شەپۆلی ڕەخنەی بەرپرسان و خەڵکی هەرێمی کوردستان بە بڵاوبوونەوەی فیلمە ٩ خولەکییەکەی "تەوەکول" و هەروەها کۆمیکمۆشێنی "رزگارکردنی هەولێر" لە فارسنیوزدا بەردەوام درێژەی هەیە. "وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی"، ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە و داوای لە سەرجەم مەلای مزگەوتەکان کرد کە بابەتی خوتبەی نوێژی جەماعەتی هەینیی ڕابردوو تەرخان بکەن بۆ قسەکردن لەسەر "سووکایەتیکردن بەویتر لە ئیسلامدا". لەو دوو فیلمەی کە لە فارسنیوزدا بڵاو کرابووەوە "قاسم سولەیمانی"، فەرماندەی پێشووی هێزی سپای قودسی پاسداران، وەک ڕزگارکەری کوردستانی عێراق و بەرگریکاری سەرەکیی داگیرکردنی هەولێر بە دەستی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ پیشان دراوە. "ئێرانوایەر" ڕاوبۆچوونی هەندێک لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی سەبارەت بە بانگەشەکانی ئەو دوو فیلمە، لەوانە هەڵاتنی خەڵک و بەرپرسان لە ترسی کەوتنی هەولێر و دەوری قاسم سولەیمانی و باقیی هێزەکان، وەرگرتووە.
***
لە ئێستادا هەر دوو فیلمی "تەوەکول" و "ڕزگارکردنی هەولێر" لە ماڵپەڕی فارسنیوزدا لابراون بەڵام بەردەوام لە زۆربەی میدکانی کۆماری ئسیلامیی ئێراندا بەردەستن.
"تەوەکول" بەشی چوارەمی کۆمەڵەی "وردە گێڕانەوەکان" و سازکراوی "دامەزراوەی کولتووریی هونەریی مەسیر"ە لەسەر داوای سازمانی تەبلیغاتی ئیسلامی و کۆمیکمۆشێنی "ڕزگارکردنی هەولێر"یش "ناوەندی هونەرە ڕقوومییەکانی بەسیجی کرماشان" بەرهەمی هێناوە. فارسنیووز حەوتووی ڕابردوو هەر دوو بەرهەمەکەی بڵاو کردەوە.
"نێچیرڤان بارزانی"، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، فارسنیووزی بە "چەواشەکردنی ڕاستی، سووکاتیپێکردن و شاردنەوەی دەوری هێزی پێشمەرگە و بەرپرسانی باڵای هەرێم" تاوانبار کردووە و ئەم بەرهەمانە بە سووکایەتیپێکردن بە هەستی گەلی کوردستان زانیوە.
فیلمی "تەوەکول" تایبەتە بە ڕووداوەکانی ڕۆژانی شازدەهەم تا نۆزدەهەمی مانگی گەلاوێژی ١٣٩٣ پاش داگیرکردنی مەخموور و گوێر لە لایەن داعشەوە. ئەو ڕۆژانەی کە وەک فیلمەکە بانگەشەی بۆ کردووە، قاسم سولەیمانی بە ٥٠ پاسدارەوە گەمارۆی هەولێری تێکشکاندووە و ترسی کەوتنی شارەکەی ڕەواندۆتەوە.
بەڵام "سیروان بارزانی"، بەرپرسی میحوەری مەخموور-گوێر جۆرێکیتر باسی ئەم ڕووداوانە دەکات. ئەو بانگەشەکانی ناو فیلمەکە، لەوانە گەمارۆدان و ئەگەری کەوتنی هەولێر یان هەڵاتنی خەڵک لە شارەکە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت: "قاسم سولەیمانی حەوتی ئووت (١٦ی گەلاوێژ) لەگەڵ ٥٠ پاسداردا هاتنە شاری هەولێر و لەگەڵ سەرۆک مەسعوود بارزانیدا کۆبوونەوە. پاش کۆبوونەوەکە، کۆمەڵێک گولە تۆپ و ئاڕپیجیی ئێرانی نێردرانە بەرەکانی جەنگەوە؛ بەڵام قسەیەک لەسەر گەمارۆ یان کەوتنی هەولێر نەبوو. تەنانەت ئەو کاتەیشی کە قاسم سولەیمانی هاتە هەولێر هێرشەکانی داعش لە لایەن پێشمەرگەوە لە میحوەری مەخموور-گوێر تێک دەشکێنران."
هەورەها دەوری قاسم سولەیمانی و پاسدارەکان لە ئازادکردنی مەخموور و گوێریشی ڕەت کردەوە و وتی: "جگە لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان هیچ هێزێک بۆ ئازادکردنی مەخموور ناهاتنە ناو شارەکەوە. دواتریش هێزەکانی هاوپەیمانی [بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا] لە ڕۆژی دەی ئووتی [١٩ی گەلاوێژ]دا هێرشی ئاسمانییان بۆ پشتیوانی لە هێزی پێشمەرگە بە دژی داعش دەسپێکرد."
بە گوتەی سیروان بارزانی، دوای ئازادکردنی مەخموور لە لایەن پێشمەرگەوە، ١٢ کەس لە ڕاوێژکارانی ئێرانی هاتنە مەخموور و دەوری بیست ڕۆژ لەوێ مانەوە: "بەڵام جگە لە ئامادەبوونی شەش کەسیان لە ئۆپیڕاسیۆنێک لە ناوچەی مەحموودیە لە باشووری شاری مەخموور، لە هیچ ئۆپێراسیۆنێکی دیکەدا بەشدارییان نەکرد."
"عەلی عەونی"، ئەندامی دەفتەری سیاسیی "پارتی دیموکراتی کوردستان"یش لە وتووێژ لەگەڵ "ئێرانوایەر"دا هەڵاتنی خەڵکی و چۆڵکردنی شاری هەولێری بە تووندی ڕەت کردەوە و دەڵێت کە شاری هەولێر هیچکاتێک لە لایەن داعشەوە گەمارۆ نەدرا: "بۆخۆم و بنەماڵەکەم لە هەولێر دەژیاین. بیریشم نایەت کەسێک شاری چۆڵ کردبێت. جگە لەمە، شەڕەکە لە مەخموور بوو و مەخمووریش لانیکەم ٧٠ کیلۆمەتر لە هەولێرەوە دوورە."
"ئاری هەرسین"، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان و "سەرۆکی لێژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان"یش کە لە کاتی جەنگ لەگەڵ داعشدا لە ڕیزی پێشەوەی بەرەکانی جەنگ لە ناوچەی ناوەرانی نزیک موسڵدا بوو، بانگەشەی هەڵاتنی خەڵکی هەولێر ڕەت دەکاتەوە.
ئەو کە پێوەندییەکی باشی لەگەڵ دیپلپماتکارانی ئێرانی هەبووە و هەیە بە ئێرانوایەر دەڵێت: "گێڕانەوەی فیلەمەکە بە تەواوەتی چەواشەکارانەیە و ناکۆکە لەگەڵ ڕاستەییەکاندا. چونکە هەر ئەو کاتە جگە لەوەی کە بۆخۆم لەبەرەی جەنگدا بووم، بنەماڵەکەم لە شاری هەولێردا دەژیان و کێشەیەکیشیان نەبوو."
عەلی عەونیش جگە لە ئاماژەکردن بە "بێمانابوونی" گێڕانەوەی فیلمەکە، دەڵێت: "بەپێی گێڕانەوەی فیلمەکە، ئەگەر شکستی داعش بە دەستی قاسم سولەیمانی هێندە هاسانە دەی بۆ هەر ئەم قاسم سولەیمانییە بە ١٥٠ هەزار بەکرێگیراوی شێعی ئێران، پاکستان، لوبنان و ئەفغانستان، لەگەڵ پانسەد هەزار هێزی ڕێکخراوی عەلەوییەکانی سووریا و هەروەها ١٠٠ هەزار سەربازی ڕووسیا و بە تەواوەی چەک و تەقەمەنیی سەربازی و ئەمنییەتیی هەر سێ وڵاتەکەوە یازدە ساڵە ناتوانن ئەو جەنگە بەلایەکدا بخەن؟"
عەونی لە درێژەدا ئاماژەی دایە دەوری کاریگەری هێزەکانی هاوپەیمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ داعش و دەڵێت ئەگەرچی پشتیوانیی ئاسمانیی هێزەکانی هاوپەیمانی لە هێزی پێشمەرگە کاریگەر بووە بەڵام هێزی ئاسمانی بە تەنیا چارەنووسی جەنگ یەکلایی ناکاتەوە بەڵکوو ئەوە هێزی زەمینی و خۆڕاگرییە لە مەیدانی جەنگدا کە جەنگەکە یەکلایی دەکاتەوە: "پێشمەرگەی کوردستان ئەم سەرکەوتنەی بە ناوی خۆیەوە تۆمار کرد."
ئاری هەرسینیش بۆچوونێکی هاوشێوەی ئەمەی هەیە و بڕوای وایە کە شکستی داعش بەرهەمی هاوکاریی ئاسمانیی هێزەکانی هاوپەیمانی و هێزی پێشمەرگە کوردستان بوو: "وەک پێشمەرگەیەک کە لە بەرەکانی جەنگدا بەشدار بووم لە نزیکەوە شایەتی هاوکاریی کاریگەری هێزەکانی هاوپەیمانی لەگەڵ پیشمەرگە بووم؛ لە میحوەرەکەی ئێمەیشدا هێزەکانی سپای پاسدارانی لێنەبوو."
عەلی عەونی دەڵێت هەندێک لەو گولانەیشی کە سپای پاسداران وەک یارمەتیی سەربازیی و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش بۆی ناردبووین ماوەبەسەرچوو و ئیکسپایەر بوون: "لە گەرمەی جەنگ لەگەڵ داعشدا زۆربەی پیشمەرگەکان ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕی لە گولە ئیکسپایەرەکانی ئێران. یەکێک لە قوربانییەکانی گولە ئیکسپایەرەکانی ئێران بنئامۆزاکەی خۆم، "جەعفەر محۆ"، بوو کە بە هۆی تەقینەوەی یەکێک لەم گولانە لەناو دەستیدا کوژرا."
عەلی عەونی، بڵاوبوونەوەی کۆمەڵێک فیلمی وەک "تەوەکول" لەم بارودۆخەدا دەگەڕێنێتەوە بۆ "وەحشەتی کۆماری ئیسلامی لە دەنگدانەوەی جیهانیی پرسی کورد و گۆڕانکارییەکانی داهاتوو لە ناوچەکە"دا. بە بڕوای ئەو ئامانجی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بڵاوکردنەوە ئەم جۆرە فیلمانە، جگە لە درووستکردنی ترس و بێهیوایی لەناو کورددا، "بڵاوکردنەوەی هەستی بندەستیی کوردەکانە تاکوو خەون بە سەربەخۆییەوە نەبینن و هەورەها ئەمەی کە جگە لە ئێران کەس فریادڕەسی کورد نییە؛ تەنانەت ئەمریکایش."
بە گوتەی عەونی، یەکێکیتر لە ئامانجە شاراوەکانی ئەم دوو فیلمە هەوڵدانە بۆ ڕووشاندنی کەسایەتیی کاریزماتیکی مەسعوود بارزانی وەک سەرۆکی گەلی کوردستان و هەروەها هێزی پێشمەرگە وەک باسکی چەکداری بزووتنەوەی کورد: "لە جەنگ لەگەڵ داعشدا لانیکەم دوو هەزار پێشمەرگە گیانیان بەخت کرد و زیاتر لە ١٠ هەزار کەس بریندار بوون و سەرۆک بارزانیش بە شێوەکەی ڕاستەوخۆ چاودێریی بەرەکانی جەنگی دەکرد."
عەونی پێیوایە بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە فیلمانە زادەی قەیرانە چارەسەرنەکراوەکانی کۆماری ئیسلامی، لەوانە بێبڕوایی خەڵکە لە بارودۆخێکدا کە ئێران دەکوڵێت، و "دەیەوێت لە ڕێگەی سووکایەتیکردن و ڕووشاندنی خەباتی گەلی کورد لە هەر دوو کوردستانی ئێران و عێراقدا، هەم لاینەگرانی خۆی دڵخۆش بکات و هەم بە خەڵک بڵێت ئەوا پاڵەوانەکانی، جگە لە دابینکردنی ئەمنییەت لە ئێران، بە شێوەیەکی بەهێزیش لە وڵاتانی لوبنان، سووریا، یەمەن و عێراقدا ئامادەن."
هەروەها ئاماژە بە بەشێکی ئەم فیلەمە دەکات کە تێیدا، هەرێمی کوردستان بە پێوەندیی لەگەڵ داعش تاوانبار کراوە، لە کاتیکدا هەموو وڵاتان ئێران خۆی بە پێوەندی لەگەڵ داعش و هێزە فەندەمەنتاڵیستەکانی ناوچەکە تاوانبار دەکەن: "ئێران یەکەم وڵاتە کە گەلی کوردستان بە پێوەندیی لەگەڵ داعش تاوانبار کردووە. لە حالێکدا کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە ئەفسانەی داعشی تێکشکاند."
بە گوتەی ئەم ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، تۆمەتبارکردنی هەرێمی کوردستان بە پێوەندیی لەگەڵ داعش درووستکراوی خەیاڵدانی ئێران و ئەو هێزانەیە کە بە "میحوەری مقاومەت" ناسراون لەوانە حەشدی شەعبی، پەکەکە، لەشکەری فاتمیوون، هێزەکانی بەعسی سووریا: "جگە لەم بەرەیە، هیچ وڵاتێکی پێشکەوتوو و شارستانیی ڕۆژاوایی وا بیر ناکەنەوە. چونکە ئەوان دەزانن کە هەرێمی کوردستان هاوتەریب لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، سەنگەری بەرگری بووە لە بەها گەردوونییەکانی وەک مافەکانی مرۆڤ، ئازادی، دیموکراسی و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤایەتی. گەلی کوردستان بە خوێنی خۆی بەرگریی لەم بەهایانە کردووە."
ئەو دەڵێت کە میدیاکانی ئێران مافی خۆیانەوە هەموو جۆرە فیلم و ئەنیمەیشێنێک کە دڵخوازی خۆیان و خەڵکەکەیانە بەرهەمی بهێنن، هەر لە حەماسەی ڕۆستەم و سۆهرابەوە تا ئارەشی کەمانگیر و کوورشی کەبیر و حوسێن فەهمیده و قاسم سولەیمانی؛ بەڵام ناتوانن ڕەنج و مەینەتی گەلی کورد نادیدە بگرن و بێڕێزی بە قوربانیدان و خۆڕاگریی پێشمەرگە بکەن: "پێموایە هیچ دەوڵەتێک بۆی نییە لە ڕێگەی سووکاتیپێکردن بە نەتەوەکانیتر خۆی گەورە نیشان بدات. ئایا ئەوان پێیان خۆشە دەوڵەتانیتر لەو جۆرە فیلمانە لەسەر ڕێبەری ئێران یان چۆنییەتیی ڕەفتاری حەوزەی علیمییە بەرهەم بهێنن و بڵاوی بکەنەوە؟"
عەلی عەونی لە کۆتایی گفتوگۆکە لەگەڵ ئێرانوایەردا، بە ئاماژەدان بە شێوازی ڕەفتاری باڵادەست و زاڵی هەر چوار وڵاتی سووریا، تورکیا، عێراق و ئێران لە کردنی کەمینە ئێتنیکی و ئایینییەکانی خۆیان بە دوشمن بۆ پتەوکردنی و مانەوەی خۆیان و حکوومەتەکانیان دەڵێت کە یەکێک لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی ئەم جۆرە هەڵانە، قبووڵنەکردنی و بە فەرمی نەناسینی هەبوونی کەمینە ئێتنیکی و ئایینییە ڕیشەدار و ڕەسەنەکانە لەو چوار وڵاتەدا.
ئەو پێیوایە کە هۆکاری هێرشکردنی ئەم دەوڵەتانە بۆسەر کەمەینەکانی خۆیان، بەربەستکردنی ڕێگای گەشە و هەڵکشانی لۆژیکی و خۆڕسکیانە لە ڕێگەی سووکایەتیپێکردن و سەرکوتی سیاسی، سەربازی، ئەمنییەتی، ئابووری و کولتووری بە شێوەیەکی توونداژۆیانە: "پێموایە، کۆماری ئیسلامی دیواری کەسی لە دیواری کورد بە کورتتر نەزانیوە تاکوو ڕق و توورەییەکەی بەسەردا بڕژێنێت. درێژەی ئەم لۆژیکی ڕقە، سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن، تواندنەوە و سووکایەتیپێکردنە بە بەلووچەکان، ئازەرییەکان، گیلەکییەکان، عەرەبەکان و کوردەکانە لە کولتووری زاڵ و باڵادەستی فارس و میدیای فەرمیی ئەو وڵاتەدا؛ ڕۆژێک گاڵتە بە لۆڕ دەکەن و ڕۆژێکیش جلی کوردی بە جلی شوانی دەزانن. لە ئێران جگە لە فارسەکان، هەموان سووکایەتی و گالتەیان پێدەکرێت."
ئێرانوایەر بانگەشەی فیلمە ٩ خولەکییەکەی "تەوەکول" و هەروەها کۆمیکمۆشێنی "رزگارکردنی هەولێر" لە فارسنیوزدا سەبارەت بە ڕزگارکردنی هەولێر لەچنگی داعش بەدەستی قاسم سولەیمانی بە ڕاست نازانێت و هێمای "ڕاست نییە"ی لێدەدات.
راست نییە: دەبڕینێکی نەڕاست کە سەبارەت بە ڕووداوێکی تازەیە و پێشتر درۆبوونی نەسەلمێندرابێت.
بۆ خوێدنەوەی زانیاریی زیاتر سەبارەت بە مێتۆدۆلۆژیی ڕاستی دەرخستن لە ئێرانوایەردا کرتە لەسەر ئەم بەستەرە بکە.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە