بە گوێرەی زانیارییەکان هەر یەکە لە "سەید مێهدی کەریمی فارسی"، "سەید سادق موستەفەوی کاشانی" و "ئەبوزەر نەسڕوڵڵاهی" سێ پارێزەری ئێرانی، لەلایەن دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دادگایی کران.
لاپەڕەی تایبەتی "دادبان" لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (توییتەری جاران) بڵاویکردووەتەوە کە ئەو سێ پارێزەرە، ڕۆژی ۱۵ی ڕێبەندانی ۱۴۰۲ی هەتاوی، لەلایەن لقی ۲۹ی دادگای ئینقلابی تارانەوە، بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەید عەلی مەزلووم دادگایی کراون.
بە پێی ئەم ڕاپۆڕتە، ئەم پارێزەرانە پێشتر لە قۆناغی لێپێچینەوەدا ئامادەنەبوون حازر نەبوونە بەڵێننامەی پاشگەزبوونەوە واژۆبکەن. دەگوترێت کە "بانگەشە کردن لە دژی شۆڕش" یەکێک لەو تۆمەتانە بووە کە خراوەتە پاڵ ئەم پارێزەرانە.
"ڕەزا شەفاخا" پارێزەر لەم پەیوەندییەدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی: « تەنها لەبەر بڵاو کردنەوەی چەند نووسراوەیەک لە لاپەڕەی تایبەتی مەجازی خۆیاندا دادگایی کراون».
لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ١٦٠ پارێزەر بە هۆی چالاکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەکان کراون.
دووای سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی پارێزەرانی سەربەخۆ ڕووبەڕووی هێرش و گوشار بوونەوە. جگە لە پەلکێشکردن و دادگاییکردنی پارێزەران، کۆماری ئیسلامی لە یەک ساڵی ڕابردودا هەوڵێ داوە کە سەربەخۆیی پارێزەرانیش بباتە ژێر پرسیار.
دووای ناڕەزایەتییەکان، مەجلیسی شوڕای ئیسلامی بڕیاریدا کە یاسایێکی نوێ پەسەند و بەو پێیە دەرکردن و درێژکردنەوەی ئیجازەنامەی پارێزەران لە دەستی ناوەندەکانی پارێزەران بێتە دەر و بدرێتە دەستی وەزارەتی ئابووری و دارایی.
یاسایەکی لەم شێوەیە ئەگەر پەسەند بکرێت، دەتوانێ قورسترین گورزی کۆماری ئیسلامی لە جەستەی سەربەخۆیی، کۆنترین دامەزراوەی مەدەنی لە ئێران بێت.
لە هەمانکاتدا لە گەرمەی بزوتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا، پارێزەران زەبری زۆریان بەرکەوت. لانیکەم سێ پارێزەری ژن لە ماوەی ڕابردوودا به شێقوەی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە و تا ئێستا هیچ لێکۆڵینەوەیەک لەم پەیوەندییەدا نەهاتووەتە ئاراوە.
تێبینییەکەت بنووسە