"هێرۆ قەدیمی"، هەوڵاتیی خەڵکی شاری "سەقز" کە لە ۲۱ی خەرماناندا، واتە چەند ڕۆژ پێش ساڵوەگەڕی "ژینا(مەهسا)ئەمینی" دەستگیر کرا، یەکێک لە چالاکانی مەدەنی ناسراوی ئەم شارەیە. بەردەوامیی دەستبەسەر بوونی ئەو، گۆمانی سیناریۆسازی ئەمنییەتی لە سەر ئەم چالاکە مەدەنییە، زیاد کردووە.
***
هێرۆ قەدیمی لەدایک بووی ساڵی ۱۳٥۹، خێزاندار و خاوەنی کچێکی منداڵە. هاوسەرەکەی کارمەندی یەکێک لە ئیدارەکانی سەقزە. ئەگەرچی هێرۆ ژنی ماڵە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا بە هۆی چالاکییە مەدەنی و مرۆڤ دۆستانەکانی لە شاری سەقز، وەک یەکێک لە ناسراوترین ژنان و چالاکان لە کۆمەڵگادا دەناسرێت.
بنەماڵەی باوکی، کەسێکی دەست ڕۆیشتوو و یەکێک لە دەرەبەگەکانی ناوچەی "تورجان" و گوندیی "بۆکەبەسی" سەقزە و باوگەورەی، ئەندامی "ئێرانی نوین" بووە کە لە کۆنگرەی ساڵی ۱۳٤٥ی ئەم حیزبەدا، بەشداری کردووە. بنەماڵەی باوکیی لە ڕووی داراییەوە دەولەمەند و زۆربەیان خوێندنی باڵایان هەیە. ژمارەیکیان لە شارەکانی سەقز و بۆکان نیشتەجێن، هەندێکیشان ڕێگەی تاراوگە و چوونە دەرەوەی وڵاتیان گرتۆتەبەر.
بەپێی ئاگاداری "ئێرانوایەر"، هێرۆ قەدیمی لە ماوەی دەست بەسەربوونیدا تەنیا یەک جار ڕێگەی پێدراوە کچەکەی ببینێت و تا ئێستا هاوسەرەکەی نەیتوانی چاوی پێی بکەوێت. کۆماری ئیسلامی ئەم چالاکە مەدەنییەی لە "کانونی ئیسڵاح و تەربیەت"ی شاری سەقز بەند کردووە.
هێرۆ قەدیمی تا ئێستا، لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش بووە و ئەو ناوەندەی لێی دەستبەسەر کراوە، هیچ وڵامێکیان لەسەر هۆکاری دەستگیر کردنەکەی بەم بنەماڵەیە نەداوەتەوە.
هێرۆی بەندکراو؛ ژنێک کە یارمەتی هەژارانی دەکرد
هێرۆ قەدیمی بە هۆی ناوبانگی بنەماڵەکەی، جێگەی متمانەی خەڵکی سەقز و ناوچەکە بوو. ئەو بەشداری لە زۆربەی کارە خێرخوازییەکاندا دەکرد و ئەم بابەتە تەنیا بۆ سەقز سنووردار نەبوو، بەڵکوو شارەکانی بانە، بۆکان، سەردەشت، پیرانشار و تەنانەت شنۆی دەگرتەوە. ئەم چالاکە مەدەنییە لەگەڵ زۆربەی ئەنجومەنەکان و گرووپەکانی پشتیوانی لە نەخۆشەکان پێوەندی هەبوو و ئینستاگرامەکەی بەردەوام شوێنی بڵاو کردنەوەی ژمارە کارت و وردەکاری نەخۆشە تایبەتەکان بوو.
یەکێ لە نزیکانی هێرۆ قەدیمی لە پێوەندی بە چالاکییەکانی ئەم چالاکە مەدەنییە بە هاوڵاتیی پەیامنێری ئێرانوایەر دەڵیت: "لەگەڵ خاتوو هێرۆ، پێوەندیمان لەگەڵ کۆمەڵێک بنەماڵەدا هەبوو کە تەنانەت نانی خواردنیشیان نەبوو و ئەم بابەتە زۆر هێرۆی ناڕەحەت دەکرد و کاریگەری لەسەر دادەنا. لەم ڕووەشەوە بە جۆرێک تووشی خەمۆکی ببوو کە هەندی جار بە بینی دۆخی بنەماڵەکان دەگریا و ئەو خەمۆکیی و پێویستی بە چارەسەرکردن لە ڕاپۆرتەکانی ئەم دواییەی تۆڕەکانی مافی مرۆڤدا باسی لێ کراوە."
هێرۆ قەدیمی لەگەڵ چالاکانی مەدەنی دیکە، لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا بە سەدان بنەماڵەی هەژاریان لە سەقز دۆزیبووەوە کە بە گشتی لە ناوچە پەراوێز خراوەکانی وەک "بەهارستان"، "تازئاوا"، "ساڵحئاوا"، "قەوخ" و … نیشتەجێن.
ئەم چالاکە مەدەنیانە تۆڕێکی ژنانیان پێکهێنابوو، ئەم ژنانەش پردی پێوەندی بوون بۆ دۆزینەوەی هەژاران و هاوکاری کردنیان لە کاتی دابەشکردنی پاکێجی خۆراک لە بۆنە جیاوازەکاندا.
هەوڵی مرۆڤ دۆستانەی وەک دابینکردنی کەلوپەل لە بۆنەکاندا، دابینکردنی جلوبەرگ لە بۆنەکانی وەک نەورۆز و هەروەها کەلەپەلی قوتابخانە لە سەری ساڵی نوێی خوێندندا لەو بابەتانە بوون کە هەوڵیان بۆ دەدا.
یەکێک لەو ژنانەی پردی پێوەندی بنەماڵە هەژار و کەم داهاتەکانی ناوچە پەراوێرزنشینەکان لەگەڵ هێرۆ بوو سەبارەت بەم بابەتە دەڵێت: "لە ماوەی ئەم ۲٥ ڕۆژەدا کە بەسەر دەستبەسەربوونی خاتوو هێرۆ تێدەپەڕێت، جگە لە چەند ڕۆژی سەرەتایی، زۆربەی ئەو ژنانە پێوەندیان پێوە گرتووە و هەواڵی هێرۆیان پرسیوە و چاوەڕێی یارمەتییەکانی ئەو دەکەن. نازانم چۆن وڵامیان بدەمەوە. زۆربەیان چاوەڕێن هەرچی زووتر یارمەتییەکانی خاتوو قەدیمی بە دەستیان بگات."
دەستگیریی لە کاتی یارمەتیداندا؛ کچێک کە بێتاقەتی دایکییەتی
هێرۆ قەدیمی لە ڕۆژێکدا دەستگیر کرا، کە سەرقاڵی کۆ کردنەوەی یارمەتی بۆ قوتابیان بوو. ئەم کارەی لە کاتی گشتگیریی کۆڕۆنا دەست پێ کردبوو. ئەو بۆ ئەو منداڵانەی کە تەبلێت و مۆبایلیان نەبوو، کەرەستەی پێویستی دابین دەکرد یان وانەی ئۆنلاینی بۆ ڕێکدەخستن. ئەم چالاکیانە تا ڕۆژی دەستگیر کردنی بەردەوام بوو، بەڵام هێزە ئەمنییەتییەکان بە هێرش کردنە سەر ماڵی هێرۆ، بە شێوەی تووند و تیژانە دەستگیریان کرد. دەستگیریی ئەو تەنیا بەندکردنی چالاکێکی مەدەنی و گوشار خستنە سەر بنەماڵەکەی نییە، بەڵکوو هێوای زۆربەی دایکان، منداڵان و ژنانی زیندانی کردووە.
ئەم ڕۆژانە، ئەوە کچەکەی هێرۆ قەدیمی، "سۆما"یە کە لە ڕێگەی بڵاو کردنەوەی وێنە لە دەرەوەی گرتووخانە و بە نووسین لە سەر دایکی، یادی دەکاتەوە، تا وەها کردەوەیەکی نایاسایی و نامرۆڤانە فەرامۆش نەکرێت.
سۆما، لە زانکۆی کوردستان و لە لقی هونەردا دەخوێنێت. بە وتەی نزیکانی هیرۆ قەدەیمی، ئەم کچ و دایکە وەک دوو هاوڕێ وان و نەبوونی هێرۆ قەدەیمی بۆ سۆما، زۆر دژوارە. هێرۆ لە یەکێک لە پۆستەکانی ئینستاگرامەکەی خۆیدا کە لە کۆتایی مانگی گەلاوێژی ١٤٠١دا و بە بۆنەی ساڵڕۆژی لەدایک بوونی کچەکەی بڵاوی کردەوە، نووسیبوی: "تا دوایین هەناسە خۆشم دەوێیت و دڵنیات دەکەمەوە لە هەموو کارەکانتدا وەک شاخ لە پشتت دەبم، مەگەر ئەو کاتەی بمرم و دەستم پێت ڕانەگات."
ئێستا لەم ڕۆژانەدا، کچەکەی لە ڕێگەی بڵاو کردنەوەی وێنەی ئەو لە کانونی ئیسڵاح و تەربیەتی شاری "سنە" دەنووسێت: "دەبوا ئێستا لە ماڵەوە لە پاڵمدا بوایتی هێرۆ گیان، نەک ئەوەی لە پشت ئەم دەرگایەوە چاوەڕوانیت بکەم."
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە