بانگەشەکەی "محەمەدباقر قاڵیباف"، سەرۆکی "مەجلێسی شوورای ئیسلامی"، لەسەر دیدار لەگەڵ کۆڵبەران لە شاری بانه لە درێژەی سەفەرە دوو ڕۆژەکەیدا بۆ پارێزگای کوردستان، چالاکوانانی مەدەنیی ئەم شارەی تووڕە و زۆربەی کۆڵبەرانی بریندار کردووە.
"تەسنیمنیووز" جگە لە ڕووماڵکردنی بەرینی هەواڵی ئەم سەفەرەی قاڵیباف، بانگەشەی ئەوەی کردووە کە سەرۆکی مەجلیسی شوورای ئیسلامی لە شاری بانه لەگەڵ هەندێک لە کۆڵبەراندا "دیداری ڕووبەڕووی" ئەنجام داوە. بەڵام چالاکانی مەدەنیی بانه و ئەو کۆڵبەرانەی لەم شارەدا دەژین و کار دەکەن، لە وتووێژ لەگەڵ ئێرانوایەردا بانگەشەکەی قاڵیباف و ڕەوایەتەکەی ئەم ماڵپەڕەی سەر بە سپای پاسداران بە تووندی ڕەت دەکەنەوە.
***
سەردانە مەیدانییەکەی محەمەدباقر قاڵیباف، سەرۆکی مەجلێسی شوورای ئیسلامی، لە درێژەی سەفەرە دوو ڕۆژەکەیدا بۆ پارێزگای کوردستان لە ١٩ی ڕەشەمەی١٣٩٩ لە شاری بانە تەنیا یەک سەعات و نیوی خایاند.
بەڵام قسەوباسەکان لە پێوەندیدا بەم سەردانە مەیدانییە هەرە کورتماوەیە کۆمەڵێک ناڕوونی و گومانی جیدیی خستۆتەسەر ڕاستیی بانگەشەکەی سەرۆکی مەجلێسی شوورای ئیسلامی لەسەر دیداری لەگەڵ کۆڵبەرانی بانەدا. هەروەها ئەم ناڕوونی و گومانانە دوای دەنگدانەوەی بەرینی ئەم بانگەشەیە لە ماڵپەڕە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی، بە تایبەت تەسنیمنیووز، تا ئێستایشی لەگەڵ بێت هەر بەردەوامە.
ئەم ماڵپەڕەی سەر بە سپای پاسداران، سەرباری ڕووماڵکردنی هەواڵەکانی تایبەت بە سەردانەکەی قاڵیباف و پێداگریی بەردەوامک لەسەر "دیداری ڕووبەڕووی قاڵیباف لەگەڵ کۆڵبەران، چینوتوێژە جۆراوجۆرەکانی خەڵک و گەنجان" لە شاری بانه، ئامانجی ئەم سەفەرەی پتر بە "ئامادەبوون لە ناوچە بێبەشکراوەکان، سەردانکردن لە پڕۆژە نیوەکارەکان و پێداچوونەوە بە توانستەکانی ئەو پارێزگایە، بە تایبەتی پرسی بژێویی دانیشتوانی سەرسنوور لەم پارێزگایە" دیاری و دەستنیشان کردووە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە فەرمانداریی بانه لە پێوەندیدا بە سەردانە یەک کاتژمێر و نیوەکەی سەرۆکی مەجلێس بە ئێرانوایەری وت کە قاڵیباف لەم سەردانە مەیدانییەدا سەرباری سەردانکردنی ئاسمانی له شاری مەریوان و "سنووری سەیرانبەند"ی بانە، سەردانی شارۆچکەی پیشەسازیی "ڕەشەقەڵات"، بۆ نموونە "کارخانەی بەرهەمهێنانی گڵۆپی کەممەسرەف و کلیدە مینیاتۆرییەکان"ی ئەم شارەی کردووە و "هەر لە نزیک ئەم شارۆچکە پیشەسازییەیشدا تەنیا لەگەڵ دەسفرۆشێک و کرێکارێک، ئەویش بۆ ماوەی یەک خولەک، قسەی کردووە و دەسبەجێ بە فڕۆکە بانەی بەجێ هێشتووە. جێگای خۆیەتی ئاماژەی بەوەیش بکەین کە قسە کردنیش لەگەڵ ئەم دوو کەسە زۆر بە ڕێکەوت بوو."
شایانی باسه کە ئێرانوایەر پێوەندی بە یەکێک لەم دوو کەسەوە گرت، بەڵام بە هۆکاری ئەمنییەتی ئامادە نەبوون گفتوگۆ و قسە بکەن.
لە لایەکیترەوە، هەندێک لە چالاکوانانی بانه به ئاماژەدان بە گرتنەبەری ڕێگەوشوێنی تووندی ئەنییەتی و ماوە هەرە کورتی سەردانەکەی قاڵیباف لە سنووری سەیرانبەند و شارۆچکەی پیشەسازیی ئەم شارە، سەفەرەکەیان بەلاوە کوتوپڕ و ئەمنییەتییە بووه و هەروەها تەنیا بە سەردانکردنی دەزانن لە ژێرخانە ئابوورییەکانی بانه: "جگە لە میدیاکانی سەر بە حکوومەت و هەندێک کەناڵی تێلێگرامیی بانه، تا چەند کاتژمێر دواتر کە قاڵیباف بانەی بەجێهێشت، خەڵکی بانە ئاگاداری هاتنی ئەو نەبوون."
یەکێک لەم چالاکوانە مدەنییانە هەروەها ئاماژەی دایە ڕەوتی پێشووی سەردانی بەرپرسانی باڵای ئێران لە بانه و وتی پێشتر ئەگەر یەکێک لە بەرپرسانی بەڵای وڵات یان تەنانەت بەرپرسانی پارێزگا بهاتنایەتە بانه، لانیکەم هەندێک لە چالاکوانانی مەدەنی بڕوا پێكراوی خۆیان ئاگادار دەکردەوە و سەرباری ئەمەیش تەنانەت هەندێکیشیان بانگهێشت دەکرد بۆ کۆبوونەوە و دانیشتنە فەرمییەکان و ڕاوبۆچوونیان سەبارەت بە کێشە و لەمپەرەکانی شارەکە دەپرسی. بەڵام ئەم جارەیان بە پێچەوانەوە وا نەبوو.
ئێرانوایەر لەگەڵ هەندێک لە کۆڵبەرانی "مەیدانی بۆیەن"یشدا کە ناوەندی سەرەکیی کۆبوونەوەی کۆڵبەران و خاڵی سەرەکیی ڕۆیشتنیانە بۆ سەرسنووری بانەم وتووێژی کردووە و ڕاوبۆچوونیانی لەسەر بانگەشەکەی سەرۆکی مەجلێسی ئێران پرسیوە.
یەکێک لەو کۆڵبەرانە کە خەڵکی دیواندەرەیە و ماوەیەکە بە هۆی بێکاری و دانەوەی قەرزەکانییەوە پەنای هێناوەتەبەر شاری بانه و لەگەڵ چەند کەسی خەڵکی شاری سەقز لە خانوویەکی کرێدا دەژی، بە ئێرانوایەری وت: "ئێمە کە ڕۆژێک دواتر، واتە ڕۆژی چوارشەمە دوای گەڕانەوە لە سەرسنوور، هەواڵی سەردانەکەی قاڵیبافمان بیست. لە حاڵێکدا کە ڕۆژی پێشتر و دوای تاریکان لە مەیدانی بۆیەنەوە بەرەو سەرسنوور وەڕێ کەوتین، بەبێ ئەوەی ئاگاداری دیداری قاڵیباف بین لەگەڵ کۆڵبەران. ئەگەر بڕیار بوو کە لەگەڵ کۆڵبەراندا دیدار بکات و بیانبینێت، دەبوو بهاتایەتە مەیدانی بۆیەن نەک شارۆچکەی پیشەسازی."
یەکێکیتر لە کۆڵبەرانی بانەیی کە ڕێک ڕۆژێک دوای سەفەرەکەی قاڵیباف لەگەڵ دەستەیەک لە کۆڵبەران لە سنووری "هەنگەژاڵ" لە لایەن هێزەکانی هەنگی مەرزیی بانەوە تەقەیان لێکراوە و یەکێک لە هاوڕێکانی بە تووندی بریندار بووە، جگە لە ئاماژەدان بە بەرپرسیارێتیی پێشووی قاڵیباف وەک فەرماندەی هێزی ئینتزامی، دەیدار لەگەڵ کۆڵبەران تەنیا بە بانگەشە و پڕوپاگاندایەکی بێزارکەر دەزانێت.
ئەو لە درێژەدا باسی ئەوەی کرد کە: "بەرپرسانی پارێزگا باشتر لە هەموو کەسێک ناوەندی سەرەکیی کۆبوونەوەی کۆڵبەران و ڕێگای هاتوچٶیان دەزانن، بەڵام چونکە وڵامێکیان بۆ چارەسەریی کێشەکانیان نییە، لە بری دیدار و گوێگرتن لە کێشە و ئازار و گرفتەکانیان، بە بانگەشەی درۆینە و بڵێنی پڕوپووچ جگە لە چەواشەکردنی ڕای گشتیی و وشیاریی خەڵک سەبارەت بە ناکارامەیی و شکستی سیستمی ئابووریی وڵات، جارێکیتر کۆڵبەران بوونەوە بە قوربانیی ئامانجە تەبلیغییەکانی بەرپرسانی باڵای ئێران."
لە درێژەی گفتوگۆکانی ئێرانوایەر لەگەڵ کۆڵبەرانی بانەدا ڕاوبۆچوونی کۆڵبەرێکمان پرسی کە بە هۆی تەقینەوەی مین لە کاتی کۆڵبەریدا چەند مانگێکە قاچێکی پەڕێوە و هەنووکە لە بەرامبەر "پاساژی نەویدی"ی بانەدا خەریکی دەسفرۆشییە.
ئەم شارۆمەنده بانەییە باگەشەکەی قاڵیباف سەبارەت بە دیدار لەگەڵ کۆڵبەران و بەشداریی دانیشتوانی سەرسنوورەکان لە خێروبێری سنوور بەراورد دەکات لەگەڵ بەڵێنی ڕێکخستنی بازاڕچەکانی سەرسنوور و دەرکردنی کارتی هاتوچۆی یاسایی لە سەرسنوور بۆ کۆڵبەران کە دەوری سێ ساڵ پێش بۆ ژمارەیەک لە کۆڵبەرەکانی ئەم شارە دەرچووە و تاکوو ئێستایش هیچ کەڵکێکی نەبووە.
به گوتەی ئەم شارۆمەندە بانەییە "سێ ساڵ پێشیش بە بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەی بأیویی دانیشتوانی سەرسنوور، ڕێکخستنی کۆڵبەران، بازاڕچەکان و ڕێگاکانی هاتوچۆی سەرسنوور و هەروەها ڕێگریکردن لە داڕمانی هەرچی زیاتری بەرهەمهێنانی کەرتی ناوخۆیی، بۆ زۆربەی کۆڵبەران کارتی هاتوچۆی یاسایی لە ڕێگاکانی سەرسنوورەوە دەرکرد. بەڵام پاش ماوەیەکی کورت دوای دەرکردنی ئەم کارتانە، ڕێگاکانی هاتوچۆ داخران و کۆڵبەری لە شێوە هەرە مەترسیدارەکەی پێشوودا دەستی پێکردەوە و جگە لە ڕووتێکردنی زیاتری خەڵکە بێکارەکەی بانە، هێرشی خەڵکی بێبەشکراو و هەژاری دیواندەرە، سەقز و گوندەکانی دەوروبەری ئەم دوو شارەیشی بە دواوە بووە."
ئێرانوایەر ئەم بانگەشەی تەسنیمنیووز سەبارەت بە دیداری محمەمەدباقر قاڵیباف لەگەڵ کۆڵبەران، بە ڕاست نازانێت و هێمای "ڕاست نییە"ی لێدەدات.
راست نییە: دەبڕینێکی نەڕاست کە سەبارەت بە ڕووداوێکی تازەیە و پێشتر درۆبوونی نەسەلمێندرابێت.
بۆ خوێدنەوەی زانیاریی زیاتر سەبارەت بە مێتۆدۆلۆژیی ڕاستی دەرخستن لە ئێرانوایەردا کرتە لەسەر ئەم بەستەرە بکە.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە