بەڕێوەبەری گشتیی ئیدارەی "بەرنگاربوونەوەی ئافەت و پارستنی ڕووەک" ڕایگەیاند، کە لە مانگی خاکەلێوەی ساڵی داهاتوودا کولەیەکی بێشومار لە سعودییەوە هێرش دەکەنە سەر ئێران.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٠، "سەعید موعین" لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی "ئیلنا": وتی: "لەو رووەوە کە لە هەندێک ناوچەی سعودی، یەمەن و عومان بارانی زۆر دەبارێت، ئەم ئەگەرە لە ئارادایە کە سەرەتای ساڵی تازە هێرشێکی بەرفراوانی کولەکان بۆ سەر ئێران بەڕێوەبێت."
ئەو بەرپرسە وتیشی، "لەو شوێنانەی شێ بۆ گەشەی ڕووەک زۆر بێت کولەش زۆر دەکات، ئەمە لە ڕۆژهەڵاتی ئەفریقاوە دەستیپێکردووە، دەگاتە سعودی و لەوێشەوە دێت بەرەو ئێران."
سەعید موعین زیادیکرد، بڕی ١٠ میلیارد تمەن بودجە بەمەبەستی ئامادەکردنی مادەی پێویست بۆ بەرنگاربوونەوەی کولەکان تەرخانکراوە، هەروەها سێ هەزار کەس لە پارێزگاکانی باشوری ئێران جێگریکراون بۆ ئەوەی رووبەڕووی هێرشی کولەکان ببنەوە.
بەگوێرەی قسەکانی بەڕێوەبەری ئیدارەی بەرنگاربوونەوەی ئافەت و پاراستنی ڕووەک، ئەمساڵ ڕێژەی بارانبارین لە پارێزگاکانی باشور و باشوری ڕۆژهەڵاتی ئێران زیاتر بووە لە جاران و ئەمەش زەمینە ئامادەتر دەکات بۆ هێرشی کولەکان.
دەستەیەکی ئاسایی کولە پێکدێت لە نزیکەی ٨٠ ملیۆن کولە کە دەتوانن ڕۆژانە خۆراکی ٣٥ هەزار کەس بخۆن.
درێژایی ئەو دەستانە لە دوو کیلۆمەترەوە بۆ هەشت کیلۆمەترە، کە هەر کیلۆمەترێک دەکاتە نزیکەی ٨٠ ملیۆن کولە و هەر کولەیەک ڕۆژانە دوو بۆ سێ گرەم خۆراکی دەوێت.
تێبینییەکەت بنووسە