close button
دەتەوێت بچیتە ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە؟
وادیارە بۆ دانانی ئەم لاپەڕەیە کێشەیەک هاتۆتە ئاراوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بچۆ ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە
ڕاپۆرتی تایبەت

بێهزاد ڕەحیمی؛ نوێنەری سەقز کە لە ناڕەزایەتییەکان‌دا لایەنی سەرکوتگەرانی گرت

۶ ڕەشەمەی ۱۴۰۱
خوێندنەوەی وتارە لە ۷ خولەکدا
بێهزاد ڕەحیمی؛ نوێنەری سەقز کە لە ناڕەزایەتییەکان‌دا لایەنی سەرکوتگەرانی گرت

تارا هەورامی. هاوڵاتی پەیامنێر

سێ ساڵ بەسەر هەڵبژاردنی نوێنەرانی مەجلیسی شوورای ئیسلامی لە مانگی ڕەشەمەی ١٣٩٨دا تێپەڕ دەبێت. هەڵبژاردنێک کە دوای خەزەڵوەری هەمان ساڵ و کوشتاری سەدان ناڕازیی بە گرانی، هەڵاوسان و ناکارامەیی کۆماری ئیسلامی بەڕێوە چوو و وەک سارد و سڕترین و بێ ڕکابەرترین هەڵبژاردنی مەجلیس باسی لێ دەکرێت.

ئێستا سێهەمین ساڵ‌ڕۆژ و لە پێنج مانگانەی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" و دوای کوژرانی لانیکەم ٥٠٠ ناڕازی و کوێر کردنی لانیکەم ٦٠٠ ناڕازی گەیشتووە.

لەو هەڵبژاردنەدا، کوردستان لە ناو ٣١ پارێزگای ئێران‌دا، سێهەمین ناوچە بوو کە کەم‌ترین ڕادەی بەشداریی کردنی تێ‌دا هەبوو و لە ناو بەربژێرەکان‌دا، "بێهزاد ڕەحیمی" بووە نوێنەری سەقز و بانە؛ نوێنەرێک کە دوای کوشتنی "ژینا (مەهسا) ئەمینی"، خەڵکی سەقز و سەرکوتی بەرین و تووندوتیژی ناڕازیان لەم شارانەدا، بێدەنگ بوو و ئێستا وەک نوێنەرێکی بەدناو باسی لێ دەکرێت.

بێهزاد ڕەحیمی کێیە و چی کرد؟

***

لە هەڵبژاردنی مەجلیسی شوورای ئیسلامی لە ساڵی ١٣٩٨دا، سێ پارێزگای تاران، ئەلبورز و کوردستان بە ڕیز لە سەتا ٢٦.٢٤، ٢٨.٤١ و ٣٢.٦٥ واتە کەم‌ترین ڕادەی بەشداری کردنیان لە هەڵبژاردن کرد لە ناو ٣١ پارێزگادا؛ ئەویش ڕێک لە دەستپێکی هەمەگیریی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە دواتر دەرکەوت کوردستان و لە سەرووی هەموویەوە، شاری سەقز هەر لە هەمان یەکەم ڕۆژەوە تووشی ئەم ڤایرۆسە بوون.

تەنیا کاتژمێرێک دوای کۆتایی هاتنی هەڵبژاردن بوو کە زانکۆکان بە ڕیز داخران و دەرکەوت کە کوردستان و بەتایبەت سەقز یەکێکە لە ناوەندە سەرەکییەکانی بڵاو بوونەوە و بەرین بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

چەند ڕۆژ دوای کارەساتەکە، مەرگی چەند هاوڵاتیی کوردستان بە ناوی "کێشەکانی هەناسەهەڵمژین" بە شێوەی گشتی ڕاگەیەندرا.

لە ناو ئەو هەموو پرسە و سەرسامییە بە کوشتاری دەستەجەمعیی بە دەستی کۆماری ئیسلامی تا هەمەگیریی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ناوی بێهزاد ڕەحیمی لە بازنەی سەقز و بانە لە سندووقی کۆماری ئیسلامی هاتە دەرەوە؛ ئەویش بە درووشمی "وەرزی نوێ". دەتوانین بێزاد ڕەحیمی بە نەناسراوترین کەس تا پیش نوێنەرایەتیی لە مەجلیس بزانین. دوای کوشتنی ژینا ئەمینی بەڵام دۆخەکە گۆڕا و ناوی ڕەحیمی پتر لە جاران لە ناو خەڵکی کوردستان‌دا بیسترا.

بێهزاد ڕەحیمی کێیە؟

ڕەحیمی لە دایک بووی ساڵی ١٣٥٣ لە شاری بانە و خاوەن بڕوانامەی ماستەری بەڕێوەبەریی کارگێڕییە. ئەو فەرمانبەری پەروەردە و بارهێنان بوو. هەڵبەت دامەزارندنیشی لەم شوێنەدا بەپێی تواناییەکانی نەبوو بەڵکوو ڕانستی بنەماڵەیی، ئەوی گەیاندە پلە و پایە لە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی‌دا.

بێهزاد ڕەحیمی کاتێک قوتابی بوو، لە خولی "تەرحی کاد" (پلانی کار و زانست بۆ کارامەیی) پەنجەکانی دەستی بریندار بوون و بە دوای ئەوەدا، لە خزمەتی سەربازیی لەسەر لابرا. باوکی لە ناوەندی پەروەردە و بارهێنان‌دا کاری دەکرد و هەر لەم ڕێگەوە توانی سەرەتاکانی دامەزراندنی کوڕەکەی فەراهەم بکات.

تاقە پیشینەی بەڕێوەبەرێتیی بێهزاد ڕەحیمی، سەرۆکایەتیی ئیدارەی بازرگانیی شاری بانەیە؛ ئەویش تەنیا بۆ ماوەیەکی کورت لە دەوڵەتی وەک دەڵێن "ئیسڵاحات"دا.

بۆخۆی دەیوت بۆ گۆڕانکاری هاتووە. ئەوکات، "موحسین بیگلەری"، نوێنەرایەتیی سەقز و بانەی لە ئەستۆ بوو. بیگلەری دووهەمین خولی نوێنەرایەتیی تێپەڕ دەکرد بەڵام خەڵکی سەقز و بانە بە هۆی باندبازی و ڕانت‌خۆرییەکانی ئەو و نزیکەکانی بە درێژایی هەشت ساڵ، هیویان پێی نەمابوو. لە نموونەی ئەم ڕانتانە، گوازتنەوەی بیگلەری بوو لە وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانەوە بوو بۆ وەزارەتی زانستەکان.

هەر ئەم باندبازی و ڕانت‌خۆریانە بوونە هۆی ئەوەی کە خەڵکی سەقز و بانە هیوایان لە بیگلەری بڕا و دەنگەکانی لە ٥٨ هەزار و ٦٧٠ دەنگەوە لە ساڵی ١٣٩٤دا بۆ ١٦ هەزار و ٧٢٧ دەنگ لە ساڵی ١٣٩٨ دابەزی. ئەگەرچی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٣٩٨ و بڵاو بوونەوەی هەمەگیری ڤایرۆسی کۆرۆنایش دەبێت بۆ دابەزینی ڕادەی بەشداری کردنی خەڵک ڕەچاو بکەین.

لەم هەڵبژاردنەدا، لە کۆی نزیک ٢٥٦ هەزار کەسی خاوەن دەنگ لە بازنەی سەقز و بانەدا، کەم‌تر لە سەتا ٩٠هەزار کەس، واتە دەوری لە  سەتا ٣٥یان دەنگیان نەدا، لە حاڵێک‌دا لە خولی پیشوودا ژمارەی بەشدار بووان لە هەڵبژاردن‌دا زیاتر لە ١٤٠ هەزار کەس لە دوو شاری سەقز و بانەدا بەراورد کراوە.

بەڵام بارودۆخی گشتیی وڵات، ئەندازیاری کردنی هەڵبژرادن، لادانی بەربژێرە سەربەخۆکان و لە هەموویان گرینگ‌تر، ناڕەزایەتیی خەڵک بەتایبەت چینی مامناوەند و داخوازی‌کار، چ بۆ بەربژێر بوون و چ بۆ دەنگ‌دان، بوونە هۆی ئەوەی بێهزاد ڕەحیمی بە ٣٤ هەزار و ٤٣٩ دەنگ وەک هەڵبژێردراوی شوورای نیگابان بەمەجلیس و خەڵک  بناسێندرێت.

ڕەحیمی هەر لە هەمان سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنەوە، بەرامبەر کارەساتەکانی ناوچەیەک کە نوێنەرایەتیی دەکرد، بێدەنگیی هەڵبژارد.

ئەگەرچی ئەم کەسە هیچ پاشخانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی نەبوو بەڵام بەردەوام سەرلێشواو بوو بەرامبەر ئاراستەی بنەڕەت‌خواز و چاکسازی‌خوازی حکوومەتی، تا جێگایەک کە چەند شەو پیش هەڵبژاردن و کاتێک کە "شوورای ئێتلافی هێزە شۆڕشگێڕەکان" لە پارێزگای کوردستان ناوی ئەویان لە لیستی بەربژێرەکانی خۆیان‌دا هێنا، ئەو لە ترسی کاردانەوە نەرێنییەکان، ڕاستییەکەی ڕەت کردەوە بەڵام کاتێک هەنگاوی نایە ناو مەجلیسەوە، بووبە ئەندامی "فراکسیۆنی شۆڕشگێڕان"ی مەجلیس.

هەڵوێستی بێهزاد ڕەحیمی لە مەجلیس؛ دژی ڕۆحانی، لەگەڵ ڕەیسی

خەڵکی داخوازی‌کاری سەقز و بانە لەو باوەڕەدان کە ڕەحیمی هیچ کامە لە فاکتەرەکانی نوێنەرایەتیی نەبووە. ئەو بە درێژایی دوو ساڵ و نیو لە تەمەنی مەجلیسی یازدەهەم، تەنانەت نوتق و لێدوانێکی کاریگەری نەبووە؛ واتە تەنانەت کەڵکی لە ڕاوێژکارانی گونجاو و وشیاری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی وەرنەگرت. هاکات، ڕەحیمی هیچ کات بەرامبەر پرسیارەکانی ڕۆژنامەوانان وڵام‌دەرەوە نەبوو.

ئەو یەکێک لە ڕەخنەگرانی سیاسەتەکانی "حەسەن ڕۆحانی"، سەرۆک کۆماری ئەوکات بوو و چەند ڕۆژ پێش هەڵبژاردنی خولی سێزدەهەمی سەرۆک کۆماریی لە ڕۆژی ٢٦ی گوڵانی ١٤٠٠ لە لێدوانێک‌دا بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەگەر "عەلی خامنەیی"، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی نەبووبا، بێ‌گومان ڕۆحانی ئێرانی حەڕاج و هەرزان‌فرۆش دەکرد.

ئەو هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد کە فیشەکە جەنگییەکانی ڕۆحانی سینگی گەنجانی کۆڵبەری دەبڕی.

بێهزاد رەحیمی کە بڕیار وابوو نوێنەری خەڵک بێت بەرامبەر حکوومەت، کاتێک "ئیبراهیم ڕەیسی"، بووبە بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری، بە ئامادە بوون لە ستادی ڕەیسی پشتیوانیی لێ کرد. بەڵام بە بەردەوام بوونی کوشتاری کٶلبەران ، نەک هەر ناڕەزایەتییەکی دەرنەبڕی، بەڵکوو لە وتووێژ لەگەڵ "تەسنیم"، هەواڵدەریی نزیک لە سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی‌دا بانگەشەی ئەوەی کرد: "کۆڵبەران چیتر یەخچاڵ و تێلێڤیزیۆن ناهێنن و ئێستا لەم ڕێگایە بۆ گواستنەوەی هەندێک کاڵای وەک مەشرووبە کحوولییەکان و چەک و تەقەمەنی کەڵ وەردەگرن."

ڕەحیمی لە ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ناڕەزایەتیی خەڵک بەم لێدوانەی، ڕایگەیاند قسەکانی بە تەواوەتی نەگوازراونەتەوە. بەڵام هەواڵدەریی تەسنیم نە ڕوون کردنەوەکانی بڵاو کردەوە و نە هەواڵەکەیشی دەسکاری کرد.

یەکێکی‌تر لە هەڵوێستە باس‌ورووژێنەکانی ڕەحیمی، هەڵوێستی ئەوە بووە سەبارەت بە پەیوەست بوون بە "FATF". ئەو یەک پرس بۆ ئێران واتە هەڵوەشاندنەوەی کۆی گەمارۆکان بە پرسی سەرەکیی دەزانێت و پێیوایە کە سەرباری گەمارۆکان، پەیوەست بوون یان پەیوەست نەبوون بە FATF، دۆخەکە ناگۆڕێت و تەنانەت ئەمە بە جۆرێک لە لاواز کردنی کۆماری ئیسلامی دەزانێت.

پێ دەچێت بێهزاد ڕەحیمی قورسایەکی لە ناو باقیی نوێنەرانی پارێزگاکان‌دا نەبێت و پێگەیەکی تایبەتیشی لە لای بەرپرسان وڵات و ئاستی پارێزگاکەیش‌دا نییە. ئەو بە درێژایی ئەم ماوەیە، سەرباری ئامادە بوونی لە کۆمسیۆنی پیشەسازییەکان و کانگاکانی مەجلیس‌ و سەرباری توانا باڵاکانی پارێزگای کوردستان لەم بوارەدا، نەیتوانیوە گەڵاڵەیەکی گونجاوی تایبەت بە خۆی پێشکەش بکات. هاوکات، گۆڕانێکیش لە دۆخی کار و پیشە و ئابووریی ناوچەیەک‌دا کە ئەو نوێنەرایەتیی دەکات، بەرهەم نەهاتووە.

ئەم نوێنەرە زۆربەی کاتەکانی بە سەفەر کردن و سەردان کردن لە گوندەکان و لێدوانی پڕ لە بانگەشەوە بە هەدەر دەدات. هەر لەبەر ئەمە خەڵکی سەقز و بانە نازناوی "گەڕیدەی گوندەکان"یان پێداوە و بۆخۆیشی حەزی لەم نازناوەیە.

ڕەحیمی دوای کوشتنی ژینا ئەمینی؛ میدیا دژبەرەکان و ڕەوتە چەواشەکان

پاش کوشتنی ژینا ئەمینی بوو کە ڕادەی بڕواپێکراویی بێهزاد ڕەحیمی، هەم لە لای خەڵک و هەم لە لای حکوومەت زیاتر لە جاران ئاشکرا بوو. لە حاڵێک‌دا کە چاوەڕوان دەکرا ئەو وەک نوێنەری شارێک کە زێدی ژینا ئەمینییە، هەڵوێستێکی لانیکەم بە دژی "گەشتی ئیڕشاد" وەزیری ناوخۆ بگرێت، ئەو لە باتی ئەمە دەستی کرد بە نامە گۆڕینەوە لەگەڵ وەزیری ناوخۆ و نووسی: "بۆ پێشگرتن لە هەر چەرشنە خراپ بەکارهێنانێک لە میدیا دژبەرەکان و ڕەوتە چەواشەکان، ڕەهەندەکانی ڕووداوەکە ڕوون بکرێتەوە و وردەکارییەکانی بڵاو بکەنەوە."

ئەو دوو ڕۆژ پاش کوژرانی ژینا ئەمینی، لە مجلیس لەگەڵ ڕەیسی و باقیی بەرپرسانی پارێزگاکان هاودەردیی دەربڕی و زۆر بە وریاییەوە ڕەخنەی لە گەشتی ئیڕشاد گرت.

هەر لەبەر ئەمە بوو کە لە ڕۆژی بە خاک سپاردنی ژینا ئەمینی لە قەبرستانی "ئایچی"ی سەقز، ئەو خەڵکەی کە لەو ڕێ‌وڕەسمەدا ئامادە بوون بە تەوس و توانج هێرشیان کردە سەر بێهزاد ڕەحیمی، تا جێگایەک کە نەیتوانی بەرگە بگرێت و دوای چەند خولەک قەبرستانەکەی بەجێهێشت.

ڕەحیمی دەیویست لە ڕێ‌وڕەسمی خەتمی ژینا ئەمینی لە مزگەوت‌دا قسە بکات بەڵام خەڵکەکە ڕێگریان لێ کرد و نەیانهێشت.

بێهزاد ڕەحیمی دواتر دەربارەی ئەم ناڕەزایەتیانە و هەڵوێست وەرگرتنانە بە دژی خۆی کاتێک سەرکوتی ناڕەزایەتییان دەستی پێ کردبوو، وتی: "هیوادارم خەڵک بێدەنگ بن تا قەبارەی ڕووداوەکە ڕوون ببێتەوە و شایەتی رووداوێکی دیکەی لەم چەشنە نەبین."

سەبارەت بە ڕێگری کردنی خەڵک لە قسە کردنی‌دا لە ڕێ‌وڕەسمی ژینا ئەمینیش‌دا بانگەشەی ئەوەی کرد: "کەس منی لە ڕێ‌وڕەسمە دەرنەکرد. ژمارەیەک لە خەڵکەکە تینییان گرت. پێ دەچوو کاری پێشوەختیان بۆ کردبێت، چوونکە کامێرایان بە دەستەوە بوو."

هەوڵ و تەقەلاکانی ڕەحیمی لە ڕۆژانی دواتریش‌دا بەردەوام بوو. کاتێک سەرکوتەکان بەردەوام بوو و لانیکەم پێنج هاوڵاتیی دیکە لە بازنەکەی ئەودا، واتە سەقز و بانە لە لایەن سەرکوتگەرانەوە کوژران، هیچ هەڵوێستێکی نەنواند.

لە دوایین قسە و باسەکان‌دا سەبارەت بە نوێنەرێک کە یان بێدەنگە یاخود لە قازانجی حکوومت ڕووداوەکان دادەپۆشێت، ئەو لە ئینستاگرامە شەخسییەکەی خۆی‌دا ستۆرییەکی بڵاو کردەوە کە باسی دەست لە کارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی کردبوو. بەڵام زۆری نەخایاند، لە وتووێژ لەگەڵ "ئیرنا" جگە لە ڕەت کردنەوەی دەست لە کار کێشانەوە، بانگەشەی ئەوەی کرد ئینستاگرامەکەی هەک کراوە و دەقی بەم جۆرە لە لایەن ئەوەوە بڵاو نەکراوەتەوە.

لە کۆتایی‌دا، ئۆفیسەکەی بێهزاد ڕەحیمی لە ڕۆژی شەمە حەوتی خەزەڵوەر و لە ناوەڕاستی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان‌دا لە لایەن ناڕازیانەوە هێرشی کرایەسەر. دوای ئەم ڕووداوە، هیچ وتار و لێدوانێک لەم نوێنەرەی مەجلیسەوە سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دواینە و سەرکوت خەڵکێک کە بڕیار وابوو نوێنەریان بێت، نەداوە.

ئێستا هاوڵاتیانی سەقز و بانە کە هەم کوژراویان هەیە و هەم زۆربەیان دەستگیر کراون و لە زیندان‌دا ڕاگیراون وەک یەکێک لە بەدناوترین نوێنەرەکانی مەجلیسی شوورای ئیسلامی باسی لێ دەکەن؛ نوێنەرێک کە خەڵکی ناوچەکەیان کوشت و سەرکوتیان کردن بەلام ئەو بێدەنگ بوو و لەی سەرکوتگەرانی گرت.

از بخش پاسخگویی دیدن کنید

در این بخش ایران وایر می‌توانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راه‌اندازی کنید

صفحه پاسخگویی

تێبینییەکەت بنووسە

ئەمانەش ببینە

هەواڵ

داتەپینی بەهای دراو؛ نرخی دۆلار ٥٦ هەزار تمەنی تێپەڕاند

۶ ڕەشەمەی ۱۴۰۱
خوێندنەوەی وتارە لە ۱ خولەکدا
داتەپینی بەهای دراو؛ نرخی دۆلار ٥٦ هەزار تمەنی تێپەڕاند