تارا هەورامی، هاوڵاتی پەیامنێر، سەقز
مانگرتنە سێ ڕۆژەکە ڕێگای خۆی دەبڕێ و بەرپرسانیش ڕێگای خۆیان. لە سەقزدا، شارێک کە ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان لەوێوە دەستیان پێکرد، مانگرتنەکان هێشتا بەردەوامن. دووکانەکان لەم شارەدا داخراون و خەڵک تازیەبارن. زۆر کەسیش بە دوای زیندانییە سیاسییەکانی خۆیانەوەن بەڵکوو هەواڵ و سۆراخێکیان بزانن.
لە کاتێکدا بەرەو درێژترین شەوی ساڵ دەچین کە سەقزیش لەم سێ مانگەدا شایەتی درێژترین مانگرتنەکانی بازاڕیان بووە. لەم نێوانەدا، بەرپرسێکی حکوومەتی کە فەرمانداری سەقزە، بە هەموو هێزیەوە بەرامبەر ناڕەزائیەتییەکان و مانگرتنەکان وەستاوەتە بەڵام باشاری وەستانەوە و خۆڕاگریی خەڵکەکە نەکرد.
***
ڕۆژی دووشەمە ٢٨ی سەرماوەزی ١٤٠١، جارێکی دیکە بەپێی ئەو بانگەوازانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کرابوونەوە، بازاڕی سەقز بە تەواوەتی داخرابوو. بەشێکی زۆری بازاڕ و پیشە جۆراوجۆرەکان، ناوەندەکان و فێرگە نادەوڵەتی و تایبەتییەکان داخرابوون. ئەم مانگرتنانە لە ڕۆژی سێشەمە ٢٩ی سەرماوەز کەمیان کرد بەڵام هەر وەک پێشتر زۆربەی بازاڕیان سەرباری ئەوەی نزدیک دەبینەوە لە شەوی "یەلدا"، کار و کاسبییەکەی خۆیان داخستووە.
لە سێ مانگی ڕابردوودا، شاری سەقز، شوێنی لە دایک بوون و ژیانی "ژینا (مەهسا) ئەمینی"، زۆربەی ڕۆژەکان لە مانگرتندا بووە، بە جۆرێک کە دەتوانین بڵێین لەو ماوەدا، شارەکە ٢٥ ڕۆژ داخراوە.
ئەم مانگرتنانە جگە لە بانگەوازە گشتییەکان، لە هەمان ڕۆژی دوای ئەسپەردە کردنی تەرمی ژینا ئەمینییەوە دەستی پێکرد و هێشتا هەر بەردەوامن.
بەپێی زانیاریی هاوڵاتی پەیامنێرەکەی "ئێرانوایەر"، فەرمانداری شاری سەقز بە ناوی "جەعفەر تەوان"، هەر لە هەمان سەرەتاوە دژی مانگرتنەکان بوو. تەنانەت لە هەندێک حاڵەتدا هەوڵی دابوو بەرەوڕووی بازاڕیان و دووکانداران ببێتەوە.
فەرمانداری سەقز؛ بەربەستێک لە بەردەم ناڕەزایەتییەکان و مانگرتنەکان
مانگرتنەکان سەرەتا لە ڕێگای سەرەکییەکانی وەک مەیدانی "ئازادی" تا مەیدانی "جومهوری" و دواتر تا مەیدانی "قودس"، سێڕیانی "مزگەوتی جامێعا" و ڕاستە بازاڕی "ئەردەڵان" دەستیان پێکرد. بەردەوام بوونی مانگرتنەکان، ڕێگا لاوەکییەکان و تەنانەت گەڕەکە پاراوێزییەکانی شاریش پەیوەست بوون بەم مانگرتنانەوە.
جەعفەر تەوان، فەرمانداری سەقز لە هەمان ڕۆژی بە خاک سپاردنی ژینا ئەمینییەوە دژی ناڕەزایەتییەکان بوو. ئەو لە یەکەم حەوتوودا، ڕیزێک نەردەی بە درێژایی یەک مەتر بە دیواری فەرمانداری زیاد کرد و هاوکات لەگەڵ ئەمە، ڕێوشوێنی خۆی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ بازاڕیان بە مەبەستی تێکشکاندنی مانگرتنەکان دانا.
بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی پەیامنێرەکەی "ئێرانوایەر"، جەعفەر تەوان لە دووهەمین و سێهەمین حەوتووی ناڕەزایەتییەکان و دەست پێکردنی مانگرتنە سەراسەرییەکاندا، بەردەوام ناڕەزایەتیی خۆی لە پیشە جۆراوجۆرەکانی بازاڕ دەربڕیەوە.
یەکێک لە ئەندامانی یەکێتیی پیشەکان لەم بارەوە وتی: "فەرماندار بە یەکێتییە پیشەییەکانی ڕاگەیاندبوو کە دەبێت ژمارەیەک لە بازاڕیان کە بۆخۆی پێیوابوو سەردەستەی مانگرتوانن، بناسێنن. تەنانەت هەڕەشەی لە هەندێکیان کردبوو کە ئەگەر ئەمە نەکەن، دەبێت خۆیان بۆ دادگا و دادستانی ئامادە بکەن. نوێنەرانی بازاڕ ناوبژیوانیان کرد و بە ڕاشکاوی وتیان ئەم جۆرە قسانە هەڕەشەن و فەرماندار باشترە، دڵاوەڵاتر بێت."
ئەم ڕەوتە درێژەی هەبوو تا ڕۆژی سێشەمە ١٩ی ڕەزبەر کە بڕیار بوو بازاڕ سەر لە بەیانیی ئەو ڕۆژە مانگرتنەکەی دەست پێ بکات.
جەعفەر تەوان کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ژمارەیەک لە بازاڕیاندا پێکهێنا و داوای لێ کردن کە ڕێگە نەدەن مانگرتن لە سەقزدا بەڕێوە بچێت. ئەو لەم کۆبوونەوەدا جەختی لەسەر ئەوە کردبووەوە کە لە چەند ڕێگای سەرەکیی بازاڕدا نابێت مانگرتن بکرێت و باقیی ڕێگاکان گرینگ نین.
یەکێک لەم بازاڕیانە بە هاوڵاتی پەیامنێرەکەی "ئێرانوایەر" دەڵێت: "ئێمە وتمان کە ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ بازاڕیان بەم بیانوەوە کە بۆچی دووکانەکانیان داخستووە، ئەرکی ئێمە نییە؛ بە تایبەت کە بارودۆخێ ئێستای بازاڕی سەقز دەرەنجامی کەڵەکە بوونی کۆمەڵێک گیر و گرفته کە بە درێژایی ئەم ساڵانە هاتووە بە سەرماندا و نابێت تەنیا کورت بکرێتەوە بۆ مەرگی ژینا ئەمینی. هەندێک کێشەی وەک داخستنی ڕێگاکانی کۆڵبەری و بازاڕچە سنوورییەکان، کەم بوونەوەی بەهای ڕیاڵ، گەمارۆکان، ناکارامەییەکان و کۆی ئەمانە لەم گوشارەدا بۆسەر بازاڕی سەقز دەوریان هەیە."
بەڵام ڕۆژی چوارشەمە ٢٠ی ڕەزبەر، کۆی ڕێگاکان و بە تایبەت ڕێگایەک کە فەرمانداری ترسی لێی هەبوو، دووبارە پەیوەست بوونەوە بە مانگرتنەکان. هەر ئەمە بووە هۆی تووڕە بوونی فەرمانداری سەقز و کەوتە هەوڵی سەرکۆنە کردنی بەرپرسانی بواری بازاڕ.
ئەو لە نامەیەکدا بۆ بەڕێوەبەرانی پارێزگاکە، کە نوسخەیەکی نیشانی هەندێک لە نوێنەرانی بازاڕیان دراوە، مانگرتوان بە هاوتەریب لەگەڵ ناڕازیان تۆمەتبار کردووە و نووسیویەتی: "ئەگەرچی ئەم ناوەندانە توانای ڕازی کردنی بازاڕیان و ناچار کردنیانی بۆ کردنەوەی دووکانەکانیان هەیە بەڵام ئامادە نین ئەم کار بکەن و ئەمە ڕێک هاوتەریبییە لەگەڵ گێڕەشێوێنەکان و تێکدەراندا."
سەرباری تووڕە بوونەکانی فەرماندار، هاوتەریبیی بازاڕیان و یەکێتییەکانیش شکڵی گرتبوو بە جۆرێک کە لە مانگرتنی سێ ڕۆژەی ١٤، ١٥ و ١٦ی سەرماوەزدا، کۆی بازاڕ و پیشەکان پەیوەست ببوون بە مانگرتنەکانەوە. تەنانەت ١٤ی سەرماوەز جەعفەر تەوان پێوەندیی تێلێفۆنیی لەگەڵ فەرمانداری سنەدا گرتبوو.
بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتییە پەیامنێرەکەی "ئێرانوایەر"، لەم گفتوگۆیەدا "حەسەن عەسکەری"، فەرمانداری سنە بە ڕاشکاوی دەڵێت شورای تەئمینی شار بە تووندی ڕووبەڕووی بازاڕیان بۆتەوە و چەندین دووکانی پلۆمپ کردووە و حیسابە بانکییەکانی ژمارەیەکی زۆری بازاڕیانیشی داخستووە.
ئەگەرچی جەعفەر تەوان لە لایەن نوێنەرانی بازاڕیانەوە ڕێگری لێ کراوە کارێکی لەم شێوە بکات بەڵام لە سنە لە ڕۆژی پێنجشەمە ١٧ی سەرماوەزدا هەندێک لە دووکاندارەکان دەستیان دایە شکاندنی پلۆمپەکان کە بووە هۆی تێکهەڵچوونی نێوان بازاڕیان و هێزەکانی سەرکوت.
ئێستا لەم مانگرتنە سێ ڕۆژانە کە دەگاتە یەلدا، ڕۆژی ٢٨ی سەرماوەز جارێکی دیکە فەرمانداری سەقز بە نیازی ڕووبەڕوو بوونەوەی تووندە لەگەڵ مانگرتوان بەڵام بازاڕیان بەبێ گوێدانە هەڕەشەکانی، مانگرتنەکانی خۆیان بەردەوام دەکەن.
٢٩ی سەرماوەز، هەروەها زۆربەی دووکانەکان داخراون و هەندێک لە ناوەندەکانی پەروەردەیش ببوونە شوێنی گرد بوونەوەی ناڕەزایەتی. بەڵام شەوی یەلدا و ڕەنگە پێویستیی پێکەوە بوون و دانیشتنەکان لە درێژترین شەوی ساڵدا بووە هۆی ئەوەی هەندێک لە دووکانداران بگەڕێنەوە سەر کار و کەسابەت و دووکانەکانیان.
سەقز سێ مانگە تازیەبارە؛ دوای مەرگی ژینا ئەمینی تا ئەو گەنجانەی کە کوژران، زۆربەی ئەوانەی دەستگیر کراون و دەنگی مانگرتن کە هێشتایش لەم شارەدا زیندووە؛ دەبێت چاوەڕێ بکەین بەڵکوو درێژترین شەوی ساڵیش تێبپەڕێت.
تێبینییەکەت بنووسە