بەڕێوەبەری گشتی دادگای پشکێنەری پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا وتی، پێنج هەزار و ٧٧٤ بیری نایاسایی و ڕێگەپێنەدراوی ئاو لەو پارێزگایەدا تۆمارکراوە، ئەوەش زیاترین ڕێژەیە لە سەرتاسەری ئێراندا.
محەمەدمهدی جەعفەری ڕۆژی یەکشەممە ١ی ڕەشەمەی ١٤٠٠، لە دانیشتنی ئەنجومەنی ئیداریی شاری شنۆدا ئەم ئامارەی ڕاگەیاند و زیادیکرد، لەکۆی ئەو نزیک بە شەش هەزار بیرە ڕێگەپێنەدراوە تەنیا لەسەتا ٨یان ئاخنراون یان بەریان پێگیراوە.
ئەو بەرپرسە حکومەییە هەروەها وتی، لەسەتا ١٥ـی کۆی بیرە ڕێگەپێنەدراوەکانی سەرتاسەری ئێران لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوادان کە زۆربەیان لەناو ڤێلاکاندا هەڵکەندراون.
جەعفەری ئاماژەی بەوەش دا کە ئەم ژمارەیە تایبەتە تەنیا بەو بیرە نایاساییانەی کەشف کراون و ئاماری ڕاستی دەبێت زۆر زیاتر بێت لەوەی بەفەرمی ڕایدەگەیەنێت.
لە بەردەوامیدا ئاماژەی بە قەیرانی وشکبوونی دەریاچەی ورمێ دا و وتی، ڕێژەی سەرسووڕهێنەری بیرە بێمۆڵەتەکان لەپارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بەتەواوی لەدژی بەرنامەی ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێدایە.
ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ یەکێک بوو لە دروشمەکانی "حەسەن ڕوحانی" بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران لە هەر دوو خولی ١٣٩٢ و ١٣٩٦دا.
هەرچەند ئەو بەرنامەیە لە شەش ساڵ پێش ئێستاوە بەڕەسمی دەستیپێکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبووە بۆ ڕێگریکردن لە وشکبوونی دەریاچەی ورمێ.
بەگوێرەی دوایین ئامارە ڕەسمییەکان، ئاوی دەریاچەی ورمێ ئەمساڵیش بەپێی هەر کامە لە پێوانەکانی "قەبارە، ڕووبەر، بەرزیی ئاستی ئاو و قەبارەی گلدراوەی ئاوی بەنداوەکان" بەراورد بەساڵی ڕابردوو کەمیکردووە و لە مەترسیی وشکبوونی بەتەواوەتیدایە.
تێبینییەکەت بنووسە