مانگرتنی هوشمەند عەلیپور؛ ئیتلاعات داواکاریی ئازادیی کاتیەکەی ڕەتدەکاتەوە
"هوشمەند عەلیپور"، زیندانیی سیاسیی بەندکراو لە زیندانی ناوەندیی سنە لە ناڕەزایەتی بەرامبەر ڕێگریکردنی لقی چوارەمی بەڕێوەبردنی سزای کەیفەریی شاری سنەوە لەگەڵ داواکاریی ئازادیی کاتییەکەی، لە ٢٥ی خەزەڵوەری مانگی ڕابردووەوە مانی لە خواردن گرتووە.
"هەژار عەلیپور"، برای هوشمەند عەلیۆپور کە لە ئێستادا لە وڵاتی کەنەدا نیشتەجێیە، دەربارەی هۆکاری مانگرتنی براکەی بە "ئێرانوایەر" دەڵێت: "هوشمەند دوای مەرگی براکەمان ژیان عەلیپور لە مانگی ڕەزبەری ئەم ساڵدا، بۆ ئەوەی لە لە ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمەکەیدا ئامادە بێت دەسبەجێ داوای مەرەخەسی و ئازادیی کاتیی کردبوو بەڵام دادوەری دۆسییەکە داواکەی ڕەت کردەوە."
***
"ژیان عەلیپور"، برای هوشمەند عەلیپور کە لە سنوورەکانی شاری سەردەشتی سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا کۆڵبەریی دەکرد، ٢٢ ڕەزبەری ١٤٠٠ لە حاڵێکدا کە بۆ کۆڵبەری بەرەو هەرێمی کوردستان دەڕۆیشت، لە خاکی ئێراندا کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاراستنی سنووری سەردەشتەوە و گیانی لە دەستدا.
مەرگی ژیان عەلیپور، کۆمەڵێک پرسیاری جیدیی سەبارەت بە چۆنییەتیی ڕووداوی کوژرانە گوماناوییەکەی وروژاند.
شایانی باسە جگە لە دوو خوشکی هوشمەند عەلیپور کە لە شاری سەردەشت دەژین، باوک و دایک و باقیی ئەندامانی بنەماڵەکەی بە هۆی بانگهێشتەکان، دەسبەسەرکرانەکان و گوشارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەردەشتەوە لە ساڵی ١٣٨٨ بەملاوە ناچار کراون وڵات بەجێ بهێڵن.
بە گوتەی هەژار عەلیپور، هووشمەند ١١ ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە: "ئەمڕۆ [٦ی سەرماوەزی ١٤٠٠] پێنج ڕۆژە کە هوشمەند گوازراوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی شاری سنە و هیچ زانیارییەک سەبارەت بە بارودۆخی تەندرووستی و جەستەیی هووشمەند لە بەردەستدا نییە. هووشمەند تا پێش گواستنەوەی بۆ ژووری تاکەکەسی لەگەڵ هەندێک لە ئەندامانی بنەماڵە پێوەندیی تێلێفۆنیی هەبوو؛ بەڵام لە ئێستادا ئەم پێوەندییە بچڕاوە و هیچ زانیارییەکمان سەبارەت بە باریی تەندرووستییەکەی نییە."
ئەو هەروەها زیادی کرد: "هەڵبەت هوشمەند چەند ڕۆژ پێش دەسپێکردنی مانگرتنەکەی پێی وتبووین کە بەرپرس و دادوەری چاودێری زیندان ڕازین بە داواکاریی ئازادیی کاتییەکەی؛ بەڵام بە ڕاشکاوی وتوویانە نەک ئەوان بەڵکوو ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕێگە بە ئازادیی کاتیی هوشمەند نادات."
برای ئەم زیندانییە سیاسییە بە ئاماژەدان بە ڕەتکردنەوەی داواکاریی بەردەوامی هوشمەند عەلیپور بۆ وەرگرتنی ئازادیی کاتی، ڕێگریکردنی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و دەستێوەردان و دەسەڵاتی ئەم ناوەندە ئەمنییەتییە لە دامودەزگای دادوەریی پارێزگای کوردستاندا بە هۆکاری سەرەکیی ڕەتکردنەوەی داواکاریی ئازادیی کاتیی براکەی دەزانێت: "هوشمەند بە درێژایی ٣ ساڵ و نیو لە تێپەڕکردنی سزای هەشت ساڵ لە زیندانی سنە، لانیکەم ٩ جار داوای مەرەخەسی و ئازادیی کاتی لە زیندان کردووە بەڵام دادوەری دۆسییەکە هەرجارە داواکارییەکەی ڕەت دەکاتەوە و پێدەچێت دادوەری دۆسییەکە ئەوەندە سەربەست نەبێت کە بڕیاری تایبەت بە خۆی بدات."
هوشمەند عەلیپور، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی شاری سەردەشتی سەربە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوایە.
ئەم زیندانییە سیاسییە، شەوی هەینی ١٢ی گەلاوێژی ١٣٩٧ لەگەڵ "محەمەد ئوستاد قادر"، خەڵکی شاری سەقزی سەربە پارێزگای کوردستان، کە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئێران گەڕابوونەوە، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئەم شارەوە لە جادەی سەقز بۆ بانە دەسبەسەر کرا.
هوشمەند عەلیپور و محەمەد ئوستاد قادر، لە دۆسیەیەکی هاوباشەدا بە تۆمەتی "بەغی (شۆڕشی چەکدارانە) لە ڕێگەی ئەندامەتی لە حیزبی پاک" (حیزبی ئازادیی کوردستان)دا لە لایەن لقی یەکەمی دادگای گشتی و شۆڕشی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" سەرەتا بە ئێعدام مەحکووم کرا.
سزای لە سێدارەدانی ئەم دوو بەندکراوە سیاسییە لە دیوانی باڵای ئێراندا رەت کرایەوە و دوای گەڕاندنەوەی دۆسییەکە بۆ دادگای هاوئاست لە مانگی خەرمانانی ١٣٩٩دا، هوشمەند عەلیپور بە ٨ ساڵ و محەمەد ئوستاد قادریش بە ٥ ساڵ بەندکران لە زیندانی ناوەندیی سنە سزا دران.
محەمەد ئوستاد قادر، ٣٠ی گوڵانی ١٣٩٩ بەر لێبوردنی مەرجدار کەوتوو و لە زیندان ئازاد کرا.
ئەم دوو زیندانییە سیاسییە، ٤ ڕۆژ دوای دەسبەسەرکرانیان لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی پارێزگای کوردستانەوە، ڤیدیۆیەک لە دانپێدانانەکانیان بە ئەندامەتی لە حیزبی پاک و هێرشی نارنجەکی بۆسەر حەوشەی ئیدارەی ئاگاهیی شاری سەقز لە کەناڵی لۆکاڵی کوردستان و شەبەکە دووی سیمای کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بڵاو کرایەوە؛ بەڵام سەرباری ئەمە پتر لە ١٠٦ ڕۆژ لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتیدا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کرا.
بەڕێز عەلیپور پێشتر سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی فیلمی دانپێدانانی براکەی لە میدیاکانی کۆماری ئیسلامییەوە بە "ئێرانوایەر"ی وتبوو: "زیاتر لە ٣ مانگ هوشمەندیان لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگرت، ئەشکەنجە و ئازاریان دا تا دان بە کارێکدا بنێت کە نەیکردووە و شتگەلێک بڵێت کە بازجووەکان دەیانویست و دواتریش سزای ئێعدامیان سەردا سەپاند."
بەڕێز عەلیپور ڕێگریکردنی قورس و قایمی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لە داواکاریی مەرەخەسی و ئازادیی کاتی بۆ هوشمەند بە شێوازێک دەزانێت بۆ گوشاردانانی زیاتر لەسەر ئەم زیندانییە سیاسییە و لەو باوەڕەدایە ئەم ناوەندە ئەمنییەتییە بەپێی دۆسییەی پێشوو لەگەڵ هوشمەند هەڵسوکەوت دەکات: "هوشمەند شەوی چوارشەمە سووریی ساڵی ١٣٨٧ واتە چەند ڕۆژ پێش نەورۆزی ١٣٨٨، لە حاڵێکدا کە تەنیا ١٥ ساڵی تەمەن بوو، دەسبەسەر کرا. کاتێک هێزە ئەمنییەتی و ئینتزامییەکان هێرشیان کردەسەر ڕێوڕەسمی چوارشەمە سوری لە شاری سەردەشت و بە گازی فرمێسکڕێژ و باتووم خەڵکیان کردە ئامانج، هوشمەند بە هۆی ئەوەی کە یەکێک لە گازە فرمێسکڕێژەکان بەر هاوڕێیەکی دەکەوێت تووڕە دەبێت، داردەستێک هەڵدەگرێت وهێرش دەکاتەسەر سەیارەی حیفازەتی ئیتلاعاتی هێزە ئینتزامییەکان و کاپووت و شیشەکانی دەشکێنێت."
هەژار عەلیپوور دەڵێت هوشمەند کاتێک کە لەناو ئەم پێکدادانەدا دەسبەسەر کرا تەنیا ١٥ ساڵی تەمەن بووە. هوشمەند دوای گواستنەوەی بۆ گرتووخانەی ئیتلاعاتی سەردەشت و ئەشکەنجەدانی زۆر بەبێ ئەوەی بزانێت، چەند لاپەڕە واژۆ دەکات: "چەند حەوتوو دواتر هوشمەند دادگایی کرا و بە منداڵێکی ١٥ ساڵان کە لە ڕاستیدا بە هۆی شکاندنی کاپووتی سەیارەی پۆلیس و ئەو تۆمەتانەی کە بە واژۆکردنی ئەم لاپەڕانە قبووڵی کردبوون، ٤ ساڵ زیندانی کرا کە ٣ ساڵی ئەو سزایە بە هۆی ئەوەی کە هوشمەند ژێر تەمەن بوون لە ناوەندی چاکسازی و ڕاهێنانی ورمیدا زیندانەکەی تەواو کرد."
بەڕێز عەلیپور هەروەها لە درێژەی وتووێژەکەدا جگە لە ئاماژەدان بە گوشارەکانی ئیتلاعاتی سەردەشت بە دژی بنەماڵەکەی خۆی لە ساڵانی ڕابردوودا، دژایەتیی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کوردستان بەرامبەر هوشمەند بە "سیستماتیک و ئاراستەکراو" دەزانێت. ئەو دەڵێت: "ساڵی ٨٨ ژیان، من و باوکم لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سەردەشتەوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ کۆمەڵە، ڕێکخراوی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، دەسبەسەر کراین. لەو کاتە بەملاوە گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان بۆسەر بنەماڵەی ئێمە ئەوەندە زیادی کرد کە زۆربەی ئەندامانی بنەماڵەکەمان ناچار بووین بۆ هەمیشە ئێران بەجێ بهێڵین و پەنا ببەینە بەر وڵاتی کەنەدا؛ لەگەڵ باوک و دایک و باقیی ئەندامانی بنەماڵەکەم دوای چەند ساڵ ئاوارەیی و دەربەدەری لە تورکیا، سێپتامبەری ٢٠٢١ یەکترمان گرتەوە."
هەژار عەلیپور، لە حاڵێکدا کە هێشتا دوو مانگ بەسەر مەرگی ژیاندا تێناپەڕێت، بارودۆخی ژاناویی بنەماڵەکەی بەم جۆرە وێنا دەکات: "باوک و دایک و خوشکەکانم هێشتا تازیەباری مەرگی ژیانن. کۆماری ئیسلامی ژیانی لە ئێمە و منداڵە ساوا ٤ ساڵان و ٩ ساڵانەکەی سەند. ئێستایش گیانی هوشمەند کەوتۆتە مەترسییەوە و هیچمان نازانین بڕیارە چ بەڵایەک بەسەریدا بهێنن."
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە