوتە تا ئێستایش بە هەمان سەرچەشنی پێشوی دەستگیری، دەرکردنی سزاکانی لەسێدارەدان، دادگا نادادپەروەرانەکان، بزرکردنی کەسەکان، سەرکوتی خوێناوی و بەکارهێنانی بێ مەرجی چەکە بکوژەکان و هەڵبەت پارێزبەندیی بکەران و بڕیاردەران و فەرماندەکان لە بەداواداچوونیان هێشتا هەر بەردەوامە.
بەم پێیە، لە وڵام بە پرسیارە سەرەکییەکەی ئەم نووسینە دەبێت بڵێین پێ دەچێت کە ئەوەی تەنیا و تەنیا دوای خەرمانانی ١٤٠١ لە ئێراندا ڕووی دا، لە ڕوانگەی سیستمی مافە نێونەتەوەییەکانی سزادانەوە، جینایەت بە دژی مرۆڤایەتییە و بەڵگەکان و بەڵگاندن و شایەتییە بەردەستەکان گومانی زۆر کەم لەم بارەوە دەهێڵنەوە.
دامەزراندنی کۆمیتەی ڕاستی دەرخەستنی سەربەخۆی نێونەتەوەیی لە لایەن شورای مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، ڕەوتێکە کە بۆ یەکەم جار چاوەڕێ دەکرێت سەرەتای سەلماندنی ڕوودانی جینایەت بە دژی مرۆڤایەتی لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاتی دامەزراندنییەوە تاکوو ئێستا، فەراهەم بکات.
تێبینییەکەت بنووسە