بەشێک لە سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ لە حەوتووی ڕابردوودا کۆمەڵێک ڕاپۆرتی پڕئازاریان لەسەر کوشتن و هەوڵی خۆکوژی بە هۆکارەگەلی وەک "ناکۆکی خێزان"، "کێشەی ژن و مێردایەتی"، "گۆمان لێ کردن"، "مەترسی لەسەر ئابڕۆ" و "پرسە نامووسییەکان" لە شارەکانی مەشهەد، شیراز، ئەهواز، هەرسین، سەردەشت و خوی بڵاو کردۆتەوە.
لە نێوان ئەم ۹ ڕاپۆرتەدا، ۷ ژن لە لایەن پیاوانی بنەماڵەوە کوژراون. هەواڵی پێوەندیدار بە کوشتنی بەشێک لەوان بە بێ هێنانی ناوی ئەو ژنانەی کە کوژراون لە میدیا فەرمییەکانی ئێراندا بڵاو و پشتڕاست کراوەتەوە.
***
خۆکوژییەک لە هەرسین
میدیاکانی مافی مرۆڤ ڕۆژی ۳ی ڕەزبەری ۱٤۰۲، خۆکوژی "پەریا تاکستانیزادە وەرمەڵە"یان ڕاگەیاند و لە هەواڵە سەرەتاییەکاندا نووسرابوو تەمەنی پەریا ۱۷ ساڵە و گوشارهێنان بۆ هاوسەرگیری زۆرەملێ بە هۆکاری خۆکوژییەکەی ڕاگەیەندرا.
بەڵام "ئێرانوایەر" لە وتووێژ لەگەڵ سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆی دەرکەوتووە پەریا تەمەنی ۱۹ ساڵ بووە و ماوەیەک بەر لەمە بۆتە دەستگیرانی ئامۆزاکەی کە ساڵێک لە خۆی گەورەتر بووە.
کەسێکی ئاگادار بە ئێرانوایەر دەڵێت: "چیرۆکێکی ناخهەژێنە. چەند ساڵ دەبێت باوکی پەریا کۆچی کردووە و سەرپەرشتیی ئەو لە ئەستۆی باوەگەورەیەتی. پەریا لەگەڵ دایک و خوشکەکەی لە بینایەکدا کە باوەگەورە و مامەیشی تێیدا دەژین، نیشتەجێ بوون. گەورەکان زۆریان لێ کرد ببێتە دەستگیرانی کوڕی مامەی. دوای ماوەیەک ئامۆزاکەی پەریا پێی وتبوو لە ژێر گوشاردا ڕازی بەم هاوسەرگیرییە بووم و تۆم ناوێت. جارێکیش پەریا بیستبووی کە بنەماڵەی مامەی بە کوڕەکەیان وتبوو ئەو لەگەڵ ئێمە ناگونجێت و دەبێت لە یەک جیا ببنەوە."
بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، ڕۆژی ۲ی ڕەزبەری ۱٤۰۲، دایکی پەریا لە ماڵ دەچێتە دەرەوە و ئەو لە ماڵەوە تەنیا بووە: "پەشیمان بوونەوەی کوڕێک کە پەریای وەک هاوسەری شەرعی بردۆتە ژووری تەنیایی خۆیان و دواتر پەشیمانیی خۆی ڕاگەیاندووە بووە هۆی ئەوەی ئەو تووش داڕمانی دەروونی و ڕۆحی بێت. جگە لەوش زۆر کۆنتڕۆڵیان دەکرد. کاتێک دایکی ویستوویەتی لە ماڵ بچێتە دەرەوە، پەریا دەستی ماچ کردووە و دواتر لە تەنیایی خۆیدا بەسەرپۆشەکەی خۆی هەڵواسیوە.
پەیکەری پەریا تاکستانیزادە ورمەڵە، ڕۆژی دووشەمە ۳ی ڕەزبەری ۱٤۰۲، لە یەکێک لە گۆڕستانەکانی شاری هەرسین بە خاک سپێردرا.
کاتێک دەسەڵاتی چاودێری و دیاری کردنی چارەنووس و بەشوودانی کچێک بەپێی فیقهی ئیسلامی و نەبوونی میکانیزمی دروست دەدرێتە دەست باوک و باپیری، یەکێک لە هۆکارەکانی تووندوتیژی بە دژی کچانە، بەتایبەت لە هاوسەرگیری خوار تەمەن ۱٨ ساڵان.
دوو ژنکوژی لە سەردەشت
۷ی ڕەزبەری ۱٤۰۲، ماڵپەڕی "هەنگاو" کوشتنی کچێکی تەمەن ۱۷ ساڵانی بە ناو "فاتمە محەمەدپەناهی" ڕاگەیاند کە لە لایەن ئەندامانی بنەماڵەکەیەوە بە بیانووی نامووسییەوە کوژراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە فاتمە محەمەدپەناهی، قوربانی منداڵ هاوسەریی بووە و بە زۆری بنەماڵەکەی ئەم هاوسەرگیرییەی ئەنجام دابوو. فاتمە محەمەد پەناهی، خەڵکی گوندی "مارغان"ی سەردەشت بوو و لە کردەوەیەکی تووندوتیژانەدا لە لایەن دوو زڕبرایەوە بە تەقەی چەکی ڕاوکردن کوژرا.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە دەستی ئێرانوایەر گەیشتووە، هاوسەری فاتمە لەم دەستی لەم کوشتنەدا بووە بەڵام، چون سزای قەساس براکانی ناگریتەوە و ئەگەری هەیە ئەو بگرێتەوە دانی بە تاوانەکەیدا نەناوە.
فاتمە محەمەدپەناهی یەک ساڵ بەر لەمە بە زۆری بنەماڵە و کاتێک تەنیا تەمەنی ١٦ ساڵ بووە لە ئامۆزاکەی مارە کرا. بە وتەی کەسێککی نزیک لە بنەماڵەی ئەم گەنجە تەمەن ١٧ ساڵانە، لە لایەن هاوسەرەکەیەوە بە تووندی لێیدراوە و ئازاری جەستەیی کراوە: "فاتمە لەو ماوەیەدا چەندین جار بە هۆی لێدان و کوتانی هاوسەرەکەیەوە چبووەوە بۆ ماڵی باوکی. دوایین جار ماوەیەک بەر لە کوشتنەکەی وتبووی دەیەوێت لە هاوسەرەکەی جیا ببێتەوە."
کوژارنی ژنان لە لایەن پیاوانی نزیک لەوانەوە لە دوای داواکردنی جیابووەنەوە ڕووداوێکە دووپات دەبێتەوە. پێشتر ئێرانوایەر لە ڕاپۆرتێکدا لە ژێر ناوی کۆمەڵگا لە بابەتی جیابوونەوەدا ڕۆڵ و دەوری ژنان پشتگوێ دەخات برژا بووە سەر ئەو بابەتە.
گێڕانەوەی تاڵی "هایدە حەسەنزاده" کچێکی تەمەن ١٩ ساڵانی خەڵکی گوندی "ڕەبەت" لە سەردەشت ئێستا هەمووان لێی ئاگادارن.
کچێک کە ماوەی چوار مانگ بەر لە ئێستا لە لایەن باوکییەوە کوژرا و لە کاتی بەتاڵ کردنی ئاوی پشتی بەنداویی سەردەشت دۆزرایەوە کە بلۆکێکی چیمەنتۆ بە پایەوە بسترابووە و چاوی و دەمی بە چەسپ بەسترابوو.
"پەردیس ڕەبێعی"، چالاکی مافی ژنان لە پێوەندی بە کوشتنی هایدە حەسەنزاده بە ئێرانوایەر دەڵیت: "هایدە هۆگری هونەر بوو بەڵام هیچکات لە لایەن بنەماڵەکەیەوە پشتیوانی نەکرا بۆ ئەوەی درێژەی پێ بدات. ئەوە دڵی پێوە بوو کار بکات و سەربەخۆ بێت، بەڵام نەگەیشتن بە ئامانجەکانی نیگەران و خەمۆکی کرد."
بە وتەی ئەم چالاکەی مافی ژنان بنەماڵەی هایدە کاتێک ئاگادار بوونەوە ئەو لەگەڵ هاوڕێکانی بۆ خۆ دەرباکردن لە خەمەم و ناڕەحەتییەکانی مەشرووب دەخواتەوە لە جیاتی ئەوەی گوێی بۆ بگرن و گوشارەکانیان زیاتر دەکرد: "تەنانەت کەسێک گوێی بە قسەکانی نەدا تاکوو بزانێت چ ئازارێکی هەیە یان خولیایی چییە. بۆ هەڵاتن لە لێدان و ئەشکەنجەکانی باوکی پەنای دەبردە بەر ماڵی هاوڕێکانی. لە ئەنجامدا کاتێک بنەماڵەی زانیان ئالوودەی ئەلکول بووە لە ماڵەوە زیندانیان کرد. لەم گرت و بەستانەدا هایدە لە ماڵەوە هەڵدێت. تۆمەت و قسە و قسەڵۆکی ئاشنا و ناسیاو بووە هۆی ئەوەی باوک و خاڵۆی بیدۆزنەوە و لە ناوی ببەن."
هایدە حەسەنزاده لە گۆڕستانی هورموزئابادی ڕەبەت بە خاک سپێردرا: "تەنانەت ڕێوڕەسمی ماتەمیان بۆ بەڕێوە نەبرد و چەند کەس لە نزکان و خزم و کەسیان سەردانیان کردن. خاڵۆکانی هایدە کە لە کوشتنیدا هاوکاری باوکیان کردبوو بە سەربەرزییەوە بە ناو شاردا دەسووڕێنەوە."
سێ ژنکوژی لە خۆی
شەوی شەمە ٨ی ڕەزبەری ۱٤۰۲ سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایگەیاند ۳ ژن لە لایەن پیاوێکەوە بە چەکی گەرم کوژراون.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە دەستی ئێرانوایەر گەیشتووە، "عەلی تەقیزادە" تەمەن ٤٥ ساڵان دوای ئەوەی ژنەکەی داوای جیا بوونەوەی کردبوو ئەو و کچە تەمەن ۹ ساڵانەکەی بە تەقەی فیشەک کوشت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار کە لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ ئێرانوایەرقسەی کردووە، دەڵێت: "مەریەم ئەحمەدی و هاوسەرەکەی عەلی تەقیزادە ماڵێکی هاوبەشیان هەبوو و داوای کردبوو بەر لە جیا بوونەوەیان پشکی خۆی وەرگرێت. نووشین ئەحمەدی خوشکیی مەریەم کەسێک بوو کە خوشک و خوشکەزاکانی پەنا دابوو بەم هۆیەشەوە علی وا بیری دەکردەوە هاوسەرەکەی لە ژێر کاریگەری خوشکەکەیدا داوای جیا بوونەوە دەکات و لە ڕۆژی ڕووداوەکەدا مەریەم، نووشین و کچە تەمەن ۹ ساڵانەکەی بە ناوی سەوگەند بە تەقەی فیشەک دەکوژێت."
هۆکاری ئەو کردەوە توندوتیژانەی ئەم هاووڵاتییەی دانیشتووی شاری خوی بە "ناکۆکی بنەماڵە" ناودێر کراوە. وشەیەکی سەرەکی کە لە میدیا فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامیدا بەکارهاتووە لە سەردەمێکدا کە پیاوان نەیانتوانیوە قوربانییەکانیان ڕازی بکەن کە بەپێی خواستی خۆیان درێژە بە ژیانی خۆیان بدەن.
دوو ژنکوژی لە مەشهەد
"ئێعتماد ئۆنلاین"، ڕۆژی پێنجشەمە ٦ی ڕەزبەری ۱٤۰۲ لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە، پیاوێکی دانیشتووی مەشهەد لە حاڵێکدا کە تەرمی پارچە پارچە کراوی هاوسەرەکەی لە ناو جانتایەکدا هەڵگرتبوو، خۆی ڕادەستی فەرماندەیی پۆلیسی گشتیی لە تاران کرد.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئێرانوایەر دەڵێت: "ئەم دوو هاوسەرە خەڵکی سوسەنگردی خوزستان بوون. هاوسەری ئەم ژنە کارمەندی ئاژانسیی فڕۆکەوانی بووە. لە دانپێدانە سەرەتاییەکاندا بە پۆلیسی وتبوو هاوسەرەکەم لە ڕادەبەدەر سەری لە نێو مۆبایلەکەیدا بوو و لەگەڵ هاوڕێکانی قسەی دەکرد، تووڕە ببووم. خنکاندم و کاتێک ویستم لە ماڵ بیبەمە دەرەوە بینیم بەو شێوەیە ناکرێت بیگوازمەوە بۆیێ جەستەیم پارچە پارچە کرد."
ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتوویەت کە ئەم دوو هاوسەرە زیاتر لە دوو ساڵ بوو هاوسەرگیرسان کردبوو و خاوەنی منداڵێک بوون."هاوسەری ئەم ژنە جەستەی پارچە پارچە کراوی هاوسەرەکەی دەخاتە نێو جانتایەکەوە. بە پۆلیسی وتووە هاوسەرەکەم عاشقی تاران بۆیێ ئەم تا ئێرە هێناوە. بەپێی شایەتحاڵان کەتێک بە پۆلیسی وتووە ژنەکەی کوشتووە و لە نێو جانتاکەی دایە، ئەوان باوەڕیان بە قسەکانی نەکردبوو. ئەویش وتبووی خۆتان بێن بە چاوی خۆتان بیبینن."
تەنیا ڕۆژێک پێش لە ڕوودانی ئەم تاوانە لە ٥ی ڕەزبەری ۱٤۰۲، تەرمی بێگیانی ژنێکی تەمە ۲٤ ساڵانی خەڵکی ئەفغانستان لە بەشی خوارۆی ماڵێکی وێراندا دۆزرایەوە. بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بڵاو کراوەتەوە ئەم ژنە تەمەن ۲٤ ساڵانە وەک کرێکارێکی نایاسیایی لە کۆمەڵگەیەکی بازرگانیدا کاری دەکرد و تا ئێستا دیار نییە کێ و بە چ مەبەستێک کوشتوویەتی.
ژنکوژییەک لە ئەهواز
تەرمی ژنێکی گەنج دوای زیاتر لە یەک مانگ بێسەروشوێن بوون لە لایەن پۆلیسی شاری ئەهوازەوە لە ڕێگای نێوان حەمدییە بە ئەهواز دۆزراوەتەوە.
بە وتەی کەسێکی ئاگادار، "ژن و برای ئەم ژنە گەنجە، بە گومانی ئەوەی کە پێوەندی لەگەڵ پیاوێکی دیکەدا هەبووبێت، سەرەتا خنکاندوویانە و لە ماڵێکی کۆندا بە خاکیان سپاردووە، بەڵام دواتر لە ترسی ئەوەی کە بگیرن، تەرمەکەیان بۆ یەکێک لە گوندەکانی نێوان ئەهواز حەمدییە بردووە. لە هەموو شوێنێک بڵاویان کردبووەوە ژنی ون بوو و بەردەوام نفرینیان دەکرد کە هەڵاتووە بۆ ئەوەی ئابڕوومان بەرێت."
لە ئێستادا ئەم دوو کەسە لە زیندان بەسەر دەبەن.
ژنکوژییەک لە شیراز
حەوتووی یەکەمی مانگی ڕەزبەر هەواڵی چوونە کۆمای ژنێک لە شیراز بە هۆی لێدان و کوتان لە لایەن کەسێکی نەناسراوەوە لە میدیاکاندا بڵاو کرایەوە. بە وتەی شایەتحاڵان ئەم ژنە گەنجە لەگەڵ پیاوێکدا کە دوایی دەرکەوتووە دەستگیرانی بووە لە لایەن پیاوێکی گەنجەوە بە چەکی سارد هێرش کرایە سەری و لە ئەنجامدا چووە کۆماوە. کە بە هۆی قووڵی برینەکانی گیانی لە دەست دا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار هێرشبەرەکە پیاوێکی گەنج بە ناوی ئاریا بووە و ماوەی کەمتر لە ساڵیک دەستگیرانی ژنێکی گەنج بە ناوی سەمیرا بوو: "سەمیرا و ئاریا لە زانکۆ یەکیان ناسیبوو. بنەماڵەی ئاریا دەوڵەمەند و باوکی یەکێک لە بازرگانەکانی شیرازە. باوکی سەمیرا تەواو کردنی سەربازی بە مەرجی هاوسەرگیریان دیاری کردبوو. ئاریا چووە سەربارزی بەڵام بەردەوام لە بیری ئەوەدا بوو کە لە کاتی نەبوونی ئەودا سەمیرا خەیانەتی لێ نەکات. ئەو ڕۆژەش بە هەمان بیرۆکەوە پادگانی جێهێشت و چبووە بەر ماڵی سەمیرا کە لە ناکاو ژنێکی دیبوو کە بە هەڵکەوت ئەو جلە کە ئاریا بۆ سەمیرای کڕیبوو لە بەریدا بوو و لەبەر دەرگا پیاوێکی لە باوەش کردووە و پێکەوە دەڕۆن."
بە وتەی ئەم کەسە ئاگادارە بەبێ بیر کردنەوە هێرشی کرد و ژنی داوەتە بەر لێدان و کوتان و بێخەبەر لەوەی کە ئەو هاوڕێی سەمیرا بووە: "موبینا یەکێک لە هاوڕێکانی سەمیرا بوو. ئەو ڕۆژە لە ماڵی ئەوان میوان بوو و بە نیاز بوو سەردانی دەستگیرانەکەی بکات. داوای جلی گونجاوی لە سەمیرا کردبوو و سەمیراش ئەو جلەی کە ئاریا بۆی کڕیبوو پێی دا بۆ ئەوەی لە بەری بکات بێ ئاگا لەوەی کە چ چارەونووسێک چاوەڕێی ئەکات."
بەپێی ئەو هەواڵانەی بڵاو کراوەتەوە لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ۱٤۰۲دا لانیکەم ٥۲ بابەت ژنکوژی لە ئێران تۆمار کراوە کە ۲۰ بابەتیان کوشتنی نامووسیی بووە.
لە نێوان ئەم کوشتنە نامووسیانەدا لانیکەم چوار بابەتیان کچانی ژێر تەمەن ۱٥ ساڵان بوون.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە