کۆمەڵێک نهێنیی تازە دەربارەی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ لە زمانی سپاوە
سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی بە تێپەڕینی زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر سەرکوتی بەرینی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە خەزەڵوەری ١٣٩٨دا، دەرەنجامە تازەکانی توێژینەوەکانی خۆی دەربارەی ئەم نارەزایەتییانە و خاڵە بەهێزەکانی ناڕازییەکانیان بڵاو کردۆتەوە. گرینگترین دەرەنجامەکە دەری دەخات ناڕازییان هیچ دەورێکیان نەبووە لە تێکدان و وێرانکردنی مڵکوماڵی گشتی و تایبەتدا.
دەرەنجامەکانی ئەم توێژینەوە لە ژێر ناوی "تاکتیکەکانی بەرامبەر لە ڕێکخستنی بشێوەییە شارییەکاندا"، لە نوێترین ژمارەی وەرزنامەی "کۆنتڕۆڵکردنی قەیران و دۆخە نائاساییەکان"ی سەر بە زانکۆی "ئیمام حسێن"ی سپای پاسداراندا بڵاو بۆتەوە.
***
پێکهاتەی ئاماریی ئەم توێژینەوە ناوازە لە فەرماندەکان، بەرپرسان و ئەو کارناسانەی زانیاریی پێویستیان سەبارەت بە کۆنتڕۆکردنی قەیران و ٣٠ کەس لە فەرماندەکان، بەرپرسانی تیپە ئەمنییەتییەکان، ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپاه، ڕێکخراوی بەسیج و قەرارگای "ساروڵا"ی تاران پێک هاتووە.
لە سەرەتای ئەم توێژینەوەدا هاتووە کە جەوهەری ناڕەزایەتییەکان لە ئێرانی دەیەی ٩٠دا جیاوازییەکی بەرچاوی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی دەیەی ٧٠ و ٨٠دا هەیە و زۆربەی ئەم ناڕەزایەتییانە چینی هەژار، کرێکار و هەژاری شارەکان پێکی دەهێنن کە بەرینبوونەوە و پەرەتەوازەیی ئەم ناڕەزایەتیانە و جەوهەر دژەحکوومەتیەکەی گەرینگترین خاڵەکانی ئەم جیاوازییانەن.
ئەم توێژینەوە پشتڕاستی کردۆتەوە: "کەسانی سەر بە چینی هەژار و بەشێک لە جینی مامناوەند کە لاوازتر و هەژارتر بوونەتەوە، بە تایبەت ئەو گەنجانەی لە ڕووی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە ئاسۆیەکی ڕوون بۆ داهاتووی خۆیان نابینین، ماندوو و هیوابڕاو لە فۆرموول و شێوەبەندییە باو و باڵادەستەکان، ڕێگای ئەم ناڕەزایەتیان گرتۆتەبەر."
ئەم ڕستانەی سەرەوە لە ڕاستیدا دەنپێدانانی ناڕاستەوخۆی ئەم توێژینەوە لەسەر تێپەڕینی کۆمەڵگای ئێران لە دوو ڕەوتی کۆنەپارێز و ڕێفۆرمخواز لە کۆماری ئیسلامییە کە پێشتر و زۆرجار لە لایەن ڕێبەرانی هەر دوو ڕەوتەکەوە ئەم تێپەڕبوونە وەدرۆخراوەتەوە و قبووڵ نەکراوە.
لێکۆڵینەوە و شیکاریی تاکتیکە دەروونی و مەیدانییەکانی ناڕازییان لە خەزڵوەری ١٣٩٨دا هاوکات لەگەڵ ئەو درووشمانەی کە دەرخەری تێپەڕینی ناڕازییانە لە دەسەڵاتدارێتیی کۆماری ئیسلامین، گرینگترین بەشەکانی ئەم توێژینەوە پێک دەهێنن.
تاکتیکەکانی ئۆپێراسیۆنی دەروونیی ناڕازییان لە خەزەڵوەری ١٣٩٨دا
ئەم توێژینەوە بەپێی بۆچوونی کارناسان و فەرماندە ئەمنییەتییەکان، نووسیویەتی ناڕازییان لە خەزەڵوەری ١٣٩٨دا کەڵکیان لە تەکتیکگەلی "قسەکردنی گشتی"، "بڵاوکردنەوە دەنگۆ"، "پەسەندکردنی کەسایەتییە ناسراوەکان" (پشتیوانی لە هونەرمەندان) و "گواستنەوەی ڕێزەکان" (دروشمگەلی وەک "حجهابنالحسن، ریشه ظلم رو بشکن")نیان بەکار هێناوە.
هەر بەو جۆرەی ئەم فەرماندانە وتوویانە، ناڕازییان هەروەها کەڵکیان لە تاکتیکی "تیرۆری کەسایەتی"ی ئایەتوڵا "عەلی خامنەیی" و باقیی مەرجەعەکانی تەقلیدیش لەم ناڕەزایەتییانەدا وەرگرتووە.
ئەم توێژینەوە هەروەها دەڵێت ناڕازییان لە تاکتیکی "دووپاتکردنەوەی کات بۆ دانراو"، بەتایبەت بابەتی گرانییەکان و بارودۆخی نالەباری ئابووری بۆ تاکتیکە دەروونییەکانیتر کەڵکیان وەردەگرت.
ئەم توێژینەوە باسی لە "هەڵگرتنی کۆمەڵێک ئاڵای بێڕێزیکارانە بۆ پێگەی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی"، "دیوارنووسی"، "شینگێڕی بۆ شەهیدانی ڕێگای ئازادی"، "ڕەشبینکردنی خەڵک بە نیسبەت بەسیج و سپا" و "درووشمگەلی ئامانجدار" و کۆمەڵێک تاکتیکیتری ناڕازییان کردووە.
لەم توێژینەوەدا هەروەها هاتووە کە ناڕازییان لە ساڵی ١٣٩٨دا لە ئامرازگەلێکی وەک دێمۆراسیخوازی، شیعر، دروشمگەلی سۆزدارانە، جۆک و شۆخی، ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەواڵی کورت، بەڵگە فیلم، مۆسیقا و فیلتەرشکەن کەڵکیان وەرگرتووە.
تاکتیکە مەیدانییەکانی ناڕازییانی خەزەڵوەری ١٣٩٨
بەشێکیتری ئەم توێژینەوە پێوەندیدارە بە خوێندنەوەی تاکتیکە مەیدانییەکانی ناڕازییان لە خەزڵوەری ١٣٩٨دا بە مەبەستی نیشاندانی ناڕەزایتەتییەکان و خواستەکانیان.
ئەم توێژینەوە دەڵێت: "لابردنی حیجاب لە لایەن ژنانەوە"، "وەڕێخستنی گردبوونەوە لەسەر شەقامەکان"، "هووکردن لە ناجا و بەسیج"، "دروستکردنی هەرا و ژاوەژاو"، "گردبوونەوە لە یەکشوێن"، "کەڵکوەرگرتن لە ژنانی حیجابی" و "کەڵکوەرگرتنی لە ڕادەبەدەر و کاریگەر لە سیستمی هاتوچۆی گشتی" نموونەی تاکتیکەکانی ناڕازییان بووە لە خەزڵوەری ١٣٩٨دا."
لەم توێژینەوەدا هەرچەندە بانگەشەی گشتی و لێڵی تێکدانی مڵکوماڵە گشتییەکان و هێرش بۆسەر ناوەندە دەوڵەتییەکان لە لایەن ناڕازیانەوە جارێکی دیکە هاتۆتە ئاراوە بەڵام هیچ ئاماژەیەک بە هێرشی ناڕازییان بۆسەر ناوەندە گشتییەکان و تێکدانی و ئاگردانی بانکەکان و باقیی مڵکوماڵی گشتی نەکراوە.
هیچکام لەم ٣٠ فەرماندە سەربازی، زانیاری و ئەمنییەتییە لەم توێژینەوەدا تەنانەت وەک نموونەیش ئاماژەیان بەم بابەتە نەکردووە و تەنیا وتوویانە کە مەبەستی ناڕازییان ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە سەرکوتگەرەکاندا بووە و لەهەمبەریان خۆڕاگیرییان کردووە.
ئەم بابەتە یەکێکە لە سەرەکیترین دەرەنجامەکانی ئەم توێژینەوە کە دەری دەخات بە پێچەوانەی بانگەشەی بەردەوامی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، ناڕازییان لە خەزەڵوەری ١٣٩٨دا نە پلانێکیان بۆ هێرشکردنەسەر مڵکوماڵە گشتییەکان و تێکدانیان هەبووە و نە دەوریشیان لەو تێکدان و کاولکارییە بەرینانەدا هەبووە.
بابەتی تێکدان و وێرانکردنی بەرینی مڵکوماڵی گشتی، لەوانە بانکەکان، ئامرازەکانی هاتوچۆی گشتی و ناوەندە دەوڵەتییەکان بەردەوام یەکێک بووە لە سەرەکیترین باسەکان لە ناڕەزایەتییەکانی دەیەی ٩٠ لە ئێراندا.
ناڕازییان دەڵێن هێزە ڕێکخراوە ئەمنییەتییە لیباس شەخسییەکان بە پشتیوانی هێزەکانی سەرکوت دەستیان کردووە بە تێکدان و وێرانکردنی مڵکوماڵە گشتییەکان و بە ناساندنی ناڕازییان وەک بکەرانی ئەم تێکدان و کاولکارییانە، هەوڵ دەدەن هەم سەرکوتی خوێناوی پاساو بدەن و هەم بیروڕای گشتی بەم کارە چەواشە بکەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کۆمەڵێک گرتەی ڤیدیۆیی جۆراوجۆر لە تێکدان و وێرانکردنی مڵکوماڵی گشتی و خەڵک لە لایەن ئەم هێزانەوە، بە تایبەت پۆلیسی دژەشۆڕشەوە بڵاو کراوەتەوە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هیچکات بەرپرسیارێتیی ئەم کار و کردەوە فریودەر و تێکدەرانەیان وەئەستۆ نەگرتووە.
ئەم توێژینەوە ئێستا بە تێپەڕبوونی دوو ساڵ لە گەورەترین و خوێناویترین ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی چڵ ساڵی ڕابردووی دەسەڵاتدارێتیی ڕووحانییەکان لە ئێراندا، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دانی بەوەدا ناوە کە ناڕازییان تا ڕادەیەکی زۆر هیچ دەور و دەستێکیان لە تێدان و وێرانکردنی مڵکوماڵی گشتی بەپێی بانگەشەکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیدا نەبووە.
ئەم توێژینەوە هەوڵی ئەوە بووە لە ڕێگەی خوێندنەوەی تاکتیکە دەروونی و مەیدانییەکانی ناڕازییانەوە، هەم بە جۆرێک خاڵە بەهێزکانیان نیشان بدات و هەم لە ڕێگەی هێنانە ئارای هەندێک نموونەوە، بانگەشەکانی کۆماری ئیسلامی بە دژیان دووپات بکاتەوە. بەڵام ئاشکرابوونی ئەم پرسە کە ناڕازییان لە هێرش و تێکدانی مڵکوماڵی گشتی لە خەزەڵوەری ١٣٩٨دا دەوریان نەبووە، یەکێک لە گرینگترین دەرەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە کە دەریدەخات ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە تاکتیکگەلی "فەرافکەنی" و "تۆمەتبەخشینەوە" دژی ناڕازییان کەڵک وەردەگرن بۆ ئەوەی بتوانن سەرکوتی خوێناوی ناڕازییان و خۆیشاندەران بە یاسایی نیشان بدەن.
تێبینییەکەت بنووسە