عەلی خامەنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بەرگری لە سیاسەتی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە ئێران کرد و وتی ڕۆژئاواییەکان بۆ لەسێدارەدانی "تاوانبارێک" لە ئێران ئاژاوە و جەنجاڵیان درووست کردووە.
ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، کە ڕۆژی شەممە ۵ی ڕەشەممە لە چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ کاربەدەستانی "کۆنگرەی ۲۴هەزار شەهیدی پارێزگای خوزستان"، قسەی دەکرد، گوتی: «ڕۆژئاواییەکان کە بۆ لەسێدارەدانی تاوانبارێک خەریکی هاتوهاوارن، بۆچی لە بەرامبەر کوشتنی ۳۰ هەزار مرۆڤی بێ تاوان لە غەزە چاویان داخستووە.»
خامەنەیی لە وتارەکەی ئەمڕۆدا بەبێ ئاماژەدان بە بارودۆخی ئێران، هێرشی کردە سەر "فەرهەنگ و شارستانییەتی لیبڕاڵ دێمۆکڕاسی ڕۆژئاوا" و پێداگری کرد کە وڵاتانی ڕۆژئاوای لە بەرامبەر ڕووداوەکانی غەزەدا بێ دەنگن.
ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ڤیتۆی بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە غەزەی بە "ڕووی ڕاستەقینەی کولتوور و شارستانییەتی ڕۆژئاوایی و لیبڕاڵ دێمۆکڕاسی" زانی کە بە بڕوای ئەو "لە ڕووکەشدا سیاسەتمەدارای جل ئوتوکراون و بزەیان لەسەر لێوە و لە ناوەوە سەگی هار و گورگی خوێن مژن".
عەلی خامەنەیی لە کاتێکدا ژمارەی لەسێدارەدراوان لە ئێرانی بۆ "یەک تاوانبار" دابەزاند، کە بە پێی ڕاپۆرتی هەرانا لە ئێستادا لانیکەم ۳۳زیندانی بە تۆمەتی سیاسی یا ئەمنییەتی حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپێندراوە.
موجاهید کورکور، ڕەزا ڕەسایی، ئەنوەر خزری، کامڕان شێخە، خسرەو بەشارەت، فەڕشید حەسەنزەهی، مەنسوور دێهمەردە، جەمشید شارمەهد، محەممەد زەینەلدینی، ئەدهەم ناڕویی، محەممەدجەواد وەفاییسانی، عەباس دەریس و ئەحمەدڕەزا جەلالی، ۱۳کەس لەم زیندانیانەن کە حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپێندراوە.
هەروەها لە مانگی ڕێبەندانی ئەمساڵدا، کۆماری ئیسلامی شەش زیندانی سیاسی بە ناوەکانی محەممەد قوبادلو، فەرهاد سەلیمی، پێژمان فاتحی، وەفا ئازەربار، مۆحسێن مەزلووم و محەممەد فەرامەرزی لەسێدارە دا.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاویش لە ڕاپۆرتێکی ئاماریدا سەبارەت بارودۆخی زیندانەکان لە ئێران، لە ساڵی ٢٠٢٣دا دەڵێت کە لە ماوەی ئەمساڵدا ٩ زیندانی سیاسی لە زیندانەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە و لانیکەم ١١ زیندانیش لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژراون.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە