گومانی جیدی لەسەر مەرگی "ژیان عەلیپور"، کۆڵبەرەکەی خەڵکی سەردەشت
"ژیان عەلیپور"، کۆڵبەری خەڵکی سەردەشت، ڕۆژی ٢٢ی ڕەزبەری ١٤٠٠ بە دەستی هێزەکانی ئینتزامیی کۆماری ئسلامیی ئێران کوژرا. بنەماڵە و خزمانی ئەم کۆڵبەرە سەردەشتییە بە "ئێرانوایەر" دەڵێن ژیان عەلیپور لە دوو مانگی ڕابردوودا چەندینجار لە لایەن فەرماندەی هەنگی مەرزیی "بێتووش"ەوە هەڕەشی کوشتنی لێکراوە.
شایانی باسە کە زۆربەی ئەندامانی بنەماڵەی ژیان عەلیپور، لەوانە، باوک، دایک، دوو خوشک و دوو برای بە هۆی گوشارەکانی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، لە دەرەوەی وڵات دەژین.
ژیان عەلیپور، هەروەها برای "هوشمەند عەلیپور"، زیندانیی سیاسیی بەندکراوە لە زیندانی ناوەندیی شاری سنەدا.
***
شەوی پێنجشەمەی ڕابردوو ٢٢ی ڕەزبەری ١٤٠٠، ژیان عەلیپور لەگەڵ کۆڵبەرێکیتر بەروە هەرێمی کوردستان دەڕۆیشتن کە لە خاکی ئێران لە نزیک چۆمی "گاکێ"ی ناوچەی "ئالان"ی سەردەشت، لە لایەن هێزە سەربازییەکانی هەنگی مەرزیی ئەم شارەوە کەوتنە بەر دەسڕێژی گولە.
بە گوتەی یەکێک لە شاتەحاڵەکان، بە دوای تەقەکردنی هێزەکانی هەنگی مەرزیی سەردەشت فیشەکێک لە پشتەوە دڵی ژیان دەپێکێ و لە سینگییەوە دەردەچێت. کۆڵبەرەکەیتریش بە هۆی تاریکی شەوەوە شوێنی تەقەکردنەکە بەجێ دەهێڵێت و ڕادەکات. هێزەکانی هەنگی مەرزی سێ دانە لە ئەسپەکانی ژیانیش هەر لەو شوێنەدا دەکوژن.
ژیان عەلیپور، تەمەن ٣٢ ساڵان، خێزاندار و خاوەن دوو منداڵی ٤ ساڵان و ٩ ساڵانە. ئەو لە گوندی "مەزناوێ"ی سەردەشتی سەربە پارێزگای ئازەربایجانیڕۆژاوا دەژیا و جگە کۆڵبەری پیشەیەکیتری نەبوو.
یەکێک لە شایەتحاڵەکان کە یەکێک بووە لەو کەسانەی لەگەڵ گرووپێکدا لە دۆڵ و شیوەکانی دەوروبەری چۆمی گاکێدا بۆ تەرمەکەی ژیان عەلیپور گەڕاوە، بەم جۆرە هەواڵی تەقەکردنی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە ژیان عەلیپوری بۆ "ئێرانوایەر" گێڕایەوە: "هاوکارەکەی ژیان دەوری کاتژمێر ٨ شەو لە ڕێگەی تێلێفۆنەوە لەگەڵ ماڵە خەزووری پێوەندیی گرتووە و هەواڵی تەقەکردن و ئەگەری برینداربوونی ژیانی پێدان بەڵام ئاگاداری وردەکاریی زیاتر نەبوو."
ئەو زیادی کرد: "ماڵە خەزووری ژیانش کە هەر لە مەزناوێ دەژین، دەسبەجێ دوای هەماهەنگی لەگەڵ شوورا و دێهیاری مەزناوێ لەگەڵ مووسەوی، فەرماندەی هەنگی مەرزیی بێتووش پێوەندییان گرت. مووسەوی سەرەتا بێئاگایی خۆی دەربڕی. بەڵام کاتێک زانی ژمارەیەک لە خەڵکی گوندەکە بەرەو ناوچەی گاکێ دەڕۆن، هەڕەشەی لێکردن کە هەر کەسێک بچێتە گاکێ تەقەی لێدەکەین."
ئەم شایەتحاڵە، قسەکان و رەفتارەکانی فەرماندەی هەنگی مەرزی دەربارەی تەقەکردن و ئەگەری تەقەی ڕاستەوخۆ لە کۆڵبەران لە ناوچەی گاکێ هەر لەسەرەتاوە بە ناکۆک دەزانێت: "کاتیێک گەیشتینە گاکێ، مووسەویش لەگەڵ ژمارەیەک لە هێزە سەربازییەکانی خۆیان گەیاندبووە شوێنی ڕووداوەکە. قسەکانی فەرماندەی هەنگی مەرزی ناکۆک بوون چونکە کاتێک بە تێلێفۆنی قسەمان لەگەڵ کرد، بابەتی تەقەکردنەکەی ڕەت کردەوە. بەڵام لە گاکێ بە شایەتی خەڵکەکە تەقەکردنەکەی پشتڕاست کردەوە. پێداگرییەکی زۆریشی دەکرد کە بگەڕێینەوە و بەردەوام دووپاتی دەکردەوە تەرمێک لەم نزیکانەدا نەبینراوە. ئێمە وڵاممان نەدایەوە و چونکە دەیزانی ئەگەر ڕێگریمان لێبکات لەگەڵی دەستەویەخەی دەبین ڕێگریی لێنەکردین. کاتێک گەڕان بە دوای ژیانمان دەستپێکرد، ئەوانیش ناوچەکەکیان بەجێهێشت."
سەرچاوەکەی "ئێرانوایەر" کە بۆخۆی چەند ساڵە کۆڵبەری دەکات و وەک خۆی دەڵێت ڕووداوگەلێکی ناخۆشی لە کاری کۆڵبەریدا بینیوە، کوژرانی ژیانی پێ ناڕوون و گوماناوییە: "سەرەتا لاشەی ئەسپەکەی ژیانمان دۆزییەوە. بەپێی ئەزموون ژیان دەبوو هەر لەو نزیکانەدا بێت بەڵام بە شێوەیەکی سەیر دەوری ١٠٠٠ مەتر لەولاترەوە تەرمەکەیمان دۆزییەوە؛ فیشەکێک بەر پشتی کەوتبوو و جگە لە کونکردنی دڵی، سینگی دڕیبوو." ئەم سەرچاوە دەڵێت کە لە ڕوانگەی ئەوەوە، تەقەکە لە مەودایەکی زۆر کەمەوە کراوە.
ئەو لە درێژەدا ئاماژەی دایە کاردانەوەی خەڵکی تووڕەی ناوچەکە و خزمان و بنەماڵەی عەلیپور، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی ژیان عەلیپور لە لایەن هەنگی مەرزییەوە: "تەرمەکەی ژیانمان هێنایەوە بۆ بەر بینای هەنگی مەرزیی بێتووش. خەڵکە هێندە تووڕە بوون بەردیان دەگرتە بیناکەی هەنگی مەرزی و داواین لە مووسەوی دەکرد بێتە دەرەوە و بۆ خەڵکەکەی باس بکات بۆچی ژیانیان کوشتووە. جەڵام هەنگی مەرزی تەقەیان لە بەر پێی خەڵکەکە کرد بۆ ئەوەی بکشێنەوە. ژمارەیەک لە خەڵکە ناڕازییەکە بە هۆی تەقەکەی هێزەکانی هەنگی مەرزییەوە لە بەر لاقیان، پریشکەی بەرد بەر سەر و دەموچاویان کەوت و بریندار بوون؛ تەنانەت دوو فیشەک بەر سەیارەیەکی خەڵکی بێتووش کەوت و کونی کرد."
بە گوتەی نزیکانی بنەماڵەی عەلیپور لە شاری سەردەشت، تەرمەکەی ژیان لە کۆتاییدا دەوری کاتژمێر یازدەی شەو گوازرایەوە بۆ خەستەخانەی ئیمام خومەینی لەم شارەدا. بەڵام سەرۆکی خەستەخانەکە لە ژێر گوشاری ئیدارەی ئیتلاعاتی سەردەشتدا دوای پشتڕاستکردنەوەی فەرمیی مەرگی ژیان داوای لە بنەماڵەکەی کرد دەسبەجێ تەرمەکەی لە خەستەخانە ببەنە دەرەوە و ئەسپەردەی بکەن: "سەرەڕای ئەوەی کە سەدان کەسی خەڵکی سەردەشت و گوندەکانی ناوچەکە لەبەر خەستەخانەکەدا ئامادە ببوون بەڵام بنەماڵەی عەلیپور بە سەرۆکی خەستەخانەکەیان ڕاگەیاند کە تا بەیانیی ڕۆژی هەینی تەرمەکە وەرناگرنەوە و بەشەویش تەرمی ئازیزەکەیان نانێژن."
سەر لە بەیانیی ڕۆژی هەینی تەرمی ژیان عەلیپور بە ئامادەبوونی بەنەماڵەکەی و سەدان کەس لە خەڵکی سەردەشت و گوندەکانی دەوروبەری لە گۆڕستانی "بێتووش"دا بە خاک سپێردرا.
جگە لە خزمانی ژیان عەلیپور، یەکێک لە دانیشتوانی مەزناوێیش لە پێوەندیدا بە هەڕەشەکانی فەرماندەی هەنگی مەرزیی بێتووشەوە بە دژی ژیان علیپور بە "ئێرانوایەر"ی وت: "مووسەوی نزیک مانگێک بەر لەمە لە پێش چاوی ژمارەیەک لە خەڵکی مەزناوێ لەوانە شوورا و دێهیاری گوندەکە هەڕەشەی کوشتنی لە ژیان کرد؛ تەنانەت پێی وت بۆ ئەوەی منداڵەکانت هەتیو نەکەون باشترە مەزناوێ بۆ هەمیشە چۆڵ بکەیت."
هەر ئەم سەرچاوەیە لە پێوەندیدا بە گەڕان و بەدواداچوون بۆ شوێنی هاتوچۆی ژیان عەلیپور لە لایەن فەرماندەیی هەنگی مەرزیی بێتووشەوە لە زمانی چەند کەس لە خەڵکی ئاوایی "ئەشکان"ەوە بە "ئێرانوایەر"ی وت: "ڕۆژی پێنجشەمە دەوری کاتژمێر دووی پاش نیوەڕۆ ژمارەیەک لە خەڵکی ئاوایی ئەشکانەوە چوونەتە پاسگای تەسمە، یەکێک لە ئۆرگانەکانی سەربە هەنگی مەرزیی بێتووش بۆ ڕاوەماسی لە چۆمی گاکێ ڕەزامەندی وەربگرن. بەڵام مووسەوی کە هاتوچۆی ناوچەکەی دەکرد، بە پێچەوانەی ڕۆژانی پێشوو ڕێگریی لێکردوون و هەواڵی ژیان عەلیپور و ڕێگای هاتوچووکردنەکەیان لێپرسیون. ئەگەرچی ئەوان وتوویانە کە ئاگایان لە بابەتەکە نییە بەڵام پێدەچێت بڕوای پێنەکردوون و و زۆر بێباکانە پێیوتوون ئەمشەو کاری ژیان بۆ هەمیشە یەکلایی دەکەینەوە."
"هەژار عەلیپور"، برای ژیان، کە لە وڵاتی کەنەدا دەژی، لە پێوەندیدا بە کوژرانی براکەیەوە بە "ئێرانوایەر" دەڵێت: "هێشتا بڕوا بە مەرگی ژیان ناکەین. لە ناوەڕاستەکانی حەتووی ڕابردوودا قسەی لەگەڵ باوکم کرد و بڕیار بوو وردە وردە خۆی کۆ بکاتەوە بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا بە ئێمە پەیوەست بێت و بۆ هەمیشە ئێران بەجێبهێڵێت."
بە گوتەی ئەو لە حەتووەکانی ڕابردوودا چەندین جار دەربارەی هەرەشەکان و گوشارەکانی فرەماندەی هەنگی مەرزیی بێتووش قسەی لەگەڵ کردوون: "ژیان ورد و درشتی هەڕەشەکانی مووسەویی بۆ دەگێڕاینەوە. ئێمەیش داوامان لێکرد ئێستا کە کار گەیشتووە هەڕەشەی کوشتن، باشترە خۆی بۆ بەجێهێشتنی یەکجاریی ئێران ئامادە بکات؛ چونکە ئێمە چیتر بەرگەی جەرگسووتان و ئازارچێشتنمان نەماوە."
هەژار عەلیپور، گوشارەکان و هەڕەشەکان ناوەندە سەربازیه و ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بە دژی بنەماڵەکەی لە سەردەشت بە تازە نازانێت: "ساڵی ٨٨ ژیان، من و باوکم لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سەردەشتەوە بە تۆمەتی هاوکاریکردن لەگەڵ کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، دەسگیر کراین. من و بابم تۆمەتەکانمان ڕەت کردەوە و پاش چەند ڕۆژ ئازاد کراین. بەڵام دوای ئازادبوونی ئێمە، ١٣ ڕۆژیتر ژیانیان لە ئیتلاعاتدا ڕاگرت و ئەشکەنجەیان دا تا دان بە سێناریۆ ساختەکانی ئیتلاعاتدا بنێت بەڵام لە کۆتاییدا تۆمەتەکانی ڕەت کردەوە و ئازاد کرا."
هەژار عەلیپور بە "ئێرانوایەر"ی وت ڕۆژی شەمە ٢٤ی ڕەزبەری خەزور و ژنبراکەی ژیان عەلیپور، سکاڵایان لە دژی هەنگی مەرزیی بێتووش لە ناوەندە دادوەرییەکانی شاری سەردەشتدا تۆمار کردووە.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە