تارا هەورامی، هاوڵاتی پەیامنێر
ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ڕەنگە قەت بیری لەوە نەدەکردەوە کە لە چلەی "ژینا (مەهسا) ئەمینی"دا هەزارن کەس لە هاوڵاتیانی ئەم کچە لاوە بە پای پیادە چەند کیلۆمەتر ڕێ بکەن و لەسەر مەزارەکەی ئامادە بن و ئەم ئامادە بوونە لە باقیی شارەکانی دیکەیشدا دووپات ببێتەوە. هەروەها ڕەنگە پێی وانەبووبێت کە بازاڕیانی ئەم شارە لە بۆنە جۆراوجۆرەکاندا دەست بدەنە مانگرتن و هاودڵ بن لەگەڵ بنەماڵەی گیان بەخت کردواندا یاخود هێرشی کیمیایی بۆسەر قوتابخانەکان مەحکووم بکەن.
بەڵام، حکوومەت وەک خۆی بۆ ڕێگری کردن لە گرد بوونەوە ئەگەردارەکان لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستاندا، ڕایگەیاند کە بە بۆنەی بڵاو بوونەوەی پەتای ئانفۆڵانزاوە کۆی ناوەندەکانی پەروەردە و بارهێنان لە قوتابخانەکان و زانکۆکاندا دادەخرێ و ئیدارەکانیش ١٠ کاتژمێر داخرابوون. ئەمە لە حاڵێکدا بوو کە هیچ کام لە ناوەندە پزیشکییەکان لە پارێزگای کوردستانندا هیچ نموونەیەکیان لەم نەخۆشینە لەو ماوە دیاری کراوەدا ڕانەگەیاندبوو.
بەڵام سەرباری ئەمە، ڕێوڕەسمی چلەی ژینا ئەمینی بە ئامادە بوونی هەموو چین و توێژەکان، لەوانە قوتابیان، خوێندکاران، بازاڕیان و هتد دوای داخستنی هەموو کار و کەسابەتەکان لەو ڕۆژەدا بەڕێوە چوو.
پێ دەچێت بە نزیک بوونەوە لە ساڵوەگەڕی کوشتنی ژینا ئەمینی لە "گەشتی ئیرشاد" لە ساڵی ١٤٠١دا، بەرپرسانی حکوومەتی دیسانەوە بۆ ڕێگری کردن لە گرد بوونەوە و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک وەخۆ کەوتوون لە هەوڵدان؛ بەم جیاوازییەوە کە ڕۆژانی ٢٣ تا ٢٥ی خەرمانانی ئەم ساڵ لە تەقویمی کۆماری ئیسلامیدا ڕۆژانی پشوون و ئەم سێ ڕۆژە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژانی دەستگیری، بەستری کردن و لە کۆتاییدا مەرگی ژینا ئەمنی لە نەخۆشخانەدا.
بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئەم جارە بڕیاریان داوە ڕێگری بکەن لەو ڕووداوەی کە لە چلەی ژینا ئەمینیدا ڕوویدا. داخستنی هاوکاتی بازاڕ، زانکۆ و ئیدارەکان، کەشی شارەکە زیاتر بۆ شکڵ گرتنی گرد بوونەوەکان ئامادە دەکات. هەر لەبەر ئەمەیە کە ناوەندە ئەمنییەتییەکان هەموو توانای خۆیان بۆ هەڕەشە کردن لە بازاڕیان لە ڕێگەی تازە نەکردنەوەی مۆڵتی پیشەوە بەکار هێناوە تا بتوانن دووکان و بازاڕی سەقز لە ڕۆژی پشووی فەرمیدا بکەنەوە و بە کراوەیی ڕایبگرن.
ساڵوەگەڕی گیان بەخت کردنی ژینا ئەمینی ئەم ساڵ هاوکاتە لەگەڵ وەفاتی هەشتەمین ئیمامی شیعەکان. لە ئەنجامدا، لەو ڕۆژەدا ئێران بە شێوەی فەرمی پشووە. بەڵام، ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە هەوڵدان کە بازاڕیان و دووکاندارانی سەقز ڕازی بکەن لە هەمان ڕۆژدا دووکانەکانیان بکەنەوە و لەسەر کار و کەسابەتی خۆیان ئامادە بن.
ناوەندە ئەمنییەتییەکان بە سەرۆکی یەکێتییەکانیان ڕاگەیاندووە کە دەبێت ئەندامانی خۆیان ڕازی بکەن تا لەو ڕۆژانەدا و بە تایبەت لە ڕۆژی ٢٥ی خەرماناندا لە دووکانەکانیاندا ئامادە بن ئەگینا لە پاش ئەوە مۆڵەتی پیشەکانیان تازە ناکەنەوە یان لە هەندێک بابەتدا، هاوکاریی پێویستیان ناکەن بۆ چارەسەریی کێشەکانیان.
هەڵبەت ئەم هەوڵە دەمێکە دەستی پێکردووە و هەندێک لەو خاوەن پیشە و دووکاندارانەی کە دەکەوتنە ناو هێڵە سەرەکییەکانی مانگرتنەوە و مۆڵەتی پیشەکەیان کۆتایی هاتووە، لەم ماوەیەدا کێشان بۆ ساز کراوە.
یەکێک لە دووکاندارەکان دەڵێت: "بۆ تازەکردنەوەی مۆڵەت سەردانی ماڵپەڕی ئێران ئەسنافم کرد و قۆناغە پیویستەکانم تێپەڕ کرد بەڵام هەر سەرەتاوە و دوای لێدانی ژمارەی کارتی نیشتمانییەکەم پێی ڕاگەیاندم کە ڕەمزە نیشتمانییەکەی من بلۆک کراوە. چوومە ئیدارەی ئەسناف کە لەوێ پێان وتم پێوەندیی بەم ئێمەوە نییە و دەبێت سەردانی دادگا بکەن. لە دادگادا ڕایان گیاند کە بابەتەکە پێوەندیی بە مانگرتنی بازاڕیانەوە هەیە و دەبێت چاوەڕیی بڕیار بکات لە ئۆرگانە پێوەندیدارەکانەوە."
کەسێکی دیکە کە مۆڵەتی پیشەکەی بەسەر نەچووە بەڵام بۆ وەرگرتنی قەرز و پەرەپێدانی کار و کەسابەتەکەی بە مەبەستی ڕەزامەندیی پێویست سەردانی یەکێیتییە پێوەندیدارەکە و ئیدارەی ئەسنافی کردووە، دەڵێت ئەم ناوەندانە خۆیان لە هاوکاری کردنی بواردووە و ئەمە لە حاڵێک دایە کە مۆڵەتی وەرگرتنی قەرز سنووردارە.
کۆی ئەم هەوڵانە لە کاتێکدا دەدرێن کە شارەوانیی سەقز لەسەر بڕیاری شووری تەئمینی شارەکە بەر و پشت و دەوران دەوەری "گۆڕستانی ئایچی"، شوێنی ناشتنی ژینا ئەمینی و باقیی گیان بەخت کردوانی ناڕەزایەتییەکانیان بە فەنس کێشاوە و گۆرڕانکارییەکی گەورەیان لە دەوروبەری مەزاری ئەم گیان بەخت کردووە بە مەبەستی هەڵکەندنی قەبری تازە و بەردەست نەبوونی مەزارەکەیدا پێک هێناوە.
حکوومەت و ناوەندە سەربازییەکان هەروەها لە ڕێگاکانی هاتنە ناو شاری سەقزدا دەستی کردووە بە لێدانی چەندین خاڵی چاودێری و جێگیر کردنی هێزەکانی سپای پاسدارانی شۆرشی ئیسلامی.
تێبینییەکەت بنووسە