تارا اورامی، هاوڵاتی پەیامنێر
کوشتنی حکوومەتیی "موحسین شکاری" و "مەجیدڕەزا ڕەهنەوەرد" لە ڕۆژانی ڕابردوودا کاردانەوەی جۆراوجۆری لێ کەوتۆتەوە، سەرەڕای ئەوەی کە ڕەوتی دادگایی کردنی ئەم دوو دۆسییەیە کەلێنی مافەکیی زۆری هەبوو بەڵام هەڵوێستەکان لەم بارەوە لە ناو لایەنگران و ڕەخنەگرانی حکوومەتدا جیاواز بوو. ئەمە لە حاڵێک دایە کە کۆمەڵگای جیهانی، لە سیاسییەکانەوە تا مافی مرۆییەکان، لەسێدارەدانەکانیان مەحکووم کرد و خوازیاری وەستاندنی بەڕێوەچوونی ئەم سزا نامرۆڤانەیە بوون؛ بە تایبەت لە کاتێکدا کە زانیاری دەربارەی سزادراوان بە سزای لەسێدارەدان لە شارستانەکان لە ئارادا نییە.
لەم نێوانەدا ئیمام جومعەی مەریوان کێیە کە پشتیوانی لە ئێعدام کردن و لە لەسێدارەدانی ناڕازیان دەکات؟
***
لە ڕیزی ڕەخنەگرانی حکوومەتدا، ڕوحانیی ناسراوی ئەهلی سونەت، مەولەوی "عەبدولحەمید ئیسماعیلزێهی"، ئیمام جومعەی زاهیدان بوو کە ڕۆژێک دوای لەسێدارەدانی موحسین شکاری، لە پێوەندیدا بە لەسێدارەدان بە تۆمەتی موحارب کاردانەوەی نیشان دا و وتی: "کوشتنی خەڵک بەپێی تۆمەتی موحارب دەردێک دەوا ناکات و ئەم ناڕەزایەتییە بە کوشتنی خەڵک بێدەنگ و کپ ناکرێت." عەبدولحەمید وتی کە سزادانی ئەم کەسە، ئەوپەڕی ساڵێک تا دوو ساڵ زیندان بوو.
بەڵام بەپێچەوانەی مەولەوی عەبدولحەمیدەوە کە پێگە و دەسەڵاتی تەنانەت لە ناو ئەهلی سونەتی کوردستانیشدا هەیە و زۆربەی هۆگرانی زانستە ئایینییەکان لە کوردستان بۆ فێر بوونی وانە ئایینییەکان دەچنە زاهیدان، ئیمام جومعەی مەریوان هەڵوێستێکی جیاوازی بەرامبەر لەسێدارەدانەکانی ئەم دواییانە هەبوو و پاڵپشتیی لە ئێعدامەکان کردووە.
مامۆستا "موستەفا شیرزادی" وتوویەتی: "داخستنی ڕێگای خەڵک و قەمەکێشی و هێرش بە چەکی ساردەوە بۆ سەر پارێزەرانی ئەمنییەت و درووست کردنی ترس و تۆقاندن لە ڕۆژی ڕووناکدا لە ڕوانگەی ئەهلی سونەتەوە بە موحارب دادەنرێت."
ئەو تەنانەت هەنگاوێک لەمەیش ترازاوە و دەڵێت: "هەر مرۆڤێک کە بیەوێت ئەمنییەت و ئاسایش تاکەکانی کۆمەڵگا بخەنە مەترسییەوە، چ بە دەست بێت یاخود بە چەکی سارد و گەرم، موحاربە."
ئیمام جومعەی مەریوان کە نزیکایەتییەکەی لەگەڵ ناوەندی دەسەڵات بۆ هەموان ڕوون و ئاشکرایە، لە بەرگری کردن لە سزای "قەساس" وتوویەتی: "هەر مرۆڤێک ئەگەر مرۆڤێکیتر بکوژێت، دەبێت قەساس بکرێت و بەپێی ئایینی ئیسلام، قەساس مافە."
زۆربەی سزادراوان بە لەسێدارەدان لەو دۆسیانەدا سزا دراون کە بەپێی بانگەشەی بەرپرسانی دادوەری، ژمارەیەک بەسیجی و هێزە ئەمنییەتییەکان یان پۆلیس کوژراون.
دەوری مامۆستا شێرزادی لە ئێعدام کردنی زانیار و لوقمان مورادیدا
ئیمام جومعەی مەریوان لە بارودۆخێکدا ئەم قسانەی کردووە کە لە ساڵی ١٣٨٨دا کوڕەکەی خۆی لەگەڵ دوو کەسی دیکە کوژران و لە باتی ئەوە، "زانیار مورادی" و "لوقمان مورادی" لە پرۆسەیەکی نادادپەروەرانە و ناشەفافدا، بە تۆمەتی "موحارب" مەحکووم کران و لە بەرواری ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ لەسێدارە دران؛ ئەگەرچی بە گوتەی شایەتحاڵەکان کە ژن و شویەک بوون و شەوی ڕووداوەکەیان گێڕاوەتەوە، زانیار و لوقمان ئەو کەسانە نەبوون کە شەوی ڕووداوەکە تەقەیان لە کوڕەکەی ئیمام جومعەی مەریوان کردبوو.
زانیار و لوقمان مورادی لە نامەیەکدا ڕوو لە "عاسمه جەهانگیر" ڕێپۆرتەری تایبەتی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران لە بەرواری ٢٤ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ باسیان لەوە کردبوو کە ئەشکەنجە دراون و هەڕەشەی جنسیان لێ کراوە.
لە لایەکیترەوە، دادوەری دۆسیەکەیش پێی وتبوون کە بەڵگەنامەکانی ناو دۆسییەکە سەقەت و ناتەواون و بەڵگەنامە و شایەتی پێویستی لەسەر نییە. بەڵام لە ئاکامدا ئەوان بە تۆمەتی موحارب کوژران.
لەو کاتەدا، خەڵکێکی زۆر بۆ ناوبژیوانی چوونە لای مامۆستا شێرزادی تا بەڵکوو ڕیگری لە ئێعدام کردنی زانیار و لوقمان بکات. یەکێک لەم ناوبژیوانانە کە سەردانی ماڵی مامۆستا شێرزادیی کردبوو، بۆ هاوڵاتی پەیامنێرێکەی "ئێرانوایەر"ی دەگێڕێتەوە: "لەگەڵ چەند کەسی دیکە کە لەگەڵ مامۆستا دۆستایەتییەکی کۆنمان هەبوو و هیوادار بووین دەست لە ڕوومانەوە نەنێت و بە گوێمان بکات، چووینە ماڵەکەی. باسەکەمان دەست پێکرد و داوامان لێ کرد چۆنی پێ دەکرێت هەوڵ بدات ڕێگری لە ئێعدام کردنی ئەم دوو کوڕە مامە بکات. بەڵام وڵامەکەی مامۆستا شێرزادی زۆر تووند بوو. مامۆستا زۆر بە ڕاشکاوی داوای لێ کردین کە قسە لەسەر ئەم بابەتە نەکەین و خۆمان لەم باسە ببوێرین و ڕایگەیاند ئێوە نابێت دەست لەم بابەتە وەر بدەن."
تۆڵەسەندنەوەی سیاسی؛ پشتیوانییەکەی مامۆستا شێرزادی
بە گوتەی زۆر کەس، زانیار و لوقمان مورادی هەر بەو جۆرەی لە نامەکەیاندا بۆ عاسمە جەهانگیر باسیان لێ کردبوو، لە هەمان سەرەتاوە قوربانیی تۆڵەسەندنەوەی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی لە "ئێقباڵ مورادی" باوکی زانیار و یەکێک لە چالاکە ناسراوە سیاسییەکان کوردستان بوون. ئەوان لەم نامەدا نووسیبوویان: "بە زۆر هۆکار ڕوون و ئاشکرا بوو کە هۆی خستنە پاڵی ئەم تۆمەتە بە ئێمە، هیچ نییە جگە لە تۆڵەسەندوەیەکی سیاسی. ڕقاژۆیی و دوژمنایەتییەکانی حکوومەتی ئێران بەرامبەر بە باوکی یەکێکمان (زانیار مورادی) کە یەکێکە لە چالاکانی سیاسی و ئەندامانی یەکێک لە حیزبە کوردیە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامییە، هۆکاری سەرەکیی دۆسییە ساتەکەی ئێمە بووە. تەنانەت کۆماری ئیسلامی تاکوو ئێستا چەند جار هەوڵت تیرۆر کردنی داوەوە بەڵام هیچکام لە هەوڵەکانی سەرکەوتوو نەبووە."
نامەکەی زانیار و لوقمان مورادی لە بەرواری ٢٤ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ بۆ ڕێپۆرتەری تایبەتی نەتوەیەکگرتووەکان نووسرا بەڵام لە کۆتاییدا ئێقباڵ مورادی (باوکی زانیار) لە ٢٧ی پووشپەڕی ١٣٩٧، واتە ٥٠ ڕۆژ پێش لەسێدارەدانی زانیار و لوقمان کوژرا. تەرمی ئەم ئەندامەی بەڕێوەبەرایەتیی "کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان"ی ئێران لە "پێنجوێن" دۆزرایەوە.
بە پێچەوانەی هەموو ڕاستییەکان و ناوبژیوانییەکانی چین و توێژە جۆراوجۆرەکان بۆ ڕێگری کردنی ئیمام جومعەی مەریوان لە ئێعدام کردنی ئەم دوو لاوە، ئەو بەم بیانووەوە کە زانیار و لوقمان نەک بە قەساس بەڵکوو بە موحارب مەحکووم کراون و لەبەر مەرجەکانی سزای موحارب، هیچی لە دەست نایەت، پێشی بە لەسێدارەدانی ئەم دوو لاوە نەگرت.
ئەو وتبووی: "سزاکە قەساس نەبوو و ئەگەر کارێکیش بە دەستی من بووبایە، من یەک کەس بووم."
"ساڵح نیکبەخت"، پارێزەری زانیار و لوقمان لە وتووێژ لەگەڵ "ئیسنا"دا هەر ئەوکات وتبووی: "لانیکەم دەبێت ئەوە بڵێم کە پرسی کوشتن لە لایەن زانیار و لوقمان مورادییەوە لە دادگای سزاداندانی یەکی کەیفەریی تاراندا نەسەلمێنرابوو، چونکە کۆ بوونەوەی دادڕەسییەکەی بەڕێوە نەچوو."
نموونەی دۆسییەی زانیار و لوقمان و ئەوەی مامۆستا شێرزادی پێڕەوی کرد، پاشخانی ئەوە لەمەڕ ئەو دۆسیانەی ئەمڕۆ بۆ ناڕازیان ساز کراون. ئەم کەسە کە وەک هاوکار و لایەنگری کۆماری ئیسلامی دەیناسن، هەر بەم پێشگریمانەوە، پشتوانیی لە ئێعدام کردنی موحسین شکاری و مەجیدڕەزا ڕەهنەوەرد کردووە.
هەر لەم ڕووەوە، سەبارەت بە لەسێدارە ڕاگەیەندراوەکان بۆ باقیی ناڕازیان لە کوردستان نیگەرانییەکان زیادی کردووە کە کێ دەتوانێت بۆ ڕێگری کردن لە کوژرانیان ناوبژیوانی بکات.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە