بە دوای بانگەوازی گردبوونەوەی ناڕەزایەتی لە لایەن چالاکانی مەدەنیی ئازەربایجانەوە، ڕۆژی شەمە ٢٥ی پووشپەڕی ١٤٠١، دەیان هاوڵاتیی شارەکانی ورمێ و نەغەدە لە ناڕەزایەتیدا بە وشک بوونی گۆلی ورمێ گردبوونەوەی ناڕەزاییان بەڕێوە برد. کەشێکی قورسیی ئەمنییەتی هەر لەم ڕۆژەدا بەسەر شاری تەورێز زاڵ کرا و مەیدانی "ئیمام حوسەین"ی تاران، "سەبزەمەیدان"ی زەنجان، مەیدانی "ئیمام"ی میاندواو و مەیدانی "شەریعەتی"ی ئەردەبیلیش لە لایەن هێزە ئەمنییەتی و ئینتزامی و دژەشۆڕشەکانەوە دەورە درابوون.
هەروەها دەیان هاوڵاتی و چالاکی ژینگەپارێزی تورک لە شارە جۆراوجۆرەکاندا لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستگیر کراون.
لە ڕۆژانی بەر لە ڕۆژی گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکەیشدا ناوەندە ئەمنییەتییەکان دەستیان دایە بانگهێشت و هەڕەشەکردن لە چاکانی مەدەنیی تەورێز، ورمێ و زەنجان.
ئەم ڕاپۆرتە، گێڕانەوەی ناڕەزایەتیی ناڕازییانە لە ڕۆژی ٢٥ی پووشپەڕی ١٤٠١دا لە زمانی هاوڵاتیان و چالاکانی ژینگەپارێزی خەڵکی ورمێ و تەورێزەوە.
***
"لە سەرتای بەیانیی ڕۆژی شەمەوە، کەشی ورمێ تەواو ئەمنییەتی بوو. ناوەندی شارەکە، بە تایبەت دەوروبەری چوارڕیانی عەتایی، لە مەودای نێوان هەر هەنگاوێکدا هێزە ئەمنییەتی و لیباس شەخسییەکان ڕاوەستابوون. شەقامەکانی ئیمام و عەتایی بە شێوەیەکی نائاسایی قەرەباڵغ بوون. خەڵک لە شەقامەکاندا بە دەنگی بەرز قسەیان دەکرد و تووڕە بوون؛ وەک ئەوەی هەموو کەس چاوەڕوانی بریسکەیەک بوون بۆ دەست پێکردنی ناڕەزایەتی. لەناکاو لە نێو حەشەمەتەکەوە، کیژۆڵەیەک هاواری کرد بێشەرەف! پێدەچوو هێزە ئەمنییەتییەکان هەوڵیان دابێت باوکی ئەم کچە دەستگیر بکەن کە ئەویش کاردانەوەی نیشان دابوو. دەسبەجێ دوای هاواری ئەم کیژۆڵەیە، خەڵک لە بولڤارەکان و دووکانەکان ڕژانە سەر شەقامەکە و دەستیان کرد بە وتنەوەی درووشمەکان. ناڕازییان درووشمیان (گۆلی ورمێ تینووە، ئازەربایجان ڕانەبێت، دۆڕاوە)."
ئەمە گێڕانەوەی ژنێکی خەڵکی ورمێیە لە سەرەتای گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی ڕۆژی دووشەمە لەم شارەدا. ئەم هاوڵاتییە کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، لە وتووێژ لەگەڵ "ئێرانوایەر"دا دەڵێت شایەتی دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە ناڕازیان و هەڵسوکەوتی توونداژۆیانەی هێزە ئەمنییەتییەکان لەگەڵ خەڵکدا بووە.
دەستگیرکراوانی ورمێ کێن و به چ شێوازێک دەسبەسەر کراون؟
بەپێی ڕاپۆرتەکانی "ئێرانوایەر"، هێزە ئەمنییەتی و ئینتزامییەکان هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژی ٢٥پشپەڕی ١٤٠١ی ورمێ، دەیان کەسیان دەستگیر کردووە لەوانە "ڕەزا ئێعتباریراد"، "ڕەزا ئەکبەرزادە"، "حەمید ئەکبەرزادە" و "میکاییل قولیپوور". "هووشەنگ نەقیزادە"، چالاکی مەدەنیی دانیشتووی ورمێیش پیش ناڕەزایەتییەکە لە لایەن هێزەکانی ئینتزامییەوە هەر لەم شارەوە دەسبەسەر کرابوو.
پۆلیسی ئیتلاعات و ئەمنییەتیش سەر لە بەیانیی ڕۆژی ٢٥ی پووشپەڕ دەستیان کردووە بە بانگهێشت کردنی دەیان چالاکی مەدەنیی دانیشتووی ئەم شارە لەوانە "عەتا کەریمی"، "عەلی عەزیزی"، "ئەمیر ئیبراهیملوو"، "بێهزاد پاشازادە"، "میلاد موختاری" و هتد. هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی پێوەندیگرتنی تێلێفۆنی لەگەڵ ئەم چالاکە مەدەنییانەدا هەڕەشەیان لێکردبوون ئەگەر لە گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکەدا بەشداری بکەن، دەستگیریان دەکەن.
ئەو هاوڵاتییەی خەڵکی ورمێ کە لەگەڵ "ئێرانوایەر"دا وتووێژی کردووە، دەربارەی بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژی ٢٥ی پووشپەڕ دەڵێت: "هاتمە سەرشەقام تا بەیانی ناچار نەبم ماڵەکەم بەجێبهێڵم و ببمە پەراوێزنشینی شارەکانی دیکە. یان ئەمڕۆ بە ناڕەزایەتیی خۆمان دەوڵەت ناچار دەکەین بیرێک لە گۆلی ورمێ بکاتەوە یاخود بەیانی وەک خەڵکی ئاواییەکانی دەوروبەری گۆلەکە دەبێت شاڕەکە چۆڵ بکەین. ئێمە دەزانین کە سیاسەتەکانی دەڵەتی ئێران، وشک کردنی گۆلی ورمێیە بەڵام ئێمە ڕێگەیان پێنادەین ئەوان ئەو ورمێ جوانەمان بۆ بکەن بە دەشتێکی کاکی بە کانی و کەویرێکی خوێ. ئێمە ئەمڕۆ وەک ساڵی ١٣٩٠ هاتووینەتە سەر جادە، ئەگەر دەنگی ناڕەزایەتییەکەمان نەبیستن، دیسان دەگەڕێنەوە سەر شەقام و جادەکان."
هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژی ٢٥ی پووشپەڕی ورمێ، هاوڵاتیانی شاری نەغەدەیش لە ڕێگەی گردبوونەوە لە ناڕەزایەتیدا بە سیاسەتەکانی ئیدارەدانی سەرچاوەکانی ئاو لە لایەن کۆماری ئیسلامی بە نیسبەت گۆلی ورمێیەوە، ناڕەزایەتیان دەربڕی. لەم ڕۆژەدا، شارەکانی تەورێز، میاندواو، زەنجان، ئەردەبیل و تارانیش بوونە گۆڕەپانی ئامادەبوونی بەرینی هێزە ئەمنیەتییەکان لە مەیدانەکانی ئەم شارانەدا. هاوکات لە ورمێ و تەورێزدا، هاوڵاتیانی ئەم دوو شارە باسیان لە تێکچوونی هێڵی ئینتێرنێت کرد لە گەڕکەکانی نزیک لە شوێنی گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکان.
لە تەورێز چی ڕوویدا؟
هاوڵاتییەکی تەورێزی لە وتووێژ لەگەڵ "ئێرانوایەر"دا دەربارەی ڕووداوەکانی ڕۆژی ٢٥ی پووشپەڕ لەم شارەدا دەڵێت: "تەورێز ڕێک کرابووە سەربازگە. موسەلای شارەکە، حەساری پارێزگا، بیناکانی ناوندە دەوڵەتییەکان و نهۆمەکانی سەرەوەی پاساژەکان لە شەقامەکانی جمهووری پڕکرابوون لە هێزەکانی دژە شۆڕش. لە شەقامەکانی دەور و پشتی بازاڕی تەوریزیشدا هێزە ئەمنییەتی و ئینتزامییەکان جگە لە سەیارە ئاوپژێنەکان موتۆرسوارە ئەمنییەتییەکانیشیان بۆ سەرکوتی ناڕازیان جێگیر کردبوو. ڕاستەبازاڕەکە پڕ بوون لە خەڵک بەڵام هێزە ئەمنییەتییەکان ڕێگەیان بە کەس نەدەدا گرد ببنەوە. ئەوان بە شۆکەر بڵاوەیان بە خەڵکەکە دەکرد و مۆبایلی ئەوانەی وا وێنەی هەڵدەگرت زەوت دەکرد. ئەوان لە ڕێگەی دەستگیرکردنی ژمارەیەکی زۆری خەڵکەوە، تەنانەت ڕێگریان کرد لە پێکهاتنی یەکەم دەستەی گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکان."
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە دەست "ئێرانوایەر" گەیشتوون، هێزە ئەمنییەتییەکان پاش نیوەڕۆی ڕۆژی شەمە لە شارەکانی تەورێز، میاندواو و نەغەدە ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیان و چالاکوانانی ژینگەپارێزی ئەم شارانەیان دەستگیر کردووە. "حەکیمە ئەحمەدی"، "ئیبراهیم ئازەرەئۆغڵوو"، "حەمید پووروەلی"، "یوونس قولیزادە" و "جەلال دێهقانی" لە تەورێز، "موستەفا دەوڵەتخا"، "نادر ئەمانی"، "وەلی زۆهرابی" و ناسر حێشمەتی" لە میاندواو و "مەسعوود عەباسزادە"یان لەم ڕۆژەدا دەستگیر کردووە.
هەروەها ڕۆژی چوارشەمە ٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠١یش هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات شاری تەورێز بە مەبەستی دەستگیرکردنی "شاهین بەرزگەر"، هێرشیان کردۆتە سەر ماڵی باوکی ئەم چالاکە مەدەنییە بەڵام لەبەر ئەوەی لە ماڵ نەبووە، هێزە ئەمنییەتییەکان نەیانتوانیوە دەسبەسەری بکەن. سەرباری ئەمە، هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بەبێ بەڵگەی دادگا درگای ماڵەکەیان شکاندووە و ماڵەکەیان پشکنیوە و دەستان کردبوو بە لێدان لە خوشک و براکەی ئەم چالاکییە مەدەنییە.
"فارس نیووز"یش بە بڵاو کردنەوەی ڕاپۆرتێک لە گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژی شەمە، دەستگیر کردنی ناڕازیانی پشتڕاست کردەوە. سەرباری ئەمە، ئەم ماڵپەڕەی نزیک لە سپای پاسادارانی شۆڕشی ئیسلامی لە زمانی هێزی ئینتزامییەوە، خەڵک و چالاکانی ژینگەپارێزی ناونابوو "ئەشرار" و نوسیی کە ئەوانە بە نیازی تێکدانی ماڵومڵکی گشتی و شێواندنی ئەمنییەتی خەڵکیان بوون.
ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بە وشکبوونی گۆلی ورمێ
ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژی ٢٥ی پووشپەڕی ١٤٠١، دووهەمین گردبوونەوەی ناڕەزایەتی و پەڕگیرترینیان بە وشک بوونی گۆلی ورمێ بوون. لە ساڵی ١٣٩٠یشدا کۆمەڵێک ناڕەزایەتیی هاوشێوە بەڕێوەچوون. نارەزایەتییەکانی ئەو ساڵە، دەرەنجامی چەندین ساڵ کەمتەرخەمیی کۆماری ئیسلامی بوو بە هۆشدارییەکانی "کەمپەینی ڕزگارکردنی گۆلی ورمێ" و ڕەت کردنەوەی "پڕۆژەی خێرای ڕزگارکردنی گۆلی ورمێ" لە مەجلیسی شوورای ئیسلامیدا.
بڵاوبوونەوەی هەواڵی ڕەت کردنەوەی ئەم پرۆژەیە لە مەجلیسدا، شەپۆلێکی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی لە نێو خەڵک و چالاکوانانی ژینگەپارێزدا ساز کرد و ڕۆژی پێنجی خەرمانانی هەمان ساڵ، شارەکانی ورمێ و تەورێز بوونە گۆرەپانی ناڕەزایەتییە بەرینە جەماوەرییەکانی خەڵک.
سەرباری ناڕەزایەتییەکانی خەڵک و هۆشداریی کارناسان و ناوەندە نێونەتەوەییەکان سەبارەت بە دۆخی خراپی گۆلی ورمێ، کۆماری ئیسلامی وەک هەمیشە درێژەی بە سیاسەتە نادرووستەکانی خۆی دەدات. دۆخی هەنووکەیی گۆلی ورمێ، میراتی پەرەسەندنی ناڕێک، بڕیاڕە هەڵەکان لە بواری ئیدارەدانی سەرچاوەکانی ئاو و کەمتەرخەمی بەرامبەر توانا سەرزەمیینییەکانی بەستێنی ئاویی ئەم گۆڵەیە.
پێکهێنانی "ستادی قەیرانی گۆلی ورمێ" لە دەوڵەتی یەکەمی "حەسەن ڕووحانی"شدا نەیتوانی فریای دۆخی مەترسیدار و قەیراناویی گۆلەکە بکەوێت.
بە گوتەی "جەلال مەحموودزادە"، ئەندامی "کۆمسیۆنی کشتوکاڵ"ی مەجلیس، ستادی بووژانەوەی گۆلی ورمێ جگە لە یارمەتییە نێودەوڵەتییەکان، دەوری شەش هەزار میلیارد تەمەن پارەی حکوومەتی وەرگرتووە. بەڵام، ئەم ناوەندە بە درێژایی چالاکییەکانی لەم حەوت ساڵەدا، زۆر ناشەفاف و لە بواری تێچووەکانیشدا بوجە تەرخانکراوەکانی دیار نییە و بۆتە پاساودەری سیاسەتە ئاوییەکانی دەوڵەت لە پێوەندیدا بە گۆلی ورمێوە.
لە ئێستادا گۆلی ورمێ لە بەردەم خراپترین حاڵەتی مێژووی خۆی دایە. بەپێی دوایین داتاکانی ڕێکخراوی ئاوی ناوچەیی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا لە ٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠١دا، هاوسەنگیی ئەم گۆلە ٤٤ سانتیمەتر لە چاو ساڵی پار هەر ئەم کاتانە کەمی کردووە. هەر لەم ماوەیەدا، هەزار و ٢٥٧ کیلۆمەتری چوارگۆشە بە پانتایی ناوچە وشکەکانی گۆلی ورمێ زیاد بووە و بارستایی و قەبارەی ئاوەکەیشی ١.٤ میلیارد چوارگۆشە کەمی کردووە. ئەم ڕادەیە بە مانای وشک بوونی پتر لە سەتا ٩٠ی ئاوی گۆلی ورمێیە بەپێی هاوسەنگییە ئێکۆلۆژیکەکەی.
"ئێرانوایەر" پیشتر لە ڕێگەی بڵاو کردنەوەی چەندین ڕاپۆرتەوە، پەرژاوەتەسەر هۆکارەکان و لێکەوتەکانی وشک بوونی گۆلی ورمێ. ئەگەر ئاوڕێک لەم ڕاپۆرتانە بدەینەوە، بۆمان دەردەکەوێت هۆکارەکانی وشک بوونی گۆلی ورمێ بە گشتی برتین لە سیاسەتە هەڵەکان لە بواری کشتوکاڵ، زیادبوونی دوو ئەوەندەی هەڵکەندنی بیرەئاوی نایاسایی، لێدانی بەنداوە جۆراوجۆرەکان لە بەستێنی ئاویی گۆلی ورمێ و بڕینی حەقاوە ژینگەییەکەی، لێدانی پردی "شەهید کەڵانتەری" لە ناوەڕاستی گۆلەکە و گۆڕانکارییە ئیقلیمییەکان.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە