"خەڵاتی نۆبێلی ئاشتی" ساڵی ۲۰۲۳ (۱٤۰۲) بەخشرایە "نەرگس محەمەدی"، چالاکی مافی مرۆڤ و زیندانی سیاسی بەندکراو لە زیندانی "ئێڤین". ئەم خەڵاتە دووهەمین جارە لە مێژوودا دەبەخشرێتە ژنێکی ئێرانی و چالاکی مافی مرۆڤ.
لێژنەێ ئاشتی نۆبێل بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، نەرگس محەمەدیی بەهۆی خەباتی دژ بە سەرکوتی ژنان لە ئێران و خەبات بۆ پێشخستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی بۆ هەمووان بە شایستەی وەرگرتنی ئەو خەڵاتە زانی.
پەیامی لێژنەی نوبێلی کۆماری ئیسلامی: گوێ لە دەنگی خەڵک بگرن
ڕۆژی هەینێ ۱٤ی ڕەزبەری ۱٤۰۲، لێژنەی نوبێل لە وڵاتی نۆروێژ لە ڕاگەیەندراوێکدا بەخشینی ئەم خەڵاتە گرینگە جیهانیی و بەناوبانگەی بە نەرگس محەمەدی ڕاگەیاند: "ئەم خەڵاتە بەهۆی خەباتی دژ بە سەرکوتی ژنان لە ئێران و خەباتی بۆ پێشخستنی مافەکانی مرۆڤ و دەستەبەرکردنی ئازادی بۆ هەمووان دەبەخشرێتە نەرگس محەمەدی."
لێژنەی نۆبێلی ئاشتی ڕۆژی هەینی لە ڕاگەیەندراوەکەی خۆیدا نووسی کە دروشمی ناڕەزایەتییەکانی ئەم داوییانە لە ئێران، واتە ژن، ژیان، ئازادی، ڕێک دەرخەری فیداکاری و کاری نەرگس محەمەدییە.
"بریت ڕیس ئەندروسون"، سەرۆکی دەستەی لێژنەی نۆبێلی ئاشتیی نۆرڤێژ لە ئۆسلۆ سەبارەت بە وشەی "ژن" وتوویەتی: "[محەمەدی] بە دژی هەڵاواردن و چەوساندنەوەی سیستماتیکی ژنان خەبات دەکات."
هەروەها سەبارەت بە وشەی "ژیان" لەم ڕاگەیەندراوەدا نووسراوە کە نەرگس محەمەدی پشتیوانی لە خەباتی ژنان بۆ مافی ژیانێکی تەواو و شکۆمەندانە دەکات: "ئەم خەباتە لە سەراسەری ئێران ڕووبەڕووی ئازار، ئەشکەنجەدان، زیندان و تەنانەت مەرگ بۆتەوە."
کۆمیتەی نۆبێلی ئاشتی دەربارەی "ئازادی"ش نووسی: "ئەو بۆ ئازادیی ڕادەربڕین و مافی سەربەخۆیی و هەورەها بە دژی ئەو یاسایانە خەبات دەکات کە ژنان دوور لە بەرچاو بوون و داپۆشینی جەستەیان پابەند دەکات. داخوازیی ئازادیی ڕادەبڕین لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە، نەک هەر سەبارەت بە ژنان بەڵکوو بۆ هەموو خەڵکی ئێرانە."
ریس ئەندرسۆن زیادی کرد: "ئێستا کە من قسە دەکەم، خاتوو محەمەدی هێشتا هەر لە زیندانە."
نەرگس موحەمەدی لەسەر یەک ١٣ جار دەستگیر کراوە و پێنج جار بە تاوانبار ناسێندراوە و لەسەر یەک بە ٣١ ساڵ زیندان و ١٥٤ لێدانی قامچی مەحکووم کراوە. ئەو وتوویەتی کە هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەستگیر کردن و بەندکردنیدا، ژنانیان ئازاری و ئەشکەنجەی جەستەیی و جێندەریی دەدەن؛ دۆخێک کە خاتوو محەمەدی ڕاستەوخۆ خستۆتە بەرامبەر دڵڕەقیی حکوومەتێکی سەکوتگەرەوە بەڵام نەیتوانیوە دەنگی دادپەروەرییەکەی کپ بکات.
لە ڕاگەیەندراوەکەی کۆمیتەی ئاشتیی نۆبێل لە پێوەندیدا بە نەرگس موحەمەدییەوە هاتووە: "خەباتی بوێرانەی تێکەڵە بەو تێچووەیەکی زۆری شەخسییەوە."
نەرگس موحەمەدی لەم ساڵانەی دواییدا دەرفەتی ئەوەی نەبووە لەگەڵ بنەماڵەکەیدا بچێتەوە دەرەوەی وڵات و لەگەڵیاندا بژی.
"تەقی ڕەحمانی"، هاوسەری نەرگس موحەمەدی زیاتر لە هەشت جار دەستگیر کراوە و نیوەی تەمەنی خۆی لە زینداندا تێپەڕ کردووە، مانگی ڕێبەندانی ١٣٩٠ لە ئێران ڕۆیشتە دەرەوە. دوای تێپەڕبوونی چەند ساڵ، بە هۆی سزادانی نەرگس محەمەدییەوە بە زیندان، منداڵەکانیشی ئێرانیان بەجێ هێشت و پەیوەست بوون بە باوکیانەوە. نەرگس موحەمەدی بەردەوام بە درێژایی دەستگیر کردن و زیندانی کردنەکانییەوە لە مافی پێوەندیی گرتنی لەگەڵ منداڵەکانیشی بێ بەش کرابوو.
سەرۆکی دەستەی نۆرڤێژیی کۆمیتەی نۆبێلی ئاشتی لە ئۆسلۆ لە کۆتایی قسەکانیدا وڵامی پرسیارێکی لە پێوەندیدا بە هۆکاری پێدانی ئەم خەڵاتە بە هاوڵاتییەکی ئێرانی دایەوە، پەیامی ئەم خەڵاتبەخشینەی نۆبێلی ئاشتی بە حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمەیە کە گوێ لە دەنگی خەڵکەکەی بگرێت: "کۆمەڵگایەکی سەقامگیر، کۆمەڵگای مەدەنی پێویستی بە ڕێزگرتن لە مافی یەک بە یەکی خەڵکەکەی هەیە."
ریس ئەندرسۆن لە کۆتاییدا هیوای خواست کە نەرگس موحەمەدی ئازاد بکرێت و بتوانێت لە ڕێوڕەسمی وەرگرتنی خەڵاتەکەیدا کە چەند مانگی دیکە بەڕێوە دەچێت، بەشداریی بکات.
نەرگس موحەمەدی لە ڕاگەیەندراوەکەیدا کە ڕۆژی هەینی لە ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز و دوای ڕاگەیاندنی ناوەکەی وەک براوەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل بڵاو کرایەوە، ڕایگەیاند وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل وا دەکات لە ڕێگای بەرەوڕوویدا "پتەوتر و بە ئیرادەتر" هەنگاو هەڵبگرێت.
ئەم چالاکە زینداییەی مافەکانی ژنان لەم ڕاگەیەندراوەدا نووسیویەتی: "هیچکات لە هەوڵدان بە ئاراستەی وەدیهاتنی دێمۆکراسی، ئازادی و یەکسانی ناوەستم و بێ گومان خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل من لە ڕێگاکەم پتەوتر و بەئیرادەتر، بەهیواتر و تامەزرۆتر دەکات و دەبێتە هۆی ئەوەی هەنگاوەکانم خێراتر بێت." نەرگس موحەمەدی لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاگەیەندراوەدا نووسیویەتی: "هەروەها هیوادارم ئەم خەڵاتە ببێتە هۆی ئەوەی کە ئەو ئێرانیانەی کە بۆ گۆڕان خەبات دەکەن، بەهێزتر و ڕێکخراوتر بکاتەوە. سەرکەوتن نزیکە."
براوەی خەڵاتی نۆبلی ئاشتیی ٢٠٢٣ بە ئاماژەدان بەمەی کە لە پاڵ "دایکانی بوێری ئێران"دا وەستاوە، زیادی کرد: "بەردەوام دەبم لە خەبات بە دژی هەڵاواردنی بێ بەزەیانە، زوڵم و سەرکوت بەپێی جێندەر لە لایەن حکوومەتێکی ئایینی ستەمکار تا کاتی ئازادیی ژنان."
هەروەها چەند کاتژمێر دوای بڵاو بوونەوەی هەواڵی بەخشینی نۆبێلی ئاشتی بەم چالاکە مافی مرۆڤییە، بنەماڵەی نەرگس موحەمەدی لە ڕێگەی بڵاو کردنەوەی ڕاگەیاندنێکەوە، پیرۆزبایی بەخشینی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل بە نەرگس موحەمەدیی بە هەموو هاوڵاتیانی خەڵکی ئێران، بە تایبەت ژنان و کچانی بوێری ئێرانیی کرد.
لەم ڕاگەیەندراوەدا نووسراوە: "ئێمە دەمانەوێت پیرۆزبایی گەرمی خۆمان ئاراستەی هەموو خەڵکی ئێران، بە تایبەت ژنان و کچانی بوێری ئێران بکەین بە بوێریی خۆیان لە خەبات بۆ ئازادی و یەکسانی، سەرنجی جیهانیان بەرەو لای خۆیان ڕاکیشا… ئەم سەرکەوتنە بەرچاوە شایەتییەکی هەمیشەییە لەسەر هەوڵی مەدەنی و ئاشتیانەی لێبڕاوانەی نەرگس موحەمەدی بۆ درووست کردنی گۆڕانکاری و ئازادیی لە ئێراندا."
بنەماڵەی نەرگس موحەمەدی بە دەربڕینی داخ و پەژارەی خۆیان لەمەی کە ئەو هێشتا لە زیندان دایە، نووسیویانە: "بەداخەوە نەرگس محەمەدی لە لای ئێمە نییە تا ئم چرکەساتە نایابە پێکەوە بین. لەبەر ئەوەی بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە زیندانی کراوە. ناتوانین بینەری کاردانەوەی شادمانانەی ئەو بەم هەواڵە پڕ شکۆیە بین."
لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: "ئەم سەرکەوتنە بەرچاوە هی یەک بە یەکی ئێوە خەڵکی خۆڕاگر و بوێری ئێرانە کە لێبڕاوانە و بە شێوەیەکی ئاشتیانە بۆ ئازادیی خەبات دەکەن."
نەرگس محەمەدی پێشتر لە نامەیەکدا کە بۆ بڵاو کردنەوە بە دەست "ئێرانوایەر" گەیشتووە، لە پێوەندیدا بە چەندین ساڵ دووری لە منداڵەکانی نووسیویەتی: "من لە زەمەندا وەستاوەم؛ لەو کاتەدا کە نەعلە چەند سانتیانە لە پێیەکانی کچەکەمدا. کیانام لە سکایپدا بینی، گەورە ببوو، پرچی درێژ ببوون و سیمای گۆڕدرابوو، عەلی گۆڕاوە و کوڕە بچووکە قژ لوولەکەم باڵای بەرز بووە.
لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا هاتبوو: "ستەمکاری ژیان دەوەستێنێت. ستەمکاری مەوداکان چالاک دەکاتەوە و بەیەک گەیشتنەوەکان و پێکەوەبوونەکان پاسیڤ دەکات. ستەمکاری گیان دەسووتێنێت و ڕۆح ئازار دەدات. ستەمکاری ڕۆح و جەستە پێکەوە بریندار دەکات. ڕەنگە یەکێک ببینرێت بەڵام ئەوەی دیکە پڕە لە برین و چڵک، نابینرێت. ستەمکاری تەنیا بە ئەشکەنجە و زیندان و هیجرەت و سەرکوت، مرۆڤ ئەشکەنجە نادات. ستەمکاری لە گۆشە بە گۆشە و چرکە بە چرکە، واتە لە هەر شوێن و کاتێکدا، ژینی مرۆڤ وشک دەکات."
سێ دەیە چالاکی بۆ هەڵکشاندنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا
نەرگس موحەمەدی لە ساڵی ١٣٥٧دا ڕۆژنامەنووسیی لە حەوتوونامەی "پەیامی هاجەر"دا دەست پێ کرد و هاوکات بوو بە ئەندامی "ناوەندی بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ". ئەو لە ئێستادا جێگری سەرۆکی ناوەدنی مافەکانی مرۆڤی و سەرۆکی کۆمیتەی ژنانی ئەم ناوەندە مافی مرۆڤییەیە.
خاتوو نەرگەس هەروەها یەکێکە لە دامەزرێنەرانی "شورای نەتەوەیی ئاشتیی لە ئێران"دا و لە ساڵی ١٣٨٧دا وەک سەرۆکی دەستەی کارگێریی ئەم ناوەندە هەڵبژێردرا.
ئەو یەکێک لە سیما دیارەکانی دژبەری سزای لەسێدارەدانە لە ئێراندا و یەکێکە لە ئەندامانی کەمپەینی "لگام" (هەڵوەشاندنەوەی هەنگاو بە هەنگاوی لەسێدارەدان).
ئەم چالاکەی مافی مرۆڤ هەروەها هەڵمەتێکی بە دژی بەند کردنی تاکەکەسی وەڕێ خست و لە پێوەندیدا بە ئەشکەنجەدانی جێندەریی ژنانی بەندکراو بەڵگەنامەی زۆری کۆ کردەوە. ئەو هەروەها یەکێک لەو ١٥ چالاکە سیاسی و مەدەنیانە بوو کە لە ڕێبەندانی ١٣٩٦ بە جەخت کردنەوە کردنەوە لەسەر "نەکردەیی ڕێفۆرم" لە سیستمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، خوازیاری ئەنجامدانی ڕێفراندۆم بە چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان بە مەبەستی "تێپەڕینی ئاشتیانە" لە کۆماری ئیسلامی بەرەو "دێمۆکراسیی سێکۆلاری پەرلەمانی" بوو.
نەرگس موحەمەدی لە یادداشتێکدا کە ڕۆژی هەینی ٢٣ی پووشپەڕی ١٤٠١ لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەیدا بلاو کرایەوە، سەرباری پشتیوانیی لە هەوڵەکان لە دژایەتیی حیجابی زۆرەملێ لە ئێراندا، ڕوو لە سەرۆکی دەزگای داد نووسیی کە هەوڵی ژنان لە ئێران بۆ مسۆگەر کردنی مافی جلوبەرگ پۆشین، بێ حەیایی نییە، بەڵکوو هەوڵدانێکی مافخوازانە و خەباتێکی ئازایانەیە.
ئەم چالاکەی مافی مرۆڤ و زینداییە سیاسییە لە پەیامێکیدا کە لە ساڵڕۆژی کوژرانی "ژینا مەهسا ئەمینی" لە ٢٥ی خەرمامانی ١٤٠١دا بڵاو کرایەوە، ئەم ڕۆژی بە "ڕۆژی تۆمار کردنی زوڵمی حکوومەتێکی ستەمکاری ئایینی بە دژی ژنانی ئێران" وەسف کردبووە.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە