close button
دەتەوێت بچیتە ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە؟
وادیارە بۆ دانانی ئەم لاپەڕەیە کێشەیەک هاتۆتە ئاراوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بچۆ ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە
ژینگە

پێنج ژینگەپارێز و چالاکی کورد بانگهێشت‌کران بۆ ئیتلاعاتی سنە

۹ ڕێبەندانی ۱۴۰۰
خوێندنەوەی وتارە لە ۲ خولەکدا
پێنج ژینگەپارێز و چالاکی کورد بانگهێشت‌کران بۆ ئیتلاعاتی سنە

ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لانیکەم پێنج چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی خەڵکی شاری سنە، ناوەندی پارێزگای کوردستانی بانگهێشت کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە بە دەست "ئێران‌وایەر" گەیشتووە، ئەمڕۆ ٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ "مەرزییە مورادوەیسی" و "سیروان عەبدوڵاهی" کوڕی خاتوو مەرزییە، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بانگهێشت کراون.

بە گوتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، لە درێژەی بانگهێشت‌کردنی چالاکانی کرێکاری و مەدەنیی کورد لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا، ڕۆژی پێنج‌شەمه ٢١ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە "مێهدی فەیزی"، "فەردین ڕەحیمی" و "قانع خاطری" بانگهێشت کردووە و پاش لێپرسینەوە ئازادی کردوون.

سەرچاوەکەی ئێران‌وایەر ئەگەرچی ئاگاداری هۆکاری بانگهێشت‌کردنی خاتوو مەرزییە و کوڕەی، واتە سیروان عەبدوڵاهی نییە بەڵام دەربارەی هۆکاری بانگهێشت‌کردنی مێهدی فەیزی، فەردین ڕەحیمی و قانع خاطری وتی: "ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بە تۆمەتبارکردنی ئەم سێ کەسە بە هاوکاری‌ لەگەڵ حیزبە دژبەرەکانی نیزام، ناچاری کردوون بە واژۆکردنی بەڵێن‌نامەیەک دەست لە هەموو جۆرە چالاکییەکی مەدەنی، ژینگەپارێزی و سیاسی هەڵبگرن؛ تەنانەت هۆشداری پێداون کە ئەگەر لە شارەکەیش‌دا پێکەوە ببینرێن، دۆسییەی ساختەیان بۆ ساز دەکەن."

ئەم پێنج چالاکە مەدەنی و ژینگەپارێزە ئەندامی کەمپەینی مەدەنیی "ژیانەوەی کوردستان"ن کە لە لایەن فەرمانداریی ناوەندی پارێزگای کوردستانەوە بە فەرمی ناسراوە.

شایانی باسە کە مەرزییە مورادوەیسی، سیروان عەبدوڵاهی، مێهدی فەیزی، فەردین ڕەحیمی و قانع خاطری لەگەڵ "عەلی ئەڵاوەیسی" و "عەتا ڕەزاڕوبابی"، دوو ئەندامی‌تری کەمپەینی ژیانەوەی کوردستان، مانگی خاکەلێوەی ١٣٩٩ لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە دەسگیر کران و بە دانانی بارمتە تا کۆتایی قۆناغەکانی دادوەری لە زیندان ئازاد کرابوون.

مانگی خەزەڵوەری ئەم ساڵیش، لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە بەرێوەبردنی دادگایەکی هاوبەش بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی"، ڕەوتی موحاکمەی ئەم حەوت چالاکە مەدەنی و ژینگەپارێزەی بە تۆمەتگەلێکی وەک بەشداری لە ڕێ‌وڕەسمی نەورۆز، پروپاگاندا دژی نیزام، چالاکی لە کەمپەینی ژیانەوەی کوردستان و هاوکاری لەگەڵ حیزبە دژبەرەکانی نیزام دەست پێکردبوو.

بە گوتەی سەرچاوەکەی ئێران‌وایەر، بڕیارە کۆبوونەوەی کۆتایی دادگایی‌کردنی ئەم حەوت چالاکە مەدەنی و ژینگەپارێزە سەرەتای مانگی ڕەشەمەی ئەم ساڵ لە دادگای شۆرشی سنەدا بەڕێوە بچێت.

بانگهێشت‌کردنی ئەم پێنج چالاکە مەدەنی و ژینگەپارێزە بۆ ئدارەی ئیتلاعاتی سنە لە کاتێک‌ دایە کە ٢٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٠یش "هاجەر سەعیدی"، "فەردین میرەکی"، "ئێقباڵ شەبانی"، "عیسا مورادی" و "ڕامین کەریمی" چالاکانی کرێکاری و مەدەنیی کوردستان بۆ ئەم ناوەندە ئەمنییەتییە بانگهێشت کرابوون.

تێبینییەکەت بنووسە

ژینگە

قەیرانی ئاو لە تاران؛ بەنداوی لەتیان وشک بوو

۹ ڕێبەندانی ۱۴۰۰
خوێندنەوەی وتارە لە ۱ خولەکدا
قەیرانی ئاو لە تاران؛ بەنداوی لەتیان وشک بوو