سەرەڕای بەردەوامبوونی ناڕەزایەتی دانیشتوانی گوندی «قەرەقشڵاق»ی سەر بە شاری سەڵماس، لە دژی دروستکردنی کارگەی کاربۆناتی سۆدیۆم لەم گوندە و دەستپێکردنی هەڵمەتێک لەلایەن چالاکانی ژینگەپارێزییەوە، پروسەی دروستکردنی کارگەکە لە نزیک گۆلی ورمێ بەردەوامە.
پێشتر دانیشتووانی ئەم گوندە و چالاکانی ژینگەپارێزی ڕایانگەیاندبوو، ئەگەر ئەم کارگەیە دروست بکرێت، زیاتر لە ٤٥٠ هێکتار لە لەوەڕگەکانی گوندەکە و باخ و زەوییە کشتوکاڵییەکان لەناو دەچن.
بەڵام ئاژانسی هەواڵدەریی فارس کە سەر بە سوپای پاسدارانە لە ڕاپۆرتێکدا بە گێڕانەوە لە گرووپێک کە خۆیان بە "بەرگریکارانی دامەزراندنی کارگەی کاوە" دەناسێنن، بانگەشەی ئەوەی کردووە کە بە دامەزراندنی ئەم کارگەیە، یازدە هەزار ملیاڕد تمەن سەرمایە دەچێتە شاری سەڵماس و ڕاستەوخۆ هەلی کار بۆ هەزار و ۵۰۰ کەس دەڕەخسێت.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆڕتەکەدا هاتووە کە "بە هۆی دروستکردنی ئەم کارگەیە زیاتر لە سێ هەزار کەس بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هەلی کاریان بۆ دەڕەخسێت".
دانیشتوانی ناوچەکە پێیان وایە قازانجی دروستکردنی ئەم کارگەیە تەنها دەچێتە گیرفانی وەبەرهێنەرەکانی و ئەوەی بۆ دانیشتوانی ناوچەکە دەمێنێتەوە، لەدەستدانی هەلی کارە تەقلیدیەکان و پیسبوونی ژینگە دەبێت.
ناڕەزایەتی دانیشتوانی ئەم گوندە و چالاکانی ژینگەپارێزی بە ئامانجی ڕاگرتنی دروستکردنی کارگەی کاربۆناتی سۆدیۆم، تووشی ئاستەنگ و هەرەشەی ناوەندە ئەمنییەکان لەو ناوچەیە هاتووە.
ڕۆژی ١٧ی بەفرانباری دانیشتووانی گوندەکە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ڕێکخستبوو، بەڵام هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی هێرشیان کردە سەر خەڵک و ٧٠ کەسیان دەستبەسەر کرد.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەوە، هێزە ئەمنییەکان توندوتیژییەکی زۆریان نوواند و به تاپڕ و باتۆن هێرشیان کردووە سەر ئامادەبووان.
چالاکڤانانی ژینگەپارێزی دوای بڵاوبوونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆیانە بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە تەیدا هاوکات لەگەڵ ئەوەی داوایان کردبوو دەستگیرکراوەکان ئازادببن، پێداگریشیان کردبوو کە ناڕەزایەتییەکە ئاشتیانە و مەدەنیانە بووە.
لەم بەیاننامەیەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان لە کاتێکدا دەستگیر کراون کە بریندار بوونە و لە نەخۆشخانە خەوێندراون.
هەروەها «زەبیحوڵڵا کازمی»، قایم مەقامی سەڵماس، لە ١٩ی بەفرانبار داکۆکی لە پرۆژەی دروستکردنی کارگەکە کرد و بە بەشێک لە "بەرنامەی گەشەپێدانی پیشەسازی" وەسفی کرد و "لەگەڵ ئامانجەکانی حکومەت بۆ چارەسەرکردنی کێشە ژێرخانەکانی هەرێم".
ئاژانسی هەواڵیی دەوڵەتی ئیرنا لەزاری قایم مەقامی سەڵماسەوە ئیدیعای کردووە کە "هەموو پرسە تەکنیکی و تەندروستی و ژینگەییەکانی پڕۆژەکە شارەزا بوون و هیچ نیگەرانییەکی تایبەت بۆ خەڵک دروست ناکەن".
ئەم بانگەشەیە لە کاتێکدا هاتۆتە ئاراوە کە پێشتر ئێرانوایەر لە ڕاپۆرتێکی مەیدانیدا سەبارەت بە لێکەوتەکانی دروستکردنی کارگەی کاربۆناتی سۆدیۆم لە دەوروبەری گوندی قەرەقشلاق هۆشداری دابوو.چالاکانی ژینگەپارێزی پێیان وایە لە دروستکردنی ئەم کارگەیەدا، "تەکنیکی کۆن" بۆ بەرهەمهێنانی کاربۆناتی سۆدیۆم بەکاردەهێنرێت؛ شێوازێک کە نەتەنیا چیتر بە کار نایەت بەڵکوو پیسبوونی ناوچەکەشی لێدەکەوێتەوە.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە