کەمتر لە سێ مانگی ماوە بۆ ساڵڕۆژی کوژرانی "ژینا (مەهسا) ئەمینی". کۆماری ئیسلامی لە بەرە بەری ساڵڕۆژی ئەم ڕووداوەدا، چەند کەس لە فەرماندەکانی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی لە پارێزگاکانی کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژاوادا گۆڕیوە. لەم ئاڵوگۆڕەدا فەرماندەکانی "قەرارگای حەمزە سەیدولشوهەدا" و سپای "شوهەدای ئازەربایجانی ڕۆژاوا" و سپای "بەیتولموقەدەسی پارێزگای کوردستان" گۆڕدراون.
***
بەپێی ئەو بڕیارانەی کە "حوسەین سەلامی"، فەرماندەی گشتیی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی دەری کردووە، "عەلیئەکبەر پوورجەمشیدیان" بۆتە جێنشینی "موحەمەدتەقی ئۆسانلوو" لە قەرارگای حەمزە سەیدولشوهەدا. پوورجەمشیدیان لە ساڵی ١٣٥٩دا جێگری هەماهەنگیی هێزە وشکانیەکانی سپای پاسداران و پیش ئەوە، جێگری ئۆپێراسیۆنی سپا بووە. ئەو هەروەها لە کاتی جەنگی سووریا، لە شاری حەڵەبدا چالاک بووە. موحەمەدتەقیی ئۆسانلوو لە مانگی سەرماوەزی ١٤٠١دا لە لایەن یەکێتیی ئەورووپا و لە مانگی ڕەشەمەی ١٤٠٢دا لە لایەن بریتانیاوە گەمارۆ درابوو.

"موحەمەدحوسەین ڕەجەبی"ش وەک فەرماندەی نوێی سپای "شوهەدای پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا" لە جێگای "حەبیب شەهسەواری" دانرا.
ئەو لە مانگی بەفرانباری ١٣٨٩ تا مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٨، ئەرکی فەرماندەیی قەرارگای "شەهید شەرامفەڕ" و سپای بەیتولموقەدەسی پارێزگای کوردستانی لە ئەستۆ بووە و پاشان تاکوو ئێستا وەک ڕاوێژکاری فەرماندەی هێزی وشکانیی سپای پاسداران خزمەتی کردووە.

لە بڕیارێکی دیکەدا، "ئەمانوڵا گەشتاسبی" وەک فەرماندەی نوێی سپای بەیتولموقەدەسی پارێزگای کوردستان دانراوە. پیش ئەو، "سەید سادق حوسەینی" لە ٢٢ی خەزەڵوەری ١٣٨٩ بەرپرسیارێتیی ئەم پۆستەی لە پارێزگای کوردستاندا لە ئەستۆ گرتبوو.
گەشتاسبی لە دایک بووی گەچسارانی سەر بە پارێزگای کۆهکیلوویە و بۆیرئەحمەدە. ئەو مانگی ڕەشەمەی ١٣٩٣ وەک جێگری قەرارگای "قودس"ی هێزی وشکانیی سپا دانرا. هەروەها فەرماندەیی یەکینەی تایبەتی "سابرین"ی هێزی وشکانیی سپای و فەرماندەیی "تیپی تەکاوەری ١١٠ی سەلمان فارسی"ی پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە کارنامە سەربازییەکەیدا هەیە.

قەرارگای باکووری ڕۆژاوای حەمزە سەیدولشوهەدا یەکێک لە ١٠ قورارگاکەی هێزی وشکانیی سپای پاسدارانە. ئەم قەرارگایە لە سەرەتاکانی دەیەی ١٣٦٠ و لە کاتی تێکهەڵچوونی سپا لەگەڵ حیزبە کوردییە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامیدا دامەزرا و هەروەها ئەمە بە یەکێک لە گرینگترین ئەرکە پێسپێردراوەکانی ئەو هەژمار دەکرێت. ئەم قەرارگایە بڕیاری سپای شوهەدای ئازەربایجانی ڕۆژاوا و بەیتولموقەدەسی کوردستانی بە دەستە.
ئەگەرچی جێگۆڕکێ و شوێن گۆڕینی فرماندەکانی سپای بابەتێکی ئاساییە بەڵام ئەم گۆڕانکارییە لە بەرە بەری ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی لە کاتێکدا ڕوو دەدات کە کۆی قەرارگا ناوبراوەکان لە کاتی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکاندا دەوری گەورەیان لە سەرکوتی ناڕازیاندا هەبوو.
یەکێکیتر لە دەورە تایبەتەکانی ئەم قەرارگایە لە مانگەکانی دواییدا، هێرش بوو بۆسەر حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی لە خاکی هەرێمی کوردستاندا؛ دەورێک کە هاوتەریب لەگەڵ باقیی هێزە ئەمنییەتی و ئینتزامییەکاندا، ئەنجامەکەی بووبە کوشتنی دەیان هاوڵاتیی ئاسایی و لانیکەم دووپێشمەرگە لە کاتی هێرش کردن بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتدا.
تاکوو ئێستا زۆربەی فەرماندەکانی سپای پسداران لە لایەن دەوڵەتانی ڕۆژاواییەوە گەمارۆ دراون. جگە لە محەمەدتەقیی ئۆسانلوو، پێشتر یەکێتیی ئەورووپا و بریتانیا سادق حوسەینی، فەرماندەی پێشووی سپای کوردستانی لەگەڵ چەند کەسی دیکەدا لەوانە فەرماندەی سپای شارەکانی سەقز و بیجاڕ و هەروەها پارێزگای کوردستانیان گەمارۆ داوە.
پێ دەچێت کە لە پاڵ ئەم گەمارۆیانەدا بە لەبەرچاو گرتنی گرینگیی پارێزگای کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژاوا و دەوری هاوڵاتیانی ئەم ناوچانە لە ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی ١٤٠١ و هەروەها نزیکایەتیی جوگرافیی حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی لەم دوو پارێزگایە، سپای پاسداران بڕیاری دابێت کە هێزە سەربازییەکانی خۆی بە شێوەیەکی تازەتر ڕێک بخاتەوە.
تێبینییەکەت بنووسە